سەمەد زەنگەنە: لەخەوما.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوا بەخێری بگێڕێت، دوێشەو لەخەوما جەمیل سائیب ڕەحمەتی پێی وتم: بارودۆخی ئەم سەردەمەی یەكێتی و سلێمانی زۆر لە زەمەنی ئێمە دژوارترە! من خەونەكەم بەچیرۆك دەربڕی، تۆ پێویستیت بەڕۆمانێكە بۆ ناساندنی سیاسەتی ئەمڕۆی یەكێتی و شارەكەی شێخ.
كەمێك لەشێوەی خەمخواری ئەوم ڕوانی و پێی وتم: بنوسە: ئەم سلێمانییە لەكەس نەبووەو لەكەسیش ناچێت، ئاسكەكانی كانی ئاسكانی بەكەس ڕام نەكراوەو تا ماویشە دەستەمۆ ناكرێت، ئەم شارە شیزۆفرینیای خۆشەویستی‌و ڕق لێیداوە، تاوێك لەرزوتای عیشقی سەركردەیەك، حیزبێك، ئایدۆلۆژیایەك دەیكوتێت‌و تاوێكی تر ڕقی لەهەمان سەركردەو حیزب‌و ئایدۆلۆژیایە!
ئەو سیفەتی لێبوردەیی خوای گرتووەو هەموو ڕەگەزو ئاین و ئاینزایەكی خۆشدەوێت، ئەو دەیەوێت مرۆڤ‌و ئاژەڵ‌و خواو ئیبلیسیش دڵیان خۆشبێت، سلێمانی دەیەوێت هەموو كوڕی خوای مەسیح بین‌و هەمووش خاوەنی خولقێكی موحەمەدول مستەفا بین، سلێمانی دەیەوێت خواو شەیتان‌و ئاهورامەزداو ئەهریمەن ئاشتكاتەوە، دەیەوێت بەهەشت فراوانتر بكاتەوەو پانتایی دۆزەخیش داپۆشێت.
سلێمانی دەیەوێت نوكتە جێگەی خەم‌و هەڵپەڕكێ جێگەی ماتەم بگرێتەوە .
بەڵام ئەم شارە خێر لەخۆ نەدیووە دیوی دووەمی تۆقێنەرە، لافاوەكەی نوحەو كوڕەكەی خۆشی ڕادەماڵێ، بومەلەرزەیەكی قووڵایی دەریایەو تسۆنامییەكەی نەك كەنارەكانی چواردەوری شار بەرزاییەكانی ئەزمڕو گۆیژەش دادەپۆشێت، توڕەبوونەكەی غەزەبی خوایەو چەشنی بروسكە دونیا دەسوتێنێت.
بەڵام ئەم شارە خێر لەخۆ نەدیووە دیوی دووەمی تۆقێنەرە، لافاوەكەی نوحەو كوڕەكەی خۆشی ڕادەماڵێ. مەڕوانن ئێستاكە ڕەشەباكەی سلێمانی لورەو غەزەبی كپتر بووە، جاری جاران حەوت شەو و حەوت ڕۆژ دەی نركاندوو هەرچی پوش‌و پەڵاش‌و خاشاكی نامۆ بەشار هەبوو ڕایدەماڵی، تەنیا دڵسۆزانی كوردایەتی و خۆشەویستانی پیرەمێرد بەرگەی سەرماوسۆڵەو شەختەو چلورەی زستانی سلێمانیان دەگرت، ئەوانی دی هەڵدەلەرزین .
بیرمە سەردەمانێك، یەكێتی كوڕە تاقانەكەی شار بوو، شار ڕەشەباكەی بۆ كردبووە نەسیمی شەوانی هاوینی پڕ ئەستێرەی، شەقامەكانی بۆ كردبووە شانۆی هەڵمەتی كوردایەتی، مزگەوتەكانی بۆ كردبووە بڵندگۆی سرودی مەشخەڵانی، لە پێناوی مانەوەی یەكێتیدا سەدان جگەرگۆشەی شیرینی كردە قوربانی، ئەدی ئێستا شار هەر شارەكەی جاران نییە، سلێمانی هەر سلێمانییەكەی جاران نییە؟ بۆچی شار نەفرەت لەیەكێتی و یەكێتیش نامۆیە بەسلێمانی؟
بۆچی شەقامەكان هوتافی بڕوخێت یەكێتی و پارتی و گۆڕان دەچڕن؟ بۆچی بڵندگۆی مزگەوتەكان (ان انكر) دەڵێنەوە؟
دوێشەو سلێمانی هاتە خەونم ، پێی وتم بنووسە:
پەیامێك بۆ یەكێتی: بگەڕێنەوە باوەشی شەقامەكان و دەستهەڵگرن لەبازرگانی پرچی درێژی شار، ئەو پرچەی ڕەشماڵی گەرمیان‌و كوێستانتان بوو .
بەپارتی بڵێن: بەردەركی سەرا هەر سەردەمەكەی بیست و حەوت ساڵەكەی بێكەس و دەنگە ناوازەكەی ڕەشۆڵە، تۆ قوتی ژیان دەبڕی‌و شار خاوەنی كەریمی عەلەكەیە، بەپارتی بڵێن پیرەمێرد پەشیمانە لە (عەشرەت هاوارەكەی).
بەردەركی سەرا هەر سەردەمەكەی بیست و حەوت ساڵەكەی بێكەس و دەنگە ناوازەكەی ڕەشۆڵە
بەگۆڕان بڵێن: شار شەنسێكی بەكاك نەوشیروان بەخشی، پەشیمانەو دوبارەی ناكاتەوە.
بەئیسلامیەكان بڵێن: ئێمە خاوەنی مەولاناو كاك ئەحمەدی شێخ‌و نالی‌و سالمین، ئێمە (نعمل لدنیانا كاننا نعیش ابدا)، فرە ڕەنگی و ڕەنگڕێژیمان مەشێوێنن.
تكایە پێیان بڵێن: وەرنەوە باوەشی شار با سلێمانی دوعاكەی نوحتان لێنەكات، با شەخس و پیرەكان كۆڕی زیكری فەنابونتان بۆ نەبەستن، با عەولە سیسەكان و ئاسۆ دەلاكەكان قڵیشانەوەی ناو بازاڕو بەردەركی سەراتان بۆ دوبارە نەكەنەوە.
خەمێك لەشار بخۆن، تا شار خەمی كۆتاییتان نەخوات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت