سەرکۆ یونس: ڕۆشنبیری بەکاربەر، لەنێوان کڕین و هۆشیاریدا.
لەزۆربەی وڵاتانی داواکەوتو و تازەپێشکەوتودا،کەکۆمەڵگایەکی بەرخۆرو بەکاربەرن.لەگەڵ لاوازی کەرتەئابورییەکان و نەبوونی خۆژێنی نیشتیمانی و زاڵبوونی تای هاوردەکراوەکان لەتەرازووی بازرگانیاندا. بەدەست دەردێکی تری کۆمەڵایەتی و دەروونی دەناڵێنن، ئەویش نەبوونی هۆشیاری و ڕۆشنبیری بەکاربردنە لەلایەن ڕێژەیەکی بەرزی بەکاربەرانەوە.
هۆشیاری بەکاربردن بریتی یە لە توانای تاکەکەس بۆ باشترین بەکارخستنی دەرامەتە بەردەستەکان بەپێ ی پێویست و دوور لە زیادەخەرجکردن.
هۆکارەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر جوڵاندنی هەستی بەکاربەران بەگشتی و بەکاربەرانی ناهۆشیار بەتایبەتی.
لەگەڵ ڕوودانی هەر تەنگەژەو بارگۆڕانی ئابوری و دارایی ونەختینەیی دا،کڕیاران و بەکاربەران دەشڵــــەژێن و بەهەڵپەو بەشێوازێک پەلاماری بەدەستهێنانی پێداویستیەکانیان دەدەن کەڕاستەوخۆ کاریگەری دروست دەکەن لەسەر گرانبوون و هەڵاوسانی بازاڕی ناوخۆ .
هاوکات لەگەڵ دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی بەڕێژەی زیاتر (20%) ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی، هەر زوو هاوڵاتیان و کڕیاران بەهەڵمەت چوونە ناوەندەکانی فرۆشتن و زۆربەی مۆڵ و مارکێتەکانیان قەرەباڵغ کردووە و خواستیان چەند بەرامبەر کردەوە هەرئەم ناهۆشیارییەی بەکاربەران وای لەزۆربەی فرۆشیاران کرد نرخەکانیان بەرز بکەنەوە یان کاڵاوشمەکەخۆراکی و پێداویستیەکانی تر بشارنەوە.
لەزۆربەی کۆمەڵگاکاندا بەکاربەران دەتوانن کاریگەری لەسەر نرخەکان بکەن، لەڕێگای ڕۆشنبیری کڕینەوە،ئەوەی کەپێویست نی یە نەکڕێت و پەلە نەکرێت لەکڕینی کەلوپەلی جوانکاری،هەتا ئەو کاتەی ئاستی گشتی نرخەکان جێگیربوونی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینین و بازاڕ سەقامگیر دەبێت. بەڵام بەداخەوە لەهەرێم و عێراقدا پێچەوانەیە و نرخەکان شێوازی بەکاربردنی کریاران دیاری دەکەن.!
بێ گومان ئەم دیاردەیە دەرئەنجامی ژیانی واقعی نالەبارو پڕگۆرانکاری ئابوری هەرێم و عێراقە، خەڵک متمانەیان بەسیستەم و ئابوری و داهاتوویان نی یە.هۆکاری دەروونیش کاریگەری تایبەتی هەیە.
ئەم دیاردەیە جگەلەوەی کە ناشارستانی یە، لەگەڵیشی دا هاونیشتیمانیان هەر خۆیان سەرچاوەو هۆکاری زیادبوونی ڕێژەیەک لە نرخەکانن، هەندێکجار لەوانەیە گۆڕانکاریە دارایی و نەختینەییەکان ئەوەندەی ئەم ناهۆشیارییە لەکڕیندا نەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکان!
لەلایەکی ترەوە، زۆربەی جارو لەم بارودۆخە ناتەندروستەی ئابوریدا،زۆرێک لەبازرگان و فرۆشیاران بەدەرفەتیكی گونجاوی دەزانن بۆ ساغکردنەوەی شمەک و کاڵای ماوە بەسەرچوو. ئەمەش باجە دارایی و زیانە تەندروستیەکەی هەر بەکاربەران خۆیان دەیدەن!
لەبەرئەوە پێویستە لەسەر کڕیاران لەبارودۆخی ناسەقامگیردا بەووردی و بە ووریاییەوە هەڵسوکەوت بکەن و فشاری دەروونی نەبێتە پاڵنەر بۆئەوەی دەرئەنجامی گۆڕانکاریەکان زیاتر قورستر نەکەن لەسەر خۆیان و خێزانەکانیان…
* ئابوریناس
- Latest Posts by سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts