كەمال محەمەد: سەردەمی عەقڵ و فیكر.
وا بۆ ماوەی سی ساڵێك ئەچێت سیاسییەكانی ئێمە فیكریان بۆ ئەوە ئەچێت ئیعتیبار بۆ سەردەمی شاخ بگێڕنەوەو لایەنە ئیجابییەكانی باس بكەن و هیچ كات نایانەوێت ڕاست و چەپێكی تەواو بەسەر ئەو قۆناغەدا بێنن و وێنەیەك باس بكەن كە حەقیقەتێكی مێژوویی و بابەتییەوە نزیك بێت. ئێمەش كە نەوەی ئەم خاكەین تا ئێستاش پرسیارگەلێكی زۆر لە ناخماندا هەر ماوەو نەمانتوانیوە لێی دەرباز بین.
تەواوی تەقەللاكانی فیكری و عەقڵی ئێمە بۆ ئەوەیە تالەم قەفەزە ڕزگارمان بێت و، ئێمەی نەوەی دوای ڕاپەڕین موبتەلای گوناهی یەكەم نەبین كە تەنها نەوەی دوای سەردەمی شۆڕش و ڕاپەرینین. ئێمەی نەوەكانی دوای ڕاپەڕین بۆ ئەوەی هەمیشە نیگەرانی چارەنوسی خۆمان و پاشەڕۆژ نەبین و فیكر و عەقڵمان لەم سیاقەی جیهانبینیەدا دابڕێژین و لە حەقیقەتی سەردەمی شۆڕش و دوای ڕاپەرینیش بگەین. ئێمە نەوەكانی دوای ڕاپەڕین ئەگەر تا ئێستا بە ڕواڵەت لە سیاسی و شۆڕشگێڕەكانی شاخ تێگەشتوین و بەتەنها سەیركردن و گوێ گرتن لێیان وامان زانیبێ ئیتر تێیان گەشتوین هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە لەسەردەمی عەقل و فیكردا مرۆڤ نابێت تەنها بەڕوكەشی شتەكان ئیكتیفا بكات و حەقیقەتیان لە ڕوكاردا ببینێت.
سەردەمی عەقڵ و فیكر بۆ ئێمە پێویستی بە عەقلییەتێكی سیمبۆلیزمییە واتە سیمبۆل و نیشانەكان لەهەمو جێ و شوێنێك بێت وەك خۆیان بۆیە پێویستە ئێمە لەوە بگەین ئەو وێنە سیاسی و حكومرانیەی سیاسییەكانی دوای ڕاپەڕین گواستنەوەی قۆناغێكی بێ فیكری جیهانبینیە بۆ سەردەمێكی تر ئەو قۆناغەش قۆناغی نوستنی عەقڵ و فیكری سەردەمییانەی جیهانبینییە، بەڵام ئەمێستا باس لە سەردەمێكی نوێ ئەكەین بۆ ئێمە كە سەردەمی عەقڵ و فیكرە بۆ ئەوەی ڕۆڵێكی گرنگتر لە بەر فراوانكردنی ئازادی فیكر و ڕۆشنگەری بگێڕین تا بتوانین شتێكی نوێ بخەینە سەر كایەی سیاسەت و زانست و پێشكەوتن و رەخنەكانمان ئاراستەی ئەوانە بكەین كە دوژمنی سەرسەختی عەقڵ و ئازادین. ئەوانەی لە نێو كلتورێكی كۆن و تەقلیدین،كلتورێكی ڕابردوخواز و كوشتەی وەعز و موجیاریكردنی سیاسی و ئەخلاقی نەوەی ئێستان.
ئێمە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت لە عەقڵییەتی میتۆلۆژی خورافیاتی سیاسییەكان، پێویستە بێداربونەوەی عەقڵ بەرەوپێشچونی فیكریمان بكەینە بنەمای گەشەو بوژانەوەی كەرتی سیاسی و ئابوری كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، چونكە بە بێ بونی زەمینەیەكی هوشیاری پتەو عەقڵانییەت ناتوانێت تەشەنە بكات یاخود بۆ ماوەیەكی دورودرێژ بەردەوام بێت تاوای لێ بێت گاف گاف سیستەمی عەقڵ و پەروەردەی فیكریمان سەردەكەوێت و لەبەرامبەریشدا كوردایەتییە تائیفی و ناسیۆنالیزمییە خورافییەكەی ئەوان لە پاشەكشەدا.
هۆكارگەلی زۆر هەن كە پێویستە ئێمە پابەندی عەقڵ و فیكرمان بین و چیدیكە نابێت بیركردنەوەو بونمان تەرێزكردن كردن بێت لە خۆشییەكانی ژیان و كۆمەڵگایەكی سۆسیۆلۆژی، ناكرێت غیابی فیكریمان ببێتە كۆسپێك لەبەردەممان تاوەكو پەل بكوتین بۆ خێروبەرەكانی مرۆڤێكی جیهانبینی، ئێمەی هاوڵاتی بەرلەوەی بەدەست هەژاری ئابوری و ژیانییەوە موبتەلاین هەژاری فیكری تەوقی داوین. ئێمە پێویستە سەرەتا میتۆدی سۆسیۆلۆژیای نسكۆو نشوستی كۆمەڵگاكەمان پراكتیزە بكەین. ئێمە تەنها ئەوكاتە لەخەونی غەفڵەت زەدەیی ڕائەپەڕین كە پرسیارگەلێكی زۆر توشی شۆكێكی گەورەمان ئەكات، چونكە تا ئێستاش ئێمە لە شۆكی باڵادەستی سیاسییە بێ روئیاكان و خەونی قوڵ و بێ دەنگیمان هەر بێ دەنگین!.
- بابەتەکانی تری کەمال محەمەد
کەمال محەمەد: سۆسیۆلۆژیای سیاسی و ھەڵبژاردن.
-كەمال محەمەد: هێرشەكانی توركیا و كۆنسێپتی شەڕ.
-كەمال محەمەد: كۆرمۆر و بەردەوامی درۆنەكان.
- All Posts