عەلی مەحمود: نەوەی زەد و راپەڕینی نوێ.
ساڵانی چل و پەنجا, كە كاتی تاقیكردنەوەی قوتابیان دەهات, چالاكی سیاسی لە شەقامەكاندا ناما, چونكە رێكخستنی شیوعیەكان, كە خەباتكاری شەقامەكان بوون, لەو كاتەدا هەموو قوتابی بوون, خەریك دەبوون بە خوێندنەوە, دەبووە پشووی خۆپیشاندان و جموجۆڵە سیاسییەكان. هەرچەندە ئێستا پیرن و ئەوانەن كەوتونەتە بەر پەلاماری ڤایرۆسی كۆرۆنا, كاتێك كە یەكێتی دامەزرا, وەك سەید كاكە وتەنی كاتی ئیمتحان كەسیان نامێنن بۆ شەڕی ناوخۆیی, كە گۆڕانیش لە دایك بوو, گەنجان ئاراستەیان بۆی گۆڕی, ئێستا نۆرەی نەوەی زەدە, ئەوانەی لە ناوەڕاستی نەوەدەكان بۆ ناوەڕاستی دوو هەزار لە دایك بوونە, نەوەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و پۆكجی و هاك و خەون بینین بە جیهانە خەیاڵیەكەوە, كە لە خولیای رزگاربوون لە جەهەنەمی كوردستان, بەڵام پارەی گیرفانیان بایی ئەوەش ناكات خۆیانی پێ بدەنە دەم ئاوەوە, نەوەیەك نە مولازم موحسین دەناسێت, نە رەفاقی بەعسی بینییوە, ئەوەی بینیویەتی كۆمەڵێك سەربۆیەكراو ی سمێڵ زل, بەخۆیان ئۆتۆمۆبیلە گران بەهاكانیانەوە, بە منداڵی خۆشگوزەران و گەشتكەری ئەوروپاو توركیا و شیمالی ئێرانەوە, كەسانێك هیچ لە تەكنەلۆژیاو پێشكەوتنەكانی سەردەم نازانن و سەیری وڵات وەك داخیلەیەك دەكەن, بەشێوەی ناقۆڵا خەریكی تاڵانین, ئەمانیش لە پاڵ عامودەكانەوە, بەدیار مۆبایلە مۆدێل كۆنەكانیانەوە هەر ئاخ دەكێشن, چاودێری چركە بە چركەی ژیانیان دەكەن, دەپرسن ئەمانە چین حوكمانە كەن, ئاخر ئەوان وا دەبینن, ئەمانە هەر خەریكی قاز دزین و كەر گاین بوونە لەو شاخانە, هەر خەریكی مرۆڤ كوشتن و پاكتاوی یەكتری بوونە.
ئەم نەوەیە, تیك تۆك و فەیس رۆژانە وێنا سەیرە عاجیاتییەكانی جیهانیان بۆ دەگوازێتەوە, دەبینێت ئەم خاوەن پۆستانەی كوردستان لە هیچ باخچەیەكی ئاژەڵانیش نموونەیان نابینرێتەوە, بەدیار عەقڵ خۆیانەوە مەفتون بوونە, داخی یەكەمی ئەمانە لە منداڵ سەركردەكانە, خاوەند كۆمپانیا و زانكۆ و كەناڵی راگەیاندنی زەبلاح و رێكخراوی خێرخوازی و خانووی ملیۆن مەتری و ئۆتۆمۆبیلی تیژرەوی سەر ئاواڵاو قاتی كەشخەی ئەوروپی و ئۆتۆمۆبیلی مەزرەعەی گەورەو یارو سەیرانن, ئەمانیش چاویان بە قەیران و بێكاری هەڵهێناوەتەوە, هێزێك, بیروباوەڕێكی سیاسی شك نابەن, چرایەكی گۆڕانكاریان بۆ داگیرسێنێت, ئومێدیان لە شەڕەكانی پۆكجیدایە, زەمەنیش وا بە سستی دەڕوات, پیرەكان هێشتا خانەنشین نەبوونە نەوەكانیان شوێنەكانیانیان گرتۆتەوە, پۆستەكان وەك پیشەكانی سەدەكانی رابردوو بە میرات دەگوازرێنەوە, بۆیە یەك ریگا لەبردەمیاندایە, یا مردن لە شەڕی پۆكجی راستەقینە , یان كۆتایی هێنان بەو زوڵمە.
راوەستن هێشتا كارەساتی هاتنی نەوەی دوای زەد, ئەلفا Generation Alpha بەڕێوەیە, نەوەی زیرەكی دەستكردو فایف جی, بۆیە دوێنێتان چۆن لە چاو ئەمرۆ شایی بوو, دۆزەخی راستەقینەی سبەینێشتان بەڕێوەیە, كورسی و پارەتان لە مەترسیدایە.