بورهان شێخ ڕەئوف: کازمى لە تورکیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم سەردانەى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەنقەرە چوارەم گەشتێتى لە دواى دەستبەکاربوونى یەوە بۆدەرەوەى وڵات، دواى سەردانى ئێران و ئەمریکاو چەند وڵاتێکى ئەوروپا، لە دواى ئەوەى لە 14/ ئۆکتۆبەرى 2020 لەلایەن سەرۆک کۆمارى تورکیاوە بانگهێشتنامەیەکى فەرمى ئاڕاستە کرا، کە باڵوێزى تورکیا لە بەغداد ( فاتیح یەڵدز ) گەیاندیە دەستى، تێیدا خواستى ئەوەى دەربڕی بوو کە عێراق لە پلەى یەکەمى گرنگى پێدانەکانى ئەردۆگانەو خوازیارە کە پەیوەندییەکانیان لە بوارى سیاسى و ئابورى و ئاسایشەوە بۆ پێشەوە بەرن.
هەرچەندە عێراق و تورکیا لە دواى 2003 ەوەو بە تایبەتى پەیوەندییە ئابورییەکان و ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوانیاندا بە قەبارەیەکى زۆر هەڵکشانى بە خۆیەوە دى، کە لە ساڵى 2019 گەیشتە ( 15،8) ملیار دۆلار، کە ساڵى 2018 (13) ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا خوازیارن ئەو بڕە بەرز بکەنەوە بۆ (20) ملیار دۆلار لە ساڵانى داهاتوودا، لە کاتێکدا هەموو ئەو جموجووڵ و ئاڵوگۆڕانە لە ڕێگەى دەروازەى ئیبراهیم خەلیلى هەرێمى کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت.
پێشتریش ساڵى 2008 ئەنجومەنى باڵاى هاریکارى ستراتیجى لە نێوان عێراق و تورکیا دامەزراو، لە ساڵى 2009 یش (48) ڕێککەوتننامەى جۆراوجۆر لە بوارەکانى ئاسایش و وزە و ئابورى و دابینکردنى وزە بە تایبەتى نەوت کە عێراق 15% خواستى تورکیا لە نەوت دابین بکات.

ئاو
یەکێک لە کێشە گەورانەى کە ساڵانێکە لە نێوان ئەم دوو وڵاتە درواسێ دا هەیە کێشەو قەیرانى ئاوە کە سەرچاوەى هەردوو ڕووبارى گەورەى عێراق دیجلەو فورات لە تورکیاوە هەڵدەقووڵێن، تورکیاش بەنداو و پڕۆژەى زۆر و زەبەلاحى دروستکردووە کە پێچەوانەى هەموو یاساو ڕێساو عورفە نێودەوڵەتیەکان، بەشى عێراق وسوریاش دەخوات و جارجار ئەوەش بە گوێ ى عێراق و وڵاتانى تریشدا دەدات کە ڕۆژێک دێت ئێمەش ئاوەکەمان وەکو نەوت دەفرۆشین، بەڵام لە چەند ساڵى ڕابردوو کە ڕادەى باران بارین زۆربوو نەک نەیتوانى ئاوەکە لە دراوسێکانى ببڕێت بەڵکو ئاوەکەشى بە توندى بەردایەوە.

کورد
کێشەیەکى ترى ئاڵۆز و درێژخایەنى نێوان عێراق وتورکیا کوردە، بەشێکى زۆرى خاکى کوردستان کە بە کوردستانى مەرکەزى ( ناوەندى ) ناسراوە و گەورەترین بەشى کوردستانە لە ڕووى ڕووبەرو ژمارەى دانیشتووانەوە لە بندەستى تورکیایەو نکوڵى لە بوون و مافەکانیان دەکات و لە هەر وڵاتێکى تریش بە تایبەتى عێراق و سوریا مافەکانى کورد بچنە پێش کێشەو بەربەستى بۆ دروست دەکات، هەرچەند ئێستا لە عێراقدا دۆخەکە گۆڕاوەو کورد هەرێمێکى فیدراڵى دەستوورى هەیە. بەڵام بوونى گەریلاکانى پەکەکە لە سنورەکان و چیاى قەندیل پەیوەندیەکانى عێراق و تورکیاى ئاڵۆزکردووە و زۆر جار تورکیا سەروەرى ئاسمان و خاکى عێراق پیشێل دەکات و خەڵکى سڤیل دەکاتە قوربانى.

ئەردۆگان و کازمى چیان وت؟
ئەردۆگان وتى من پشتیوانى یەکپارچەیى خاکى عێراق دەکەم وڕێز لە هەموو پێکهاتەکانى دەگرم بە کوردو عەرەب و تورکمانەوە، هەروەها وتى ئەوانە هەموو براى ئێمەن بە جیاوازى ئایین و نەتەوە و ئاینزاوە! کە ئەمەمان بە واقیعى نەدیووە لە ڕابردوودا هیوادارم بۆ لەمەودوا وابێت، پشتیوانى حکومەتەکەى کازمى دەکەم بۆ بەگژاچوونەوەى تیرۆر و کۆرۆنا .هەروەها ئەردۆگان لە بارەى ئاویشەوە وتى هێوادارم ئەم بابەتە لە ناکۆکیەوە ببێتە خاڵى هاوکارى.
کازمیش سەرەڕاى خوازیارى پەیوەندى باشى نێوان هەردوو لا، لابردنى هەموو کۆسپ و تەگەرەکانى بەردەمى، وتى عێراق دژى سیاسەتى جەمسەربەندییە و ناچێتە هیچ جەمسەرێکەوە دژى جەمسەرێکى ترو خوازیاریششین دەست لە کاروبارى یەکدى وەرنەدەین، دەرگاى عێراق کراوەیە بۆ وەبەرهێنەرانى تورکیا لە عێراق وەبەرهێنان بکەن لە ئاوەدانکردنەوەى عێراق، لە سەر بابەتى ئاسایش سنورەکان و پەکەکە کازمى وتى ئێمە هەنگاوى پێویست دەنێین بۆ پاراستنى سنوورەکان ئەوەش کارێکى ئاسان نابێت بۆ کازمى و حکومەتەکەى لە بەر زۆر هۆکار کە لێرەدا دەرفەت نیە باسیان بکەم.
لە کۆتاییدا هەرچەندە عێراق و تورکیا دوو ڕێکەوتننامەى باج و ڕۆشنبیرییان واژۆ کرد، زۆر شتى تر باس کرا لە سەر ئاوو ئاسایش و تیرۆر کە هەریەکەیان خوێندنەوەى جیاوازییان بۆى هەیە، پێناچێت لەوە زیاتر هیچى بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە لە کاتێکدا ئەمریکا لە قۆناغى ڕاگوزەردایە بۆ گۆڕانکارى سەرۆک کە دواتر شێوازو ڕوخسارى سیاسەتى ناوچەکە سیمایەکى تر وەردەگرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت