شه‌ریف هه‌ژاری: چوار خاڵ بۆ حكومه‌ت و، سیانیش بۆ خۆپیشانده‌ران!
حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت به زوویی چوار ستراتیژ بكاته ئامانج:
یه‌كه‌م/ په‌له‌كردن له داڕشتنی ستراتیژێكی گشتگیر و ڕادیكاڵی چاكسازی له بواره‌كانی ئابوری و كارگێڕی دا. ئه‌و ستراتیژه ده‌بێت به جۆرێك دابڕێژرێت كه داهاتی هه‌رێم هاوسه‌نگ بكات له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه كارگێڕی و ئابورییه‌كانی هه‌رێم دا. به جۆرێك كه حكومه‌ت بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پشت به داهاتی خۆی ببه‌ستێت له ستراتیژ دا.
دووه‌م/ داڕشتنی ستراتیژێكی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ هه‌رێم (به قازانجی نازانم هیچ بۆ ئه‌م خاڵه زیاد بكه‌م).
سێیه‌م/ ڕاگه‌یاندنی (ستراتیژی نیه‌تپاكی) وه‌ك وه‌ڵام بۆ خواستی خۆپیشانده‌رانی كوردستان. پێویسته به زوویی پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت (پارتیی، یه‌كێتیی و گۆڕان) كۆببنه‌وه‌و (ستراتیژی نیه‌تپاكی بۆ خۆپیشانده‌ران) ڕابگه‌یه‌نن كه گشتگیر و پراكتیكی بێت و به‌زوویی خاڵه‌كانی جێ به‌جێ بكرێت. له‌وانه:- ده‌بێت ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو بكرێته (51) په‌رله‌مانتار. چل و پێنجیان دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر شاره‌كانی كوردستان دا‌و، شه‌شیشیان بۆ كهمهنهوهتهوهكان. هه‌روه‌ها، ده‌بێت خانهنشنكردنی په‌رله‌مانتاران به (یاسایی) بكرێت و، په‌رله‌مانتاران به‌پێی (یاسای مه‌ده‌نی) خانه‌نشین بكرێن. چونكه په‌رله‌مانتار پله‌ی نیه هه‌تاكو به (پله باڵا) خانه‌نشین بكرێت. ئه‌گه‌ر (پارتیی، یه‌كیتیی و گۆڕان) نیهتپاكیان هه‌یه ده‌بێت به زوویی ته‌واوی خانه‌نشینكردنی نزیكه‌ی پێنج سه‌د په‌رله‌مانتار به موچه‌ی قه‌به هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌و، ده‌بێت ته‌واوی خانه‌نشینكردنی زیاتر له پێنج سه‌د ڕاویژكاریش به موچه‌ی قه‌به هه‌ر هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه. چونكه پێویسته خانه‌نشینكردنی په‌رله‌مانتاران و ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان بكرێته ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵی و خانه‌نشینكردنیان هاوتای (یاسای مه‌ده‌نی) بكرێن.
هه‌روه‌ها ده‌بێت وه‌ك نیه‌تپاكی ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له یه‌كه كارگێڕییه‌كانی: (زانكۆكان، به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان، پارێزگار و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری شارۆچكه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی پۆلیس و ئاسایش و ته‌واوی فه‌رمانگه‌كان) وه‌ك له په‌یڕه‌و دا هاتوه كه بۆ یه‌كه كارگێڕییه‌كانی زانكۆكان ته‌نیا سێ ساڵه‌و، بۆ دامه‌زراوه‌كانی تر ته‌نیا چوار ساڵه، ئه‌وا ته‌واوی ئه‌وانه‌یان كه ماوه‌ی یاسایی خۆیان ته‌واو كردوه لاببرێن و، كه‌سانی سه‌نگین و ته‌كنۆكرات له شوێنیان دابنرێن. هه‌روه‌ها، ده‌بێت (ستراتیژی نیه‌تپاكی) گشتگیر بێت و به‌زوویی بواره‌كانی تریش بگرێته‌وه كه نامه‌وێت له‌م بابه‌ته‌دا درێژدادڕی بكه‌م و بواره‌كانی تریش بخه‌مه‌ڕو. به‌ڵام ئه‌گه‌ر (پارتیی، یه‌كێتیی و گۆڕان) په‌رۆشیان بۆ نیشتیمانه، ده‌بێت به زوویی ئه‌م ستراتیژه‌ی سێیه‌م وه‌ك وه‌لام بۆ خۆپیشانده‌ران ڕابگه‌یه‌نن و پراكتیزه‌ی بكه‌ن.
چوارم: داڕشتنی (ستراتیژی دبلۆماسییه‌ت) كه به شێوازێك دابڕیژرێت بتوانێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه به هۆی كه‌سانی ته‌كنۆكراته‌وه هه‌رێم به وڵاته كاریگه‌ره‌كانی جیهان ببه‌ستنه‌وه‌و، كارێك بكه‌ن كه كۆمپانیاكانی (ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا) ڕووبكه‌نه هه‌رێم و، له ته‌واوی بواره‌كان دا هه‌رێم به‌ره‌و پێشه‌وه ببرێت. ئه‌مه‌ش به ستراتیژێكی تۆكمه ده‌كرێت كه ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی هه‌رێم به پشت به‌ست به كه‌سانی ته‌كنۆكرات كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و بنیادی بنێن.
سێ خاڵیش بۆ خۆپیشانده‌ران:
یه‌كه‌م/ زۆر گرنگه خۆپیشانده‌ران گروپی نوێنه‌رایه‌تیی بۆ خۆیان له ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كان هه‌ڵببژێرن. گرنگتره كه نوێنه‌ره‌كانیان كه‌سانی به ئه‌زمون و ڕابردو پاك و ده‌ست و ده‌م پاك بن. ده‌كرێت ئه‌و مامۆستا و ئه‌ندازیار و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ی كه نزیكه‌ی بیست ساڵه خزمه‌تی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن و سه‌ر به هیچ لایه‌نێك نین و، كه‌سانی نه‌فس به‌رزن و كه‌سایه‌تیان سه‌نگینه، وه‌ك نوێنه‌ری خۆیان له شار و شارۆچكه‌كان هه‌ڵببژێرن بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانیان ئامانجی خۆیان بپێكن و، بێ سه‌روبه‌ره نه‌بن و، وه‌ك شه‌پۆلی ده‌ریا زوو هه‌ڵنه‌چن و زووش بنیشنه‌وه. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ش كه كه‌سانی ده‌مپیس و ڕابردوو خراپ خۆیان نه‌كه‌نه پشتیوان و نوینه‌ری خۆپیشانده‌ران.
دووه‌م/ ده‌بێت خۆپیشانده‌ران ئه‌زمونیان له (دوو-ڕوویی) هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ڕابردو وه‌رگرتبێت و، جارێكی تر متمانه به‌و كه‌سانه نه‌كه‌نه‌وه كه پێشتر په‌رله‌مانتار و وه‌زیری لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان بون و، ئێستا به نایاسایی (له ده‌ره‌وه‌ی یاسای مه‌ده‌نی) به ته‌مه‌نی گه‌نجییه‌وه و به موچه‌ی قه‌به خانه‌نشینیان قبوڵ كردوه. بۆیه گرنگه خۆپیشانده‌ران ئه‌وه‌یان له یاد بێت كه جارێكی تر قوربانیی و ڕه‌نج و هیلاكی و ماندوبونیان پێشكه‌ش به كه‌سانی هه‌لپه‌رست و حیزبی ئۆپۆزسیۆنی چه‌واشه‌كار نه‌ده‌ن. گرنگتریشه داوای كه‌سانی ته‌كنۆكرات و بێ-لایه‌ن بۆ گشت دامه‌زراوه‌كان بكه‌ن. چونكه سیاسه‌ت و دبلۆماسییه‌ت و حكومڕانییهت هه‌ر یه‌كه‌یان زانستن و، ده‌بێت كه‌سانی پڕۆفیشناڵ تێیاندا كار بكات. نه‌ك وه‌ك هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان كه پیشه‌یان بوه‌ته كاندیدكردنی (مرۆڤه ده‌مبازه ناپسپۆڕهكان) بۆ ته‌واوی یه‌كه‌كانی نیشتیمان.
سێیه‌م/ ده‌بێت خۆپیشانده‌ران به هیچ جۆرێك ده‌ست بۆ چه‌ك نه‌به‌ن. ده‌ست بردن بۆ چه‌ك له قازانجی دوژمنانی كورده و شه‌ڕی ناوخۆی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه. به قازانجی ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان و، ته‌نانه‌ت حیزبه‌كانی هه‌رێمیشه. به‌ڵكو ده‌بێت خۆپیشاندانه‌كان به جه‌ماوه‌ریتر بكرێن و، ئامانجه‌كانیان ڕونتر بكه‌ن. پێویسته خۆپیشانده‌ران ئاڕاسته‌ی سه‌ره‌كیان ڕووبكه‌نه ماڵی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه چه‌ند ساڵی ڕابردوو بونه‌ته ملیۆنێر و خاوه‌ن ده‌یان كۆشك و ڤێلا و گرد و كۆمپانیان. نابێت به هیچ جۆرێك خۆپیشانده‌ران ڕووبكه‌نه دامه‌زراوه خزمه‌تگوزارییه‌كان چونكه ئه‌وه به زه‌ره‌ری سه‌ره‌كی میلله‌ته. له هیچ شۆڕشێكی دنیادا نه‌بوه كه خۆپیشانده‌ران په‌روه‌رده‌كان و قوتابخانه‌كان بسوتێنن. ئه‌كرێ ئه‌و كارانه به سودی خۆپیشانده‌ران نه‌بێت و به‌و هۆیه ئامانجه‌كه‌یان نهپێكن. بۆیه زۆر گرنگه له‌گه‌ڵ به جهماوهریكردنی خۆپیشانده‌ران دا ڕووبكه‌نه ماڵی به‌رپرسه دزه‌كان و كۆشك و ته‌لاره‌كانیان و ئه‌و گردانه‌ی كه داگیریان كردوه. پاراستنی قوتابخانه‌كان و په‌روه‌رده‌كان و دامه‌زراوه خزمه‌تگوزارییه‌كان ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆپیشانده‌رانه. ده‌یڵێمه‌وه: تكایه ده‌ست بردن بۆ چه‌ك له قازانجی خۆپیشانده‌ران نییه چونكه شه‌ڕی ناوخۆ به قازانجی كورد نییه. ته‌نیا به جهماوهرییكردنی خۆپیشاندانه‌كان و به مه‌ده‌نی كردنیان و به ڕێكخراوهییكردنیان، ئامانج ده‌پێكێت.
شه‌ریف هه‌ژاری: خوێندكاری دكتۆرا له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی.