سەرکۆ یونس: بودجەی 2021، پشکی شێر بۆ حەشدی شەعبییە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەرمەی شەڕی داعش و لەدەستدانی چەند پارێزگایەک لەژێر دەستی حکومەتدا، بەفەتوای مەرجەعییەتی باڵای شیعە و بەپلانی دەرەکی، سوپایەک لەگەنجانی شیعە مەزهەب بۆ پاڵپشتی حکومەت بەناوی(حەشدی شەعبی) پێکهێنرا، هەرزوو بەزۆرینەی پەرلەمانی خرانە ژێر سەقفی یاساوە و بە بەشێک لەسیستەمی بەرگری دەوڵەت ئەژمارکرا و پڕچەک کران و ساڵانە لەبودجەی گشتی، بەشە بودجەی زەبەلاح و تایبەتیان بۆ جێگیر دەکرێت.
پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی، هەمەچەشن و فرەڕەهەندن، زۆرینەی شیعە و ڕێژەیەکیش سوننە و بەداخەوە لەم ماوەی پێشودا هەندێ لەگەنجانی کوردیش بوونەتە حەشدی شەعبی.
عەسائیبی ئەهلی حەق و حزبوڵای عێراقی، لەهەرە توندڕەوەکانی ناو ئەم سوپا بێ دسپلینەن. زیاتر ئینتیمایان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانە، نەک حکومەت و دەوڵەتی عێراق، بەئاشکرا لەژێر هەیمەنەو بڕیاری سەرکردەکانی ئێراندان، بەتایبەتی سەرکردەکانی سوپای قودس.
دەسەڵاتی ئەم ملیشیا چەکدارانە کاتێک زیاتر زاڵ بوو، کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەفەرمی ناسێنران. تا وای لێهاتووە هەرکاتێک، بیانەوێت مەترسی درووست دەکەن لەسەر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی و هەڕەشە لەکاربەدەستان و دامودەزگاکانی حکومەت و نوێنەرایەتی وڵاتان بەگشتی و باڵوێزخانە وسوپای ئەمەریکی دەکەن و چەندینجار بە مووشەک و هاوەن و چەکی قورس هێرشیان کردوەتە سەر ئەمەریکییەکان.
کاتێک سەیری بودجەی گشتی عێراق دەکەین، دەبینین پارەی تەرخانکراو بۆ حەشدی شەعبی لەتەرخانکراوەکانی شەش وەزارەتی گرنگ و کەرتی ئابووری حکومەت زیاترە! ئیتر مەترسییەکە لەوەوە زیاتر دەبێت.
ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی نزیك بە (60)هەزار چەکدارە، بەڵام سەرکردەکانیان، مانگانە مووچەی (150)هەزار چەکدار وەردەگرن! بەگوێرەی داتا وزانیارییەکان سەرکردەکانی حەشد مانگانە لەڕێگای ناوی وەهمی و بندیوارەوە نزیکەی(90) ملیار دینار لەبودجەی گشتی دەكێشنەوە!
شایانی باسە، بڕی (2.4) ترلیۆن دینار، پشکی چەکدارانی حەشدی شەعبییە لە بودجەی پێشنیارکراوی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ساڵی دارایی (2021) لە پشکی وەزارەتی پەروەردە زیاترە.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لە(2020) چەندین حاڵەتی کوشتن و ڕفاندنی چالاکوانان لەبەغدادی پایتەخت و شارەکانی تری باشوور و ناوەڕاست، کاری نهێنی و هەندێ جار ئاشکرای ئەم تاقم و ملیشیایانەن، بەتایبەت لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا، ئەمە سەرەڕای وەرگرتنی سەرانە و باج لەکاسبکاران و بازرگانان،دەستبەسەرداگرتنی داهاتی هەندێ خاڵی بازرگانی.
بودجەی گشتی پێشنیارکراوی ساڵی دارایی(2021) بە (164) ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە وبڕی(58) ترلیۆن دینار کورتهێنان، واتە یەک لەسەر سێی بودجەی گشتی بەکورتهێنان پڕدەکرێتەوە! بێگومان ئەمەش مەترسی یە بۆ سەر ئابووری و دارایی عێراق، لەکاتێکدا بەهای دینار کەمکراوەتەوە بەرامبەر بەدۆلار و کەرتە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لەوپەڕی ئیفلیج بووندان.
حەشدی شەعبی بەپارەی حکومەت و بەپاڵپشتی سیاسییە دەستڕۆیشتوەکانی شیعەی عێراق، لەهەر کات و ساتێکدا بیانەوێ رژێمە سیاسییەكەی عێراق كۆتایی پێدەهێنن.
کاتێک، سەیری هەڵسوکەوتی ئەم چەکدارانە دەکەین، هیچ ئومێد و هیوایەک بۆ ئایندەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆعێراق بەدی ناکرێت.
بەداخەوە ساڵی داهاتوو لەڕوانگەی پرنسیپە ئابوورییەکانەوە، ساڵێکی خواستراو نابێت و ناتوانرێت هیچ لە باروودۆخی ئابووری عێراق بگۆڕێت، بگرە دەردە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی وەک بێکاری و هەژاری و هەڵاوسان زیاتر دەبن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت