عەبدولڕەزاق شەریف: پارتی وەک تاوانباری یەکەم!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
پێش پێنج ساڵ، رێکەوتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەشکردنی دەسەڵاتەکانی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانیتردا، پێکهات. پارتی وەک کەمینەیەکی بێ کێشە و بێوەی، لەناو رێکەوتنەکەدا دەرکەوت و کەمتریش لە هەمو حیزبەکان پۆستی حوکمدارێتی پارێزگاکەی پێبڕا. زۆرینەی رەهای جومگە سەرەکییەکان بە تەبەروک و شەراکەتی گشت، بەر یەکێتی و گۆڕان کەوت، هەموشیان ناویان لێنا ( حکومەتی خۆجێیی ).
راستییەکیتریش ئەوەیە کە پارتی لە ناوەندی هەولێرەوە دەسەڵاتداری یەکەمە و رێنمایی بۆ پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەرئەکات، بەڵام پەیڕەو و یاساکانی بەڕێوەبردنی گشت وەزارەتەکان لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە و هەر لەوێش هەموار ئەکرێتەوە، بەم دەورەیەشەوە هیچ کات پارتی زۆرینەی رەها نەبوە و هیچ یاسایەکیشی بە تەنیا لە پەرلەمانەوە تێنەپەڕاندوە، بە پێچەوانەشەوە هەندێ لەو یاسا خراپانەی هەرێمی کوردستانی کۆڵەوار کردوە، پرۆژەی یەکێتی یان گۆڕان بون. لە باشترین حاڵەتدا، بۆ هەر یاسایەک هەماهەنگی پارتی بون.
ئێستا تەواوی پارێزگای سلێمانی بە خۆپیشاندان شڵەژاوە، ئەی بۆچی رقی ئاپۆرەکە و سەرە رمی شەقام رو لە پارتی یە؟
ئەی بۆچی پارتی هەمیشە وەک سزاکارێکی خەڵک و خاکی سلێمانی خۆی نمایش ئەکات ؟
ئەم وەڵامە بۆ پارتی یەکانە!!
چونکە پارتی و بەرپرسەکانی پارتی بیست ساڵە و هەمو هەوڵێکیان بۆ ئاشتکردنەوەی مەسولە باڵاکانی یەکێتی بوە و دەیان رایەڵەی ئاشکرا و نهێنی سیاسی، بازرگانی و ئەمنی یان لەگەڵ دروستکردن و نەیانتوانی و نەیانویست تەنیا رایەڵەیەک لەگەڵ هەقیقەتی یەکێتی و یەکێتی بونی سلێمانیدا، دروست بکەن.
هەمان سیناریۆیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، دوبارە کردەوە و چەند ساڵێکە لەگەڵ چەند ناوێکی ئەوانیشدا، لە پیرمامەوە بە تەلەفۆن و هێڵی ئینتەرنێت دەرگیرن، توانیان لە بەرگی گۆڕان، زیاتر کەوا و گیرفانی پوڵ و پۆستیان بۆ بدورن، بەڵام نەیانتوانی و نەیانویست لەگەڵ رۆحی ریفۆرم و گۆڕانکاری دەڤەری سلێمانیدا، ڕابێن وپەیوەندییەکی ساغڵەم دروست بکەن.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە