كەمال محەمەد: خۆپیشاندان و بەرپرسیارێتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەیلەسوفی ئینگلیزی ”میل” پێی وایە ئازادییە فیكری و سیاسییەكان و هەروەها ئەوەی تاكەكەسەكانی كۆمەڵگا توانای بڕیاردانی هەیە وادەكەن كۆمەڵگایەكی لیبڕاڵی و دامودەزگاكانی حكومەتیش بەجۆرێك پێك بێن كە دەستەبەری ئازادییەكانیان بۆ بكات بەمەش تاكەكەس بەختەوەری و ژیانێكی سەردەمیانەی دەستگیر ئەبێت و كۆمەڵگاش گەشەی بەردەوام بە خۆیەوە ئەبینێت و بەردەوام لە ژێر كاریگەری گۆڕانە فیكری و كەلتورییەكان بەزیندویی ئەمێنێتەوە. بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەگەر مانەوەی دەسەڵاتێك لەسەر نكوڵی كردن بێت لە ئایدیای حەق بە گشتی ئەوە چ حەقێكە؟ ئەمەش ئەو كێشەحەقیقەیە كەبەردەوام هەوڵی بۆ دراوە لەلایەن دەنگە ئازادەكانەوە كە چارەسەرێكی دروستی بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە دەسەڵات بەدرێژایی مێژوو بەرژەوەندییە تایبەتەكانی حیزب و ئەندامەكانی خۆی پێش بەرژەوەندی گشتی خستوە هەربۆیە بەردەوام ئەگەری دروستبونی گەندەڵی لەئارادا بوەو هەردەم دەستی لەو حكومڕانییە تاڵانكاری و مژۆگدارییە بوە.
ئێستای هەرێم بە دۆخێكدا تێپەڕ دەبێت كە ئەگەر گوێی لە نەگیرێت دورنییە قڵپ بونەوەیەكی نەخوازراو بۆ هەموان نەهێنیتە دی، kamalئەوەی ڕێگر ئەبێت لەم قڵپ بونەوەیە یاسایە بە سزادان و ڕای گشتیشە بە لێپێچینەوە كە ئەبنە ڕێگر لەبەردەم ئەوانەی كە بیانەوێت كارێك بكەن كە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و هەرێمە بگەیەنێت و پێویستە سەرەكیترین دەستنیشانكردن ئەو بەرنامەیە بێت كە قورسایی بۆ گەل سۆسیۆلۆژیای سیاسی ئەهێنێت.
ئەگەر بەوردی لێی بڕوانین خۆپیشاندان پێویستی بەهەڵوەستەكردن و تاوتوێكردنی بەرنامە هەیە كە مافەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و كەسێتی تاك لە خۆ بگرێت و لە بەشی سیاسیدا لێكۆڵینەوە لەسەر كێشەكان بكرێت و لە ئاستی پرەنسیب دیاری بكرێت و ڕیفۆرمێك ڕێك بخات كە لەقسە بەولاوە بەراستی بەرامبەر دیموكراسی و گۆڕینی سیستەم هەستیار بێت و سیستەمێك بهێنێتە ئاراوە كە بتوانێ وەڵامی پێداویستییە هاوبەشەكانی كۆمەڵگا بداتەوە بەكورتی دەشێ لەقۆناغەكانی داهاتووی دوای گۆڕینەكە فۆرمیلەی دیموكراسی ڕێگا لەپیش سەردەمی سیاسەتی دیموكراتیانە بكاتەوە،
خۆپیشاندانەكانی ئێستای هەرێم زادەی ئەو بیرەیە كە دەسەڵاتی كوردی توانای كلتوری گۆڕان و مومارەسەكردنی ژیانێكی دیموكراسیانەیان نییە، چونكە لەدوای ڕاپەڕینەوە دەسەڵات كوشتنی خۆپیشاندەران و گرتنی چالاكوانە ئاكتیڤیستەكان و بێ دەنگكردنی میدیایان كردوە بە نمونەی ڕەفتاری فاشییانەی حكومڕانیان، هەربۆیە خۆپیشاندانەكانی ئێستا ئەكرێ شۆڕشێكی جەماوەی بێت و خۆی لەژێر فشاری شەقام و هێزێكی ماندونەناسی مەدەنی ببینێتەوە كە خۆی لەسەر كلتوری زەبڕ و چەك دانەمەزرێنێ بۆ ئەوەی بیانو بەدەسەڵات و ئەوانەشی دوای گۆڕینەكە دێن نەدات بەدەستەوە كە بتوانن ژینگەی تۆوەكانی مانەوەو بێ لێپرسینەوەی خۆیان درێژە پێ بدەن وەك ئێستای دەسەڵاتدارانی هەرێم، بۆیە ئەكرێ خۆپیشاندانەكان تێكۆشانێك بێت كە بونیادی تاكێك بكات كە خۆی رەخنە بكات و ناكۆكییەكانی خۆی و كۆمەڵگاكەی بناسێتەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوەو بتوانێت كۆمەڵگا و دامەزراوەكانی لە ڕێگەی گۆڕینی سیستەمەوە پێش بخات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت