ئارام هادی: دۆستەکەی کورد لە کۆشکی سپی.
دوای دەست نیشانکردنی “برێت مەکگۆڕک” وەک ڕێکخەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکی، نێوەندی سیاسی کوردی دابەشی سەر دووبەرەکرد، بەشێکیان خۆشحاڵن کە کورد هاوڕێ یەکی لە کۆشکی سپی پلەیەکی باشی هەیە و بەشەکەیتر یەکەم بە ساویلکە و نەزان دادەنێن و دەڵێن “برێت مەکگۆڕک” جگە لە ئەنجامدانی ئەجێنداکانی وڵاتەکەی هیچیتری لێ چاوەڕوان ناکرێت، (برێت مەکگۆڕک چەند لە کورد نزیک بوو،، جیمس جیفری هەر ئەوەندە لە دەوڵەتی تورکیا نزیک بوو، بەڵام تورکیا زۆر بەباشی دۆستایەتیەکەی لەگەڵ جیفری بۆ قازانجی خۆی بەکارهێنا)، سەرباری ڕاگرتنی نیمچە هاوسەنگی یەک و باشترکردنی دۆستایەتی سەرکردەکانی کورد لەگەڵ (مەکگۆڕک)، بەڵام بەداخەوە بە ئەنجامدانی هەڵەی ڕیفراندۆم ئەو دۆستایەتیەش ساردبۆوە.
جولەکەکان قسەیەکیان هەیە کە بۆ پاراستنی پشتێنی ئەمنی لە ستراتیژی سیاسیدا کاری لەسەر دەکەن، دەڵێن: لەبەر ئەوەی دایکەکە لە خۆمانە نەوەکەشی دێتەوە ژێر ڕکێفی خۆمان” جا کاتی خۆی لە سەردەمی (ئیتحاد و تەرەقی)یەکەی عوسمانیەکاندا جولەکەکان زۆر گەش بین بوون بە هاتنە پێشەوەی “مستەفا کەمال ئەتاتوک” تەنها لەبەر ئەوەی کە چەند سەرچاوەیەکیان پشتڕاستی دەکردەوە دایکی جولەکەیە، بۆ ئەمەش باش لێی نزیک بوونەوە و هاوکاری مستەفا کەمال بوون بۆ گرتنە دەسەڵاتی یەکەم لە تورکیای کۆماردا.
بەڵێ ئێستا کورد دۆستێکی گرنگی لە کۆشکی سپی هەیە، ئەوەیتر دەکەوێتە سەر کورد خۆی تاچەند دەتوانێت سود لە هاوڕێ کەی وەربگرێت، هەروەها ئەمڕۆ شارەزایی لە خەباتی (دبلۆماسی) ڕۆڵی چەکی ئەتۆمی بۆ هەرێمی کوردستان دەبینێت، بەڵام کورد وەک زۆربابەتیتر گرنگی بەو خەباتەش نادات، دەنا دەبوو تائێستا چەند سەرکردەیەکی کورد بەتایبەت ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسن پەیوەندیان پێوە بکردایە، هەروەها ناوەندە ستراتیژیەکانی هەرێم گفتوگۆیەکی کراوەیان لەگەڵ سازکردایه، لانیکەم تەلەفزیۆنێکی کوردی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سازبکردایە، (ئەمە نەک لە بەر ئەوەی برێت مەکگۆڕک نانی بە ساجا سوتابێت، بەڵکو ئەوە کوردە لە پاڵ خەباتی سیاسی و سەربازی خۆیدا پێویستی زۆری بە توند و تۆڵکردنی پەیوەندیە دبلۆماسیەکانیەتی لەگەڵ ئەمریکا بۆ دەست نیشانکردنی ئایندەی نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا).
(پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد. نەبونی ستراتیژی ڕوون. نەزانین و بەهەڵە ئەنجامدانی کاری دبلۆماسی) سێ خاڵی لاوازی کوردن کە بە درێژایی میژوو کوردی لە زۆر شت بێ بەشکرد، دەنا دۆستێکی وەک (ئەم برێت مەکگۆرکە) شایەنی ئەوەیە زیاتر لە ڕابردوو کورد کاری هاوبەشی لەگەڵ ئەنجام بدات، چونکە ئەم پیاوە کاتێک نوێنەری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بوو لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش، دۆستایەتی پتەوی لەگەڵ سەرکردە سیاسیی و سەربازی و هەواڵگریەکانی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان پەیداکرد.
داواکاری برێت مەکگۆڕک لە سەرکردە کوردەکان چی بوو؟
ئەو کاتەی برێت مەکگۆڕک نوێنەری ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش بوو، لە ساڵی 2015 داوای لە سەرکردە سیاسیەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کە بەسێ هەنگاو کە ئەوانیش یەکخستنی هێزەکانی (پێشمەرگە و شەڕڤانان لە سوپایەکی نیشتمانیدا) هەروەها (ئەنجامدانی کاری هاوبەشی بازرگانی) دواتریش (هەڵگرتنی کۆت و بەندی تاکە دەروازەی سنوری سێمێلکای نێوان حکومەتی هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان)، باشوور و ڕۆژئاوا لێک بدەن و ئەوا بۆ ئەم مەبەستەش دڵنیایی پێدان لە پشتیوانی ئەمریکا و هاوبەشە ئەوروپیەکانیان، بەڵام بەداخەوە ئەم داواکاریە بەهۆی پشتگوێ خستنی لەلایەن پارتی دیموکراتی کورستانەوە بەئاکام نەگەیشت!!.
ئێستاش پێم سەیره بەشێک لە ئەکادیمیەکانی کورد پێگەی برێت مەکگۆڕک بەکەم تەماشادەکەن، ئەمە لە کاتێکدا تورکەکان وای دەبینن (مەکگۆڕک) داڕێژەری پلانی نزیک بونەوەی ئەمریکا و یەپەگەشه لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئێستاشەوە تا ئایندەیەکی دوور مەودا بەڕەچاوکردنی هاوسەنگی کورد بەیەک تیم و یەک ستراتیژ هاوکات پرۆژەی هاوبەش دەتوانن قازانج لەم پیاوە بکەن، لە کاتێکدا کە سیاسیەکی پلە باڵای ئەمریکایە و دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغانیشە.