زاهیر باهیر: ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان، سەلەفییەکان دەزانن چۆن جەماوەریی بن.
ئەوەی ئاشکرایە ئیسلامی دەسەڵاتخواز، سەلەفیی، زۆر زیرەکانە و عەمەلیانە و مۆدیرانانە کاری ڕێکخستن و جەماوەرییبونی خۆیان دەکەن. ئەوان هەموو لایەنە لاوازەکانی کۆمەڵی کوردی لە باشوور بۆ مەبەستی خۆیان دەقۆزنەوە، هەموو کەناڵەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەوەی لە کوردستاندا بژی ئەم ڕاستییە زۆر باش دەزانێت.
کەناڵی نوێی ئەوان بۆ برەودان بە بیر و باوەڕ و پەیامیان، نزیكبوونەوەیە لە ئافرەتە هونەرمەندەکان، ئارایشکارەکان، ئافرەتانی کە مۆدێلی کچە گەنجەکانن، ئافرەتانێك کە بە هەر مەبەستێك بێت کچانی گەنج و هەتا ئافرەتانی جەحێڵیش دەبنە پاشکۆیان و ئەوان دەبنە کەسایەتیەك لایان.
لە ئێستادا ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان، سەلەفییەکان، ڕوویانکردۆتە ئافرەتانی نمایشکار. ئیدی ئەمان ئەوان بەکاردەهێنین ئەوانیش ئەمان، هەردوولایان زۆر وریایانە و کارامانە ئەو گەمە قێزەوەن و لە خشتەبردنی کچانی گەنج، دەکەن. هەردوولایان دەزانن ئەوی دیکەیان درۆدەکات، نە کچی مۆدێل و نمایشکار دەبێتە سەلەفی و نە سەلەفیش باوەڕی بە نمایشکار هەیە و ئامادەشە لەتەکیا هاوسەرگیریی بکات.
ئەی کەواتە سەلەفییەکان بۆ ئەم گەمە بێزراوەیە دەکەن؟ وەڵامەکە ئەوەیە لە بازاڕی سەرمایەداریدا هەموو شتێك کاڵایە و هەر کاڵایەش بە گوێرەی کواڵەتی و شێوە و بەهای خۆی، نرخی لە کۆمەڵدا هەیە. کچان و ئافرەتانیش هەر لەو بازاڕە و لەو کۆمەڵەدا بوونەتە کاڵایەك کە هەموو لایەك سەلفیەکان، سیاسییەکان، بازرگانەکان، دەوڵەمەندەکان لە ململانێیەکی ناشیرین نامۆراڵدان لەسەر ئەم کاڵایە. ئەم کاڵایە لەم سەردەمەی کۆمەڵدا، لەم سیستەمەدا بەهۆکاری جیا جیا زۆر هەر یەکجار زۆریش ڕەواجی هەیە. سەلەفییەکان، ئیسلامییە دەسەڵاخوازەکان بۆ مەبەستی سێکیسی وەکو بازرگانەکان و سیاسییەکان و دەوڵەمەندەکان، لەم کاڵا زیندووەوە، کاڵا مرۆڤییەوە، نزیکنابنەوە بەڵکو بۆ مەبەستی سیاسییە، بۆ مەبەستی ستراتیجی ئایندەیە کە گرتنەدەستی دەسەڵاتە.
چۆن؟ سەلەفییەکان دەتوانن پارەی باش بەم مۆدێلانە، بەم ئارایشکارانە، بدەن. دەتوانن سێنتەرێك، ساڵۆنێکیان لە فلاتێکدا، لە خانوویەکی بچوکی دوو سێ ژووریدا، بۆ دابنێن، لە ژووری چاوەڕوانیدا بە دەیەها کتێب و سەرچاوەی دینیی، ڕاگەیاندنی خۆیان دابنێین تاکو کچانی گەنج و ئافرەتانی هاتوو و دانیشتوو، بیخوێننەوە. هەر ئاواش لە ژورێکی دیکەدا وەکو ژووری ئامادەکاریی بۆنمایشکاریی دوو ئافرەتی بە توانای فکری سەلەفی بە ناوی یارمەتیدەری خانمی مۆدێل ، خانمی نمایشکار بەدەمکردنی هەندێك ڕتووشەوە کچە یا ئافرەتی هاتوو، سەرەگرتوو، …بخاتە نێو لێدوان و باس و خواس لەسەر ئیسلام و ڕاگەیاندن و کتێبە “پیرۆزەکان” ەوە کە ئەمەش کارێکی ئاسانەو زەمینەش لەبارە بۆ ئەمە.
بۆ کردنی ئەمەش سەلەفییەکان مەناعەتیان نییە ئەو سێنتەرە، ساڵۆنە، بۆ ماوەی چەند مانگێك بەلاش بکەن بۆ ئەوانەی کە دەچن، تاکو دەنگێکی باش بداتەوە.
من لێرەدا ڕەخنەی ئەو کچ و ژنانە ناکەم کە دەچن ئارایشتکردن و جوانکردنی خۆیان، چونکە ڕیشە و هۆکاری ئەمە کۆمەڵەکەیە، بوونی سیستەمی بەکاڵابوونی هەموو شتێکە، بوونی کولتورێکە کە ڕێگەخۆشکەرە و زەمینەسازی برەودانە بەوە، بۆیە بەڕای من شۆڕشی کولتوریی ئەوەندەی شۆڕشی ئابووریی گرنگ و زەروورە، ئەم دوو شۆڕشە، ئەم دوو گۆڕانکارییە یەك بە ئەوی دیکەیان گرێدراوەتەوە، بێ کردنی هەردووکیان ئەستەمە هیچ گۆڕانکارییەك بکرێت یا لانی کەم بتوانرێت بەردەوامیی پێبدرێت بە تایبەت گۆڕان لە کولتوری سەردەمدا، کولتوری بازاڕی ئازاددا، ئابووریی لیبراڵد. شۆڕشی ئابووریی بێ شۆڕشی کولتوریی ناکرێت. بەندکردنی، فەرامۆشکردنی پرسی کولتوریی، شکست بە لابەلاکردنەوەی پرسە ئابوورییەکە دەهێنێت. گەر بۆچوونمان ئاوابێت ئەگەر کێشەی ئابووریی لابەلابکرێتەوە، ئیتر کولتوری کۆمەڵایەتی سەردەمیش بە بیانوی ئەوەی کە گوایە سەرخانی کۆمەڵە..، لابەلادەبێتەوە، تەنها لە قاڵبی پاگەندەدا دەمێنێتەوە و لەخشتەبردنی خەڵکییە و دەستبەردانە لە هەر گۆڕانکاریییەکی سەرەکیی.