مەحمو رەزا ئەمین: بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان دەسەڵاتخوازی و ئەڵتەرناتیفی دەسەڵاتدا.
پێشەکی:
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر پرۆژەی کتێبێک دای لە مێشکم، بە تایبەت بۆ سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕانی، بنوسم.
ئەوەی لە خەیاڵما نەخشەم بۆ کێشا بو، کتێبێکی 4 بۆ 5 بەشی بو: سەرەتا سروشتی حوکمڕانیی هەرێمی تیا دەسنیشان کەم، دواتر لە روانگەی سروشتی حوکمڕانیی هەرێمەوە هەڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە جۆری مامەڵەی لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵات لە لایەک و لەگەڵ بنکەی جەماوەری خۆی لە لایەکی تر و لەگەڵ حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە لای سێیەمەوە، دەسنیشان و پێشنیاری چارەسەر بکەم.
لە ساڵانی 2010 و 2011 دا بە دو زنجیرە وتاری 5 ئەڵقەیی، لە پێش و لە پاش خۆپیشاندانەکانی شوباتەوە، لە روانگەی خۆمەوە سروشتی حوکمڕانیی هەرێمم دیاری کرد بو کە، نا دیمۆکراسی و ئۆلیگارشییە. کاتی خۆی لە ماڵپەڕی سبەی دا بڵاو کراونەتەوە. ئەم 2 گروپە وتارە ئەبونە بەشی یەکەمی کتێبەکە.
لە شوباتی ئەمساڵ دا، دەسم کرد بە نوسینی بەشەکانی تری کتێبەکە. بەڵام پێش ئەوەی هەموی تەواوکەم، وەستام. چونکە هەڵسوکەوتی سەرکردایەتی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان نائومێدی کردم کە گوێ بە نوسین و کتێب و رەخنە بدەن و لە نیوەی زەرەرا بگەڕێنەوە سەر رێگەی راست.
هەڵوێستی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلەمانی کوردستان، لە دانیشتنی رۆژی دوشەممە، 30ی 11ی 2020 و هەڵوێستی رێکخەری گشتیی بزوتنەوەکە، کە لە بەیاننامەیەکی بێزارکەرا تەواوی دەنگدەرەکانی بزوتنەوەکەی نائومێد کرد و لەبەر خاتری خاترداران، هەوڵی دا هەڵوێستی جوامێرانەی فراکسیۆنەکە سفر بکاتەوە، ناچاری کردم، ئەوەی نزیکەی 10 مانگ لەمەوبەر نوسیومن و بڵاوم نە کردونەتەوە، لەم گروپە وتارە 10 ئەڵقەیییە دا، لە ژێر ناونیشانی:
“بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان دەسەڵاتخوازی و ئەڵتەرناتیفی دەسەڵات دا” بڵاو بکەمەوە.
(١)
بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی ریفۆرمیستە یان گۆڕینکار؟
کاک نەوشیروان لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە کۆمەڵێ تاکتیکی گرتە بەر هەتا لە ٢٠٠٩ دا بزوتنەوەی گۆڕانی دروست کرد.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ دا سەرپەرشتیی هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد. بە نیازی ئەوەی بە تواناکانی یەکێتی، یەکێتی بە یەکێتی چاک بکا تا لە قۆناغی دواترا حوکمەت بە یەکێتی چاک بکا. کە مامجەلال دەستی خستە هەڵبژاردنی مەڵبەندەکانەوە و بە بەشینەوەی پارە و ئیمتیاز رەوتی هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکانی گۆڕی، ئەو بە یەکجاری بڕوای بە چاککردنی یەکێتی نە ما، بۆیە ئیستیقالەی دا و وازی لە یەکێتی هێنا.
تاکتیکی دوەمی، دامەزراندنی کۆمپانیای وشە بو، ساڵی 2007. پاش ئەوەی بە ناوی دامەزراندنی سەنتەری دیراساتەوە، 10 ملیۆن دۆلاrی لە مامجەلال وەرگرت، کۆمپانیای وشەی دامەزراند و کردیە هەوێنی دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان.
سێیەم تاکتیکی، راگەیاندنی رەوتی گۆڕینی دیمۆکراسی (رەگ) بو لە دەرەوەی وڵات، ساڵی 2008. بەم تاکتیکە توانی قەبارەی نفوزی راستەقینەی خۆی لەناو ریزەکانی یەکێتیدا پێوانە بکا. (رەگ) توانی تا رادەی 90%ـی کادر و ئەندامانی یەکێتی لە سنوری مەڵبەندی دەرەوەی رێکخستنی یەکێتی، لە یەکێتی داماڵێ و ژمارەیەکی باشیش لە خەڵکی بێلایەن لە دەوری خۆی، لە دەرەوەی وڵات، کۆ بکاتەوە.
تاقیکردنەوەی (رەگ) زاتی دایە بەری و لەگەڵ کۆمپانیای وشە، زەمینەی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕانیان خۆشکرد.
بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەکی ستراتیجیی کاک نەوشیروان بو بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم. پاش ئەوەی هەوڵەکانی خۆی و هاوڕێکانی بۆ ریفۆرمکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فەشەلیان هێنا و قەیرانەکانی حوکمڕانی و کۆمەڵی کوردستان تا ئەهات قوڵتر ئە بونەوە و نائومێدیی خەڵکی کوردستان گەیشت بوە لوتکە، ئیتر راگەیاندنی بزوتنەوەیەکی سیاسی، بە مەبەستی هێنانەدیی گۆڕینی ریشەیی لە سیستمی حوکمڕانی و ژیان و گوزەرانی خەڵکدا، بو بە پێویستییەکی حەتمی. بەو شێوەیە بزوتنەوەی گۆڕان هاتە مەیدان بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی نەک بۆ ریفۆرمکردنی.
سەبارەت بەو راستییەی کە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی دروست بو نەک بۆ ریفۆرمکردنی، لە ناو دەیان دروشم و لێدوان و وتار و دۆکیومێنتا، تەنیا سێ بەڵگەی نوسراو بە نمونە ئەهێنمەوە:
بەڵگەی یەکەم:
لە وتاری (گۆڕان لێرەوە دەس پێ ئەکا: جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت) دا، کاک نەوشیروان نوسیوێتی:
“… بۆ ئەوەی تەجروبەی کوردستان بە دەردی تەجروبەی دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژهەڵات نە چێ، ئەبێ لە هەر سێ دەسەڵاتدا: دەسەڵەتەکانی تەشریعی و تەنفیزی و قەزاییدا، گۆڕینی بنەڕەتی بکرێ…” (بڕوانە: ئێمە و ئەوان ناکۆکییەکانمان لەسەر چین؟، ل11)
بەڵگەی دوم:
لە وتاری “دوای ئەم هەمو رەخنەیە ئینجا چی؟” دا، کاک نەوشیروان ئاوای نوسیوە:
# لەژێر ناونیشانی (هەوڵی چاکسازی) دا نوسیوێتی:
“هەندێک ئەڵێن: باشترین رێ هەوڵدانە بۆ چاکسازیی دەسەڵات لەناو دەسەڵاتەوە بە هۆی دەسەڵاتەوە. ئەم رێگەیە لە هەمو رێگەکانی تر سەلامەتتر و ئاسانترە. سەلامەتترە، چونکە پشێوی سیاسی، ئاژاوەی کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕوبونەوەی چەکداری لێ ناکەوێتەوە.
ئاسانترە، چونکە رێگەیەکی قانونییە، داوودەزگا دەستورییەکان ئەتوانن لە پرۆسەیەکی قانونی دا، بە هێمنی و شێنەیی جێبەجێی بکەن. بەڵام ئەمە پێوستی بەوەیە: …
ئینجا بە درێژی باسی ئەو هەلومەرجە ئەکا کە ئەبێ بڕەخسێ بۆ ئەوەی بتوانرێ لەناو دەسەڵاتەوە ریفۆرمی دەسەڵات بکرێ. بەڵام لە کۆتایی دا ئەڵێ: “چاوەڕێکردنی ئەوانە کارێکی بێهودەیە. ئەبێ بۆ رێگەیەکی تر بگەڕێین”.
# لەژێر ناونیشانی (هەوڵی گۆڕین لە ناو دەسەڵاتەوە) دا نوسیوێتی:
“هەندێک ئەڵێن: گۆڕین بەتەنیا بە رەخنە و نوسین ناکرێ. بۆ ئەوەی گۆڕین بکرێ، ئەبێ بەشداری بکرێ لە دەسەڵاتەکاندا و هەریەکە لەلای خۆیەوە هەوڵی چاکسازی و گۆڕین بدا.
هەوڵی گۆڕین لە ناو 3 دەسەڵاتەکەوە: ….. واتە هەوڵی گۆڕین لەناو دەسەڵاتەوە، هەرچەندی وەزیرەکان و پارلەمانتارەکان و دادوەرەکان باش و داواکاری چاکسازی یا گۆڕین بن، لە هەلومەرجی ئێستا دا، بەهۆی ئەو سیستمە سیاسییەوە کە لە وڵاتەکەدا پێڕەو ئەکرێ، کارێکە لە کردن نایەت. ئەم دەسەڵاتانە دەسەڵاتی راستەقینەی وڵات نین. لە پشتی ئەمانەوە دەسەڵاتێکی تر هەیە ئەم دەسەڵاتانە بەڕێوە ئەبا و حوکمی وڵات ئەکا، ئەویش دەسەڵاتی تارمایییە کە حیزب و دەستەبەندییەکانی ناو سەرکردایەتییەکانێتی. بۆیە ئەبێ بە تەمای ئەمە نەبین”.
# لەژێر ناونیشانی (هەوڵی گۆڕین لەناو حیزبەوە) دا نوسیوێتی:
“لەم وڵاتەدا حیزب چۆتە ناو هەمو جومگە و دەمارەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە. حیزب حوکمەت دروست ئەکا. حیزبێکی باش حوکمەتێکی باش دروست ئەکا. حیزبێکی خراپ حوکمەتێکی خراپ دروست ئەکا. کەواتە گۆڕین لەناو حیزب دا بە باری باشە دا ئەبێ بە هۆی گۆڕین لەناو حوکمەتدا بە باری چاکسازی دا……
حیزب لەدوای راپەڕینەوە بەهۆی پاوانکردنی دەسەڵات و دارایی و دەسکەوت و ئیمتیازەکانیەوە لە لایەن توێژێکی دەسەڵاتدارەوە، قابیلی تازەبونەوەیەکی راستەقینە نیە.کەواتە گۆڕین لەم رێگایەوە ئەگاتە بەردەم دەرگایەکی داخراو”.
# لەژێر ناونیشانی (هەوڵی گۆڕین لە دەرەوەی حیزب، حیزب ئامرازە یا ئامانج؟) دا نوسیوێتی:
“………. مادام گۆڕین لەناو حیزبەوە ناکرێ و مادام حیزب خۆی بۆتە رێگری گۆڕین و مادام حیزب ئامانج نیە، کەواتە ئەبێ بەدوای گۆڕیندا بگەڕێین لە دەرەوەی حیزب”.
# لەژێر ناونیشانی (گۆڕینی ئەشخاس یا گۆڕینی سیستم؟) دا نوسیوێتی:
“هەندێک ئەڵێن:
ئەگەر فڵان لابرا و فیسار خرایە جێگەی…
ئەگەر لە سەرکردایەتی حیزب چەن کەسێ لابران و چەند کەسێکی تر چونە جێگایان…
ئەگەر لە ئەنجومەنی وەزیراندا چەن وەزیرێ لابران و چەن کەسێ لە جێگەی ئەوان کران بە وەزیر…
ئیتر بارودۆخەکە ئەگۆڕێ و چاکسازی دەس پێ ئەکا.
لە راستیا ئەمە جگە لە خۆشباوەڕی شتێکی تر نیە.
سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر چەند پایەیەک دامەزراوە، لەوانە:
تێکەڵکردنی حیزب و دەزگاکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری
دەسگرتن بەسەر پارە و ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دا
تاریکاندنی بودجە و کاروباری ئابوری و دارایی و بازرگانی
تاریکاندنی پێوەندیی سیاسیی هەرێم و دەرەوە….
لەبەر ئەوە کەس، چەند کەسایەتییەکی بەهێز و دەسەڵاتدار بێ، چاک بێ یان خراپ، ئەندامی سەرکردایەتی یا وەزیر بێ، رەنگە کاریگەری هەبێ لەسەر جۆری ئەدائی کارەکەی خۆی و بەردەستەکانی لە شوێنەکەی خۆیدا، بەڵام ناتوانێ کاریگەریی لەسەر تێکڕای سیستمەکە هەبێ. بۆیە لەبارودۆخی ئێستای کوردستانا قەیرانەکە لە کێشەی کەس و کەسایەتی دەرچوە و بەگۆڕینی کەس بارودۆخی کوردستان چاک نا بێ. چونکە سیستمی گشتیی وڵاتەکە لەگەڵ ویستی زۆرایەتی کورد ناکۆک و ناساز و لەگەڵ بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردا ناگونجێ.”
“ئەگەر کێشەکە گۆڕین بێ و گۆڕین لە سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتا بێ، ئینجا چەندین پرسیاری سەرەکی، بەڵام ئاڵۆز و سەر بە گۆبەن، سەر هەڵ ئەدەن، هەر یەکەیشیان لەلایەن کەس و گروپی جیاوازەوە بە جۆری جیاواز وەڵام ئە درێنەوە:
پرسیاری یەکەم/ گۆڕین چۆن ئەکرێ؟
وەڵام:
بە بەکارهێنانی توندوتیژی: کودەتا، شۆڕش، راپەڕینی جەماوەریی شار
بە موعارەزەی شارستانی: مانگرتن، خۆپیشاندان، بایکۆتی هەڵبژاردن، بەگژاچونەوەی کاربەدەسان
بە ململانێی دیمۆکراتی: هەڵبژاردن لە هەمو ئاستەکانا
پرسیاری دووەم/ گۆڕین بەچی ئەکرێ؟
وەڵام:
بە دامەزراندنی حیزبێکی نوێ
بە پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانی موعارەزەی رێکخراو
بە دروستکردنی ئاڵتەرناتیفی سەندیکایی
بە رێکخستنی لیستی جیاواز و مونافیس لە هەڵبژاردنەکانا
پرسیاری سێهەم/ گۆڕین لەچیدا ئە کرێ؟
وەڵام:
لە سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتا
لە چەسپاندنی سەرەوەیی یاسا دا
لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانا
پرسیارەکان سەختن، وەڵامەکانیان سەختترن!”(بڕوانە: ئێمە و ئەوان ناکۆکییەکانمان لەسەر چین؟، ل 81 – 88)
بەڵگەی سێیەم:
ئەم بەڵگەیە لە 2 بەڵگەکەی کە بەهێز ترە، چونکە دوای 4 ساڵ لە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان نوسراوە و پەسندکراوی کۆنگرەی یەکەمی بزوتنەوەکە یشە. لەم دۆکیومێنتە دا بە دەق هاتوە:
“… بزوتنەوەی گۆڕان لەو بڕوایەدایە دڵسۆزیی بۆ نیشتمان بە دروشمبازی و بەشینەوەی تۆمەت و ترس بەسەر بەرهەڵستکارانی سیاسیدا دروست نابێ، بەڵکو پێوسیستی بە گۆڕینی ریشەیی سیستمی سیاسییە، پێویستی بەنیشتمانیکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت و پەرلەمان و دادوەرییە، پێویستی بەنیشتمانیکردنی هێزە چەکدارەکان و دامودەزگاکانی ئاسایشە، پێویستی بە سەرلەنوێ ئامادەکردنەوەی ئەو دامەزراوە و هێزانەیە بەجۆرێک ببنە قەڵغانی پاراستنی قەوارەی نیشتمانی، کۆمەڵگەی شارستانی، دەوڵەتی یاسا و سیستمی دیمۆکراتی…”(بڕوانە، پرۆگرامی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان، ساڵی 2013، ل 21 – 22)
تێچاندن:
بەڵگە نەویستە کە “گۆڕینی ریشەیی سیستمی سیاسی” و “چاکسازیی سیستمی سیاسی” دو تێرمی سیاسیی جیاوازن و ئامراز و میکانیزمەکانی هێنانەدییان جیاوازن. لەپاڵ ئەوەشا، ئەو هەلومەرجە نالەبارانەی کە رێگرن لەبەردەم چاککردنی سیستمی سیاسیی هەرێما و کاک نەوشیروان لە وتارەکانی “گۆڕین لێرەوە دەس پێ ئەکا…. و دوای ئەم هەمو رەخنەیە ئینجا چی؟”دا ئاماژەی پێداون و بە تەجرەبەی خۆی پێی گەیشتوە، ئێستا دەقات زیاتر، لەو سەردەمە خراپترن کە ئەو، ئەو دو وتارەی تیا نوسیون.
کەواتە ئیتر چۆن بتوانین لەناو حوکمەتەوە حوکمەت چاک بکەین؟
لە بنەڕەتا ئێمە هاتین بۆ چاکسازیی سیستمی حوکمڕانی یان بۆ گۆڕینی ریشەیی سیستمی سیاسی؟
ئێستا دو پرسیار خۆیان سەپاند:
1. ئێمە حیزبێکی ریفۆرمیستین یان گۆڕانکار؟ بێگومان گۆڕانکارین.
2. ئێستا ئەتوانین لەناو هەناوی حوکمەتا گۆڕانکاریی ریشەیی بکەین؟ بێگومان نە خێر.
ئەتوانم بە خاتەرجەمییەوە بڵێم: لەم هەلومەرجا کە کوردستان و ناوچەکە و سیستمی حوکمڕانیی هەرێمی پیا تێ ئە پەڕێ، بزوتنەوەی گۆڕان لە باتی ئەو چوار وەزارەتەی ناو حوکمەت و پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی بدرێتێ لەگەڵ نیوەی+١ ـی وەزیرەکان، هێشتا ناتوانێ چاکسازی بکا، نەک بە تەمای گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی بێ لە رێگەی بەشداریکردنەوە لە ناو حوکمەتا. ئەوەش لەبەر هۆیەکی زۆر سادە:
چونکە پارتی لە ناوچەی نفوزی خۆی و ینک لە ناوچەی نفوزی خۆی (دولة عمیقة)ـیان دروستکردوە و هەمو ئامرازەکانی سەپاندنی دەسەڵات و قۆرخکردنی، بۆ گروپی دیاریکراو، لە دەستی ئەوانایە.
لە وتارەکانی ترا، رێگەکانی گۆڕین و ئامرازەکانی ئە خوێننەوە.