بەهرۆز جەعفەر: بارودۆخی هەرێمی کوردستان دوای خۆپیشاندانەکان (هۆکار، دەرئەنجام، ڕاسپاردە).
پوختەی جێبەجێکار:
لێکەوتەکانی بارودۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان و عێراق لە دوای قەیرانی داعش لە ( 2014 ) ەوە هاوڵاتیانی تووشی ناڕەحەتی و دژواری ژیان کردۆتەوە. قەیرانەکەش زۆری خایاندو مووچەو بێکاری و نەبونی دادی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی بێزارکردوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەندێ گۆڕانکاریی هەرێمایەتی و جیهانی کە تیایدا تورکیاو پەکەکە لە ڕۆژئاواو باشوری کوردستاندا هەوڵەکانیان تیا چڕکردۆتەوە.
یەکەم/ ئابوریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد لە ساڵی ( 1989 ) و جەنگی دووەمی کەنداو لە ( 1991 ) و کرانەوەی زیاتری جیهان و بازاڕ و بەرژەوەندییەکان. دەرفەتێکی سیاسیی گەورە بۆ کوردی عێراقیش هاتە پێش بە دەستپێشخەری ئەمریکا ناوچەی دژە فڕین دروست کراو، جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی باشور بەرجەستەبو، تیایدا حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دروست بو. دوو حیزبی فەرمانڕەوا (پ،د،ک) و (ی،ن،ک) لە باتی دەستورێک بۆ هەرێم بنوسنەوە کە ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتی تیادا دیاری بکرێت و، دامەزراوەو دەستەڵاتە شەرعیەکان چێ بکەن. لەسەر چەند ڕیزێک دوکان و ململانێ و کینە مێژووییەکانی نێوانیان زیندووکردەوەو بۆ ماوەی چوار ساڵ شەڕی نێوخۆییان کرد.
شەڕی ناوخۆی کوردستان، ئابوریی هەرێمی کوردستانی داتەپاندو، کەسێتی و دۆسیەی کوردی لە مەیدانی نێودەوڵەتی دا کزو لاواز کرد.
جارێکی تر، ئەمریکاو بەریتانیا لە ساڵی ( 2003 ) لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ڕژێمی بەعس و سەددام حوسەینیان ڕووخاندو، دەرفەتێکی ئابوریی و سیاسیی و دیبلۆماسیی گەورە بۆ کورد هاتە پێش. هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی باش توانی خۆی بباتە پێش، لە بەرئەوەی دەستورێک نەبو، دامەزراوەی یاسایی و ئابوریی چێ نەکرا، دیسان لە گەشەی ئابوریی و سیاسیی گۆڕدرا بە گەشەی گەندەڵی و کێبڕکێی پۆست و پایە بۆ بەرژەوەندی کەسیی و حیزبی.
لێرەوە، بۆ تێگهیشتن له ئابورى سیاسی ههرێمى كوردستان (بەتایبەت لە دوای قەیرانی داعش ەوە) بهگشتى ئهكرێت سیفهته جیاكهرهوهكانى ئابوریی – نهوتىی ههرێمى كوردستان له چوار تهوهردا كورت بكهینهوه:
یەک/ سیستهمێكى دارایی لاواز (ئابورى پشت بهستو به پارهى كاش). جیهان بەرەبەرە تەنانەت سیستەمی بزنس کارت و (ATM) یش تێ ئەپەڕێنێت، بەرەو دراوە ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی هەنگاو ئەنێت کەچی هەرێمی کوردستان هێشتا لەسەردەمی دارایی- کاش دا ئەجوڵێتەوە. یەکێک لە پێشەنگ و پایەکانی هزری ئابوریی کلاسیک دەیڤید ڕیکاردۆ (1772 – 1823 ) یە لە ئینگلتەرا، تێکەڵی ئابوریزانی بو، چونکە باوکی برۆکەرو کارایەکی بواری بازاڕە داراییەکان (بۆرسە) بوە. ناکرێ لەسەدەی بیستویەکدا لەوە تێ نەگەین بۆچی له ساڵى ( 2013 ) هدا داهاتى هەرێمی کوردستان ( 13 ) ملیار دۆلار بوه، بهڵام چونكه سیستهمێكى دارایی لاوازى ههیه لهساڵى ( 2015 ) هدا داهاتى ههرێمى كوردستان ئهگاته (سفر) و كۆمهڵێك قهرزى ناوخۆیی و دهرهكیشى دێتهسهر!. ئهوهى تێبینى ئهكرێت پارادۆكسێكه ههتا پیشهسازى پیترۆلیۆم لهههرێم گهشه بكات قهیرانى دارایی ههرێم زیاتر ئهبێت!.
دوو/ پشت بهستنى بێ ئهندازه به سێكتهرى نهوت.
هەرێمی کوردستان له ساڵى ( 2017 بۆ 2019 ) هدا داهاتهكهى تهنها (5٪ بۆ 7٪) پشتى به باج بهستووه. ئهمهش بهو مانایه نایات باج له سهر هاوڵاتیان زیادبكرێت، بهڵكو پێویسته یاساى باج وهها ڕێك بخرێت كه لهگهڵ؛ داهاتى تاكهكهس، ئاستى بهرههمهێنانى گشتى دا بگونجێت).
سێ/ ڕۆڵى بێ ئهندازهى حكومهت له سێكتهرى نهوت دا. بەهۆی ڕۆڵی سەروو (60٪) ی کەرتی گشتی لە پرۆسەی نەوتدا، وایکردوە کەرتی تایبەت لاواز بێت و بەشێکی زۆری داهاتی نەوت بۆ خەرجی ناوخۆیی (استهلاک محلی) بڕوات.
چوار/ پشت بهستن به هاوردهكردن. هەرێمی کوردستان تاکە کاڵایەک پشتی پێ ئەبەستێ نەوتە. لەکاتێکدا هەمەجۆرکردن لەسەرچاوەی داهاتدا نیە، داهاتە نێوخۆییەکانیش ناشەفافە لە وێنەی ئەوەی یەکێتی و پارتی لە مەرزەکانەوە بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان ئەنجامی ئەدەن.
دووەم/ داکشانی پەکەکە بۆ هەرێمی کوردستان
پەکەکە لە هەرکوێ بێت تورکیاش لەوێیە. لەمساڵانەی دواییدا، پەکەکە هەر لە قەندیلەوە پەلیهاویشتوە بۆ شەنگال، بۆ سلێمانی و شارباژێر و پێنجوێن. بۆ ناو شارەکان. لە باکوری ئەتروشەوە تا زنجیرە درێژەکەی چیای گارە تا چەمانکێ پەکەکە هاتۆتە ناو خاکی هەرێمەوە. لە مانگی 11 ی 2020 دا پەکەکەو هێزی پێشمەرگە ( 3 ) جار بەریەککەوتن و تەقە لە نێوانیاندا بوە (لە گرێ کە ئەکەوێتە نێوان شاخی بێکەس و شاخی سیان لە باشوری چیای گارە، ئینجا لە گوندی ئیسراو کانیکی، پاشان لە بامشمشی سەر بەدینارتە لە قەزای ئاکرێ).
پارتی دیموکراتی کوردستان دەمێکە، ئەوە تێگەیشتوە کە وا بڕوات تەنها شەقامە قیرەکانی بە دەستەوە ئەمێنێت. یەکێتی لەسەرەتاوە زۆر کارئاسانی بۆ پەکەکەو ڕێکخراوەکانیان کرد بەمەبەستی دژایەتی (پ، د،ک)، ئێستا یەکێتی لەوە گەیشتوە پەکەکە هەم بوەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی هەم بۆ هەرێمی کوردستان و نازانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
ئێرانیش بە تەواوی مانا چاوپۆشی کردوە کە پەکەکە لە قەندیلەوە بەرەو شارباژێڕ و پێنجوێن بکشێت.
لە دوای ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان (ڕیفراندۆم) عێراق و حەشدی شەعبی زۆربەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمیان خستە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. ئینجا ئێرانیش دەستی کرد بە هاتنە ناوەوە هەر لە خانەقینەوە تا دوایین بنکەی سەربازیی جێگیر لە چیخیدارەی دەڤەری برادۆستە. پاشانیش تورکیا لە ساڵی (2019 و 2020 ) دا ( 5 ) ئۆپراسیۆنی جیاجیای لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی (پەنجە) دا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردوەو تا ئێستاش بەردەوامە. تورکیا ( 9 ) بنکەی سەربازی لە چیا دێڵەوە لە باکوری ڕۆژئاوای سیدەکانەوە تا چیای زیلکۆک لە گوندی خەلیفان داناوە. ئینجا لە کۆتا ئۆپراسیۆندا ( 15 ) جێگەی تری لە دهۆک و زاخۆ و سنوری ناحیەی باتیڤیاو دەرکار خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆی، وەکو کۆڤی مەلایەحیا، گرێ نزێ، ئابلەهی، منین، ئاواگیزێ، سیارێ گەورکێ، کۆڤی مچۆلیا، دێرەشیش و ئیکا حالی… ئیتر بەم شێوەیە هەریەکە لە عێراق و تورکیاو ئێران تەنگیان بە قەوارەی هەرێم هەڵچنیوەو هەر ڕۆژەی ناوچەیەکی کوردیی ئەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. سەرباری ئەوەش چەندین کورد لە بەغدا لە ئاستی بەرپرسیارێتی دا نین و هاوکاری پرۆژەی نەیارەکانی هەرێمن.
پێدەچێ مەبەست لەم پلان و ئۆپەراسیۆنی (پەنجە) یەی تورکیا ئەوە بێت پەکەکە لە سنورەکانی خۆی دوور بخاتەوەو پاڵی پێوە بنێت بەرەو قووڵایی باشوری کوردستان.
لە لایەکی ترەوە، تورکەکان دڕودۆنگن بە بزوتنەوەکەی شاسوار عەبدلواحێد (نەوەی نوێ). ئێوارەی (6 ی دیسەمبەری 2020 ) شاندێکی (پ،د،ک) بە سەرۆکایەتی هوشیار زێباری بۆ کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان گەیشتنە شاری سولەیمانی، چەند کاتژمێرێک دوای کۆبونەوەکەیان دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی دەستیان کرد بە داخستنی کەناڵە میدیاییەکانی پەکەکە (کەناڵی ستێرک، ڕۆژ تیڤی، نەورۆز تیڤی و چەتر) لە سولەیمانی. هەروەها پەخشی کەناڵەکانی ئێن ئاڕتی سەر بە شاسوار عەبدلواحێدیان ڕاگرت.
بە شێوەیەکی گشتی تورکیا لە سەرەتای ساڵی (2020 ) ەوە بێی بیسمیلای لە تێکدانی ماڵی کوردیی کردوە لە زینی وەرتێ، هەر ڕۆژەی زینێکی تر ئەدۆزێتەوە. زینێ وەرتێ لە ستراتیژی نوێی تورکیادا گرنگییەکەی لە دروستکردنی پێکدادانێکی ناوخۆیی کوردییە. هۆکاری سەرەکی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بێ ئەندازە پرسی کورد بوە بە پرسێکی جیهانی، لە ( 17 ی فێبریوەری 2020) سەرۆک کۆماری پێشوی تورکیا عەبدوڵڵا گویل لە ڕۆژنامەی ئاکاری تورکیادا ئەڵێت، پرسی كورد سنوورەكانی تێپەراندووە و بووەتە پرسێكی نێودەوڵەتی.
سێهەم؛ ڕێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل
ڕێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات هەڕەشەیەکی ترە لە سەر هەرێمی کوردستان. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی لێداونی وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گواستۆتەوە، ئیسرائیل مەترسی هەیە هێرش بکرێتە سەر هاوڵاتیەکانی لە چەند وڵاتێک یەکێک لەو شوێنانە ناوی هەرێمی کوردستانیش هاتوە.
ئیسرائیل لەناوخۆدا ڕۆژانە 5 هەزار و 977 بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت، بەڵام پێویستی ڕۆژانەی بە 236 هەزار و 249 بەرمیلە، واتە (92%) لە دەرەوە هاوردە ئەکات.. پرسی کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئیسرائیلەوە بە نرخێکی هەرزان زوو ئەبێتە جێی مشتومڕ، ئەوەشی کە زوو زوو بابەتەکە گەرم ئەکاتەوە کەناڵی (جەزیرە) ی قەتەریە ( کە هاوپەیمانی تورکیاو ئەردۆگانن).
تورکیا هەموو ڕێگەیەک ئەگرێتە بەر بۆ ئەوەی هەناردە کردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.بەمەش هەناردەکردنی هەرێم تووشی ئاستەنگی قورس ئەبێتەوە لەلایەن تورکیاو ئێرانەوە.
ئیمارات لە دوای بەهاری عەرەبیەوە، بە بەردەوامی و بە ناڕاستەوخۆ لە شەڕدا بوە دژی تورکیا. لە لیبیاوە تا هەرێمی کوردستان ئیمارات پرۆژەی بۆ بەگژاچونەوەی نفوسی تورکیا هەیە. ئێستا کە ئیمارات و ئیسرائیل ڕێککەوتون. تورکیا لەهەموو شوێنێک ئەکەوێتە حاڵەتی کاردانەوەی توندەوە.
بە مانایایەکی تر، لە هەرێمی کوردستان دوو پرۆژە خۆیان بە ئەلتەرناتیڤی پارتی و یەکێتی ئەزانن کە پەکەکەو ئیخوان موسلیمینن!.
ڕاسپاردەکان
یەکەم/ ئەوەی پەیوەستە بە چاککردنی دۆخی ژیانی خەڵکەوە، یەکێتی و پارتی پارەی باج و ڕسومات و خاڵە سنورییەکان بکەنە یەک، هەروەها لەو داهاتە حیزبیەی هەیانەو کۆیان کردۆتەوە مووچەی لانی کەمی سێ مانگی مووچەخۆران بەتەواوی بدەن.
دووەم/ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاتی زیاتری یەکدی نەکوژن و ببنەوە بەیەک. هەرچی گردی زەرگەتەیە بدرێت بە وەبەرهێنی بیانی ساڵانی نزیکەی ( 600 بۆ 700) ملیۆن دۆلار داهاتی ئەبێت و هەلی کار ئەرەخسێنێت.
سێهەم/ لایەنە سیاسیە کوردییەکان پێش ئەوەی لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون لەگەڵ خۆیان ڕێک بکەون و باسوخواسی کۆبونەوەکانیان دزە پێ نەکەنە ناو میدیاو سۆشیال میدیاوەو، کەسانی دڵنیا بەشداری کۆبونەوەکانیان بن.
چوارەم/ لیژنەیەکی پسپۆڕی هەمەلایەنە دروست بکرێ بو پیاچونەوەو بەرز ڕاگرتنی کۆی پرۆسەی هایدرۆکاربۆنەکان و شلەکان و کانزاکانی تر لەم قۆناخانەدا ( گرێبەستەکان، دەرهێنان، پاڵاوتن و پاڵێوگە نێوخۆییەکان، هەناردە کردن، بازاڕیکردن، لۆبی کردن).
پێنجەم/ تورکیا بەئەندازەی نێچیرڤان بارزانی هاوسۆز نییە لەگەڵ کابینەکەی مەسرور بارزانی و ئەزمونێکیان لەگەڵی نییە (ئەوەش بەرئەنجامی مێزگردو چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ نوخبەو ناوەندە تورکیەکان). لێرەدا پلاتفۆڕمی ئابوریی و دیبلۆماسی هەرێم ئەبێت پشت بەو هاوپەیمانێتیە بەهێزە ببەستێ کە لە سنوری دەریای ناوەڕاست (مێدیتریانە) لە ئارادایە بە سەرۆکایەتی فەڕەنساو ناتۆو ئەمریکا.
شهشهم/ عێراق ساڵى (2014) سكاڵاى لهسهر توركیا تۆماركردووه له دادگاى نێوبژیوانى له پارس (International Court of Arbitration- ICC) له بهرئهوهى توركیا پێشێلى سهروهرى عێراقى كردووه كه گرێبهستێكى نهوتى لهگهڵ ههرێم له ساڵى (2013) ئیمزاكردوه بێ ئهوهى بگهرێتهوه بۆ بهغدا. ڕوونه ئهگهر عێراق یان توركیا ئهم داوایه ببهنهوه له ههردوو حاڵهت به زیانى ههرێمى كوردستانه، بۆیه پێویسته ههرێم سوود له بارودۆخ وهربگرێت كه عێراق ڕووهو ههڵبژاردنهو لهگهڵ حكومهتى بهغدا پهیوهندییهكانى بهتین بكاتهوهو، گازى سروشتى ههرێم بدات به بهغدا بۆ ئهوهى كارهبا بهرههم بهێنن و پالًپشتى سیاسی دهوڵهتى عێراق مسۆگهر بكات و، پاشان لۆبى خۆى بخاته گهڕ تا لهو گێژاوه دهربچێت.
دەرەئەنجامەکان
نارەزایەتیەکانی هاوڵاتیان و گەنجان بەرهەمی ڕۆژێک و دوان نییە، ئەگەر ئەمجارەشیان بە فشاری هێزە ئەمنیەکان بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە. لە شەپۆلێکی تردا توندتر دێنەوە شەقامەکان. هەریەکە لە پەکەکەو ئیخوان دوو پرۆژەی دنە دراون بۆ ئەوەی خۆیان بۆ جێگرەوەی پارتی و یەکێتی ئامادەبکەن. هەرچی دیدگای دەستەڵاتی کوردییە هەموویان پێکەوە ئەم دۆخە ناهەموارەیان دروستکردوە (یەکێتی، گۆڕان، پارتی). هیچ لایەکیان ناتوانن خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن دەربخەن. لە تێگەیشتنی خۆیاندا پلانێکی گشتگیرو نیشتیمانسازی زانستیان فۆرمەڵە نەکردوە. بەڵکو دۆخەکە ئاوا بڕانن تا سەرەتای ساڵی (2021) تاوەکو ئیدارەی جۆ- بایدن دەستبەکار ئەبێت بۆ ئەوەی ئاسانکارییەکیان بۆ بکات.
بەهرۆز جەعفەر/ سەرۆکی ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts