ئەحمەد ڕەسوڵ: ڕەیسیزم وەک نەخۆشیی و ئاستێکی نزمی هۆشیاریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەهناز ئەفشار، ئەکتەری بەنێوبانگی ئێرانیی، لە هەڵوێستوەرگرتنیدا دژ بە ئەو بێڕێزییەی پێشکەشکارێکی “وەک دەڵێن و دەنگۆیە کە پێشکەشکارەکە بەڕەچەڵەک کورد بێت” کەناڵێکی ئێرانیی لە ئاست بەرگیی کوردیی میوانەکەی، بەرگی کوردیی پۆشیی و وێنەکەی خۆی بە بەرگی کوردییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە وەکو پڕۆتێستۆکردنی ئەو کارە شەرمئاوەرانەیە.
لەنێو هەموو نەتەوە، ئیتنیک و پێڕەوکارانی ئایین و ئایینزایەکدا کەسانی نەژادپەرست، ڕەیسیست و شۆڤێنیست هەن، هەروەک کەسانێکیش “کە زۆرینەن” هەن بە عەقڵییەت و مۆڕاڵێکی کراوە و مرۆدۆستەوە.
ئینسانێکی سادە و هەژاری تورک تاوانی نیە و هیچ پەیوەندییەکی بە فاشیزمیی ڕژێمە سیاسییە سوڵتانییەکەی ئەردۆگانی ڕەیسیست، ئاکەپە و مەلا کۆنەپەرستەکانی تورکیاوە نییە، تا تۆ لێرەوە بە چەمک و دەستەواژەی نەژادپەرستانە مامەڵەی بکەیت و بیخەیتە نێو خانەی دوژمنەکانی خۆتەوە. ئاخر منداڵێکی پاک و بێتاوانی تورک چیکردووە تا تۆ قسەی پێ بڵێی. منداڵێکی پاک و بێتاوانی عەرەب بە هەمان شێوە وەک منداڵێکی پاک و بێتاوانی کورد خاوەنی دەروونێکی پاک و بیرکردنەوەیەکی سەد لە سەد سروشتیی مرۆییە.
هەمانشێوە ئینسانێکی سادە و هەژاری ئێرانیی بەهیچ شێوەیەک بەرپرس نیە لە کاروکردەوە و سیاسەتەکانی ڕژێمە کۆنەپەرست، دژە ئازادی و دژە ئینسانییەکەی کۆماری سێدارەی ئیسلامی. هەروەها ئینسانێکی سادە و هەژاری عەرەب هیچ کاریگەریەکی بەسەر بڕیار و سیاسەتەکانی ڕژێمە سیاسییە شۆڤێنیستەکانی عێراق و سوریاوە نییە. هەروەکچۆن ئینسانێکی سادە و هەژاری کورد هیچ پەیوەندیەکی بە کاروکردەوە و سیاسەتی دەسەڵاتدارێتییە خیڵەکییە کلیپتۆکراسییەکەی کوردایەتیی یەکێتیی و پارتییەوە نییە.
تۆ دەتوانی دژ بە ئاکەپە، ئەردۆگان و ڕژێمە سیاسییە دەسەڵاتدارەکەی تورکیا قسە بکەیت نەک دژ بە هەموو میللەتی تورک. تۆ دەتوانی دژ بە عەبادی، مالیکی، ڕژێمە سیاسییە دەسەڵاتدارەکەی عێراق، حزبە سیاسییە قەومی و مەزهەبیەکانی عێراق قسە بکەیت نەک دژ بە هەموو عەرەب.
هەندێک ووشە، زاراوە، چەمک و دەستەواژە کە بەکاردەهێنرێن لەلایەن هەندێک خەڵک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوکەوە و لەلایەن هەندێ نوسەریشەوە لە نوسینەکانیاندا “بە ئاگاییەوەیە یان لە بێئاگاییەوە” جگە لە دەربڕین و گوزارشتی نەژادپەرستانە و شۆڤێنیستیی هیچیدی نین.
هەڵبەت هەندێک کەس لە هەلێک دەگەڕێن تا بیرکردنەوە و نێوەڕۆکی نەژادپەرستانە و نائینسانییانەی خۆیان گوزارشت لێبکەن و خاڵیبکەنەوە لەژێر پەردەی گوایا داکۆکیکردن لە میللەت، نەتەوە و بوونی کورد و خاکەکەی.
مرۆڤێک ئەگەر ڕەیسیست و شۆڤێنیست نەبێت بە تەواوی میللەتێک ناڵێت خراپ و دواکەتوو، یان بیابانی و پێپەتی.
تۆ ئەگەر ئازادیخواز، مرۆڤدۆست و جوانبین بیت، ئەگەر نەژادپەرست و شۆڤێنیی نەبیت ئەوا ئەگەر تەنها کەسێک لەنێو میللەتێک هەبێت ئازادیخواز و مرۆڤدۆست بێت بەسە بۆ ئەوەی قسە بە تەواوی ئەو میللەتە نەڵێیت و ووشە و دەستەواژەی شۆڤێنی و نەژادپەرستانە بەکارنەهێنی لەدژیان
ئەم شەڕە نەتەوەیی، ئیتنیکیی، دینیی و مەزهەبییانە هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی سادە و هەژاری هیچ میللەت و ئیتنیک و باوەڕداران و شوێنکەوتوانی هیچ ئایین و ئایینزایەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بەرژەوەندی ڕژێمە سیاسییەکان، هێز و حزبە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانەوە هەیە.
تۆ بۆچی دەبیتە سوتەمەنی ئەو شەڕە قەومیی و مەزهەبییانەی کە سیاسیەکان و دەسەڵاتداران هەڵگیرسێنەریین و جۆشی پێدەدەن؟! بۆچی هەمان ئامراز و هەمان زمان بەکاردەهێنی کە دوژمنە شۆڤێنییە قەومی و دینییەکەی تۆ کە یەکێکی وەکو ئەردۆگانە بەکاریدەهێنێت؟!
ئەو کەسەی ڕقێکی توند و کوێرانەی لە میللەتێک بەسەریەکەوە هەبێت و نەتەوەیەک پێکڕا بە خراپ و نائینسان دابنێت، گومانت هەبێت میللەتی کوردیشی خۆشبوێت. کەسێک ڕقی لە تەواوی خەڵکی تورک، فارس و عەرەب بێت، مومکین نیە میللەتی کوردی خۆشبوێ. ئەوانەی هەوڵدەدەن بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەی میللی و بانگەشە بۆ شۆڤێنیزمیی نەتەوەیی دەکەن، پێش هەر کەسێک زیان لە کۆمەڵگای ئێمە و خەڵکی کوردیی دەدەن. شۆڤێنیزم و ڕەیسیزم ئاستێکی زۆر نزمیی هۆشیاریی مرۆیی و ئالودە بوون و نەخۆشکەوتنی سروشتی ئینسانیی هەر کەسێکە کە بووەتە هەڵگری.
سەرباری ئەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە و ئەو تراژیدیا گەورەیەی تێیکەوتوون لە مێژووی خۆیاندا تا ئێستا ڕستەیەکتان بیستووە و دێڕێکتان خوێندووەتەوە کە تێیدا جولەکە لەسەر هۆڵۆکۆست، تەواوی میللەت و خەڵکی ئەڵمانی بە شۆڤێنیست و ڕەیسیست ناودێر بکات.
قسە گوتن بە تەواوی گروپێک لە ئینسان، ئیتنیکێک یان میللەتێک تەنها لە ڕەفتار و گوفتاری ڕەیسیست، شۆڤێنیی و نەژادپەرستەکانە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت