گۆران هەڵەبجەیی: مومارەسەی حیزبایەتی لەنێو فەزای ترسدا، پارتی بە نمونە.
ئینتما بۆ حیزب کارێکی خۆبەخشە و ئامانج لێی قەبوڵکردنی ئەو ئایدۆلۆژیایەیە کە حیزبەکە هەڵگریەتی و پێی ناسراوە. واتە پاڵنەر بۆ پەیوەستبوون بە حیزبێکەوە خۆشەویستی ڕێبازو سیاسەت و ئایدۆلۆژیاکەیەتی.
ئەمە وەک پرەنسیپ و قاعیدەیەک درووستە بۆ ئینتمای کەسێک بۆ حیزبێک، بەڵام ئەم قاعیدەیە لە کەلتوورێکەوەوە بۆ کەلتوورێکی تر یا لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی تر گۆڕانکاری بەسەردادێت.
گەر ژیانی حیزبایەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بکەینە نمونە دەردەکەوێت کە ئەو قاعیدەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. لەم جیهانەدا حیزبایەتی و پەیوەست بوون بە حیزبەوە، بەتایبەت گەر حیزبەکە لەدەسەڵاتدابێت ئەوە کۆمەڵێک فاکتەر ڕۆڵ دەبینن، وەک بەرژەوەندی، پارە، پۆست، ناسیاوی، خزمایەتی و پەیوەندی خێزانی.
گەر حیزبێکی دیکتاتۆر، تۆتالیتار، نادیموکرات، خاوەن زەبرو زەنگ لەدەسەڵاتدابێت، ئەوە ئینتما دەبێتە ئیجباری، یاخود ئیختیاری بەمەبەستی دەربازبوون لە لێپرسینەوە و گێچەڵ و فشای سیاسی. دەکرێ بەعسی عێراق لە دەمی دەسەڵاتیاندا، بەعسی سوریا لە ئێستدا بکەینە نمونەی ئەو جۆرە حیزبایەتیەی ئاماژەم پێدان.
هەر ئینتمایەک لە سیاقی سووشتی خۆی دەرچوو، تەنها بۆ بەدەستهێنانی پەناگایەک بێت لای حیزب، یا بۆ بەرژەوەندی ماددی بێت، ئەوە بێگومان ئەو جۆرە حیزبایەتیە لە دۆخێکی ناتەندرووست و ئایندە ناڕوون و پڕ ترس دەگوزەرێت.
لە دوای ڕاپەڕینەوە چەندین حیزب و لایەن لە هەرێم هاتنە گۆڕەپانەکەوە، بەهۆی نەبوونی پلان و نا جەسوری و کەمتەرخەمی حیزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، وای کرد ئەو دووحیزبە دۆخەکە لەبەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە دەسەڵات بۆخۆیان قۆرخ بکەن.
دیارە دەسەڵات یانی پارە و پۆست، ئیدی هەردوو حیزب بەلێشاو کەوتنە ئەندام کڕین، بەتایبەت دەمێک پارەیەکی زۆر کەوتە دەستیان، بێ گوێدانە ئاستی ڕۆشنبیری، تەمەن، ڕابردووی، ئەستۆپاکی، چاش بوون، بەعسی بوون.
بە مەنتیقی زۆربێ و بۆربێ، یەکێتی و پارتی هەزارەها ئەندامیان وەرگرت. ئەوجا کەوتنە بەخشینەوەی ئیمتیازات، بەخشیش، پارەو پۆست بۆ ئەندامە نوێکان، ئەمەش وای کرد کەسانی ئینتهازی، بەرژەوەندیخواز، مەسینەهەڵگرو شانتەکێن ببنە ئەندامی ئەو دوو حیزبە.
بەهۆی ئەوەی کایەی حیزبایەتی لە نێو پارتی و یەکێتیدا کایەیەکی ئاسایی نیەو لەسەر بنەمای پارەو پۆست و بەرژەوەندی بونیادنراوە، هەر بۆیەش ژیانی حیزبایەتی پڕە لە کێشەو دڵەڕاوکێ و ترس.
ترس لە دەستدانی پلەی حیزبی، پۆستی وەزیفی، پۆستی سەربازی، ئیمتیازات و شتی دیکە.
گەر پارتی بەنمونە بگرین، هەست بە بوونی کەشێکی پڕ لەترس و دڵە ڕاوکێ دەکرێت لە نێو ئەندامەکانیدا، ماڵباتی بارزانی لێدەرچێت کە لەهەموو لێپرسینەوەو سزایەک بەدەرن، ئیدی هەموو ئەندامانی پارتی لە باڵاترین پۆستی حیزبیەوە بگرە تا بەرزترین کەسی ئیداری و سەربازی، تا دەگاتە ئەندامێکی پلە نزمی حیزبی، هەر هەموویان بەردەوام لەدۆخێکی ترس و تۆقاندندا دەژین.
ترس لە غەزەبی کەسێکی سەر بە بنەماڵەی بارزانی، ترس لە کارێک کە جێگەی ڕەزامەندی سەروتر نەبووە، ترس لە سوکە گلەییەک کە لە مەجلیسێکدا یا لەکن برادەرێک دەری بڕیبێت، ترس لە کۆمەنت یا لایکێکی فەیسبووک، ترس لە فڕێدانی قسەیەک لە کاتی مەستیدا، ئەمانە هەمووی بۆیان هەیە گەورەترین کێشە بۆ خاوەنەکەی درووست بکەن.
کێشەکانیش چەندین جۆرن، لە کووشتنەوە بە سیناریۆی ئامادەکراو تا دەرکردن و نان بڕین، بەندکردن و سەرنگونکردن.
ئەمانە هەموو لەنێو پارتیدا ڕوویانداوە، بەتایبەت لەنێوبردن کە کەسانی سەرکردایەتی حیزبەکەش لەم ئیرهابە دەرباز نەبوون و گیانیان سپاردوە.
پارتی دۆخێکی وا ئیرهابی هاوشێوەی بەعس درووستکردوە بەجۆرێک بکەس متمانەی بە کەس نەماوە.
ئەم دۆخە پۆلیسی و نادرووستەی پارتی وای کردوە ژیانی حیزبایەتی هیچ مانا و دڵسۆزی و گەرمیەکی نەمێنێت، هەمووی بوەتە کیانێکی دژوارو وشک و بێ بزاوت و بێماناو کاری موخابەراتی کە پاراستن کۆنترۆڵی کردوە.
کێشەی ئەندامبوون لە پارتیدا ئەوەیە چوونە ژوورەوە ئاسانە، بەڵام هاتنە دەرەوە ئەستەم و پڕ مەترسیە {زیاتر مەبەستم پارتیەکانی کوردستانە}، بۆیە گەر ئەندامێک هەست بە نائارامی بکات و پڕ بەدڵ حەزبکات واز بهێنێت، بەڵام بەهۆی ترس لە ئاکامە نادیارەکانی لەو بڕیارە پاشگەز دەبێتەوە.
ئەم حاڵەتە لە نێو یەکێتیشدا بوونی هەیە، بەڵام بە سووکتر لەوەی پارتی.