بەهرۆز جەعفەر: مەسەلەی كورد لە ڕوانگەی ململانێی عەرەب- ئیسرائیلەوە.
لە 9 ی نۆڤەمبەری 1989 دیواری بەرلین ڕووخا. بەدوایدا هەرەسی یەكێتی سۆڤیەت لە 25 ی دیسەمبەری 1991 ڕاگەیەنرا. لەگەڵیشیدا جەنگی كەنداوی دووەمیش كۆتایی پێهات و، دەستاودەستی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئیمپریالیزمی بەریتانیا بە بە ئەمریکا دەستی پێ کرد. سیستەمی جیهانی چووە قۆناغێكی نوێوە، هەزاران هەزار کۆمپانیای فرەڕەگەز لە ژێر ناوی «بازاڕی ئابوریی ئازاد-Free Economic Market» بەڕووی دونیادا تەقینەوەو بڵاوەیان کرد. چەندین چەمک و تیۆری تازەش هاتنە ناو زانستە کۆمەڵایەتیەکانەوە.
ئیتر ئەمریکا تاکلایەنە بەرپرسیاریەتی بەرێوەبردنی ململانێكانی كەوتە ئەستۆ. بەجۆرێك ئەكرێت دەستپێكی هەموو ململانێ و ڕووداوەكانی ئێستاو ئایندە، وەك چوارچێوەیەكی مێژوویی بگەڕێنینەوە بۆ هەرەسی سۆڤییەت. دەركەوت ئەو ” هەرەسە” كۆتایی مێژوو نەبو، هێشتا خۆرئاوا لەڕێگەی (ناتۆ ) ەوە، هەر چاوی لەسەر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئەوروپایە، كە لە بنا لوتی ڕووسیادان، تا ئەو ئاستەی كە تۆپیكی یەكەم لە هەڕەشەو مەترسیەكان بۆ سەر ئاسایشی جیهانی، بریتی بێت لە پێكدادانی ناتۆ لەگەڵ هێزەكانی ڕووسیای فیدراڵ لەناوچەی قرم.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، كێشەی عەرەب- ئیسرائیل، هەروەها مەسەلەی كورد هەر بەکراوەیی وەک قەیرانێکی جیهانی و نێوچەیی مانەوە؟.
یەكەم/ وێنای دەوڵەتی ئیسرائیل
“ڕۆڵی حیزب لە وێناکردنی سیاسەتی ئیسرائیلی دا”
گرنگترین دیاردەیەك كە سیستەمی حزبایەتی لە ئیسرائیل پێ بناسرێتەوە بریتی یە لە ” فرە حزبی”. بە پێی پۆلێن كردن ئیسرائیل پێنج جۆر حزبی تیایە: حزبی كرێكاران، حزبە دینیەكان ،حزبە ماركسیەكان ، حزبە پارێزگارەكان، حزبە عەرەبییەكان. ئەمانە هەریەكەیان بە دیدو بەرنامەیەكی ڕۆشن ئەیانەوێت وێنای سیاسەتی ئیسرائیلی بكەن ، وە كاریگەریی خۆیان هەبێت.
فرەحزبی، لەهەر شوێن و كاتێك دیاردەیەكی ئاسایی ناو سیستەمی حزبایەتیە، وەك ئاماژەیەك لە بونی دیموكراسیەت، بەڵام بۆ ئیسرائیل دیاردەكە سەرنجڕاكێشەو بۆتە ناسنامەی سیستەمەكەشی. لە ڕووبەرێكی بچوكی وڵاتەكەیان كە (21.000) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل (1948) یەك بستە خاك نەبوو جێگەی سەلامەتی جولەكەكان بێت، بە بەردەوامی زیاد لە (1) یەک ملیار دوژمنی هەمیشەیی یان هەبوە ، هەر شوێنێكی جیهان وەك ئەو ژوورە گازییانە وابون كە نازییەكان بۆ خنكاندنی جولەكە دروستیان كردبو. لەسەر لم گەورەترین وڵاتی كشتوكاڵیان دروستكردووە، گەورەترین هێزی ژێرزەمینی و دەزگای خزمەتگوزاری نهێنیان داهێنا. بون بە ووڵاتێكی تەكنەلۆژی، ئاوارەكان هەموو گەڕانەوە..لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە دیموكراسی ڕووەكێكە تیایدا ناڕوێت، جولەكەكان لەدامەزراندنی وڵاتەكەیان دا، دیموكراسیەت و فرەحزبی و فڕە ڕەنگیان بۆ ناوخۆی خۆیان لە یاد نەكردووە، بە ئەندازەیەك (13) جار دەستاودەستكردنی دەستەڵات لە ئیسرائیل ڕوویداوە .
دووەمین تایبەتمەندی، لە سیستەمی حزبایەتی ئیسرائیل دا، بریتی لە لێكترازان و جیابونەوەو دروستبونی حزبی نوێ، ململانێ و كێبركێی حزبەكان بۆ گەیشتن بە دەستەڵات، لەكاتی نزیكبونەوەی هەڵبژاردنی كەنیسەت (پەرلەمان) ی ئیسرائیلی، ئەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ترازان و جیابونەوەی حزبی و پێكهێنانی حزبی نوێ. هەروەكو “ئارئێل شارون ” هەستا بە دامەزراندنی حزبی ” كادیما” لەساڵی (2005) پێش هەڵبژاردنی كەنیسەتی ئیسرائیلی لە (2006) دا.
ئیسرائیل، بچوكترە لەڕووبەری جوگرافی پارێزگایەكی وەك سولەیمانی كە (23.000كم) چوارگۆشەیە. لەباشوری كوردوستان (50) حزبی سیاسیی تۆماركراوە ( 14) یان توركمانین! . بەهەمان شێوە هەموو حزبەكانیش تووشی ترازان و جیابونەوە بوون لەناو كورددا.. جیاوازییەكە ئەوەیە: ئەقڵی كورد ئەقڵێكی دامەزراوەیی نییە. ئەو جولەكانەی لەدوای پەیمانی بلفۆڕ ( 1919) چاویان لەوە كرد بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەهەرە پیاوە ڕاقی و ڕۆشنبیرەكانی جیهان بون، بەڵام ئەوانەی لە كوردوستان لە شاخەكانەوە هاتنەوە شارەكان، هەرە مرۆڤە نا- ساخڵەمەکانی خۆرهەڵاتی ناوین بون، چونكە لەپێش (ماد) ەوە ئەمانە هەر لەشاخەكان بون.
ئەو ئەوروپیانەی لەدوای (كۆڵەمبوس) چوونە خاكی ئەمریكاوە، هەرە خەڵكە ئەرستۆكرات و خاوەنبیرەكان بون، تەمەنی دەوڵەتی ئەمریكاو تەمەنی شاری سولەیمانی یەك شتە كە ( 250) ساڵێكە. بۆچی تا دێت سولەیمانی بەرەو دوا ئەڕوات، ئەمریكاش بوو بە مەزنترین هێزی گەردون ..!. ئەوانەشی زوو هاتنە شارەوە لەسولەیمانی كەسە ڕۆشنبیر و دەوڵەمەنەكان بون ..!.لە پارێزگایەكی وەك سولەیمانی تەنها (8) ساڵی حوكمڕانی وەربگرین، (2750) ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی هەیە کە دزی و بەهەدەردانە. لە ئیسرائیل بە هێزترین سەرۆك كە “ئێهود ئوڵمەرت ” بووە، لە ( 2014) ەدا ( 6 ) ساڵ حوکم دراوە؟ چونكە لەحەفتاكان بەڕێوەبەری شارەوانی بووە، بەهەدەردانی كردووە، هەروەها بە تۆمەتی ئەوەشی ( 150)هەزار دۆلاری لەسەرمایەدارێكی ئەمریكی وەرگرتووە..
ئەمە وێنەی ئەو دەوڵەتە بچوكەیە، کە ڕەگەزو زمانی لەگەڵ هیچ شوێنێكدا هاوبەش نییە. لەكاتێكدا توركیا لەسەر میراتی گەورەترین ئیمپراتۆریەتی مێژووش دانیشتووە، ساڵی ( 2005) بەبڕی ( 500) ملیۆن دۆلار، گریبَەستی لەگەڵ ئیسرائیل كردووە بۆ تازەكردنەوەی (170) دەبابە، بەبڕی ( 688) ملیۆن دۆلار فڕۆكەكانی فانتۆم-4 (f-4) ی توركیا تازەكردووەتەوەو، مووشەكی دژە بالیستی پێداوە.
دووهەم/ فرە بەرەیی لە فەلەستین
ئەو دەنگە دەنگەی لەكوردوستان هەیە لە فەلەستینەوە نزیکە نەک ئیسرائیل، قوربانی و ئازارەکانی نەك ( 100) ساڵ بەڵكو (30) ساڵی كوردو ساڵی فەلەستین بەراورد بكە، نیو هێندەی كورد ئازار و كۆمەڵكوژییان بەرانبەر نەكراوە. شەڕی ناوخۆی یەكێتی و پارتیش ژمارەی قوربانیەكانی بیست هێندەی شەڕی ناوخۆی فەتح و حەماسە. ئەو (قودس) ەی جولەكە ناوی ناوە پایتەختی تاهەتایی، لەسەردەمی فتوحاتەوە بۆ مەمالیكەكان، بۆ عوسمانیەكان، بۆ ئینتدابی بەریتانی (1921 ) ئینجا بۆ شەڕی عەرەب- ئیسرائیل- 1967، هەتا ئەگاتە ساڵی ( 2006 ) كە دەوڵەتی فەلەستین ڕاگەیەنرا، هەر كاتەو وێنەیەكیان بۆ كێشاوەو، وتراوە ئەوەندە كیلۆمەترە. هەموو ڕووبەری فەلەستین ( 26323 ) كم چوارگۆشەیە، ناگاتە تەنها ڕووبەری داگیركراوی خاكی (كەركوك) و (موسڵ) ی كوردستان .لەكاتێكدا فەلەستینیەكان بەبەردەوام لەدەرەوەی خۆیان (1) یەک ملیار لایەنگریان هەبووە، لەهەموو مێژووی سەدەی بیستەم دا یەک ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی نییە باسی كورد بكات، بەڵام دە دانە هەیە تایبەت بە فەلەستین، وەكو (كامب دیڤید لە 1978) كۆنگرەی مەدرید ( 1991 )، ڕێككەوتننامەی ئۆسلۆ ( 1993 ) و هی دیكەش… كەواتە پرسی كورد كێشەی خۆیەتی.
ساڵی ( 2006) بزوتنەوەی مقاوەمەتی ئیسلامی (حەماس) لەهەڵبژاردنێكدا، زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، جگە لە توركیا كەس دانی پیادا نە نا. دایانبڕی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی ( 2007) كەرتی غەززەی كۆنترۆڵكردەوە، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی دا،لە ( 23ی تەمموزی 2007) ئەرۆدگان ئەوەی بۆ ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكوەزیران لەحكومەتەكەی غەززە خستەڕوو، كە توركیا ئامادەیە مەلەفی ئاشتی بجوڵێنێت، ووتی” ئێمە لەتوركیا دوای پێكهێنانی حكومەت لەو چەند هەفتەیەی ئایندەدا، ئامادەین لەپێناو ئەو گورزە بەهێزو ئازارەی بەرتان كەوتووە، كاربكەین بۆ گەڕانەوەی یەكڕیزی بۆ ڕیزەكانتان، ئێمە ئەبین بە دوژمنتان ئەوكاتەی سەركەوتوو بوین لە بەرجەستەكردنی ئاشتی لەنێوانتانداو تەبایی ڕیزەكانتان لەفەلەستین پاراست “. لەوەش زیاتر ئەردۆگان وتی” ئێمە ئازارێكی زۆرمان هەیە كە خوێن لەبەر براكانمان لە فەلەستین ئەچۆڕێت، ئەم دابەشبون و پەرتبونەتان هەڵوێستتان لاوازئەكات، زیان بە بەرژەوەندیی گەل و مەسەلەكەتان ئەگەیەنێت، هەروەكو بەردەوامی ئەم ناكۆكیە نێوخۆییەتان،كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ئایندەو دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ئەبێت ”
هەموو جیهانی ئیسلامی هاوسۆزی بۆ فەلەستینیەكان دەرئەبڕی، كۆمەك و هاوكاری ئەكردن، کەچی حەماس و فەتح هەر خەریكی شەڕ و دەنگە دەنگی ناوخۆیی بون.!.
توركیا لە سەردەمی ئاکپارتی دا، ئەگەر ناسنامەیەكی هەبێت، ئابورییەكەیەتی، بە بڕوای من ئەم پرۆسەی گەشەكردنە لە ( 2002 ) دەست پێدەكات و لە (2014) دا كۆتایی پێهاتووە، وەك یاری مارو پەیژەكە لەلوتكەوە بۆ سفر ئەگەڕێتەوە. لە ساڵی ( 1980 – 2001) تورکیا بەدەست گرفتی قووڵی سیاسی و قەیرانی داراییەوە ئەیناڵاند
. كە ئاكپارتی لە (نۆڤەمبەری 2002) هات بۆ فەرمانڕەوایەتی کن توركیا ( 427 ) ملیار دۆلار قەرزار بو، بەگەورەترین قەیرانی دارایی ئەژمێررا لە دوای دووەمین جەنگی جیهانییەوە. بەڵام لەماوەیەکی کەمدا قەرزەکانیان دایەوەو بونە وڵاتێکی گەشەکردوو لە جیهانیشدا. لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیەوە هێدی هێدی تورکیا بەهۆی گرفتە نێوچەییەکان و بانگەشەکردن بۆ ئەوەی تورکیا ئەبێت سەرکردایەتی ناوچەکە بکات، ئیتر ئاستی گەشەی ئابوریی هێدی هێدی تورکیا بەرەو لاوازیی چو، ئەوەتا جارێکی تر لە 2019 ەدا ئاستی گەشەی ئابوریی تورکیا سفر بوە؟.
کاتێک ساڵی 2009 سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس “خالید مەشعەل” سەردانی توركیای كرد، گەلێك كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ سەر توركیا هەبوو، دیارترینیان، ئەوەبو ووتەبێژی سەرۆكایەتی حكومەتی ئیسرائیلی (رەعنان غیسین-RaananGissin) بو، ووتی ” ئێمە لە حكومەتی توركیا ئەپرسین، هەست بەچی ئەكەن ئەگەر حكومەتی ئیسرائیل پێشوازی لە عەبدوڵا ئۆجەلان بكات ؟!”..پاشان ئەردۆگان پێشوازی لە “عومەر بەشیر” ی سودان ئەكرد، كە كۆمەڵكوژیی كردبو، پۆلیسی ئینتەرپول بەدوایدا ئەگەڕا..ئەها ووردە ووردە ئەمە ئەو كۆدانەن كە ڕێگرن بۆ ئەندامبونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا.
* سەرئەنجام؟ مەسەلەی کورد: مۆنۆلۆگ لەگەڵ خۆی و دیالۆگ لەگەڵ ئەوانی تردا چارەسەرە
ئێمە لە کوێداین؟ چی لە دەوروبەرمان ئەگوزەرێت؟. لەناوچەكەدا عێراق و سعودیە و كوەیت بەنەوت و غازەوە خۆیان مانیفەیست ئەكەن، ئوردن و سوریا كێشەی سەرچاوەی ووزەیان هەیە، توركیا ئاسایشی ووزەی خۆی لەئاودا ئەبینێتەوە (كە ئێستا لەگەڵ قوبرسی یۆنانی لەناكۆكیدان) ..ئێران لەگەڵ ئەوەی خاوەنی نەوتە، ترسی لەسەر ئایندەی خۆی هەیە، بەتایبەتی كەمبونەوەی بەنزین لەو وڵاتەدا …
لەساڵی ( 635 ز) دا (ئەلمەقدیسی) وا باسی كورد ئەكات كە: كیانێكی جیاوازن، زمان و دابو نەریت و هەڵس و كەوت و سروشتی خاكەكەشیان لەدەوروبەر جیاوازە. دوای ( 1389 ) ساڵ لە قسەكەی ئەلمەقدیسی، كورد هێشتا ئیشی لەسەر بەرەو پێش بردنی ئەو جیاوازییانەی خۆی نەكردووە، بگرە كاڵیشی كردونەتەوە. لەبەرئەوەی لەسەدەی بیستو یەكدا، كێشەی نەریتی نێوان دەوڵەتان، لەسەرخاك و سەرەوەری و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكان، تێكەڵ بە بەرژەوەندییە ئابورییەكان دەبێت. لەگەڵ هاتنی لێشاوی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و هەرێمیی بۆ كوردوستان و دەوروبەری، ئاسایشی نیشتمانی كراوەتە قوربانی ئاسایشی ووزە و نەوت و غاز.!.
لە ڕووانگەی باسەكەوە، پرسی كورد پرسی خۆیەتی، خۆی نەیتوانیوە خاوەندارێتی لەخۆی بكات، هەمووی لەبەر سپلیت و مووچەی خانەنشینی پاڵی لێداوەتەوە، چاوەڕێ ئەكات كێ بەرگری لێ بكات؟. سەلەفیەت كە سعودییە كارگەكەیەتی و هەناردەی ئەكات بۆ دەرەوەی خۆی ؟. کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان کە سەرمایەداریی خاوەنیەتی هەناردەی ئەکات بۆ دەرەوەی خۆی… فڕۆکەکە لەکاتی خۆی ئەنیشێتەوەو پاسەکە لەکاتی خۆیدا دێت و میترۆکە لەکاتی خۆیدا بەخێرایی ئەگات و شەمەندەنەفەرێک بەخێرایی دەنگ دروستکرا ئەمە هەموو بۆ ئەوەیە تۆ زووتر بگەیتە جێ و هەشت کاتژمێر پتر کاربکەی تا سەرمایەداریی ئەوەن گەشە بکاو بانکەکانی ئەوان پڕتر بن. ئینجا دیبلۆماسیەتی كوردیی لەوەها كاتێكدا،ئەبێت دیبلۆماسیەتێك بێت ئامادەگی لەهەموو دونیادا هەبێت.
بەلای كەمەوە، لەم باسەدا بینیتان، ئەردۆگان چەند بە پەرۆش بووە، بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی گەلی فەلەستین و، سازان و ئامادەكردنیان بۆ تەحەداگەورەكان، پاڵپشتی كردنی ئەردۆگان و گریانی بۆ مناڵە فەلەستینیەكان، هاوسۆزی و هاودینی نییە، ئەردۆگان لە لێدوانێكیدا گوتی ” تاپۆی فەلەستین لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی دا پارێزراوە”…ئەمە ئیسرائیلیەکان لە بیری ناکەن.
ئەگەر کورد خۆی ئامادەگی نەبێت کڕین و فرۆشتن بە دۆزەکەیەوە ئەکرێت
لە ( 1ی ئازاری 2003) پەرلەمانی توركیا، ڕەتی كردەوە ڕێگە بەهێزەكانی ئەمریكا بدات،هێرش بكەنە سەر خاكی عێراق،چونكە ترسیان لە فیدراڵیەت و سەربەخۆیی كوردەكانی باكوری عێراق هەیە .هەمان ڕۆژ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا “كۆڵن پاوڵ” گەیشتە توركیا،لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە وتی ” توركیا ڕێگەی داوە هاوكاریمان بكات،كۆنگرێس بڕیاری داوە یەك ملیار دۆلار هاوكاری دارایی توركیا بكەین “.. دوای داگیركردنی عێراق، ئەردۆگان تەلەفۆن بۆ (جۆرج –دەبلیو بوش) ئەكات: دوای ئەوەی سوپاسی ئەو هاوكارییە داراییەتان ئەكەین، یەك داخوازیم هەیە،كە لەنامەی ساڵانەی ئەمریكادا،بۆ ئەرمەنەكان ووشەی ” جینۆسایدو كۆمەڵكوژیی” بەكار مەهێنن ..!!.كاتێك سەرۆكی زانكۆی ئیستانبوڵ باڵوێزی ئیسرائیل ئەكاتە دەرەوە لە میواندارییەك،خوێندكارەكان فیكەی لێ ئەكەن، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باڵوێزی توركیا “نەمەق تان” لە وڵاتەكەیان بانگ ئەكەن و پێی ئەڵێن ” ئیسرائیل ئیش لەڕێگەی لۆبی خۆی لە كۆنگرێسەوە، ئیش لەسەر ئەوە ئەكات نەتەوە یەكگرتوەكان بە بڕیاری كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان نەسەلمێنێت، توركیاش ئەبێت پالپشتی مان بكات لە شەڕی دژی تیرۆر (كە حەمماسی فەلەستینە)”..
هەموو ئەو نمونانە، بۆ ئاگایی دانە لەوەی كە پرسی كوردیش ئاوەها مامەڵەی پێوەكراوە.
ئەو هێزەی كورد، هەیەتی پێویستی بە (فەتحكردن لەناوەوە) هەیە.نەك (دەرەوە) ..پاش (32) ساڵ پەكەكە بووەتە خاوەنی (17.000) هەزار گەریلا لەشاخ و (12.000) هەزار شەهید و (60) ئەندام پەرلەمان لە توركیا، نزیكەی (10) ملیۆن دەنگدەر و (82) سەرۆكی شارەوانی و (3) ملیۆن پشتیوانی كوردانی تاراوگە..ئەم هێزە، خاوەنی 25 حزب و ڕێكخراوی سیاسی و هێزی گەریلاییە لەهەر ( 4 ) پارچەی كوردوستان، بەپێی سەرچاوە ناڕەسمیەكان ساڵانە نزیكەی (500) ملیۆن یۆرۆ داهاتی كۆكراوەی پەكەكەیە، (10) كەناڵی ئاسمانی هەیە .
بەپێی ووتەی وەزیری پێشوی دارایی توركیا “محەمەد شیمشیك” لەكاتی تاوتوێكردنی بودجەی ساڵی (2015) گوتی” جەنگ لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردوستان لەسەرەتاوە تائێستا (435) ملیار دۆلاری ئەمریكی تێچونی هەبوە، چاودێران گومانیان لەو ژمارەیە هەبو كە وەزیری دارایی دركاندی، چونكە بە پێی ڕای ئابوریزانان و لایەنەكانی خەمڵاندن بۆ زیانەكانی توركیا، لەجەنگ دژی پەكەكەدا، تا ساڵی (2019) توركیا 890 ملیار دۆلار زیانی كردووە…
ئەو سەرچاوانەی سودیان لێوەرگیراوە:
(1).Gurbuz,Mustafa (2015): Turkey’s Kurdish Questions and the Hizmet Movement, Rethink Paper 22. Washington DC, March 2015.
(2).د.محمد جمال الدین العلوی (2008) : الاحزاب وأثرها فی الرسم السیاسة الاسرائیلیة.مركز الدراسات الاقلیمیة,الكلیە العلوم السیاسیة، جامعە موصل .العراق .ص 5.
(3) ڕۆبرت سەنت یۆهن (2011) داود بنگوریون دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسرائیل (وەرگێڕانی: شەفیق حاجی خدر) .ل 87
(4) العلوی (2008): مصدر السابق .ص 6.
(5) .رائد محمود أبو مطلق (2011): العلاقات التركیة- الاسرائیلیە وأپرها علی القظیە الفلسطینیە (2002-2010) ،رسالە ماجستیر،من قسم الاقتصاد والعلوم الاداریة (برنامج العلوم السیاسیە) ،جامعە الازهر، غزە .
(6). Saleh&Nafi (2007) The Palestinian Strategic Report for year 2005. Zaytune Center for Studies and Consultation, Number of Pages 257, Beirut
(7). الاقتصاد التركی والسیطرە قویە علی المنطقە العربیة (للنقاش)، (30/1/2013)
http://www.startimes.com/f.aspx?t=32103947
(8).Palestine Strategic Report (2008): Zaytuna Center for Studies and Consultations, the first edition, Beirut, Lebanon.
(9).Gurbuz,Mustafa (2015): Turkey’s K
- بابەتەکانی تری بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئەقڵ و دیکتاتۆر.
- All Posts