كەمال محەمەد: پێویستە ئەم گرفتە چارەسەر و تێپەڕ بكەن.
دوای چەندین ساڵ لە خۆبەرێوەبەری ئەم هەرێمە من لە واتای بێ هیواییەوە باسی لێوە ناكەم، بەڵام كاتێك دەبینم سیاسییەكانی ئێمە چەندە خەڵەتێنەری گەلەكەی خۆیان بون و لە مرۆڤێك و كوردستانێكی داگیركراو چەواشەكار زیاتریان بەسەر ئەم گەلەدا هێناوە، بۆیە ئەگەر بەراورد بكرێن لێكچواندنێكی زۆر هەیە لەنێوان سیاسییەكانی ئێمەو ئەو وتەیەی ”حەننا ئارێند ” كە هەڵسەنگاندنێكی زۆر بەجێی هەیە كە پێی وایە: سیاسەتمەداری باش لە كۆمەڵگا سەردەستەكاندا درۆ كاریگەرترین چەكی دەستیان بوە.
ئەگەر سیاسییەكان ڕوانین و بیر كردنەوەو هەڵوێستیان سەبارەت بە رەخنەكان ئەرێنی بوایە، ئەوا تێ ئەگەشتن كە هەر رەخنەیەك لە سیاسەت و ئابوری و دیبلۆماسی بڵندكردنەوەیە و ئامانج لێی بڵندكردنی ئەو پرەنسیبانەیە كە هەرێمەكە ئەگەیەنێتە كەناری ئارامی، ئامانجی رەخنە ڕزگاری كردنە لە قەزەمی بون و بەرزكردنەوەیە لە گەورەبونەوە بۆ گەورەبونێكی تر هەر ئەمەشە لەجەوهەری هەر رەخنەیەكدایە، بەڵام هەندێ هەن ڕەخنە بەم شێوەیە ناخوێننەوە هەروەك سیاسی و دەسەڵاتدارەكانی ئێمەكە بەدرێژایی دروست بونی ئەم هەرێمەوە تادواڕادە ڕاستییەكان بەڕونی و سەرنج ڕاكێشانە خراونەتە ڕوو ئەپرسین باشە بۆ لەكاتێكدا هەمو شتێك وەها ڕون و ئاشكرایە كەچی هێندە پێداگریتان لەسەر چەوتی سیاسی و دوبارە بونەوەی هەڵەكان كردۆتەوە.
ڕەخنەگرتن لەم جۆرە سیاسەت و ئابورییە سەربەخۆییە بەمانای خاڵی سەرەكی روخاندنی ئەم هەرێمە نییە وەك سیاسییە دەست ڕویشتوەكانی لێی تێگەشتون بە پێچەوانەوە بونیادنانە، تێپەڕبونە لە كەموكورییەكان و نوێ بونەوەیە، ڕەخنە و قبوڵی ڕەخنە زمانی تێگەشتن و پێشكەوتنە و كۆسپ بێتە سەر ڕێت ئەتوانیت تێپەڕی بكەیت، بەڵام نەبونی ڕەخنەو گوێنەگرتن لە رەخنەگران واتە هەر كۆسپێك لەكۆتاییدا كەندەڵانێكەو نابێتە مایەی پێشكەوتن و بەپێچەوانەوە گەڕانەوە دێنێتە ئاراوە.
سیاسەت و دەسەڵاتدارێتی لەم هەرێمەدا بون بە خوڵقێنەری نەرێنی كردن نەك ئەرێنی هەربۆیە هیوا، شادی، جۆش و خرۆش هەڵبەست ئاسایی هەمو ئەمانە پەیوەندییان بەو خوڵقێنەرەوە هەیە كە سۆسیۆلۆژیای سیاسی لەسەر بنیاد ئەنرێت، شادی كەسێتی كورد لەوشوێنەدایە كە نوێ تیایدا ئەدۆزرێتەوە، ئەمەیە ناوكی ژیانێكی شادمانەو هەڵبەست ئاسا كە تاكی كورد ئەیەوێ یۆتۆپیاكانیانی بكاتە ڕاستی.
ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە كەوتۆتە نێو گوشەر و بەرداشی هەولێر و بەغدا،ئێستای تاكی كورد گەشتۆتە ئەو ڕایەی كە پێویستە ژیان و كەسایەتی خۆی بخاتە بەرلێپرسینەوە و بیخاتە ڕو بۆ سیاسییەكانی و بیسەلمێنێت كە چیدیكە نابنە كەسایەتییەكی پاتۆلۆژیك بۆ ئێوەیەك كەڕۆڵەی تێكنەچوی هەرێمێكی درەیای ڕەش بن و خۆشیان لەنێو دۆگماتیزم و كۆن پارێزی خۆشی و شادی ژیانێك بەدی نەكەن، چونكە ئاشكرایە تا پرسی خۆراك و موچەو بودجە بۆ هاوڵاتیانت چارەسەر نەبێت ئایا هەبون لواوە؟ بێگومان نەخێر چونكە تاكۆتایی ناتوانرێت درێژە بە هەبون بدرێت و تا زوە پێویستە ئەم گرفتە چارەسەر و تێپەڕ بكرێت چ بە رێكەوتن بێت لەگەڵ بەغدا یان شەفافییەت بێت لەداهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان وجێبەجێكردنی پرسی چاكسازی.