كەمال محەمەد: یەكێتی و نوێبونەوە لەچیدا ؟
ئەو ریفۆرمە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیدارییەی كە یەكێتی لە كۆنگرە جەختی لەسەر ئەكردەوە و مەبەستیان بوو پرەنسیبی سودگەرایی وەك پێوەرێك بۆ بەهای گشتی جێگیر بكەن و زۆرترین بڕی بەختەوەری بۆ زۆرترین كەس دەستەبەر بكەن و بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن و كار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی هەندێك لە هەڤاڵانی خۆیان نەكەن لێرەو لەوێ وادەرنەچوو، یەكێتی ئەو هێزەی كە ڕای وابو جیاوازی نێوان ئەندامانی كۆمەڵگا نەهێڵێت یاخود كەمی بكاتەوە و بەپێچەوانەی ئەو حیزبەوە بێت كە خۆیان ئاماژەیان پێ داوەو كە گەندەڵی و جیاوازی گەورەی سامان و موڵكایەتی لەنێوان خودی ئەندامەكانیشیان هەیە.
یەكێتی ئەو هێزەی كەكۆنگرەی كۆتایی بە تەبەنیكردنی بیروبۆچونی نوێ و كارپێكردنی لەسیاسەت و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئیدارەدان كردبوە چارەسەری كێشەكانی لەنێوخۆو دەرەوەی حیزبەكەش، ئەم ریفۆرمە لەشێوەدا وایكردبو كە ئەم هێزە پەلە لە چاكسازی كردنی سیستەمە سیاسییەكەی بكرێت، ئەم بیرە لە نوێبونەوەدا وای لە هەموان كردبو چ لەنێوخۆ و چ لە دەرەوش یەكێتییەك ببینن كە تەواو جیاوازی هەبێت لەوەی كە لە رابردوەوە نەیتوانیوە ئەوەی كە لە پرەنسیبەكانی دەیخواست كە چەمكی حەقیقەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیداریی گۆڕانی بەسەردا بێت بەپێی سەردەم.
یەكێك لەو پرانسیبە سەرەكییانەی كە كۆمەڵگایەكی تەندروست بنیاد ئەنێت ئاشتی و ئازادییە، چونكە هەر ئازادییە كە سەرچاوەی سەرەكییە كە مرۆڤ ئەگەیەنێتە مەعریفەیەك كە هەست بە رێز و شكۆی خۆی بكات و لەوروەشەوەیە كە ئەڵێن كۆمەڵگا لێرەوە ئەگاتە بەختەوەری، بۆیە ئەگەر ئاشتی و ئازادی بەدیكرا ئەوا كۆمەڵگایەكی لیبڕاڵی بنیاد ئەنرێت و بەدواشیدا دامودەزگاكانی حكومەت بەجۆرێك پێكدێن كە دەستەبەرو پارێزەری ئەو ئارامی و ئازادییە بێت بۆ هەموان.
یەكێتی ئەگەر مەبەستێتی نوێ ببێتەوە پێویستە لەڕێی برەودان بە ئەزمون و مومارەسەری كەسانی نوێ و خاوەن بیرو فیكری سیاسی نوێ و توێژی ڕۆشنبیرانەوە لە شوێنێكی وا دایان بنێت كە ببنە سەرپەرشتیاری سەرەكی و راستەقینە لەناو حیزب و جومگە حكومڕانییەكاندا و ڕێگەنەدات دەستنیشانكردنی كەسانی پلەدار بۆ كەسانی نەزان جێبهێڵدرێت و جەهل نەزانینیش بەسەر مەعریفەو شارەزاییدا زاڵ بێت لەبەرئەوەیە كە دەیڵێین كە ئەرك بدرێتە دەست چینێكی ئۆرۆستۆكراتی كە خاوەنی زانست و مەعریفە بن.
یەكێتی ئەو هێزەی لەڕیزی پێشەوەو هاوبەشی مەسەلە سیاسی و ستراتیژییەكان بوە، چونكە بەپێی دەسەڵات و پێگە جوگرافییەكەی هەر گەشەیەك یان سستییەك لەكایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابوری ئەم. ناوچەیە ڕویدابێت هێزی یەكەمە لەبەرپرسیارێتیدا، ئەو پرەنسیبە سیاسی و ئایدۆلۆژییەی لەسەروەختی دروست بونی ئەم هێزەوە وەك تیۆریایەك دائەنران لەزۆر روەوە لەگەڵ واقعی دوای ڕاپەرین یەكنایە، وەئەمەش بەهۆی هەندێك خاوەن كارەكتەری سیاسی و بەرپرسی نێوخۆی حیزبەكەوە كە تەنها چنینەوەی بەروبومی ئەو بەرهەمەی بەری رەنجی شەهیدان و هاوكارانی شۆڕشە خەمێتی و خەمێكی دیكەی نییە، ئێستای یەكێتی پێویستی بە ژێراوژوركردنی ئەو سیستەم و دەستانەیە كە لە هەناوی یەكێتیدا هەڵگری ئەو بیرو كارانەن كە تیاچون و لاوازی یەكێتی ئامانجیانە!
تائێستا بەرەوپێشچون و پەرەسەندن نەبۆتە مایەی زاڵبونی ئەو نوێبونەوەی كە هاوسەرۆكانی یەكێتی لە كۆنگرەی حیزبەكەیان ئاماژەیان پێ ئەدا، چونكە نەیانتوانیوە هەمو كارێك قەدەغە بكەن و یاسای پاداشت و سزا بەهەند وەربگرن و هاوڵاتیانیش لە زوڵم و زۆری حكومەتەكەیان و كەسانی بەرپرسی نێو حزبەكەی خۆشیان بپارێزن تا ئەو كات ئێمەو هەموانیش یەكێتییەك ببینن لە نوێ نوێبونەوەیەكی تەواو جیاوازدا.