لوقمان مصطفی صالح: ئایا گەڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق قەیرانی دارایی چارەسەر دەکات.؟
نکوڵی لەوە ناکرێ کە بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە ژیان و گوزەرانی خەڵک گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و چەندین کارئاسانی کردووە بۆ ڕایی کردنی کاری ڕۆژانەو مامەڵەی بازرگانی، لەزۆربەی بوارەکاندا خزمەتێکی زۆری بە مرۆڤایەتی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو لایەنە ئەرێنیانەشدا بێگومان لایەنی نەرێنیشی هەبوە، بەتایبەتی لە ووڵاتێکی وەکو عێراق کە لەپشت یاساوە و بە فێڵ و تەڵەکەبازی چەندین تاوانی دزی و گەندەڵی ئەنجام دراوە، وەک ئەنجامدانی تاوانی شۆردنەوەی پارەو دزین و بە ھەدەردانی سامانی گشتی،کە کاریگەری نەرێنی بەسەر کۆی سێکتەرەکانی وەک؛ ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەرجەم جومگەکانی وڵاتی بەرەو ئیفلیج بوون بردووە و کاریگەری خراپی بەسەر کەرتی تایبەت و گشتی و تەنانەت کاریگەری بەسەر لایەنی ئەخڵاقی و تەواوی پیرۆزیەکانی کۆمەڵگاوە هەبووە.
ھەر وەک ئەو بڕە پارەیەی کە لە عیراقەوە رەوانەی دەرەوەکراوە لەساڵی 2004 ەوە کاریگەری بەسەر کەرتی ئابوری ووڵاتەوە ھەبووە، لە ھەموو بوارەکان دا، تائێستا زیاتر لە 800 ملیار دۆلارو ھەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 100 ملیار دۆلار داھاتیان ھەبووە، زۆربەی زۆری ئەم پارانە دیار نییە، یان ئاسەوارێکی بەژێرخانی ئابوورییەوە نییە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ئەم پارانە بە شێوەیەکی نایاسای براونەتە دەرەوە.! کە بێگوومان ئەم بڕە پارە دزراوە بە دیکۆمێنت لە بەردەستی دەستەی دەستپاکی و ئەنجومەنی روبەروبونەوەی گەندەڵی عێراقدا ھەیە. ھەر وەک ھەردوولایان رایان گەیاندووە کە دۆسیەی گەڕانەوەی پارە دزراوەکان پێویستی بە ئارامگرتن و پشوودرێژی هەیە، بە جۆرێك گەڕانەوەی بەشێك لە پارەکان پێویستی بە زیاتر له 50 ساڵە.!
بەڵێنیشیان لە ھەر یەک لە فەرەنسا و ئیمارات وەرگرتوە و گوایە ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی هاوکاری عێراق بکەن لە گەڕاندنەوەی پارەکان.کە بەگوێرەی ھەندێک بەڵگەو سەرچاوە، بڕەکەی دەگاتە سەدان ملیار دۆلار کە براوەتە دەرەوەو لەھەندێک بانک و حساباتی تایبەتی ھەندێک لەبەرپرسە سیاسییەکان و ژێردەستی ھەندێک کۆمپانیای گومان لێکراودان.
بە ووتەی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەیان راپۆرتی دەستەی نەزاھەو دیوانی چاودێری داراییان لە بەردەستدایە کە باس لەوەدەکەن زیاتر لە 100 ملیار دۆلار نازانرێت بۆچی خەرجکراوەو دیار نییە”.
بەوتەی ئەندامی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەران، “گەندەڵییەکی زۆر لەعیراقدا ھەیەو دەیان وەزیر فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەیەو زیاتر لە 140 بەڕێوەبەری گشتیش لەسەر گەندەڵی لەزینداندان”.
پێویستە عیراق و ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵ و توانایەکیان بخەگەڕ و بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە بکەن کە بە شێوەی نایاسایی براونەتە دەرەوە، ئەویش لەڕێگەی (بەشی بەدواداچوونی تاوانە زیرەکەکان لەپۆلیسی ئینتەرپۆڵ، رێکخراوی (یو ئێن دی ئۆرسی) سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوی واڵ بانک و رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی”.
یاخود وەک ئەو پسپۆرە عێراقیە کە دەڵێت لە ڕێگەی جێبەجیبکردنی :
1- رێکەتنامەی ناودەوڵەتی دژی گەندەڵی ئیداری ودارایی ساڵی 2005 کە عێراقیش تیایدا بووە بەئەندام لەساڵی 2007 ەوە.
2- مادەی 50 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەرفەت بە عێراق دەدا داوای یارمەتی نێودەولەتی بکات هەروەک بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش 2170 ی ساڵی 2014 بەپێی بەندی حەوتەم.
3- هەروەها عێراق دەتوانێ داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بکات ئەو کەیسە حەواڵەی دادگای نێودەوڵەتی بکات بەوەی کە تاوانەکانی گەندەڵی بە تاوانی لە ناوبردنی بەکۆمەڵ و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی دادەنرێ.
بە دڵنیایەوە بە گەڕاندنەوە ئەو بڕە پارە زۆرە دزراوە کە قووتی خەڵکی عێراقە بە ھەرێمی کورستانیشەوە کۆتایی بە قەیرانی دارایی لە عێراق دێنێت. ھەر وەک سیاسەت مەداری عێراقی میثال الوسی دەڵێت ؛ ئەگەر ئەو وڵاتە عەرەبییانە ئەو چەندان ملیارەی لە بودجەی عێراق دزراوە، بۆ عێراقی بنێرنەوە، ئەوا ئەو قەیرانە داراییەی لە عێراق هەیە نامێنێت و پێویستیش ناکات مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت و ئەوان باجی ئەوانە بدەن کە پارەو سامانی گشتی ووڵاتیان دزیوە.
- Latest Posts by لوقمان مستەفا سالح
لوقمان مستەفا: ھەسەدە نەبنەماڵەیە و نە میرنشین.
-لوقمان مستەفا: هەڵبژاردن تەنھا ڕێگایە بۆ گۆڕانکاری.
-لوقمان مستەفا: لە پشتی یاساوە لە کەرکوک چی دەگوزەرێ!
- All Posts