بەهرۆز جەعفەر: بە بۆنەی هاتنەوەی مەکگۆرکەوە.. بە یادی ڕیفراندۆم و 16 ی ئۆکتۆبەرەوە.
بۆ ئەوەی تێکەڵ و پێکەڵی دروست نەبێت، چەند فاکتێک ڕیز ئەکەین:
یەکەم/ لەبەرئەوەی یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان- عێراق وە خەڵکی کوردستان موراجەعەیەکی زیانەکانی شەڕی ناوخۆی نەکرد لە نەوەتەکانی ڕابردوو، کە تیایدا سەدان هەزار کورد بونە قوربانی و سەدان هەزاریش ئاوارەو شاربەدەر بون، کارەساتە نێوخۆییەکان بە بەردەوامی مانەوەو ڕەنگدانەوەی لە تێگەیشتنی ئەمریکاشدا دروست کرد.
دووەم/ وەکو هنری کیسنجەر لە وەڵامی نامەیەکی مەرحوم « مەلامستەفای بارزانی» دا کە داوای بە هاناوەچونی ئەمریکای کردبو و گلەیی لە ئەمریکا کردبو لەمەڕ شکستەکەی ساڵی 1975 دا، کیسنجەر ئەڵێت: ئەمریکا ڕێکخراوی خێرخوازیی نییە و سیاسەت و هەواڵگریی شتێکەو لایەنی ئەخلاقی شتێکی ترە… سیاسەت بەرژەوەندییە، کورد ئەبێت بزانێت چۆن پەیوەندییەکانی بەهێز ئەدۆزێتەوە، ستراتیجی بەرانبەرەکانی چییە؟. ئاوەها لەگەڵیان بڕوات. ئەمریکا هێڵی 36 و ناوچەی دژە فڕینی دروست کرد بۆ کورد، ناوچەی دژە فڕین و حکومەت ی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانی دروست کرد، کورد چوو شەڕی ناوخۆی کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا « کە ئەوکاتیش وەک ئێستا دیموکراتەکان فەرمانڕەوا بون» هاتنە سەر هێڵ و ئاشتبونەوەی یەکێتی و پارتی و ڕێککەوتنی ستراتیجیان بەرپاکرد.
ئەمریکا سەددام حوسەینی ڕووخاند و فیدراڵیەتی لە دەستوری عێراق دا چەسپاند، هەر تەنانەت دەستورەکەشیان لە ئەمریکا لەسەردەستی چەند لۆبیست و شارەزای دەستوری وەک « پیتەر گالبرێس – Peter W. Galabraith» نوسیەوە. کورد بو بە فەرمانڕەوای گەورەو یەکەم لە عێراقدا. لەبری زەمینە بۆ مافە دەستوریی و نەتەوەییەکانی کوردستان خۆش بکەن، لە کەرکوک و لە بەغدا دەستییان دا بە گەندەڵی و ڕاوڕووتی و ململانێی حیزبایەتی .
سێهەم/ کە شەڕی داعش دەست پێ ئەکات، لەبری ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیی تیرۆر کەچی یەکێتی و پارتی خەریکی چەلەحانێ کۆنەکەن و وائەزانن زەوی بە دەوری ئەواندا ئەسوڕێتەوە نەک خۆر، سوور ئەزانن ئەولەویەت و ستراتیجی ئەمریکا بریتی یە لە جەنگی دژە تیرۆر و لەناوبردنی داعش ، کەچی ئەمان دێن و ئەیانەوێ یارییەکە لە ئەمریکا تێک بدەن ئەڵێن ئێمە ڕیفراندۆم ئەکەین…!. کە تۆ وەک ستراتیجی ئەمریکا بیر ناکەیتەوەو لەگەڵ ئەوە ناڕۆیت کە ئەو ئەیەوێ نابێت چاوەڕێی بەهاناوەهاتن و هاریکاریی ئەمریکا بکەیت کە لێت ئەقەومێت. کە 16 ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا کورد لە ڕووی سیاسی و سەربازیی و دارایی و دیبلۆماسییەوە قوفڵ بو. نیوەی خاکەکەشی لە دەستدا. لە بری موراجەعەیەکی خۆی بکات و دیسکۆرسێکی نوێ دابهێنێت، دەستی داوەتە ئەوەی کە ئەمریکا خیانەتی لە کورد کردو مەکگۆرگ دژی ڕیفراندۆم بو…ە و.. ئەمریکا متمانەی نییەو… تادوایی.. هەموو دونیا ئەیزانی 16 ی ئۆکتۆبەر ڕووئەدا و چاوەروانکراوبو، ئێمە لە « پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی» لە 11 ی ئۆکتۆبەری 2017 لە هۆتێل ڕامادای شاری سولەیمانی کۆنفرانسی یەکەمی ووزەی عێراقمان بەڕێوەئەبرد، تەواوی کۆنفڕانسەکە میوانەکانی کە لە واشنتۆنەوە( بەئۆنلاین) لە بەغداو ئێران و تورکیاوە هاتبون هەموو باسی هێرشی سەربازییان ئەکرد بۆ سەر کەرکوک و کانە نەوتەکانی.
چوارەم/ ئێستا جارێکی تر دەرفەتی گەورە هاتۆتە پێشەوە، مەکگۆرک بە دەستەڵاتی زیاترەوە لە کۆشکی سپییەوە دێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆ- بایدن بوەتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان کە بە میتۆدی بنەڕەتی خۆی زۆر بایەخ بە بەهاکان و بە دیموکراسیەت و بە مافی مرۆڤ و کەمینەکان ئەدات، هەورەها تێگەیشتنی زۆر باشی بۆ پرسی عێراق و کورد هەیە، لەبری ئەوەی کورد هەوڵ بدەن یەک خیتابی و سەرکردایەتیەکی مۆدێرن بەرپا بکەن ، لەبری موراجەعەیەکی دوور لە شەڕە- گەڕەک و حیزب و بێنەوبەرەی پڕوپوچ بکەن و، ناوەوە بینا بکەن و لە دەرەوەش لەسروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێ بگەن، کەچی دیسانەوە دەستییان داوەتەوە بەزمە کۆنەکەو خەریکی گوتاری لابەلاو دوو زۆنی ئەمنی و سیاسیی و ئیداریی جیاوازن و، بەنیازن دیسانەوە بڵێن ئەمریکا نەهات فریامان بکەوێت!؟
16 ی ئۆکتۆبەر شتێکی نامۆ و سەیر نەبو، چاوەروانکراو بو، چونکە چواردە ساڵ ( 2003 بۆ 2017) یەکێتی و پارتی ( بەتایبەت یەکێتی) لە کەرکوکدا ناشرینترین و خراپترین ڕۆڵیان لە مێژووی عێراقدا گێڕا. شکستی ڕیفراندۆمیش چاوەڕوانکراو بو، چونکە بە چارەکە سەدەیەک فەرمانڕەوایی نەیانتوانی دەستورێک بۆ کوردستان بنوسنەوەو سوپایەکی یەکگرتو دروست بکەن.
ئەگەر ویست بۆ دەوڵەتسازیی و بەرز ڕاگرتنی پێگەی کورد هەیە ئەوا بێی بیسمیلاکەی ئەبێت پێداچونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو بێت دوور لەو مێنتاڵیەتەی دوێنی و ئەمرۆ پارتی و یەکێتی هەیانە.ئەگەر دوێنێ هەر ئەمریکا بو، لە ئێستاوە چین وەک زلهێزێکی نوێ بەرەو ناوچەکە ئەکشێ ئەبێت لەویش تێ بگەن!.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts