عوسمان ئیسماعیل: سەرنجێک لەسەر سازمانی ئینقلابی و کوردستان.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
کەمەپشوو لە سەری ساڵ بواری ئەوەی پێدام کاتێک تەرخان بکەم بۆ ئەو پەڕەتوکانەی بەدەستم گەیشتوون کە بۆ حەزی خۆم دوور لە ناچاری لەبەر ئیشەکەم بیان خوێنمەوە. یەکێک لەو پەڕەتوکانە ماوەیەک بەدەستم گەیشتبوو بە ناونیشانی’ سازمانی ئینقلابی و کوردستان’ کە بەڕێز حەسەنی قازی ئامادەی کردوە لە ڕێگەی وەرگێڕان – ی چەندین چاو پێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی چالاکی سازمان (ڕێکخراو)ی ئینقلابی (شۆڕش)، کەلەحزبی تودە جودا ببونەوە، و پێشکەش کردنی چەند بەڵگەی نوسینی و وێنەیی لە توێی 655 لاپەڕەدا. ڕووداوەکانی کە لە ئەم چاوپێکەوتنانە باسکراون زیاتر دەوڵەمەند کراون بە گەڕانەوە بۆ چەندین پەڕەتووکی مێژووی و بایۆگرافی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسانی ئاگاداری لە ئەو بزوتنەوەیە. لەکاتێکدا زۆربەی چاو پێکەوتنەکان کە وەرگێڕدراون هی حەمید شەوکەت – ن، بەڵآم ئامادەکەر بۆ خۆشی هەوڵی داوە پەیوەندی لەگەڵ چەندین کەسدا بکات و باسەکان لەگەڵیان تاووتوێ بکات و ڕوون کردنەوەیان لێ بخوازێت.
ئەم توێیە بەزمان -ی کوردی پێشکەش کراوە و باس لە پەیوەندی و تێکەڵ بوون لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوی ‘سازمانی ئینقلابی’ و ڕێكخراوە حزبیەکانی کوردستان دەکات بەتایبەتی لە باشوور. چڕی دەخاتە سەر ئەوکاتانەی کە ڕابەران -ی ئەم ڕێکخراوە بۆ یەکەم جار لە بەکرەجۆ لەساڵانی نیوەی دووەمی شەستەکان جێگیر بوون و هەوڵیانداوە بگەنەوە ئێران و پەیوەندی دروست بکەن و خەبات چەپایەتی بەتایبەتی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی کوردی ڕۆژهەڵات درێژە پێبدەن. لەناو هەموشیاندا باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی خوالێخۆشبوو جەلال تالەبانی ناسراو بە (مام جەلال). پەڕەتوکەکە باس لەکاریگەری هەردوولا لەسەر یەکتری دەکات و بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسیەتی کەلتوری وحزبی لەڕوانگەیەکی مێژوویی دا دەگێڕێتەوە، بەڵام کە دەیخوێنیتەوە، ناواخنەکە وەک ڕۆمانێک سەرنجت ڕادەکێشێت و دەتباتەوە قوڵایی و ترۆپکی خەباتی چەپ لەسەردمی دوای نیوەکانی سەدەی بیست. هەرچەندە زۆر جار بەشداربوانی ناو پەڕەتوکەکە هەوڵ دەدەن خۆیان بگلێنن لە تێڕوانینێکی فەلسەفی و شیکردنەوەیەکی تیۆریانە، بەڵام ئامانجی ئەم پەڕەتوکە بریتیە لە پێدانی زانیاری و پڕکردنەوەی بۆشاییەکی مێژوویی لەمەڕ پەیوەندی ‘سازمانی ئینقلابی’ و ڕێکخراوە کورستانیەکانی ئەو سەردەم. گرنگتر، چەندین ڕووداوی سیاسی گرنگ و شی کردنەوە بۆ کەسایەتی و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەخاتە ڕوو کە ئەگەر دیققەت بدرێت ئەوا تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی ئێستای عێراق و ئێران ئاسانتر دەبێت. بەنمونە، لێکترازانەکانی جوڵانەوە کوردیەکان لەگەڵ یەکتر بەتایبەتی لە حزبی دیموکراتەوە کە لە ڕۆژهەڵات سەری هەڵداوە بۆ باشوور و دوایش لێکترازانێکی تر کە هەندێکیان لەپێناوی مانەوەی خۆیان پیرۆزیەکانی خەباتیان کردوە بە قوربانی مانەوە بەناوی شۆڕشگێڕی و نیشتمان پەروەری. ئەم ڕوداوانە نەک کوردەکان بەڵکوو لەزاری چەندین ڕۆشنبیری سیاسی غەیرە کورد دەبیسترێن. ئەم ڕوداوانە لە کۆنتێکستی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ناو عێراق و ئێران زێدە ڕوونترن و تام و چێژ دەبینی لە تێگەیشتنیان.
لەکاتێکدا کە پەڕەتوکەکە چڕی تەواو دەخاتە سەر خەباتی ئەندامە چالاکەکانی ‘سازمان’ و سەرنجێکی تایبەت دەدات بە کورش لاشایی کە ئامادەکەر وێنەکەی کردۆتە بەرگی پەڕتوکەکە، ڕۆڵی ئەندامانی تری ‘سازمان’ پەڕاوێز نەخراوە. هەرچەندە کاریگەری ڕەئی نوسەر بەرچاو نیە چونکە ئەو هەوڵی داوە گێرانەوەکان لەزاری خۆیانەوە بگێڕێتەوە، بەڵام هەمە چەشن لە چاوپێکەتن لەگەڵ ئاگاداران و لەسەر بابەتەکان بەگشتی وادەکات کە خوێنەر یەقین بکات لە ڕاستی ڕووداوەکان کە چۆن ڕوویانداوە و وابکات کە بەسەرهاتەکان لە چەندین لاوە گێرانەوەیان لەلایەن چەندین کەسەوە بۆ بکرێت و بەتێکڕایی وێنەیەکی روون لەسەر ڕوداوەکان دەخاتە بەردەست.
لەم پەڕەتوکەدا زۆر بابەتی سەرنج ڕاکێش درکی پێدەکرێن، وەک چۆنێتی گەشەکردن ولەناوچوونی متمانە لەنێوان کەسایەتیەکانی ناو حزبە سیاسیە کوردیەکان لەلایەک لەنێوانی خۆیاندا و لەلایەکی تر لەنێوان ئەوان و ئەندامانی سازمان و چەندین کەسایەتی تر کە بەڕەچەڵەک کورد نەبوون. بۆ نمونە نێوانی خوا لێ خۆشبوان لاشایی ومام جەلال یان د.قاسملو و سەلاحی موهتەدی و کاک نەوشیروان و دیسان ئیرەج کەشکۆڵی و هتد باسی لێکراوە. لەکاتێکدا لاشایی دەچێتە نێو قوڵایی بزوتنەوەی سیاسی و سەربازی کورد لەباشور بەتایبەتی لەسەردەمی جیابونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەپارتی و کێشەکانی نێوانیان، ئیرەج کەشکۆڵی زیاتر چڕی دەخاتە سەر نێوانی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوە کوردیەکان لە ناوچەکانی زەڵێ و ناوزەنگ و خەباتی ئەوان لە نێوانی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەعس و ڕژێمی خومەینی -دا. لەلایەکی تر خانبابا تەهرانی هەوڵ دەدات نێوانی خۆیان لەگەڵ حزبی دیموکرات و هەڵسوکەوتی سیاسی قاسملوو و داواکاری کورد لەڕوانگەی سیاسی و دەستوری و کۆمەڵایەتیەوە لە ئێران زیاتر شرۆڤە بکات. بۆ زیاتر قورسکردنی بەهای ڕاستی ڕووداوەکان، ئامادەکەر بۆ خۆی هەوڵی داوە لەگەڵ چەندین کارەکتەری سیاسی گفتوگۆ بکات یان بەلانی کەمەوە نوسینەکانیان بکات بەپاڵپشت – ی ڕاستی ڕووداوەکان.
هەر لەم پەڕەتووکە، لە زاری کەسانێک کە کورد نین زۆر شت لەسەر کورد فێر دەبین بۆ نمونە چۆنێتی هەڵس و کەوتی کوردە دەسەڵاتدارەکان لەگەڵ ئەوانەی کە لەپێناوی دۆزی کورددا دوایان کەوتبوون. زۆر جار ئەم جۆرە جوڵانەوەی سیاسیانە بە شۆڕشی نەتەوایەتی نێوزەندکراون. چینی خوارەوەی کۆمەڵگا جگە لەوەی کە ئەرکی شەڕکردنیان لەگەڵ نەیارانی کورد پێ سپێردرابوو، ئەوان ببون بەقوربانی شەڕی ناوخۆیی کە تەنها غەیرە کوردەکانیش درکیان کردبوو کە ئەو شەڕانە نەک هەر گۆشتی یەکتریان بریندار دەکرد بەڵکو ئێسقی یەکتریشیان دەهاڕی. زۆر بەجوانی باسی ئەوە دەکەن کە چۆن شاری هەڵەبجە و دەوروبەری ببو بە جێگای ململانێی نێوای پارتی دیموکراتی کوردستان لەعێراق و باڵی مەکتەبی سیاسی. چۆنێتی یاری کردنی نەیارانی کورد بە جوڵانەوە کوردیەکان جوان باس دەکەن و دەردەخەن کە جوڵانەوە کوردیەکان بەردەوام دەبوایە لەگەڵ یەکێک لەلاکان، ئێران یان عێراق لە پەیوەندی دا بونایە و هەروەها زۆر باشیش دەیان زانی کە هەواڵگری ووڵاتان لەناویاندا بە جوڵەن. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە ئەندامانی ‘سازمان’ خوێندنەوەی تەواویان بۆ کەسانی کورد بەگشتی و گوزەرانیان وسەختی بارودۆخی ئەوان هەیە. بەتایبەتی هەندێک لەئەندامانیان پزیشک بون و لەکاتی مانەوەیان لەباشوور، زۆر جار رۆژهەڵاتیش، زۆر چونەتە نێو ژیانی کوردانەوە و ژن و منداڵ بەچینێکی چەوساوە وەسف دەکەن.
دیسان، لەم پەڕەتوکەوە چەندین بابەتی تر سەبارەت بەچەپەکان شارەزا دەبین کە ئەوانیش لە نێوان چەپی سینی ماویزم و ڕووسی یان یەکێتی سۆڤێتی ستالینی یان لینین و یان تازە سەرهەڵدراوی کوبایی و ئەمریکای لاتینی فێر دەبین. دەرگایەکە بۆ ئاشنابوون بە دابەش بوونی کۆمەڵگاکان لە ئێران بەسەر جوڵانەوە سیاسیە جیاوازەکاندا لە چەپەوە بۆ کوردایەتی و شیعایەتی و هەلپەرستە ماتێریالیستەکاندا. ئاشنامان دەکات بە واقیعێک کە چەپەکان زۆر نێودەوڵەتیانە بیریان کردۆتەوە بەڵام زۆر جاریش نائومێد بوون لەبەر ئەو ململانێ فکریانەی کە لەئەنجامی واقیع و ئایدیالیزمدا دێنە گۆڕێ.
باسێکی تر ئەوەی کە تێدەگەین ژیان لەوسەردەمانەدا چەندە سادە بوەو لەڕووی تەکنەلۆجیاوە ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوە و کۆمەڵگا لە گوزەرانێکی سەختی ئابوریدا بوون. پەیوەندیەکان لەنێوان یەکتریدا ئاسان نەبوە و ئالەتەکانی گواستنەوە هێندە پێشکەوتوو و بەردەست نەبوون. بەڵام لەهەمان کاتدا جولانەوە کوردیەکان بەردەوام دڵ گەورەتر و لێبوردەتر بوون و درێغیان نەکردوە و ئەوەندەی پێیان کرابێت هاریکاری ئەندامانی ‘سازمان’ بکەن لەگەڵ ئەم بارودۆخە قورسانەدا ژیانیان بۆ ئاسان بکەن و جێگایان بۆ بکەنەوە و قوربانیان لە پێناودا بدەن لەکاتێکدا کەلەوانەیە چاوەڕێی هیچیان لەبەرامبەردا لێنەکرا بێت.
بەهەر حاڵ، نوسەر دەیتوانیت زیاتر ڕوانگەی خۆی تێکەڵاوی بابەتەکان بکات و شیکردنەوەیان بداتێ یان ئەوەتا سەرنجی خۆی لەمەڕ بابەتەکان ڕوونتر بکردایەوە. هەروەها، جیا لە پەڕەتووکی ئاسایی، سەرەتاو کۆتایی ئەم پەڕەتوکە دیار نیە و ڕاستەوخۆ خوێنەر دەچێتە ناو بابەت و هەروەها تەواو دەبێت. بەهەرحاڵ بێت، دیارە ئامادەکەر مەبەستی سەرەکی کۆکردنەوە و پێشکەشکردن بووە نەک هەڵسەنگاندن و شیکاری.
بەگشتی و بەکورتی ئامادەکەر هەوڵێکی زۆری داوە کە لەپارچە پەرتەوازەکان وێنەیەک نایاب و نرخدار بەرهەم بهێنێت کە لەوانەیە ئەگەر پشت گوێ بخرانایە ئەوا پارچەکان یان بزر دەبوون یان بەتەنیا تەنیا ئەو مانایەیان نەدەبەخشی لە جهیانی خوێنەردا بەگشتی و لای کورد بەتایبەتی بزر دەبوون.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە