سەرکۆ یونس: قردێلـــــە بڕینی بەرپرسان!
هەرێمی کوردستان بەخەڵک و حکومەتەوە بەبارودۆخێکی هەستیارو پڕمەترسیداردا گوزەر دەکات، باروگوزەرانی خەڵکانی کەمدەرامەت و مووچەخۆران و فەرمانبەران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بەرەو داڕمان دەچێت،کێشەی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی خێزانەکان و کۆچی گەنجان و دەردەدەروونیەکان لەئاستێکی بەرزی مەترسیدان.
بەڵام کاتێک لەشاشەی تیڤییەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبینین جەنابی پارێزگار یا وەزیر و بەرپرسی ئیداری و سیاسی قردێلەی کرنەوەی پێشانگای فۆتۆگرافی و ساڵۆنی خانمان و قاوەخانە وکافتریاو نێرگەلەخانە و چێشتخانە دەبڕن، ئیتر هیچ ئومێدێک نابینین بارودۆخە بەرەو باشبوون بڕوات.
لەڕووی ئابووریەوە کردنەوەی ئەم شوێن و جێگایانە گرنگن، بەڵام لەکاتێکدا کەئابوری وڵات لەبرەو و پێشەکەوتندا بێت و هاوڵاتیان لەئاستی خۆشگوزەرانی نزیک بووبێتنەوە و دیاردەی بێکاری کەمبووبێتەوە، بەڵام لەم باروگوزەرانەدا کە ساڵی دارایی(2020) لەکۆتایدایە و هێشتا مووچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایان( 4 )مووچەی بێ پەڕو باڵیان وەرگرتوە و لەدوای زیاتر لە(45) ڕۆژ کۆتا مووچەی ئەمساڵ بە لێبڕینی (21%) دەبێت ئەمە سەرەڕای پاشەکەوت کردنی پێنج مووچەی تەواو بەبیانووی خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکە.
ڕێژەی بێکاری بەپێ ی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی نزیک بووەتەوە لە(%40)ی کۆمەڵگا. هەروەها ڕێژەی هەژاری هەتا بێت بەرزتردەبێتەوە و کێشەکۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبن و خۆکوشتن و کوشتنی خەڵكانی تر لەزیادبووندایە.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر کردنەوەی ئەم جۆرە پرۆژانە هەندێ کەس دڵخۆش بکات، بەڵام بۆ تێگەشتنی گشتی و ڕای شەقام بریتییە لە بێ موبالاتی حکومەت بەرامبەر بە کێشەکانی هاوڵاتیان و هەست نەکردن بەئەرکە گەورەکە کەبریتی یە لەدۆزینەوەی ڕێگاچارەکان.
ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەن بەڕێکەوتن و بەرپرسان چەندان قردێلەی سووری تریش ببڕن ساڵی (2021) خۆشتر نابێت لە (2020) ئەگینا پێمان وایە ساڵی (2021) ساڵی پڕبوونی جامە،کوردیش خۆی باش دەزانێت کە جام پڕ بوو چی لێ دێت..؟
لەکاتێکدا کاری لەپێشینەی ئەم بەرپرس و لێپرسراوانە فەراهەمکردن و دابینکردنی پێداویستیە سەرەکییەکانی کۆمەڵگایە وەک ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەکان .خەمی گەورەیان دەبێت دابین کردنی نەوت و هەوڵدان بۆ چاکردنی کارەبا و ئاو بێت نەک خۆنمایش کردن لەو چالاکیانەی کەلاوەکی و ناپێویستن و سوودی گشتی تێدا نی یە.
ماوەتەوە بڵێن کاتێک مامۆستایەک بەمناڵەکەیەوە دەبینین داوای هاوکاری دەکات و جەنابی پارێزگاریش مقەستی بەدەستەوەیە بۆ بڕینی قردێلەی قاوەخانەیەک یان پێشانگایەک، بێ هیوایەک دروست دەبێت کەئەوسەری دیار نەبێت.
* ئابوریناس
- بابەتەکانی تری سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts