پشکۆ ئەمین: لەوڵاتی دیکتاتۆرەکاندا، دەبێت دادگاکان بریارو سزا بە ئارەزوو خواستی دیکتاتۆرەکان بدەن.
حەڤدە ساڵە ئەردوگان لەدەسەڵاتدایە، لەم حەڤدە ساڵەدا هەرچی تاوان هەیە ئەردۆگان کردویەتی و دەیکات، تا ئەمڕۆ کەسێک نەبووە بیوەستێنێت.
کاتێک پارتی دادو گەشەپێدانی دروستکردوو لە هەڵبژاردنەکاندا پەیمانی ئازادی و نان دیموکراسیەتی بەخەڵک دەدا، بەڵام بەپێچەوانەی پەیمانەکانیەوە لەو ساکەوە ئەردوگان دەسەڵاتی گرتۆتەدەست، نان بە ئەستەم دەستدەکەوێت و ئازادیش بەچاو نابینرێت، تورکیاش بە زیندان و گۆرستانی رۆژنامەنوسان ناودەبرێت.
لەوساکەوە مافی مرۆڤ و دیموکراسیەتیش لە زینداندا ئەشکەنجە دەدرێن، خەڵکی تورکیا بەڵێن و پەیمانەکانی ئەردوگانی پێشهەڵبژاردنیان لەبیرەو دەزانین لەوکاتەوە هاتۆتە سەر دەسەڵات نە نان ماوە نە ئازادی نە دیموکراسیەت، رۆژنامەنوسان و ئۆپۆزسێون یا دەربەدەرن یان لە زیندانەکانی تورکیادان.
بەیانیەکی ساردی زستانی ئەستەمبوڵدا، خانوە رەنگ خۆڵەمیشیەکەی بە کۆشکی داد ناودەبرێت ،ISTANBUL ADALET SARAYI لێرە یاخودلە گشت دادگایەکیتری تورکیادا، دادوەرەکان هەرچ بریارێک بدەن، دەبێت بە ئارەزوی دڵی سوڵتانی نەخۆش و دیکتاتۆربێت.
ئەمڕۆ 23/12/2020 کاتژمێر 10،19 خولەک لەم کۆشکی دادەدا لە هۆڵێ ژمارە چواردە لەبەشی تاوان، لەم سەردەمی برسیەتی و بێکاری و مەرگی کۆرۆنادا، دادوەرێکی دادگا گاڵتەجاریەکانی تورکیا، قازیەکی بێوێژدان و ناداد پەروەر دیسانەوە بە خواست و دڵی دیکتاتۆر، بە بێ ئامادەبوونی داواکراو، کە دونداری رۆژنامە نوسە، دونداری تاوانبارکردو بریاری زیندانی کردنی 27 ساڵ وشەش مانگی بۆ دەرکرد.
دونداری رۆژنامەنوس، تەمەن 59 ساڵ، لەراستیدا تاوانەکەی تەنها بریتی بوو لەوەی کە بە راپۆرتێکی رۆژنامەوانی رووە دزێوو رەشە شاراوەکەی دەسەڵاتی تۆتالیتیری ئیسلامی ئەردوگانی دژ بە مرۆڤایەتی و دۆست و هاوکاری تیرۆرستانی قاعدەو جەبهەت شامی سوریا و عیراقی ئاشکراکرد.هەواڵەکەی دونداری رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی جمهوریەتی تورکیادا کە سەر بەئۆپۆزسێۆنی تورکیایە سالی 2015مدا بڵاوکرایەوەو وەک بروسکەیەک بە جیهاندا بڵاوبوەو ڤیدۆ و هەواڵەکەی بوونە گرنگترین هەواڵی تەلفزیون و رادێوو رۆژنامەکانی جیهان. دوندار دەڵێت بەداخەوە، ئەو هەواڵە رۆژنامەوانیە ڕێڕەوی ژیانی گۆریم،
لە سەری (زیندانی کرام، درامە دادگا ، تەنانەت تێرۆرستێک بە رۆژی رووناک لەسەر شەقامێکی پر لەخەڵکدا بەفیشەکی دەمانچە ویستی بمکوژێت، ئاوارەو دەربەدەرکرام، وا 27 ساڵێش زیندانیان بۆ بڕیمەوە ). هەواڵ و وتار وڤیدیویکەی، دوندار تەنها ئەو دەنگۆو هەواڵانەی پشت راستکردەوەو بەڤیدێ پیشانی جیهاندا و پێیوتین کەراستە میتی تورکی، بە ئاگاداری ئەردۆگان، پشتگیری تیرۆرستانی قاعیدە و ئیسلامیەکان دەکەن و چەکیان بۆ دەنێرن. ئەوەتا سێ لۆری گەورەی پڕچەک دەنێرێت بۆ سوریا، لە سەر سنورەکە دوندار بەهاوکاری پۆلیسی سنورو داواکاری گشتی لۆریەکانیان راگرت و پشکنینیان بۆ کردن و هەواڵەکەو ڤیدیۆی لۆریەکان ئەوەی لەناویدا بوو بڵاو کرایەوە ڕۆژنامە نوسانی جیهان هەواڵەکەو وێنەی چەکەکانیان بڵاوکردەوە، کە پێکهاتبوو لە 1000 گولە تۆپی هاوەن ،1000گولە تۆپی دوورهاوێژ، 50000 ڕەشاشیی هیرشبردن، ساروخ کۆمەڵێکی زۆر لە قومبەلەو نارنجۆک و فیشەک و دوربین ودەیان شتی سەربازی،کە لەم 3 لۆریە گەورەدا بوون، بە ڤیدێۆ پیشاندران و ئیسپات کران، بەڵام تورکیا هەموو راستیەکانی چەواشە کرد، وتی ئەمە خواردن و جل و بەرگە لەخزمەت مرۆڤایەتیدایە بۆ خەڵکی لێقەوماوی سوریا، نە چەک و نە جبەخانەی تێدا نەبووە.
ئەردوگان لەوکاتانەوە دان لە دیندار جیڕدەکاتەوە بۆیە کاتی خۆی وتی: ئەمەی بەسەردا تێپەرنابیت و دەبێت سزای بدەم، لەو ساوە دەیەوێت تۆڵەی لیبستینێت، ناوی ناوە خۆفرۆش و تیرۆست و جاسوسی سەربازی سەر بە دەوڵەتان. دوندار درایە دادگاو 3 مانگ لە زیندان بوو، دادگای دەستوری ئازادی کردو بەردەوامی بە دادگاکەیدا، لە کاتی لێپرسینەوەو دادگای کردندا هەلی بۆ هەڵکەوت و خۆی دەرباز کردو گەیشتە ئەڵمانیا، دەیانجار ئەردوگان داوای تەسلیم کردنەوەی دوندارو دەیان خەڵکی تری کردوە لە ئەڵمانیا، بەلام ئەڵمانیا رازی نەبووە.
دوندار دەربارەی سزای 27 ساڵ زیندانی بە رادیوی ئەڵمانیا دەڵێت: ئەمە تۆڵەیە ئەردوگان لێمدەکاتەوە، ئاخر من رووە راستەقینەکەی ئەردوگانم دەرخست، ئەم سزایە تازەنیە ، دەمێکە دراوە، ئەردۆگان دەیەوێت بەم سزایە رۆژنامەنوسانی تر بترسینێت، تا گەر روداوێکی تری ئاوهایان بینی، بترسن و بڵاوی نەکەنەوە تا وەک منیان لێنەیەت!
ڕۆژنامەنوس کرستیان میری ئەندام لە رۆژنامەنوسانی بێسنوردا،کە دەمێکە چاودێری دادگاکانی تورکیا دەکات، دەربارەی دادگایەکەی دوندار دەڵێت: هەموو دادگایەک لەتورکیادا کە دژی ئەو خەڵکانەبێت کە لە بوارەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ و رۆژنامە نوسیدا کاردەکەن ، دادگایەکانیان بەوەی دونداریشەوە نمایشێکی گاڵتە جاریانەیەو دوورە لە دادپەروەری. لەم ڕۆژانەدا، خەڵکی بە کۆرۆناو جەژنەکانی مەسیحەوە سەرقاڵن و رۆژنامەنوسانی ئەوروپی کەمتر لە تورکیادان، لە دادگا بەدناوەکانی تورکیادا رۆژانە گوێبیستی دەرچوونی سزادانی خەڵکانێک دەبین،کە گەر لە وڵاتانی دیموکراسیدابان رێزیان لێدەگیراو پاداشت دەکران.
خاتوو ئارین کسکین تەمەن 61 ساڵ کە سەرنوسەری رۆژنامەی (ئۆزگر گوندم ) بوو ئەم خانمە دەیان ساڵە لە پێناو ئازادی و مافی مرۆڤ و کوشتنی ژنان و مافی نەتەوەکاندا تێدەکۆشیت لە تورکیا، دادگا بە نیازە 17 ساڵ زیندانی بۆ ببرێتەوە.
هەرلەم رۆژانەدا لە شاری ئامەدی کوردان ئەندام پەرلەمانی دەورەی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هادەپ ) لەیلا گۆڤەن لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن دەستگا داپڵۆسینەرەکانی تورکەوە دەسگیرکرا ، ئەویش دەبرێتە دادگاو بەنیازن بەتاوانی ئەندام بوون و پشتگیری تیرۆر 22 ساڵ و سێ مانگ زیندانی بۆ ببڕنەوە، سەدان تێکۆشەر لە ئەستەمبول و ئەوروپا دژ بە دەستگیرکردنی لەیلا گۆڤەند خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
دادگای شتراسبورگ بۆ مافی مرۆڤ پێچەوانەی دادگاکانی تورکیا داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکات کە لە پایزی 2016 وە زیندانی سیاسی کراوە ، ئەم دادگایە کە 47 وڵات تیایدا بەشدارن، تورکیاش ئەندامە لەمەجلیسی ئەم دادگایەدا، داواکانی دەبێت جێبەجێ بکرێت و دەمیرتاش بەخێرای ئازاد بکرێت، ئەم دادگایەی مافی مرۆڤی ئەوروپا لە 2018 وە داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات، بەڵام تورکیا گوێ بەکەس نادات.
هەروەها دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی داوای ئازادکردنی عوسمان کڤالا دەکەن کە سێ ساڵە بەبێ تاوان و خستنە رووی هیچ تاوانێک و بەڵگەیەک خراوەتە زیندان، عوسمان کڤالا بە پاریزگاریکەری فەن و رۆشنبیری و زمان کولتوری تورکی دادەنرێت، سەرۆکی چەند رێکخراو پەیمانگایەکی رۆشنبیریە لە تورکیادا، داواکاریی گشتی تورکیا کەڤالا تاوانباردەکات بەکردنەوەی نوینەرایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات و هەوڵ بۆ بەدیموکراسیەکردنی ولات دەدات و داوای دیموکراسیەت دەکات.
دادگا گالتەجاریەکەی تورکیا عسمانیشی زیندانی کردوە، ناوی 29 ڕیکخراو ریزدەکات کەکڤالا پەیوەندی پێیانەوە هەیە، لەناویاندا کونسوڵگەری ئەلمانیە، هەروەها ئەکادیمیای سویسری و بۆ پیگەیشتن و بەرەوپیشچوون، هەروەها سەفارەی نەرویجی، ئیتر دادگا گاڵتە جاریەکەیەو بە ئارەزووی خۆی تاوانی هەڵبەستراو دەخاتە پاڵ هەرکەسێک کەبیەوێت بیگریت.
کەڤالا تاوانبار کراوە بە بەشدار لە کودەتای 2016دا، هەروەها بە جاسوسی کردن بۆ وڵاتان بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە هەبیت، هەروەها بەشیک لەو پەیمانگایانەی عوسمان دروستی کردوون وەک وەک پەیمانگای ئەناضول. دادوەری گشت دەڵێت: کە عوسمان رێکخەری خۆپیشاندانەکانی جیزی ئەستەمبوڵە، هیچ بەڵگەیەک و دەلیلیکیشیان نیە کە ئەمانە بسەلمێنێت، جگە لە درۆی هەلبەستراو نەبیت.
تاکەی دنیا لەبەردەم ئەم هەموو تاوانانەی تورکیاو ئەردوگاندا بێدەنگ دەبێت…