ئەحمەد ڕەسوڵ: ستەمکاریی و گەمژەیی.
دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییە ستەمکارەکان، وەک ئەوەی لە هەمان منداڵدانەوە هاتبن و بە هەمان شیر گەورە بووبن،
هەموویان هەمان حەماقەت و هەمان غروری بۆش داگیریان دەکات.
هەموویان تا دواهەمین خولەکەکانی دەسەڵاتیان، پێیان وایە:
تەنها ئەوان دڵسۆزی ڕاستەقینەی گەل و نیشتمانن،
تەنها ئەوان خۆشەویست و سیمبولی پیرۆزی تێکڕا یان زۆرینەی خەڵکن،
تەنها ئەوان فریادڕەسی ژیانی کۆمەڵگا یان ڕاگری چەتری ئارامیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکن،
تەنها ئەوان پارێزەری گەل و نیشتمانن،
تەنها ئەوانن خاوەن دانایی و بلیمەتییەکی بێوێنە،
تەنها ئەوانن قارەمان و ئازا و چاونەترس،
تەنها ئەوانن خاوەن هێز و قودرەت، هێز و قودرەتێکی لەشکان نەهاتوو.
ئەوەی سەرەوە هەست و تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و خۆسەپێنە سەبارەت بە خۆیان و کۆمەڵگاش.
لە کاتێکدا ئەوان ناپاکی ڕاستەقینەن بە گەل و نیشتمان،
ئەوان بێزراو و مایەی نەفرەتی زۆرینەی خەڵکن،
ئەوان وێرانکەری ژیانی کۆمەڵگا و ڕوخێنەری چەتری ئارامیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکن،
ئەوان سەرچاوەی هەڕەشەی داڕمانی هەمەلایەنەی گەل و نیشتمانن،
ئەوان لە نێو نادانیی و گەمژەییەکی بێوێنەدا گیریان خواردووە،
ئەوانن ترسنۆک و خۆحەشاردەر،
ئەوانن خاوەن هێزێکی فشۆڵ و ساختە، هێزێک کە هەرسات لە ئەگەریی شکان و هەڵاتندایە.
…
واتا لە وەهمێکدا دەژین کە ڕێک پێچەوانەی ژیانی واقعیی و ڕاستەقینەی خۆیان و کۆمەڵگایە.
…
بازنە هەرە بچووکەکەی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتی بە چەند بازنەیەکی کەمێک فروانتر دەورەدراوە و ئیشی ئەو بازنانە لەو جۆرە سیستم و حوکمڕانێتییانەدا ئەوەیە کە هەم بەرهەمهێنەری ئەو هەست و تێگەیشتنە وەهمییەی دەسەڵاتدارانن لە هەمبەر خۆیان و جڤات، هەم تیۆریزەکەری ئەو وەهمەن ڕووە و دەسەڵاتداران و جڤات بەو ئامانجەی بەرگی حەقیقەتی بەباڵادا ببڕن. ئەو بازنانە لە پلەدارە بەرزە سەربازییەکانەوە بیگرە بۆ شیکەرەوە و نووسەرە سیاسیی و ئابوورییەکان کە تەواوی لۆژیکی نێو کایە مۆنۆپۆڵکراوەکانی ئابووریی، سیاسیی و دەزگاکانی پڕوپاگەندە “لەم جۆرە سیستمانەدا دەزگا مێدیاییەکانی سێبەر و خزمەتکاری دەسەڵاتداران لەوە دەکەون پێیان بگوترێ مێدیا، بەڵکو دەبنە دەزگای پڕوپاگەندە” دەگرێتەوە. کە هەڵبەت لە خوار ئەو چەند بازنەیەشەوە چەند بازنەیەکی دیکە دێن کە کاریان ووردکردنەوەی ئەو حیکایەت و وەهمانەیە کە خۆیان لە کادێرە ناوەندییە سیاسیی و ئابووریەکان لەگەڵ بەرپرسە مێدیایی، هەواڵگریی و چەکدارییەکاندا دەبینێتەوە.
ئەمانە هەموو پێکڕا بەشداریدەکەن لە هەڵچنینی ئەو کۆشکی وەهمەی کە هەست و دەروونی دەسەڵاتداران لە ئارامییدا ڕادەگرێت. واتا ئارامیی و ئاسوودەییەک کە لە خۆگێلکردن لە ژیانی واقعیی جڤاتەوە و لە وەهمی بینین و تێگەیشتنەوە لە خواستی ڕاستەقینەی هاونیشتمانییانەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە لەم جۆرە سیستمانەدا ئەوەی دەسەڵاتداران و ئەو چەند بازنەیەی دەوریان داگیردەکات، گێلێتیی و وەهمێکە کە تا ئاستی حەماقەت و گەمژەیی دەیانبات.
لێرەوەیە لە نێو سیستمە سیاسییە ستەمگەرەکاندا، هەر جۆرێکی دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی لەوێشەوە سەربازیی، ئیداریی و تەنانەت ئابوورییش، جۆرێک لە حەماقەت یان گەمژەیی بۆ کەسی دەسەڵاتدار دەهێنێت. درێژەکێشانی هەرچی زیاتری زەمەنی هەر کەسێک لە نێو ئەتمۆسفیری دەسەڵاتدارێتییدا، دواجار دەبێتە هەرچی زیاتر گەورەتر بوونی بڕی ئەو حەماقەت و گەمژەییە. زەقترین نموونەی ئەم جۆرە لە حەماقەت و گەمژەییش ڕستە بەنیوبانگەکەی ماری ئەنتۆینێت “١٧٥٥-١٧٩٣” شاژنی فەڕەنسایە، کاتێک لە وەڵام بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاونیشتمانییانی برسییدا، دەڵێت: با کێک بخۆن”Let them eat cake”.
…
جۆرج ئۆروێل “١٩٠٣-١٩٥٠” لە ڕۆمانە بەنێوبانگەکەیدا “١٩٨٤” وورد و جوان تابلۆی ئەو سیستمە ستەمگەرەمان بۆ دەکێشێت کە دەزگاکانی و بەرپرسەکانییان “هەڵبەت بە کاری کارمەند و کادێرانییان” لە هەڵگێڕانەوەی حەقیقەت و ئاوەژووکردنەوەی هەموو شتێکدا لە نێوکۆیی گوتارە سیاسیی و مێذیاییەکەی سیستم، حزب و بیگ برەزەدا چۆن “ئاشتی، ئازادیی و هێز دەبنە جەنگ، کۆیلایەتیی و نەزانیی”*.
…
چیرۆکی کەوتنی بن عەلی لە تونس، موبارەک لە میسر، قەزافی لە لیبیا لەم چەرخەدا و مۆسۆلۆلینی لە ئیتالیا، چاوسیسکۆ لە ڕۆمانیا، حەمەڕەزا شا لە ئێران، پینۆشێ لە چیللی و پۆڵپۆت لە کەمبۆدیا، لە سەدەی بیستدا چەند نموونەیەکی کەمن لە مێژووی دەسەڵتدارێتییە سیاسییە ستەمکارەکاندا کە چیرۆکی کەوتنی هەموویان وەک ئەوەی هەمان چیرۆک بن و هەمان کەس نوسیبێتی، چونکە هەمان حەماقەت و گەمژەیی بەرهەمهاتووی وەهمی دەسەڵاتدارێتیەکەیان تانوپۆی تەنیون.
…
دەسەڵاتدارانی ستەمکار، نەوەکو تا دواهەمین ساتی داڕمانی ئیمپراتۆرێتییەکەیان، هێشتا بە قووڵی لەنێو ئەو وەهمەدا چەقیون کە سەرلەبەری تێگەیشتنییان ئاوەژووەدەکاتەوە، بەڵکو لە ساتی کەوتنیشیاندا و دواتریش لە ساتی دادگاییکردن و تیربارانکردنیشیاندا هەموو ئەو ماجەرایە وەکو خەو دەبینن و باوەڕ بە چاو و گوێی خۆیان ناکەن.
* ئاشتیی جەنگە – کۆیلایەتی ئازادییە – نەزانیی هێزە war is peace – freedom is slavery – ignorance is strength ” سێ دروشمە سەرەکییەکەی نێو سیستمە سیاسییەکەی بیگ برەزە “برا گەورە” ن.
- بابەتەکانی تری ئەحمەد ڕەسوڵ
ئەحمەد ڕەسوڵ: فیاسکۆ.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: ڕووتبوونەوەی سیاسەت.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: خۆڕاپسکاندنی پدک.
- All Posts