بورهان شێخ ڕەئوف: لە پێشوازى ساڵى نوێدا 2021.
هەرچەندە کات ئاسایى دەڕوات و هەموو ساڵ وەرزەکان دووبارە دەبنەوە، ئەوە مرۆڤە ڕۆژمێرى بۆ ساڵ و مانگ و هەفتەو ڕۆژ و سەعات و چرکە داناوە وەکو یەکەى پێوانەى کات بۆ ڕاییکردنى کاروبارەکانى لە هەموو بوارەکانى ژیاندا بە خاس و خراپیەوە.
لە کاتێکدا ساڵى 2020 مان بەڕێکرد بە هەموو کێشەو قەیرانەکانیەوە، ساڵێک کە مرۆڤایەتى لە مێژووى دوورو درێژى خۆیدا ڕوبەڕوى پەتایەکى وا نەبووەتەوە کە هەموو وڵاتان هاوڵاتیانى خۆیان کرنتین بکەن لە ماڵەوە و ژیان تووشى جۆرێک لە ئیفلیجى بێت و دەرهاویشتەکانى هێندە قورس و فرە ڕەهەندن لەوەیە بۆم نەکرێت لە وتارێکى وا کورتدا باسیان بکەم.
ساڵى 2020 جیهان سەرەڕاى کۆرۆنا ڤەیرۆس و کێشەو ململانێکانى ساڵانى پێشووترى وەکو شەڕى یەمەن و ململانێ ى ئێران و ئەمریکا و شەڕى ناوخۆیى سوریا شەڕى تورکیا و کورد و… تد، چەندین شەڕو قەیران و ئاڵۆزی تازەشى بە خۆیە دى، لەوانە شەڕ لە لیبیا، شەڕى ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سەر هەرێمى نەگۆرنۆ کەرەباخ، ململانێ ى خوێناوىلە هەرێمى تیگراى ئەسیوبیا، زۆر کێشەو گرفتى تر لە کونو قوژبنى ئەم جیهانە جەنجاڵە.
هەر لەبەر هەموو ئەو کێشەو ئاریشەو قەیرانانەیە کە هەندێک کەس گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ساڵى 2020 بە خراپترین ساڵى سەدەى بیست و یەک دابنێن بە هۆى کۆرۆناو جەنگەکانەوە، ڕاستە لە سەد ساڵى ڕابردوودا مرۆڤایەتى زۆر کارەسات و ڕوداوى جۆراوجۆرى دیووە هەر لە کارەساتە سروشتیەکانەوە تا ئەوجەنگانەى بنیادەم خۆى خووڵقاندوونى، وەلى هیچیان وەکو کۆڤید 19 ەیان بە گێتى نەکردو هیچ ئومێدێکى خێراش لە ئاسۆەوە دیار نیە وا زوو کۆتایى بە نەهامەتیەکان بێنێت.
هەرچەندە ڤاکسینى کۆرۆنا لە هەندێک لە وڵاتان بەردەستەو تا ڕادەیەک دڵخۆشکەرە، بەڵام ڤایرۆسەکە خۆى دەگۆڕێت و جۆرێکى خێراترى سەرى هەڵداوە، بەڵام وادیارە کێشەو گرفتەکانى ساڵى 2020 بازدەدات بۆ 2021 یش بە کێشەو قەیرانەکانى ژینگەو تەندروستیشەو تاوەکو ئێستا چارەى بنەڕەتیان بۆ نەدۆزراوەتەوە سەرەڕای کۆنگرەو کۆنفرانسەکان لە سەر ئاستى جیهان، قەیرانى دارایى و ئابوریش تەنگیان بە مرۆڤ هەڵچنیوەو کێشەى ئاوارەو پەناهەندەکان لە کۆرۆنا سامناکترە.
عێراق و هەرێمى کوردستان
عێراقیش بە هەرێمەوە بێ بەش نەبوو لەو هەموو قەیران و کێشانە کە بەرۆکى جیهانى گرتبوو لە ساڵى 2020 ، بۆیە دۆخى ئابوورى وڵات لە لێوارى داڕماندایە بە گوێرەى ڕاپۆرتە جیهانى و ناوخۆییەکانیش، کار گەیشتە ئەوەى مووچەى کارمەندانى دەوڵەت بە قەرز دابین بکرێت لە چەند مانگى ڕابردوو دا و کەمکردنەوەى نرخ و بەهاى دینارى عێراقى لە دەستپێکى ساڵى نوێدا کە ئەمەش ئەرکى سەرشانى خەڵکى زیاتر قورس کرد، هەموو ئەمانە وایانکرد کە وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئەو ڕابگەیەنێت بە گوێرەى توێژینەوەیەک بەهاوکارى بانکى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوى یونسێف ئەنجامیانداوە ( 2.700 )
دووملیۆن و حەوتسەدهەزار کەس لە ژێر هێڵى هەژارییەوەن بە شێوەیەک کە پێشتر 6 ملیۆن کەس هەژاربوون بەڵام ئێستا 9.600 نۆ ملیۆن و شەشسەد هەزار کەس واتە 31% خەڵکى وڵات.
هیواو ئاوات
ئەوەى هیواو ئاواتى گەلى عێراقە بە هەرێمى کوردستانیشەوە لە ساڵى 2021 هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجامبدرێت و کۆتایى بە گەندەڵى و حوکمى میلیشیات و ئاژاوەو تیرۆرو خراپ بەکارهێنانى دەستەڵات وسنوردارکردنى چەک تەنها بە دەست دەوڵەتەوە.
دۆخى عێراق ئێستا لە دواى ساڵى 2003 ەوە هەرگیز لەمە خراپترو ئاڵۆزتر نەبووە هەر لە پەیوەندییەکانى نێوانە هەرێم و ناوەندەوە تاوەکو پرسى جێبەجێکردنى دەستوورو و پەیوەندى نێوان پێکهاتەن و پەیوەندى ناوخۆیى پێکهاتەکانیش لە بارێکى نەسازاو و شپرزەدایە.
سەرەڕاى هەموو ئەمانەش هێشتا ئومێد زۆرە بزاڤێکى مەدەنى ئەکتیف لە عێراق سەریهەڵداوە کە سنوورى ئتنیک و مەزهەبى تێپەڕاندووەو خوازیارى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و سەروەرى یاسایە سەرەڕاى هەموو بەربەست و ئالەنگارییەکان.