عوسمان عومەر: گەلنێرى گوندێکى ژێرئاوکەوتوى دەریاچەى دوکان.
پێشەکى زۆر زۆر سوپاسى هەموو ئەوانە دەکەم گەر زانیاریەکان ناتەواو یا دروست نەبون بۆم راست بکەنەوە، چونکە ئەوە پەیوەندى بە مێژووى گوندێک و دانیشتوانى لادێیەکى کوردستانەوە هەیە.
با لەوەوە دەست پێ بکەم: جاران کە پرسیار لەگەنجێ دەکرا خەلکى کوێیت، بۆخۆشى دەیگوت هێشتا ژنم نەهێناوە؟ بەواتاى هاوسەرت خەلکى کوێ بێت تۆش دەبیتە خەلکى ئەو شوێنە.
هەرچەندە بەندە بە رەگەز بەکرەجۆیی نیم، بەلام بەحوکمى تێکەڵاوی و ژن و ژنخوازییەوە تیکلاوى گەلنێریەکان بووم. زۆر پرسیارم کردووە سەبارەت بەوەى ناوى گەلنێرى لەچیەوە هاتووە ئەسلى ووشەکە کوردیە … یا ناوەکە وەک زۆر ناوى شارو شارۆچکەو لادێکانى ترى کوردستان هى سەردەمى تورکە عوسمانیەکانە بەپێى ووتەى کەسانى شارەزا و خەلکى ئەو دەڤەرە دەلێن گەلییەک یا گەرویەکى قوڵ بووە نێرى زۆرى هەبووە بۆیە بەوناوەوە ناونراوە، وەک تەنگى بوک و زاوا هەر لەو دەڤەرە. هەر بەپێى ووتەى کاک قادرى کویخا مەحمود یەکێکە لە کەسە خوێندەوارەکان ووتى: پێش ژێر ئاو کەوتنى چەند گۆمێکى لێ بووە بۆ مەلە کردن و خۆشتن بەناوەکانى گۆمى قسل و گەچ و، گۆمى مالە و، گۆمە درێژ و، گۆمى میوان. دانیشتوانى گەلنێرى بەرەچەلەک باجەڵانن بەر لە 200 ساڵ کۆچیان کردوە بۆ ئەوێ نیشتەجێ بوون. بەهۆى ناکۆکى لەگەل عەشرەتەکانى دەوروبەرى خانەقین. باجەلانەکان لەکۆن دا خاوەن ئیمارەتێکى گەورە بوون، دواتر بلاوبونەتەوە نیشتەجێى دیالە، کەرکوک، هەولێر و موسل بوون بەشێکى کەمیان لە قەزاى دوکان و کۆیە نیشتەجێ بوون. بەپێى هەندێ زانیارى باجەلانەکان بەڕەچەلەک ( لەک)ن و لەکیش بەشێکە لە لووڕ کە لە کرماشان و سەرپێلى زەهاو قەسرى شیرین و قۆرەتو، هۆرینى شێخان و خانەقین نیشتەجێ بون ….
بەحوکمى ئەوەى لەئیستادا وەستا سمایلى کوێخا مەحمود دەتوانم بلێم یەکێکە لە بەتەمەنەکانى گەلنێرى، لەسەرەتاوە لە بەکرەجۆ نیشتەجێ بوون و ئەرز وبەراویان هەبووە تا ئەم ساڵانەى دوایی خەریکى کشتوکال بەتایبەت گەنم و جۆو گولەبەڕۆژە زۆر دەنگى باشى هەبووە لەپاڵ ئەوەش کاروکاسبى تریان کردووە. بنەمالەى سمایلى کوێخا مەحمود چوار برابوون/ وەستا سمایل, وەستا برایم,کاک قادر,کاک جەمال و کاک قاد یەکێک بووە لەکادیرە ریکخستنە نهێنیەکان و کاک جەمالیش یەکێک بووە لە پێشمەرگەو کادیرێکى چالاک لەسنورى قەرەداغ ت/57 ى سەگرمە, دایکیان ناوى حەبیبە کچى شێخ مەلا ئەحمەدە و مەزارگەى بەگردێکەوەیە بەرامبەر گوندى تۆبزاوا.
گەلنێرى گوندێک بووە بەپێى زانیاریەکانى وەستا سمایلى کوێخا مەحمود پێش ئەوەى ژێر ئاوى بەنداوەکە بکەوێ نزیکەى 120 ماڵ بوون. چەندین کانى و ئاوو کارێزى تێدابووە لەگەل مزگەوت تەنها قوتابخانەى تێدا نەبووە و ئەو روبارەش دواتر بەنداوەکەى لەبەر بنیات نراوە. بەپێى زانیاریەکان بەنداوى دوکان لەسەردەمى مەلیک فەیسەل لەسەر زێى بچوک دروستکراوە بەدوورى 60 کم لە باکورى رؤژئاواى شارى سلێمانى نیوکەوانەیی چیمەنتۆییە نیوە تیرەکەى 120 م و درێژیەکەى 360 مەترە لەسالى 1954 بنیات نراوە و سالى 1959 تەواو کراوەو یەکەم بەنداو بووە لەعیراق خۆشى لەو بەنداوە کارى کردووە تا ژێر ئاوو کەوتنى و گواستراونەتەوە بۆ ناوچەى بەکرە جۆ .بەپێى ووتەکانى کۆمپانیاى دۆمیزى فەرەنسى کارى کردووە و چەند کریکارێکیان بەهۆى تەقاندنەوەى دینامیت لەشاخەکانى ناوچەکە گیانیان لەدەست داوە و یەک دوانێکیان لەشاخ هەڵدێراون و تەرمەکانیان لەرێگەى فرۆکەخانەى کەرکوکەوە نێردراوەتەوە بۆ فەرەنسا.
لەسالى 1946 بەڕیوەبەرایەتى سەرچاوەکانى ئاوى عیراق کە لەلایەن مستەر هێگ بەڕیوەدەبرا لێکۆلینەوەیەکى پێشکەش حوکمەتى ئەوساى عیراق کرد بۆ دروستکردنى بەنداوێک بۆ دەست بەسەردا گرتنى ئاوى زێی بچوک چەند شوێنێکى دەست نیشان کردبوو لەوانە دەربەندى ڕانیە نزیک سەنگەسەرو دەربەندى دوکان، بەلام دەربەندى دوکانى بەگونجاوترین شوێن پەسندکردبوو کە بەنداوێکى بەهێزى لەسەر دروست بکەن، لەسالى 1949 لەسەر رۆشنایی لێکۆلینەوەکە دوو پێشنیار پێشکەش وەزارتى ئەشغال وگەیاندن کرد تا بخرێتە بەردەم دەزگاى (کۆد ویلسن) کە (سێر ولیام هەلگەر) و هاورێکانى دوو دیزانیان پێشکەش کرد یەکیان (Rock fill dam واتە بەنداوێکى بەردى )و ئەوی تریان ( Concrete dam واتە بەنداوێکى کۆنکریتى) دواى دامەزراندنى ئەنجومەنى ئاوەدان کردنەوەى عیراقى ئەوکات (بن دیکن)و هاورێکانى وەک ئەندازیارو سەرپەرشتیارى بەنداوەکە خرایە ئەستۆى ئەوان 4 پێشنیار خرایە بەردەم وەزارەتى کارو گەیاندنى عیراقى ئەوسەردەمە ئەمانە بوون.
1- concrete gravity dam بەنداوێکى دیوارى چیمەنتۆ
2- concrete arch dam بەنداوێکى چیمەنتۆى کەوانەیی
3- concrete buttress dam بەنداوێکى چیمەنتۆى بەمەسنەد
4- rock fill dam بەنداويكى بەردى پڕکراوە
دواتر بیروراکان لەسەر بژاردەى دووەم گیرسایەوە دواى لیکۆلینەوەى وورد,دروستکردنى بەنداوەکە درایە 3 کۆمپانیاى بەریتانى – فەرەنسى – ئەمەریکى ئەنجومەنى ئاوەدانکردنەوە لە تشرینى دووەمى سالى 1952 رەزامەندى لەسەر دیزاین و کۆنتراکت وگرێبەستەکە نیشاندا و سالى 1953 ئاشکرا کرا بەگوژمەى 8.817.460 ملیۆن دینارى ئەوساى عیراق, رێککەوتنەکە وابوو بەو هۆکارانە بەنداوەکە دروست بکرێ:
• بەنداوێکى کەوانەیی چیمەنتۆیی بەبەرزى 116,و 5 دەروازە بەتیرەى 3.65 بۆ بەرهەم هێنانى کارەبا.
• بەنداوەکە بتوانى 6.8 مەتر سێجا ئاو گل بداتەوە.
• دروستکردنى تونێلێک بەپانى 12.50م تونێلێکى تر بەپانى 11 م بۆ ئاو ئاودێرى و کاتى لافاو بەکار بهێنرێ.
• ئەو ئاوەى دێتە ناوى (منسوب) 511 مەترە لەکۆى 6.80 ملیارم3 گلدانەوەو روبەرى خەزانەکەى 270 کم٢ و ئاودانى 1.500.000ملیۆن زەوى لەخواروى عیراق .
• بەرزیەکەى 116.5 مەترەو درێژیەکەى 360 م و پانیەکەى 8.40 م .
• 516 م لە ئاستى رووى دەریاوە بەرزە .
• دروستکردنى بیل ماوسێک بۆ کاتى پڕبوون و بەرزبونەوەى ئاستى ئاوەکە.
هۆکارە سەرەکیەکەش پاراستنى بەغداى پایتەخت و هەندێ شارى ناوەراست وخواروى عیراق بوو لە لافاو ,لەوکاتەوە ئینگلیزەکان بیریان لە دەستبەسەرداگرتنى ئاوکردۆتەوەو پێشبینى ئەوەشیان کردوە کە جەنگى داهاتو جەنگى ئاو دەبێ بۆیە چەندین بەنداویان لەسەر روبارى دیجلەو فورات بنیات ناوە ئیستا دەرکەوتوە تورکیا وسوریا چەندین بەنداویان لەسەر دیجلەوفورات دروستکردوە بۆ هەمان مەبەست هەروەها ئێرانیش بەهەمان شێوە ئەى بۆچى دواى 29 تا 30 ساڵ حوکمڕانى خۆمالى بیرى پەنجاکانى سەدەى ڕابوردومان نەکردەوە …!؟
هەرچەندە لەبابەتەکە لامدا، بەلام زانیاریەکان پێویست بوون دواى پڕبونى بەنداوەکە نزیکەى 72 گوندى بچوک وگەورە بەپێى نەخشەکەوتنە ژێر ئاو بۆیە هەندێکیان بەبەحراویەکان ناسراون …. بەپێى پلانێکى پێشوەختەى ئەوکاتەى عیراق هەلساوە بەدابەشکردنى ئەو گوندانە بەسەر چەند ناوچەیەک وەک سابوراوا، کرژە, هەندیکیان بەر بەکرەجۆو هەندیکى تریشیان بەر بیتوێن و سەنگەسەر دەکەون هەندێ بنەمالەش لە تۆبزاوا ماونەتەوە, هەموو ئەو دانیشتوانە خانوى نیشتەجێ بوون و زەوى کشتوکالی بەراوو دێمییان بەسەردا دابەشکراوە.
ئەو بنەماڵانەى بەر بەکرەجۆ کەوتون خوا لێخۆشبوو عبدالرحمانى کاکەحەمە باوکى کاک بیستونى پیشمەرگەو کادیرى پێشکەوتوو کە ئیستا مامۆستاى زانکۆیە بەخزمایەتى دەگەنە وەستا سمایلى کوێخا مەحمود, رەحمەتى عبدالقادرى کاکە حەمە وەک لەزارى وەستا سمایلەوە بۆى گیراومەوتەوە خەریکى دوکاندارى و کشتوکالیش بووە , رەحمەتى کاکە مەلاى کاکە حەمە یەکەم کەس بووە کە کارى فرنى سەمونى لەبەکرەجۆ کردبێ …. بنەمالەى گەلنێریەکان وەک سۆفان و باجەلانەکان و…. هتد، تا ئەم سەردەمە نزیکانە داب نەریەتێکى زۆر جوان لە ناوبەکرەجۆدا پەیرەو دەکرا ئەویش کاتێ بنەمالەیەک کەسیکیان وەفاتى دەکرد لەکاتى پرسەدا ئەوکات هەرکەسە لەمالەکەى خۆى خواردنى ئامادەدەکرد و دەخرایە سەر سینى بەرەو مزگەوت دەچوو دوو کەس یا سێ کەس لەسەر ئەو سینیە نانیان دەخوارد بەتایبەت ئەو میوانانەى لەدوورەوە دەهاتن جا هەرچیەک خوا بەقسمەتى کردایە و بەگوێرەى تواناو ئیمکانیاتى کەسەکە ئەمەش بۆ ئەوەبوو کە ئەرکى خواردن دروستکردن نەکەوێتە سەرخاوەن پرسە .
زۆر سوپاس بۆ کاک جەمال فەرمانبەرى بەنداوى دوکان بۆ ڕاستکردنەوەى هەندێ لە زانیاریەکان.
- Latest Posts by عوسمان عومەر
هیپاتیا، ژنێک لەسەردەمی نەخوێندەواری.
-بۆچی فرۆکەخانەی ئەتاتورک ناونرا؛ صبیحە.
-تا بەرانی شاخدار هەبێ، من خوریەکەی ببڕمەوە بیفرۆشم.
- All Posts