بورهان شێخ ڕەئوف: تەقینەوەکانى پێنج شەمەى بەغداد.
ئەوەى ڕۆژى پێنج شەمە لە بەغداى پایتەخت ڕویدا، گەورەترین و دڕندەترین هێرشى تیرۆریستى بوولە سێ ساڵى ڕابردوودا بە تایبەتى دواى ساڵى 2017 ڕاگەیاندنى سەرکەوتن بە سەر دەوڵەتى ئیسلامى ( داعش ) دا.
31 قوربانى و 117 بریندار بە کردەوەیەکى خۆکوژى کەلەلایەن دوو خۆکوژەوە ئەنجامدرا سەرەتا یەکێکیان خۆى تەقاندەوە و دواتر ئەوە ى تریشیان دواى هاوارکردن کە نەخۆشە و ئازارى هەیە و خەڵک لێ ى کۆبوونەوە ئەویش خۆى تەقاندەوە لە بازاڕێکى میللى دا، ئەمە یەکەمجار نیە تیرۆریستان گورزى وا لە خەڵکى هەژارو کاسبکارانى عێراق و بەغداد دەدەن، بە کردەوەى دووسەرە، لە ڕاستیدا کارەساتێکى جەرگبڕە بۆ گەلى عێراق لە سەرەتاى ساڵى نوێدا.
بۆ لەم کاتەدا؟
لە کاتێکدا یەکەم ڕۆژى دەستبەکاربوونى سەرۆکى نوێ ى ئەمریکایە، عێراقیش لە مێژە بووەتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى زۆرێک لە کێشەو ململانێکانى ناوچەکە، ئەمە دەبێت مەسجى کام جەمسەرى ململانێکانى ناوخۆ و دەرەوە بێت؟ کە بە خوێنى خەڵکى عێراق سوورە و دەخوازێت بە ئیدارەى نوێ بایدنى بگەیەنێت.
سەرکۆنەى ناوخۆیى نێودەوڵەتى
هەرچەندە کارى تیرۆریستى و پەلاماردانى خەڵکى سڤیل و زەحمەتکێش کارێکى قێزەون و ترسنۆکانەیە و دژ بە هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکانە، هەرلە یەکەم ساتەکانى ڕوودانى ئەو کردەوە تیرۆریستانە ئیدانەو ناڕەزایەتیەکى گەورەى بە دواى خۆیدا هێنا لە سەر ئاستى یۆنامى و ئەمریکا و کەنەداو ئێران و هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى دژى داعش وڵاتانى عەرەبى و حزب ولایەنە سیاسیەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانیش. بەڵام ئەوەى گرنگە لێرەدا هەرسەرکۆنەوە ئیدانەو دەرکردنى بەیاننامە بەس نین بۆ دەربازکردنى گەلى عێراق لەم مەینەتە بەڵکو پشتیوانى و هاریکارى یانە بۆ وەستانەوەو بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرو گەندەڵى و وابەستەیى.
ئەم کردەوە چی بە عێراقیەکان دەڵێت؟
ئەم کردەوە تیرۆریستیە خوێناویە جارێکى تر ئەوە بە عێراقیەکان دەبێژێت کە تیرۆر هێشتا زیندووەو کۆتایی نەهاتووە، هەر ئانو ساتێک بخوازن قەسابخانەى وا دەخوڵقێنن ، ئامانج لێ ى تێکدانى ئارامى و سەقامگیرى وڵاتە و زەمینەخۆشکردنە بۆ ئاژاوەو گێرەشێوێنى و دوور خستنەوەى زیاترى هەڵبژاردنى پێشوەختەو درێژەدان بە حوکمى میلیشیات و گەندەڵى و تاڵانانکردنى زیاترى ماڵى گشتى.
چارەسەر چیە؟
ئەوەى کە مایەى نیگەرانى و مەینەتە بۆ گەلى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پابەند نەبوونە بە دەستوورى 2005 کە زیاتر لە 80 % خەڵکى عێراق بە بەڵى دەنگى لەسەر دا لە دۆخێکى نالەبارى ئەمنى ئەو کاتەى عێراقدا، بەڵکو هەوڵدانى پێکهاتەیەکە بۆ دووبارە کردنەوەى ئەزموونى تاکڕەوى بە سەر پێکهاتەکانى ترى عێراقدا، کە ئەمش لە حەڤدە ساڵى ڕابردوودا هۆکارى سەرهەڵدانى چەندین تەوژم و ڕەوتى توندئاژۆو بوو لە ناوچە سوونە نشینەکانى عێراقدا لە شێوەى ڕێکخراوى ئەلقاعیدەو و دواتر داعش کە زیانى گەورەیان بە عێراق گەیاند لە هەموو بوارەکانى ئابورى و سیاسى کۆمەڵایەتى کە قەرەبوو کردنەوەیان وا ئاسان نیە.
پابەند بوون بە دەستوورو سەروەر بوونى یاسا و پێکهێنانى سوپاو هێزى ئاسایشى نیشتمانى و هەڵبژاردنى پاک و بێگەرد بە سەرپەرشتى نێودەوڵەتى و بەشداریکردنى هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنى وڵات و جۆرێک لە لامەرکزیەتى کارگێڕى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە پێویست و سەرەتاییەکان بۆ خەڵکى عێراق گرنتى مانەوەى گێڕانەوەى ئارامى و بنەبڕکردنى تیرۆر و کوشتوبڕن نەک میلیشیاتى بەکرێگیراوى وڵاتان.
لە کۆتاییدا خۆپیشاندانەکانى دووساڵى ڕابردووى خەڵکى باشوورو ناوەڕاستى عێراق ئەوەیان دەرخست کە ئەم حوکمڕانى و دەستەڵاتەى ئێستاى وڵات شکستى هێناوە لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا خوازیارى گۆڕانکارى ڕیشەیی سیاسین لە هەموو جومگەکانى حوکمڕانى عێراقدا، تەقینەوەى پشتێنى بۆمبڕێژکراو و شەڕى تائیفى ناتوانێت جارێکى خەڵکى تەفرە بدەن بەناوى شەڕى تائیفى و ئتنیکیەوە بیانبەنەوە بۆ سەر سنددوقەکانى هەڵبژاردن و بە داعش و تیرۆر بیانترسێنن.