عەلی مەحمود: قاسم سلێمانی جیڤارا بوو, یان عەلی كیمیاوی؟
دەمەوێت جیا بم و جیاش قسە بكەم, نە وەك گەشتیارانی باشووری بۆ شیمالی ئیران بدوێم, وە نە وەك سیاسیە پڕۆ ئیرانیەكان لەمەڕ كوردایەتی بە فایلەوە دروشم بدەم, وە نە وەك ئەو تەرزە نووسەرانەش لە مانای ئازادی و ئەخلاق پەیوەندی نێوانیان لە فكرو نووسیندا تێنەگەیشتوون بیربكەمەوە, وە نە وەك هەنسكەی گریانی پرسەكەرانی سیخوڕخانەكان هەڵوێست بنوێنم, نە وەك ئەو پرسەو شەیپورەی كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ حاجی قاسمی سلێمانیان بەرپایان كرد بجوڵێمەوە, جیاش لەو چەپەی ئەمەریكاو ئیسرائیل عەقڵیانی كوێر كردۆتەوە, ئەوەی دژی ئەوان بێت دەیكەنە شۆڕشگێڕ, دەبێت مێژوو لە دوارۆژدا چی لەسەر ئەو نووسین و راپۆرتانە بڵێت؟ كاتێك نەوەكانی داهاتوو خوێندنەوەیەكی ئەخلاقی بۆ وێنەی ریزی پرسەگەرانی سیخوڕخانەكان و رەفتارو نووسینەكان دەكەن؟ چی دەڵێن كە دەبینن گەلێكی قەسابی كراو چۆن ستایشی جەلادەكەی خۆی دەكات و چەقۆی ملی خۆی دەلێستەوە؟ چۆن ژمارەی فایلدارانی جاسوسخانەكان زیاترن لە فایلدارەكانی بەعس.
سلێمانی كێ بوو؟ چۆن پێشكەوت؟
لە 11ی ئازاری 1957 لە گوندی ” كەناڵ مالك” قەنات ملك ” ی ژمارەی دانیشتوانی 441 كەس,119 خێزان ” سەر بە ناوچەی رابور ” ژمارەی دانیشتوانی 35341 كەس, 7664 خێزان ” لە پارێزگای كرمان لە خێزانیكی جوتیاری زۆر هەژار, كە بەهۆی چاكسازییەكانی زەوی ساڵی 1341ی شاوە, پارچەیەك زەویان بەركەوت, منداڵێك چاوی بە ژیان هەڵهێنا ناویان نا قاسم, ناوی باوكی حەسەن و ناوی دایكی فاتمە سلێمانی, دەڵێن سلێمانیەكان بە بنەچە لوڕن و لە ناوچەی لورستان و بەختیارییەوە لە دەوروبەری ساڵی 1750 زاینی كۆچیان كردووە بۆ پارێزگای كرمان, ئەو بە ناوی قاسمی كوڕی حەسەنی كوڕی ئیمام عەلیەوە ناوی موبارەكی نراوە, ئەویش كە گەورە بوو وەك هەمان قاسم پێیی وابوو مردن وەك هەنگوینە لە پێناو عاشوراو حوسێندا, 40 ساڵ پۆستاڵی سەربازی دانەكەند, تا لە كۆتادا هەنگوینەكەی بە نسیب بوو, تەنانەت لەناو هەنگوینەكە وا توایەوە, ئەنگوستیلەكەی پەنجەی و پشتڕاستكردنەوەی پشكنینی دی ئێن ئەی نەبوایا, دەوترا وەك عیساو ئەبو زەڕ هەڵكێشراوە بۆ تەبەقە ناناسروەكانی ئاسمان, دەبوایە لە چاوەڕوانی بونایە بە مەهدی بوون بگەڕابایەتەوە, ئەو 5 براو 5 خوشكی هەبوو, یەكێك لە براكانی بەناوی سوهراب سلێمانی بەڕێوەبەری زیندانی تارانە, بە دڵڕەقی بەرامبەر بە زیندانیان و پێشێلكەری مافی مرۆڤ وەك جەلادێك لای ئازادیخوازانی ئێران ناسێنراوە, بۆ خۆشی زوو خێزان پێكەوە دەنێت, دو كوڕو دوو كچی دەبێت, حوسێن و محەمەد رەزاو زەینەب, كچەكەی دی ناوی نەزانراوە “, ناوی هەموو منداڵەكانی عەشقی قوڵی شیعەگەرایی پێوە دیارە.
ئەو لە بەر هەژاری تا پۆلی 5ی سەرەتایی خویندو ساڵی 1969 واتا لە تەمەنی 12 ساڵی, لە لادێكەیانەوە ڕو لە شاری كرمان دەكات بۆ كرێكاری بیناسازی, بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكەی, تا قەرزە نۆ هەزار ریاڵییەكەی سەر باوكی بداتەوە, دواتر لە ساڵی 1974 لە فەرمانگەی ئاو ئاوەڕۆی شاری كرمان دەبێتە كارمەند.
لەو كاتەی شۆڕشی گەلانی ئێران كڵپەی سەندبوو لە لایەن گەنجە چەپگەراكانی ئێرانەوە, ساڵێك بەر لە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران, لە رێگای حوجەتوالئیسلام سەید رەزا كامیابەوە, كە لە مانگی رەمەزان لە شاری مەشهەدەوە هاتبووە كرمان, پەیوەندی بە خەتی روحواللە خومەینیەوە دەكات, هەر كامیاب دواتر سولێمانی بە ئایەتوڵا خامنەئی دەناسێنێت و دەرگای چوونە پێشەوەی بۆ دەكرێتە سەر پشت, كە پاشتر ناوبراو یەكێك دەبێت لەوانەی لە لایەن رێكخراوی مجاهدینی خەلقی ئێرانەوە دەكوژرێت لە 7 موردادی 1360” 28-8-1981 “, ئەوان شەرمنانە بەشداری راپەڕینیان دەكرد, پەیوەندیەكەی تەنها زارەكی بوو وە هیچ چالاكیەكی هەستپێكراوی نەبووە دژ بە رژێمی پاشایەتی, دەنا ئێستا بە شانازیەوە لە سیڤیەكی گەورەتر لە خۆی نیشان دەدرا, لە كاتێك وڵات كڵپەی دەداو لاوانی چەپی هاوتەمەنی ئەو پۆل پۆل بەرەو مەرگ دەچوون بۆ روخاندنی رژێمی پاشایەتی, بێ باكانە و بەوپەڕی عەشقەوە دوا هەناسەیان تێكەل لە گەڵ گازی سیانید دەدا, ئەمان لە كونجی مزگەوتەكانەوە بە دوعاكانیان دەكڕوزانەوە.
دوای سەركەوتنی شۆرش بۆ سەركوتكردنی بەرەی شۆرش و سەپاندنی حوكمی ئیسلامی, سوپای پاسداران رادەگەیەنرێت لە لایەن خومەینیەوە لە یەك شەممە رەشەكەی رێكەوتی 22ی نیسانی 1979, قاسم سلێمانی لە كرمان زوو پەیوەندی پێوە دەكات,45 رۆژ خولی سەربازی خێرا دەبینێت لە لای رێكخراوی فەتحی فەڵەستینی, بەدوای راگەیاندنی جیهاد دژ بە خەڵكی كوردستان, كە خومەینی لە رێكەوتی(19- 8- 1980) بەشێوەی فەرمی رایگەیاند, داوای لە لایەنگرانی سستەمی ویلایەتی فەقیە كرد ئەركی شەرعی خۆیان لە هێرشكردنە سەر كوردستان و لە ڕەگ دەرهێنانی“ كفرو ئیلحاد” بەجێ بهێنن, بەوەش شەڕێكی نەخوازراو بەسەر گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا سەپێنێنرا, زۆر تاوانی قێزەون بەرامبەر بەم خەڵكە ئەنجامدران دەچنە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییە مەزنەكانەوە.
قاسم سلێمانی و ئیسماعیل قائانی یەكێك بوونە لەوانەی لە یەكەم چركە ساتەكانی دوای فتواكە رویان لەكوردستان كردووەو بەشداری كۆمەڵكوژی خەڵكیان كردووە، زۆر بەباشی ئەركەكانیان جێبەجێ كردووە, وەك سایتی تابناكی پاسداران ئاماژەی پێ داوە.
بە دوای فتواكەی خومەینی, سلێمانی بە دوری زیاتر لە 1500 كیلۆمەتر خۆبەخشانە بێ وەرگرتنی موچە, لە كرمانەوە دەچێت بۆ شاری مهابادو ئازەرباینجانی رۆژئاوا بۆ بەشداریكردن لە غەزەواتی سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان, یەكەم بەشداریكرنی سلێمانی, لە شەڕی خەڵكی كوردستان بە تایبەت شاری مهاباد بووە, كە لەوكاتە رۆڵی گرنگی لە جوڵانەوەی كوردستاندا دەگێڕا, گوایە لەو كاتە هەوڵی جیابوونەوەیان لە ئێران دەداو خواستاری وڵاتێكی سەربەخۆی كوردی كۆمۆنستی بوونە ” http://www.alshiraa.com/topics/1568-kasm-slymany-aaaml-bna-drbth-hrk-fth-lykod-alhrs-althory-bklm-alsyd-sadk-almosoy” .
ناوبراو لە شاری مهاباد و ئازەربایجانی رۆژئاوا بەشداری شەڕەكان دەكات لە هاوینی ساڵی 1979 دا, كە لەو ماوەیەدا لەو ناوچەیە تاوانەكانی ئیعدامی مەیدانی دەرەوەی دادگا و تاوانی كۆمەڵكی كوژی قاڕناو قەڵاتان و ئیندرقاش ئەنجامدران, لێ ئەوكات بەهۆی بەشداری چالاكانەی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان, هەرچەندە پلەی بەرز كرایەوە لێ بە ئەندازەی ئاغای ئیسماعیل قائانی فەرماندەی ئێستای سوپای قودس ناو ناوبانگی نەبوو لە سەركوتكردنەكە, وەلێ بەشداری دڵڕەقانەیان لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان دەرگای بۆ ئەم جوتە كردەوە لەناو حوكمڕانی ئیسلامی ئێراندا, هەردوكیان بە دەرگای كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستاندا هاتنە ژورەوە.
بەشداریكردن لە شەڕەكان
قاسمی سلێمانی یەكەم كاری بەشداریكردن بوو لە سەركوتكردنی جوڵانەوەی گەلی كورد كە بۆ خودموختاری تێدەكۆشا لەو رۆژگارە لە بەرنامەیەكی هەشت خاڵی سادەو ساكاردا خۆی بەرجەستە كردبوو, ئەویش یەكێك بوو لەو جەنگاوەرانەی بە فتوای خومەینی پۆستاڵی لە پێ كرد و بەشداری كرد لە سەركوتكردنی جوڵانەوەی گەلی كورددا, تەنانەت دوای بەنی سەدریش پۆستاڵەكەی دانەكەند” دەڵێن 40 ساڵ پۆستاڵی لەپێدا بوەو سەرقاڵی جەنگ بوەو بێ پسانەوە لەجەنگێكەوە بۆ جەنگێكی تر چوە لەپێناوی ئێرانداو لەكاتێكدا كە زۆربەی پاسدارانی سەردەمی جەنگی ئێرانو عێراق وازیان هێنا، ئەم تا مردن بەردەوام بووە”, ئەمەش لە دوو هەنگاوی دواتریدا بووە هۆی بەرزكردنەوەی پێگەی سەربازی, بە زوویی دوای بەشداریەكە كرایە فەرماندەی پاسدارە كرمانیەكان, بەرزترین پلە بوو لەناو پاسدارانی هاوشارییدا, دوای 3 ساڵ بووە فەرماندەی تیپ, دواتر دەبێتە سەر فەرماندەی لەشكری 41 ی ساروڵا,كە چەكدارانی سیستان و بلوجستان و هرمزگان و كرمانی لە خۆ دەگرت.
لە ساڵی 1998 لە كاتی هاتنە سەر كاری تاڵبان لە ئەفغانستان, كە سوپای قودس دامەزرا, ئەو وەك فەرماندەیەكی مەزهەبگەرای توندڕەو و خاوەند ئەزموون لە سەركوتكردنی گەلی كورد كرایە فەرماندەی سوپاكە, چونكە كارەكانی هاوشێوەی كارەكەی كوردستانی بوو, بەهۆی جیایی مەزهەبەوە ئەوەندە رقی لە تاڵیبان بوو تا ئاستێك, شەیتانی گەورەی لەبیر بردبوەوە.
سوپای قودس كە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەكیەكانی سوپای پاسداران, ئەوەش كردوویەتیە هێزێكی سەرەكی لە عێراق و لوبنان و سوریاو یەمەن, وە كاریگەر لە ئەفغانستان و بەحرێن و كوەیت و سعودیە و… تاد.
قاسمی سلێمانی لەماوەی 21 ساڵدا كە فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بو، توانی ئەم هێزە لەگوردانێكەوە بكات بەتیپێكو پاشان بە لەشكرێكی گەورە كە زیاتر لە 22 هەزار پاسداری لەخۆ دەگرت، تەنانەت زۆربەی پۆستە دیبلۆماسییەكانی ئێران بۆ نموونە باڵوێزەكانی ئێران لەعێراقو ئەفغانستانو لوبنانو سوریا سەر بە هێزی قودس بون, تەنانەت زۆربەی پۆستە گرنگەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەو كەسانە بون كە سەر بەهێزی قودسی سوپای پاسداران بوون.
قاسم سلێمانی كەسێكی تا سەر ئێسك مەزهەب گەرای دژ بە سونە بوو, رقی لە عومەر زیاتر دەبوەوە لە شەیتان, لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی ئێرانی بە ئاشكرا داوایكرد هاوكاری شەیتانی گەورە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكەن بۆ روخاندنی حكومەتی ئیسلامی سونە گەرای تاڵیبان لە ئەفغانستان, كە لەوكاتە توندڕەوەكانی جیهانی ئیسلامی لە خۆی كۆكردبوەوە بە بن لادنیشەوە.
دوای 11ی سەپتەمبەر, ریان كرۆكەر لە جنێف چاوی بەو دیپلۆماتكارانە كەوت كە لە ژێر فەرمانی سلێمانی كاریان دەكرد, بە مەبەستی هەماهەنگی بۆ روخاندنی تاڵیبان, ئەم هاوكاریانەش گرنگ بوونە بۆ دیاریكردنی جێگا هەستیارەكان بۆ لێدانیان و دەستگیركردنی سەركردەكانی قاعیدە, ئەوە جۆرج بۆش بوو لە سەرەتای 2002 ئێرانی خستە میحوەری شەڕەوەو كۆتایی بەو مانگە هەنگوینیە هێنا, نەك كۆماری ئیسلامی ئێران رەتی دەست لەملانێی شەیتانی گەورەی كردبێت.
ئەو جەنگانەی بەشداری تێدا كرد
قاسم سلێمانی وەك باسی دەكەن و خوێندنەوە بۆ ئەنجامی فەرماندەیی شەڕەكانی دەكرێت, فەرماندەیەكی سەربازی سەركەوتوو نەبووە, ئەو لە كۆمەڵێك جەنگی گەورە لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی عێراق – ئێران بەشداری كردووە, وەلێ بەهۆی هەڵە سەربازیەكانیەوە هۆكار بووە بۆ بەكوشت دانی دەیان هەزار كەس, كە خۆی لە نزیك سەت هەزار كەس دەدات, وە شكستی جەنگی كەمەر شكێن, لە شەڕەكانی” فاوی 4, نەسری 5 و كەربەلای 5 ” دا, وەك موحسین رەزائی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت: ئەو سێ جەنگە سێ كارەساتی گەورە بوو بۆ سوپای ئێران لە ماوەی شەڕی عێراق ئێراندا, هەرسێكیشی سلێمانی هۆكاری شكستەكانی بووە, نەیارانی چونە پێشەوەو سەركەوتنی پلە بەندی سلێمانی دەگێڕنەوە بۆ نزیكایەتی ئەو لە خامنەئی بە ” جانتا هەڵگری مەڵا” ناوی دەبەن نەك ئەو سێڵڤیانەی دوای جەنگەكان دەیگرێت وەك ژەنەراڵی سەركەوتوو خۆی نمایش دەكات, وا باسی دەكەن هەمیشە لە دوای نیشتنەوەی شەپۆڵەكان ئامادەیە, وەلێ لەكاتی شەپۆڵەكان لە بەندەرە ئارامەكان لەنگەری گرتووە دوور لە تۆفان و تسۆنامیەكان.
قاسم سلێمانی دوای بەشداری كردنی كەمی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان دەگەڕێتەوە شاری كرمان” دیارە وردە كاری چالاكیەكانی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان بە نهێنی ماوەتەوە, بەڵام بەهۆی بەرز بونەوەی پلە بەندی رۆڵی هەبوەو پاداشت كراوە”, بە وتەی خۆی سەرەتای شەڕی عێراق-ئێران پاسەوانی فرۆكە خانەی كرمان بووە, دواتر وەك بەرپرسی دەستەیەكی 300 كەسی بەشداری بەرەی سوسنگەردی كردووە لە شەڕی عێراق – ئێران, بەڵام كەسانی دی دەگێڕنەوە بۆ دوو هەفتە نێردرا بۆ بەرەی شەڕی ئێران -عێراق بۆ دابەشكردنی ئاو, دوایی مایەوەو نەگەڕایەوە.
لە شەڕە گەورەكانی “كەربەلاكانی 1 و 4 و 7, نەسری 4 , فەتح مبین, فەجری 1 و 3 و 4 , رەمەزان, بیەت الموقەدەس 1 و 7 و رێگای قودس… لە سەرتاسەری بەرەكانی شەڕی عێراق – ئێران بەشداری كردووە” .
قاسم سلێمانی لەو شەڕانەی كە بووە هۆی جینۆساید و ماڵوێرانی بۆ خەڵكی كوردستان و وڵاتیان كردە بەشێك لەو كارەساتە, لە پاڵ بەشێك لە هێزە كوردیەكانی باشوور بەشداری كردوە, لە شەڕی فەجری چوار لە ساڵی 1984 لە ناوچەی پێنجوێن, شلێر تا سورێن, ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی ناوچەكە وێرانبێت, هاوكات بووە هۆكارێك كە شاری مەریوان بە بۆردومانی فڕۆكە لە لایەن بەعسەوە كۆمەڵكوژی بكرێت, هەروەها لە شەڕی نەسری پێنج لە ناوچەی ماوەت بەشداری كرد لە رێكەوتی 21-6-1987, تیایدا بەهۆی هەڵەی ئەوەوە دەیان هەزار كەس لە سوپای ئێرانی كوژران, وە بووە هۆكارێك كە بەعس شاری سەردەشت كیمیاباران بكات لە یەك شەممەی رێكەوتی 28ی هەمان مانگدا, كە یەكەم شار بوو لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی كیمیابارانكرا.
ئەمەو بەشداری و سەركردایەتی ژمارەیەك لەشەڕەكانی قەرارگای رەمەزانی كردووە, لە گرتنی شاری هەڵەبجە و شەڕی بەیتوالمقەدەسی 4 لە چیای شەمێران بەشداری كردووە كە تاوانی هەڵەبجەی تێدا ئەنجامدرا, ئیتر تاوانی هەڵەبجە لە 5000 قوربانی شارەكەو دزینی سەروەت و سامانی خەڵك تا دەگاتە لێدانی هێزەكانی رۆژهەڵات قوربانیەكانی گوردانی شوانی كۆمەڵەو سوپای رزگاری و حیزبی دیموكرات و گرتن و ئیعدامی سەدان كەسی دیكەی رۆژهەڵاتی پێویست بە تەفسیر و شڕۆڤە ناكات, هەموو ئەو شەڕو نەسرو شتە عاجباتیانەشی بە هاوكاری یەكێتی و پارتی و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدا, واتا شیوەن گێڕانی سیخوڕ خانەكانی سلێمانی و هەولێر بۆ قاسمی سلێمانی.
لە باشوری كوردستانیش لە رێگای پێشمەرگەوە لە زۆر تێڕوانین بۆ شەڕی هاوبەش لە گەڵ پێشمەرگەی لایەنەكانی یەكێتی و پارتی و حسك و بزووتنەوەی ئیسلامی و لەشكری موسڵمانی كورد لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان وەك قەرارگای رەمەزان ئامادەیی هەبووە, كە دواتر بەهۆی ئەو شەڕە هاوبەشانەوە گەلەكەمان تووشی كۆمەڵكوژی گەورە هات لە شاڵاوەكانی جینۆسایدی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە, دەبینین دواتر ئێران بەشێك لەو خەڵكە لێقەوماوە بە پەناهەندە وەر دەگرێت, ئێستا بە فەزیلەت پێمانی دەفرۆشنەوە, كە خۆی هۆكاری تراژیدیاكە بووە نەك هاوكاریكەر, هۆكاری دەردو مەینەتەكان بووە نەك برینپێچی برینەكان.
سلێمانی لە هێرشی رێگای قودس لە ناوچەی زۆنكاوەكانی حەوێزییەی عێراق بریندارە بیت لە 29-11 بۆ 7-12-1981, بەڵام شانازی دەكرد بە بەشداریكردنی لە شەڕی فەتح مبین لە 22 بۆ 28ی ئازاری 1982, كە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزی ئاگرپەرستانەوە بە ئیستڵاحی ئیسلامی سیاسی, سوپای ئیسلام ئەنجامی دا, دوای 30 هەزار كوژراو توانی 2500 كیلۆمەتر دوجار لە ناوچەی خوزستان بگرێتەوە.
لە هیچ یەكێك لەو دوو جەنگە كە تیایدا ئێران سەركەوتوو بوو, وە حسێن خرازی سەركردایەتیانی دەكرد, قاسمی سلێمانی لە ریزی فەرماندەكانی نەبووە, كە مایەی شانازین بۆی.
سلێمانی لەدوا دیداریدا لەگەڵ خامنەئی, سێ رێزلێنانی ئازایەتی بە یەكجار پێ بەخشرا, كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بەوە بوو, ئەو وەك هێمایەكی ئازایەتی بناسێنێت, تا هژمۆنیای خۆی لە هەرێمەكە بپارێزێت, واتا كۆماری ئیسلامی پێویستی پێ بوو, نەك حەقیقەت وا بوبێت.
قاسم سلێمانی و قودس
قاسم سلێمانی فەرماندەی 21 ساڵەی فەیلەقی قودس, بەهۆی نزیكایەتی لە ئایەتوڵا خامنەئیەوە ئەو پۆستەی وەرگرت, بڕیار بوو كاری سەرەكی ئازادكردنی قودس بێت, وەلێ ئەو بەرەیەی چۆڵ كردو خەریكی گەرمكردنی شەڕی عەلی و عوسمان و عومەرەكان بوو لە كۆمەڵێك وڵات, تەنانەت یەك تاقە فیشەكیشی لەپێناو ئازادكردنی قودس وەك خاك لە سنورەكەی نەتەقاند, ئەو ریمۆن كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و حیزبولڵای لوبنان و حوسیەكان و هەزارەكان و تەواوی گروپە چەكدارە شیعەكان لە دەرەوەی ئێران لە گیرفانی بوو بە حەماس و جیهادو ئەنسار ئیسلام و كۆمەڵی ئیسلامیشەوە, وەلێ نەیتوانی یەك كار دژی جولەكە لەناو زەمینی خۆیان بكات, بگرە تەقەیەكی خۆشیشی بەسەریاندا نەتەقاند, تەنانەت ئەو كارە سەربازیانەی لە ماوەی شەڕی ئێران عێراق بەناوی قودس و بەیتوالمقەدەسیش ئەنجامیدا تیایدا سەركەوتوو نەبوو, ئەنجامەكەی بەوە گەیشت خومەینی پێش مەرگی بایەلۆجی پیاڵە ژەهرەكەی خواردەوە بووە هۆی مەرگی ئایدۆلۆجی ئازادكردنی قودس.
لێ لە سەركوتكردنی گەلی كورد و سیستان و بلوجستان راپەڕینی گەلانی ئێران رۆڵی هەبووە, پاڵەپەستۆی خستە سەر خاتەمی دژ بە چاكسازی لە ساڵی 1998 كە زیادە رەوی نەكات, هەروەها ساڵی دواتر راپەڕینی قوتابیان لە حوزەیرانی ساڵی 1999 سەركوت بكات ” لە گەڵ 23 لە كەسایەتیەكان داوای لە خاتەمیكرد راپەڕینەكە بە زویی سەركوت بكات, وتەیەك بەناو بانگی هەیە لەو بارەیەوە كە وتویەتی: ئەمڕۆ سەركوتیان بكە سبەی درەنگە ناتوانین بیگەڕێنینەوە”, ئەوو قائانی دوان لەو (24) فەرماندانەی سوپای پاسداران بوون كەنامەیان بۆ سەرۆكی ئەو كاتەی ئێران محەمەد خاتەمی نووسی, لە نامەكەدا وتیان: ئەگەر خاتەمی یاخیبوونی خوێندكارەكان تێك نەشكێنێت، ئەوا ئەوان بەهێزی سەربازی دەیكەن و هەڕەشەی كودەتایان كرد لەدژی.
محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت: سلێمانی لە ساڵانی 1999 و 2009 دابەزیە سەر شەقام بۆ داكۆكیكردن لە شۆرشی ئیسلامی دژ بە دوژمنانی شۆرش و هەنگاوی گرنگی نا بۆ سركوتكردنی ناڕەزایەتیەكان, ئەو لە بارەگای یەكەی سارو اللە تایبەت بە پاسداران, كە ئەركی پاراستنی پایتەخت بوو لە كاتی قەیرانەكاندا, لە تەموزی 1999 پەلاماری گەڕەكی قوتابیانی زانكۆی تارانی دا, لە ئەنجامدا 3 قوتابی كوژرا, زیاتر لە 200 یش بریندار بوون وە 1400 یش دەستگیر كران” قەسابخانەكە زۆر لەوە گەورەتر بوو ئەو دەیگێڕێتەوە”.
ناڕەزایەتیەكان لەو كاتەدا دژ بەو هەڵمەتی تیرۆركردنە بوو بەرامبەر بە تیرۆركردنی ژمارەیەك زۆر لە نووسەرو هونەرمەند و سیاسییە ناسراوەكانی ئێران ئەنجامدران, بەناوی دەستی نادیارەوە, وەلێ رژێم لە پشتییەوە بوو.
ساڵی 2009 ش یەكەی سارواللە دژ بە خۆپیشاندانەكانی بزاڤی سەوزەكان دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو تاوانی ئەنجامدا, كە ناڕەزایەتییەكان چەندین مانگ درێژەی كێشا , 80 كەسیان كوشت” ئەمیش زۆر زیاترە”, بە وتەی جەعفەری, سلێمانی زۆر جار لە كارەكانی ساروالڵە دەرەدكەوت لەوكاتەی پێویست بوایە ئامادە دەبوو, وە خۆی دادەبەزییە سەر شەقامەكان.
لەو ناڕەزایەتیانە بە بەرچاوی خەڵكەوە سەدان و هەزاران كەس خەڵتانی خوێن كران و گولەبارانكران, دڵڕەقانەترین شێوازی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان بوون لە جیهاندا, بەهەموو بەهاری عەرەبی 10% هێندە خەڵك نەبوونە قوربانی, بە راپەڕینی وڵاتانی خەلیجیشەوە.
بە گشتی لە كوێوە هەناسەیەك بۆ رزگاربوون لە چنگ كۆماری ئیسلامی هەبوبێت ئەو بۆ سەركوتكردن ئامادە بووە, تەنانەت بە عەمامە لە سەرە بە رواڵەت نەرمەكانی وەك خاتەمی و روحانیش رازی نەبووە, لە سوریاو عێراق و لوبنان و یەمەن هۆكاری كوشتنی سەدان هەزار كەس بووە, تەنانەت لە باشووری كوردستانیش ئەندازیاری تیرۆركردنی سەدان تێكۆشەری رۆژهەڵات بووە, جگە لەو فەزا رەشەی ئەو هێزانەی ئەو هاوكاری كردوون دایان سەپاندووە بەسەر خەڵكدا, بۆ ئەمەش دەیان و سەدان ملیار دۆلاری خەرج كردووە, بە گشتی ئەو تارمایی كوشت و بڕو سەركوت و فاشیەت بوو, پێگە جەماوەریەكەی پێگەی مەزهەبی شیعەگەرایە و تواناكەی توانا مادیەیە كە ئەژماری بێسنوور بوو لە لایەن خامنەئیەوە , دەیان كارگاو كۆمپانا و بەندەر … لە خزمەت پڕۆژەكانیدا بوون, ئەو هەڵگری پەیامی سەپاندنی رەشترین دەسەڵات بوو لە ناوچەكە, هەموو ئەم سەركوت و پارەو هژمۆنیای سەدن ساڵەی شیعەگەرا هێزیان پێ بەخشی بوو, كە گۆڤاری تایمی ساڵی 2017 , قاسم سلێمانی بە یەكێك لە 100 كەسایەتیە كاریگەرەكەی جیهان بناسێنێت, لێ كاریگەر كاریگەرە, مەرج نییە دادپەروەر بێت و شایانی نازناوی جیگوارا بێت, هەموو كاسكێت لەسەر و پۆستاڵ لە پێیەك و دێوانەی چەك هەلگرتنێك جیگوارا نییە.
قاسم سلێمانی و نەكەوتنی هەولێر
لە بەر چاومە ئەو دوا نیوەڕۆیەی تەنها 40 داعش مەخموریان گرت, هێزێكی بچكۆلەی گەریلاو پێشمەرگەو خۆبەخشی مەدەنی لە باخچەی دیار مەخمور مابونەوە, بە چاو داعشەكانی لە خوارەوە دەبینران, كەوتبوونە تاڵانی گەنمی سایلۆكەی مەخمور, وردە وردە ئەو هێزە بچوكە گەورەوە بوو, هەڵاتووەكان مەخمور غیرەتیان بە بەردا هاتەوەو لەو دیو مەفرەقی گوێر- دیبەگە گەڕانەوە بۆ باخچە, باخچە مایەوە نەكەوت, دواتر لەوێوە هێرشی بەرپەرچ ئەنجامدرا و مەخمور ئازاد كرایەوە, كورد نەگبەتە باسی ئەو هێزە ناكات كە لەوێ لەو چركە ساتە هەستیارە چەند كاتژمێرییە چەقی, كە كوردەو یەكێك لەوان ناوی پكك ەیە, كە دواتر بارزانی چوو سوپاسیانی كرد, یان ئەو هێزەی لە سلێمانیەوە هات, یان ئەو كۆنە پێشمەرگانەی بوونە فیدایی و قەرەچوغیان گرت و چەقین بەدیار شارەوە, خۆ سەنگەر عەوڵا حاجی نەگبەت یەكەم كەس بوو لێدوانی دا لە بەردەم قایمقامیەتی مەخمور لە پاش ئازادكردنەوەی, لە چركە ساتەكانی یەكەمی گرتنی مەخمور كە بەرپرسانی ئێستای هەولێر زۆریان هەڵاتبوون بە كاكە “ئ ه ” شەوە, جیڤاراكەی كوردایەتی, یان ئەو پەرلەمانتارانەی شەوەكەی لە شاشەكانەوە فشەیان لێ دەدا, هەقی وایە بە ئەرشیفدا بچنەوەو دەریان بهێننەوە, چ لەكاتی پاراستنی, یان ئازادكردنەوەی مەخمور شتێك, دەعبایەك بەناوی قاسمی سلێمانی و 70 پاسدار بوونیان نەبووە, كە ئێستا فلیمەكەیان گۆڕیووە گوایا لە ئازادكردنەوەی مەخمور بەشدارییان كردووە, وە رێگر بوونە لە كەوتنی هەولێر, دیارە لە ترسا كەس نەیوێرا بە فەرمی وەك حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی بداتەوە, پێچەوانەی ئەوە قاسم سلێمانی فەرماندەی گرتنەوەی شاری كەركووك و دوزو ناچەكانی دی بوو لە 16ی ئۆكتۆبەردا, واتا نەك شوێنی بۆ كوردان ئازاد نەكردووە و نەپاراستووەو فەزیلەتی نییە بەسەرمانەوە بگرە پانتاییەك زۆری لێ داگیر كردەوە, تەنانەت فەرمانی ئەو بوو شەوی 16ی ئۆكتۆبەر پێش ئەوەی مەكگۆرك لە پشووی كۆتایی هەفتە دەست بە دانوساندنەكانی بكاتەوە, بۆ رێگری لە بە ئاشتیانە چارەسەركردن, فەرمانی هێرشی خێرای دا, بۆ رێگا گرتن لە چارەسەری سیاسی كێشەكان, بۆیە كوردستان بە هیچ جۆرێك قەرزاری نییە, بگرە تەواو پێچەوانەكەی راستە, ئەوە باسی ئەوە مەكەن پێی بە كورد كوشتنەوە گرتووە, بگرە بەرپرسە لە هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلەكەمان لە پاش ئەو مێژووە رەشەوە هات بە دوای فتوای جیهادی خومەینی, ئەو لە رابردوو ئێستا مایەی نەهامەتیمان بێت ئەم هەموو ستایش و شیوەنە لە پای چی؟, ئەو دەیزانی باشوری كوردستان پاروە چەورەكەی ساڵی 1979 ی رۆژهەڵات نییە, بەهۆی بوونی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی رۆژئاوا لە عێراق دەنا بێ یەك و دوو هەمووی قوتە دا, نەك خاڵخاڵی و حەسەنیەك, بگرە دەیانی بۆ ئامادە دەكرد.
رۆستەمی زاڵ و ئەبو موسلمی خوراسانی یان عەلی حەسەن مەجیدە.
لای شیعەكان یان ئێرانیەكان, جگە لە ناوە ئاینییە پیرۆزەكان كە لیستەكەیان زۆرە, چ ئەوانەی كوژراون یان قەول وایە زیندوبنەوە دوای مردن بۆ درێژەدان بە ئەرك و پەیامەكانیان بگەڕێنەوە, دوو كەسایەتی وەك پاڵەوانی دانسقە نمایش دەكرێن كە ئەوانیش ئەبو عەباس موسلم خوراسانی ” 718-754 ز”, كە ئەمەوییە كافرە بكوژەكانی عەلی و حەسەن و حوسێنی و قاسمیان لە دەسەڵات روخاند, لە گەڵ رۆستەم و زۆرابی شانامەی فیردەوسی كە ئەبو قاسم فیردەوسی ” 935-1020 ” نووسیویەتی, هەردووك ئەفسانەی پاڵەوانیەتی ئێرانیەكانن و لای ئەوان لە هیزو پاڵەوانێتیدا نموونەیان لە جیهاندا نییەو نابێت, لە هەردوو بوادا ناوی قاسمیش ئامادەیە, ئێستا هەندێك قاسمی سلێمانی لە زیندوكردنەوەی خەلافەتی شیعە بەناوی مانگی شیعە دەبەنەوە سەر موسلم خوراسانی, لە پاڵەوانێتی و هێزیشدا دەیبەنەوە سەر رۆستەم و زۆراب, لێ لە راستیدا هیچكام لەو دوانە نەبوو, بەڵكە بۆ خۆی عەلی حەسەن مەجید” 1944-2010″ێكی شیعەگەرای ئێرانی بووە, عەلی حەسەن مەجید چۆن پێشتر نایب عەریفێكی فاشیل لە سوپای عێراق بوو, بەو دەسەڵاتە زۆرەی لەدوای 30-6-1987 ەوە پێی درا, بە وەحشیەت و دڕندەیی توانی ژیان لە لادێكانی كوردستان بسڕێتەوە و زیاتر لە 200000 كورد بكوژێت و هێزی پێشمەرگە لە باشوری كوردستان دەربكات, وەك لایەنی سەربازی ئەمە بۆ ناسیۆنالستی عەرەبی سەركەوتنە, هەنووكەش ناسیۆنالستەكانیان بە شانازییەوە بۆی دەگەڕێنەوە, لێ بۆخۆی دڕندەیی و وەحشیەتێكە, لای كورد عەلی حەسەن مەجید تەنها نایب عەریفێكی فاشیلی وەحشی بوو, بۆ نەتەوەییە عەرەبیەكانیش ناوبراو فەرماندەیەكی مێژووی بە بەهای سەربازی بووە, بەهەمان شێوە بۆ ئیسلامییە شیعە گەراكان سلێمانی خەونی دزراوی بۆیان گەڕاندۆتەوە, فەرماندەی بنەڕەتی سەربازی تا مردن بووە, چل ساڵ تەواو پۆستاڵی پاسداری لە پێ نەكردۆتەوە, ئەوان لە لە فردەوسدا لە باوەشی حوسێندا دەیبیننەوە, كە بەرزترین خەونی ئەفسانەیی ئەوانە, وەلێ بۆ ئێمە دەبێت هەر پاڵەوانەكەی شەڕی سێ مانگەی رۆژهەڵات و گرتنەوەی كەركوك ماڵوێرانی شاری دوز بێت, ئازادی و ئەخلاق رێگامان نادات ستایشی قاتلانی خۆمان و مرۆڤایەتی بكەین, بۆ ئازادیخوازانی ئێرانیش هەر لە جەلادێك زیاتر نییە.
ستایش بۆ قاسم سلێمانی
قاسم سلێمانی دوای 45 رۆژ ڕاهێنانە سەربازییەكەی, یەكەم گولەی تاقیكردنەوەی پراتیكی خۆی بە خەڵكی كوردستان تاقیكردەوە, یەكەم تەقەی بە كوردەوە نا لە سەركوتكردنی گەلەكەمان لە شاری مهاباد و رۆژهەڵاتی كوردستان و گرتنەوەی شارو شارۆچكەكانی و كۆمەڵكوژیكردنی خەڵكەكەی, هاوكات شوێن دەستی بە تەواوی تراژیدیاكانی سەر گەلەكەمانەوە لە دوو پارچەی كوردستان باشورو رۆژهەڵات لە ماوەی 8 ساڵی شەڕی عێراق و ئێران دیارە, هەڵەبجەو سەردەشت دوو شاری كیمیابارانكراو بەرهەمی چالاكی سەربازی ئەون, سەرباری كیمیابارانی شاری هەڵەبجە و جینۆسایدی ئەنفال.
ئەوێك سەری نێزەی سەركوتكردنی راپەڕینەكانی خەڵكی ئێرانە, سەرباری وڵاتانی دیكە, ئیتر ئەمە نە جیڤارایەو نە تارماییەو نە رۆستەمی زاڵەو نە خوراسانیشە, بەڵكە تاوانكارێكە و پیاهەڵدان بەسەریدا چ وەك كوردێك كە كورد كوژ بووە تاوانە, چ وەك كەسێك بەشدار لە تاوانی گەورە بە پێوەرە جیهانییەكان كردووە, پیاهەڵدان بەسەریدا كارێكی نا ئەخلاقییە ویڕای نكۆڵیكردنە لە تاوانەكانی, هاوكات سڕینەوەو جوانكردنی تاوانەكانیشێتی, هەقی سزا دانی هەیە, وەك لۆمۆندی فەرەنسی بە جیڤارایان ناساند, تێلەسوری فەنزوێلی بە شۆڕشگێڕی بنەڕەتیان دایە قەڵەم, ئاخ شەرمە كەم دەبینم ئیدعاكەرانی چەپ دەكەونە زەلكاوی كوێربوونی چەپەڵەوە, خۆ هەڵواسینی جارێك بن لادن و جارێك سلێمانی بە ناوی جیڤاراوە, ناشرینكردنی رێگاكەی جیڤارایە بە چەپەڵی كارەكانی ئەوان, وێڕای داتاشینی ئازایەتی درۆینەیە بۆیان, كەسێك هیچ یەكێك لەو دووەی نەبینی لە پێشەوەی هیچ نەبەردییەكدا, هەر خەڵكیان بۆ مەرگ نارد, وێڕای پەیامە نامرۆڤانەكانیان, ئەرێ گەلۆ لەو چەند ساڵەی شەڕی داعشدا, لە كاتی شەڕدا كێ سلێمانی لە شەڕگەیەكدا بینی؟؟؟؟.
قاسمی سلێمانی ئەگەر لە تاران دائەبەزییە سەر شەقام بۆ سەركوتكردنی قوتابیانی سڤیلی گەنجی بێ چەك, كەس لەبەرەی جەنگی داعش نەیبینی, هەر دوای سەركەوتنەكان بۆ سێڵڤی گرتن ئامادە بوو.
راستە سیاسیەكان كورد رزگاریان بوو, بە مردنی سلێمانی هەمووو نهێنیەكانیشیانی لە گەڵ خۆیدا بردە گۆڕەوە ,ئەو لە نەخشە دانان بۆ لەناو بردنی نەیارانی نزیكی خۆی سڵی نەكردبێتەوە دەبێت چی لەم وڵاتانە و لەم عێراق و كوردستانە كردبێت, چەند تاوانی نهێنی تێدا ئەنجام دابێت, لەگەڵ خۆیدا چ خەزێنە زانیارییەكی پڕ بەهای بردبێتە گۆڕەوە.
لە كۆتاییدا بە قسەیەكی هادی عامری كە لە یەنایەری 2015 كردی كۆتایی پێ دێنم كە وتی قاسم سلێمانی نەبوایە عەبادی نابووە سەرۆك وەزیران, پێشتریش سلێمانی مالكی و تاڵبانی لەسەر كورسییەكانیان دانابوو, لە پڕۆفایلەكەی وەك سەركەوتن بۆی نووسراوە, ئەمە وێنایە بۆ هەموو ئەوانەی لە عێراق لەسەر كورسی داندران نەك هەڵبژێردران راستە, هەموو داشی شەترەنجی سلێمانی بوون, بە چرای سەوزی ئەودا تێپەڕیون,بۆیە بۆ ئەوان شیوەن و قوڕ پێوان هێشتا كەمە بۆ مەرگی ئەم دڕندەیە.