ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: مه‌نگوڕی یه‌كه‌م نووسه‌ری كورده له‌سه‌ر بیروڕا زیندانی كرابێت.
جیهان پڕیه‌تی له‌مێژووی ژیاننامه‌ی كه‌سانی ده‌گمه‌ن، گوڵ و بۆندار و به‌سوود له گوڵزار و چه‌مه‌ن، مێژووی نیشتمانی ئێمه‌ش هه‌زارانی لێده‌ركه‌وتووه، سه‌دان به‌هره‌مه‌ند و داهێنه‌ر و هونه‌ر و بوێژی لێههڵكهوتووه، دڕك ده‌مێنێ و گوڵ ههڵدهوڕێ، تارمایی خۆڵ ون ناكا دره‌وشانه‌وی گه‌وهه‌رێ، ئه‌وان گه‌رچی له‌ناو به‌هه‌شتی بیری خۆشنمادان، یه‌كێك له‌وان كه‌وتۆته بهریادان، مێژووی نووسیووه، خه‌یاڵی چنیوه، شیعری هۆندۆته‌وه، مێژووی ژیانی بیر خه‌ڵك و نه‌وه‌ی نوێ دێنینه‌وه تانهڵێن له‌یادان چۆته‌وه، میرزا محه‌مه‌دئه‌مین مه‌نگوڕی ناسراو بە (میرزا مەنگوڕی)، دانا و بههرهمهندێكی گه‌له‌كه‌مان، له‌مردن بێ باك، كه‌وته‌به‌ر قه‌ڵبه‌زه‌ی تاوگه‌ی په‌راوێزخستنی بیرێكی گه‌ش و ڕووناك، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگایه‌كی دواكه‌وتوو، له‌ڕۆژگارێكی تاریك و ئه‌نگوسته‌چاودا، كۆنه‌په‌ستی و خێڵایه‌تی عه‌قڵی دواكه‌وتوو له باودا، له‌ڕوویاندا ده‌وه‌ستێته‌وه و بهگژیاندادهچێتهوه، وشەكانی وه‌ك چرا داگیرسان و كوردستانیان رۆشن كردەوە. خاوەن بیروباوەڕی زانستی و پێشكەوتنخوازی و تێڕوانینەكانی هێندە تازەو مودێرن بوون، دەسەڵات و به‌شێك لهكۆمەڵگا پێشوازیان لێنەكرد.
له خوێندنی حوجره و ده‌رسی مه‌لا نا‌ئومێد ده‌بێ
میرزا مه‌نگوڕی له ساڵی 1910 له‌دایك بووه، هه‌ر به‌منداڵی له‌خوێندنی حوجره و ده‌رسی مه‌لا نا‌ئومێد ده‌بێ و ئاكامێكی لێ ده‌ستگیرنابێ، له‌ژیان تووشی چه‌ندین كێشه و ده‌رده‌سه‌ری ده‌بێت، به‌ڵام نا‌ئومێد نابێ، نه‌خشه‌ی ژیان داده‌ڕێژێ، هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن داوێژێ، له سه‌ره‌تای لاوێتی دا، كه باوكی له‌گه‌شتێكی بازرگانیدا له‌به‌غدا زۆر ده‌مێنێته‌وه، مه‌نگوڕی بۆ پرسینی هه‌واڵی باوكی له‌به‌غدا، بڕیارێكی قورس و چاره‌نووس ساز ده‌دات، به‌ڕه‌زامه‌ندی دایكی و به‌نه‌شاره‌زایی به‌ره‌و نادیار مل پێوه‌ده‌نێ، له‌ساڵی 1924 له قه‌ڵادزێوه به‌ره‌و شاری كۆیه ده‌كه‌وێته‌ڕێ، ئه‌گه‌رچی كۆیه شارۆچكه‌یه‌كی بچوك بوو، به‌ڵام بۆ مه‌نگوڕی جێگای حه‌په‌سان و سه‌رسوڕمان بوو، دواتر ده‌چێته به‌غدا وبهبینینی به‌غدای فراوان و پێشكه‌وتوو له‌چاو قه‌ڵادزێی دوور و لاچه‌په‌ك توشی شۆك ده‌بێت و ئه‌و ڕووداوه‌ی له‌لا وه‌ك خه‌وێك بووه، له‌و ده‌مه‌دا به‌غدای پایته‌خت له‌چاو ئه‌و سه‌رده‌مه كه‌شێكی جیاواز بوو، له‌و بارودۆخه‌دا كه به‌غدا ببووه ناوه‌ندێكی گرنگی گه‌شه‌كردنی بیری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی و سه‌رسام بوون به ڕۆژئاوا و هه‌نگاونان به‌ره‌و مۆدێرن له‌هه‌موو ئاسته‌كانی ژیاندا ڕه‌نگی دابووه وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مه‌نگوڕی تازه لاوێك بوو، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كان سه‌رنجیان ڕ‌اكێشا بوو، ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی عیراقی دژی ئینگلیز به‌چاوی خۆی بینی بوو، له‌هه‌مان كاتدا ئاگاداری كپ كردنی شۆڕشی شێخ مه‌حمود بوو، به زه‌بری هێز و ئاگر و ئاسن سه‌ركوت كرابوو، له‌لایه‌ن ئینگلیز هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردی ده‌دا، له‌ناو ده‌وڵه‌تی تازه دروست كراوی عیراقدا، هه‌موو ئه‌مانه بڕوایه‌كیان له هه‌ستی مه‌نگوڕی دا چاند، له‌جیاتی ته‌سلیم بوون به‌واقیعێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌وتووی ئه‌و سه‌رده‌مه، وای لێهات خه‌ون به داهاتوویه‌كی گه‌شه‌وه ببینێت، له‌ساڵی 1933 هاته‌وه بۆ سلێمانی، كه له‌و كاته‌دا گوتارێكی نوێخوازی و ناسیۆنالیستی كورد له‌ناو ڕۆشنبیرو كه‌سایه‌تیه گه‌وره‌كاندا سه‌ری هه‌ڵدابوو، مه‌نگوڕی یه‌كێك بوو له‌و ڕۆشبیره دیارانه‌ی ئه‌و كاروانه‌دا كه ناوه‌نده‌كه‌ی سلێمانی بوو، به‌و هۆیه‌وه مه‌نگوڕی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی نا له‌بواری سیاسی و ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه‌كه‌مان دا.
قه‌ڵه‌مێكی ئازا و بوێر
مەنگوڕی وەك ئەدیب و نوسەر و مێژوونوس خزمەتی زۆری كرد، خاوەنی قەڵەمێكی ئازا و بوێر‌و بیر‌و تێڕوانینێكی پێشكەتنخواز بووە، له ساڵی 1938 كتێبی “هه‌نگاوێك به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن”ی چاپ كردووه، ئەم كتێبە كەچەمك و تێروانینی نوێی سەبارەت بەدەوڵەت و ماف وئازادییەكان لەخۆگرتبوو، ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه كابهدهستانی ئینگلیزی توڕه كرد و (ئیدمۆندس) كه ئه‌و كات نوێنه‌ری ئینگلیز بوو، له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ڕاسته‌وخۆ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ بڕیاری داداگا بڕیاری ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی كتێبه‌كه‌ی دا، ئه‌و كتێبه سەرئێشەی زۆری بۆ مەنگوڕی دروست كرد، كتێبەكە قەدەغە كرا‌و هەموو نوسخەكانی كۆكرانەوە و لەناو بران و لەسزای ئەو كتێبەش مه‌نگوڕی شه‌ش مانگ زیندانی ده‌كرێت، له‌كاره‌كه‌شی ده‌رده‌كرێت، به‌مه‌ش مه‌نگوڕی یه‌كه‌م نووسه‌ری كورده له‌سه‌ر بیروڕا زیندانی كرابێت. مەنگوڕی خاوەنی دەیان كتێبی دیكەی چاپكرا و چاپ نەكراوه، لە كتێبه چاپ كراوەكانی وەك (هه‌نگاوێك بۆ سه‌ركه‌وتن، گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ، زێڕینای ئامێدی، دوو بەرگی بەسەرهاتی سیاسیی كورد، حەقائقی بەسەرهاتی شێخ مەحمود لە پەنای ئیستیقلالدا، بەهەشتی دڵداری، جیهانی ئازاد، بوكێكی ناكام) و چەندانی تر.
دوا وێستگه‌ی ته‌مه‌نی
مه‌نگوڕی به‌شێكی ته‌مه‌نی لاوی خۆی بۆ خه‌بات و تێكۆشانی كوردایه‌تی له‌ژێر ئاڵای حكومه‌تی كوردستان له مه‌هاباد پێشكه‌ش كرد و تا دوا وێستگه‌ی ته‌مه‌نی هه‌ر به‌رده‌وام بوو، دواتر له‌گه‌ڵ قه‌تاری كێشه و مه‌ینه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا دووباره له ڕانیه گیرسایه‌وه و درێژه‌ی به‌ژیانی ئاسایی خۆی دا، لەسەر هەڵوێست و بیروباوەڕی خۆی بەردەوام بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا بۆ تێگه‌یاندن و هوشیاركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه له واقیعی كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گرێت، ئیتر جڵه‌وی عه‌قڵ شل ده‌كات بۆ خه‌یاڵ و په‌نا ده‌باته به‌ر شێعر و له خه‌ودا “گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ” ده‌كات، چونكه وادیاره به‌دیهاتنی گه‌شتێك له‌خه‌ودا بۆ ئاسمان و سه‌ر ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ، له‌لای مه‌نگوڕی ئاسانتر بووه، له هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مه، له‌و گه‌شته‌یدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش به‌سه‌رهاتی پێشكه‌وتنی ژیانی مه‌ریخ ده‌گێڕێته‌وه، مایه‌ی سه‌رسام بوونه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه شدا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی بڵاوی كردۆته‌وه به‌شێكه و هه‌موو ئه‌وه نیه له و خه‌وه‌دا به‌چاوی خۆی بینیویه‌تی، هیچ دوور نیه یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی مه‌نگوڕی به‌په‌نهانی هێشتۆته‌وه هۆكاری ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات، گه‌شته‌كه‌ی هه‌نگاوێك بووه به‌سه‌ر وایعی سه‌رده‌می خۆیدا.
نه‌خوێنده‌واری و دواكه‌وتویی
مەنگوڕی له ساڵی 1971 كتێبی (گەشتی ئەستێرەی مەریخ)ی بڵاوكرده‌وه، كە چیرۆكێكی خەیاڵی زانستی بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی، كه بیركردنه‌وه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه قبوڵ نه‌كرا و ره‌ت كرایه‌وه، نه‌خوێنده‌واری و دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه جه‌ڵه‌وی خه‌ڵه‌تاندن و فریودانی پیاوانی ئاینی و سیاسی به‌سه‌ر هه‌ستی خه‌ڵكدا زاڵ بوو، بۆ خراپ به‌كارهێنانی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، له ههلچونێكی نه‌زانی و كوێرانه‌دا مه‌نگوڕی فتوای كوشتنی دراو كه‌وته به‌ر په‌لامار و بەردباران و شار به‌ده‌ركردن و گواستنه‌وه‌ی بۆ شارۆچكه‌ی ته‌وێڵه، مه‌نگوڕی بۆ هوشیاركردنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ی په‌نای برده‌به‌ر شێعر، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش هه‌مان پرسیار دووباره بكه‌ینه‌وه، كه ئه‌م واقعه ناله‌باره تاكه‌ی ده‌بێ به‌رده‌وام بێت، مه‌نگوڕی رۆیشت و لەدوای خۆی ناوبانگ و شانازی و نەمریی بەجێهێشت .پەلاماردەرانیشی لە مێژووی ئەو شارەدا بەدناوی و نەنگیان بۆ مایه‌وه، گیانی به‌رزه‌فڕی به‌ره‌و نه‌مری ڕێگای گرتبه‌ر، خۆی ڕۆیشت و هزری ڕووناكی ئه‌و ئێمه‌ی له‌ناو پرسیاردا هێشته‌وه، درودی رێز‌و وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك و پیرۆزی مەنگوڕی ئەدیب و رووناكبیر و پێشكه‌وتنخواز.
بەداخەوە ئەم رووناكبیرە گەورە و هەڵكەوتووەی گه‌له‌كه‌مان لە رۆژی 12ی كانونی دووەمی 1988 لەشاری سلێمانی بۆ دواجار ماڵئاوایی كرد، ئه‌گه‌رچی وه‌سێتی كردبوو له‌سه‌ر چیای كێوه‌ڕه‌ش بنێژرێ، به‌ڵام له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌وكاته له‌سلێمانی لەگردی سەیوان بەخاك سپێردرا. دوای راپەرینی ئازادی خه‌ڵكی كوردستان وەسێتەكەی جێبەجێ كرا‌و رۆژی 16ی ئەیلولی1992 تەرمە پیرۆزەكەی برایەوە بۆ شاری رانیە و لەئامێزی كێوەڕەشی سەركەشدا بەخاك سپێردرایەوە. هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكی میرزا محه‌مه‌ده‌مین مه‌نگوڕی و بیری ئازادی و پێشكه‌وتنخوازی ئه‌و بێت.