کۆدار خەلەف سەعید: دەسەڵاتی سیاسی کورد لەنێوان گەشەپێدانی هوشیاری سیاسی و گەوجاندنی میللەتدا.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ھوشیاری سیاسی ئاماژەیە بۆ درککردن و پەیبردنی تاک، بە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی ووڵات لەناوخۆ و دەرەوەدا، تێگەیشتنی تاکە بۆ کێشە و ڕووداوەکان، خوێندنەوە و شرۆڤە کردنی بارودۆخەکانە، زانینی جیاوازییەکانە، ھەڵوێست وەرگرتن و بڕیادانە لەسەر شتەکان. ھوشیاری سیاسی، ھوشیاری تاکە بەکۆی مافە سیاسییەکانی خۆی، مافی لەژیان، لەبیرکرنەوە، لەخاوەندارێتی، مافی لە دەربڕینی بیروڕا و بۆچوونی خۆی، مافی ڕێزگرتن و پاراستنی کەرامەتی، مافی ئەوەی سیاسییەکانی ووڵات وەک ئامانج مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، نەک وەک ئامرازێک بۆ بەدەستھێنانی ویستی خۆیان. کەواتە ھوشیاری سیاسی شێوازی ڕوانینی تاکە بۆ شتەکان، بارودۆخەکان، ڕووداوەکان، بەشێوەیەک کە لۆژیکی و واقعی بێت و سازانێکی ھەبێت لەگەڵ مافی مرۆڤ و دادپەروەری و یەکسانی، ڕەتکەرەوە و قبوڵ نەکردنی زوڵم و نادادی و نایەکسانی مامەڵەی حکومەت و دەسەڵات بێت لەگەڵ خەڵکدا.
لەژینگەیەکی دیموکراسیدا، ھوشیاری سیاسی تاک گەشە دەکات، کە تێیدا ھۆکانی ڕاگەیاندن «بینراو و بیستراو» ئازاد و سەربەخۆبن، بەئاسانی زانیاری و داتای ڕاست و درووست بگات بەتاک، ئەمەش وادەکات تاک چاوێری و بەدواداچوونی ڕووداو و باروودۆخەکان بکات، ھەستی بەرپرسیارێتی تێدا درووست بێت و دیفاع لەمافی خۆی و ئەوانیتر بکات. لەژینگەی دیموکراسی تەندرووستدا ھوشیاری سیاسی تاک کامڵ دەبێ، تاک درک بە ژینگەی سیاسی و ئەو حیزب و گروپانە دەکات کە ئینتمای ھەیە بۆیان، وەک ئەندام یان لایەنگر لێکدانەوەی عەقڵانی و لۆژیکی دەبێت بۆ کارو چالاکییەکانی ئەو حیزب و گروپانە. هەروەها تاکی ھوشیار لەڕووی سیاسییەوە ھەست بەپێگە و توانای خۆی دەکات لەکۆمەڵگەدا، وا مامەڵە لەگەڵ دەسەڵات و حکومەت دەکات کە وەک ئەوەی بریکاری بن، چاودێرییان دەکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکات لەسەر کارەکانیان، دواتر بڕیاریان لەسەر دەدات کە بۆ خولی داھاتوو بیان کاتەوە بریکار یان نا.
بەدرێژایی مێژوو، کورد ژێر دەستەی فارس و تورک و عەرەب بووە، بۆیە بەھۆی باری ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و ناخۆشی و ستەم و زوڵمی داگیرکەرانەوە، ھوشیاری سیاسی لەلای تاکی کورد گەشەی نەکردووە، ھەمیشە داگیرکەرانی کوردستان وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بەویست و ئامانجەکانیان سەیری تاکی کورد و جوڵانەوە سیاسییەکانی کوردستانیان کردووە، داگیرکەران لەڕێگەی ھۆکانی ڕاگەیاندنەوە بەرنامە و ئەجێندای خۆیانیان بەسەر بیرکردنەوەی خەڵکیدا فەرز کردووە، بەردەوام سرووشتی بارودۆخ و ڕاستی ڕووداوەکانیان شێواندووە و ڕای گشتییان بەلاڕێدا بردووە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی « 1991 » پارتی و یەکێتی دەسەڵاتیان گرتەدەست ، ئەمانیش بەھەمان شێوەی داگیرکەرانی کوردستان کۆنترۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان کرد، ھەموویان خستە خزمەتی بەرنامە و ئەجێندای حیزبەکانی خۆیانەوە، ڕاگەیاندنیان ئاراستە کرد بۆ شێواندنی ڕاستی ڕووداوەکان و گەوجاندنی تاکی کورد، دەسەڵاتی کوردی لەجێگەی ئەوەی پشتگیری گەشەکردنی ھوشیاری سیاسی تاکی کورد بکەن، پێشگیریان لێ کردوون ھەمیشە ھۆکاربوون بۆ بەلاڕێدا بردنی ئاراستەی خەڵکی و ڕای گشتی و ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستییەکان بۆ بەرژەوەندی حیزبەکانیان، لەو پێناوەشدا دەیان تەلەفزیۆنی ئاسمانی گەورەی وەک « ڕووداو و کوردستان 24 و کوردسات نیوز و پی یو کەی تی ڤی و … ھتد» خستووەتە کار و مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاریان (کە لەبودجەی گشتی دەیبەن) تێدا سەرف دەکەن، ئەم لەشکرە لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و سایت و پەیجی حیزبەکانی دەسەڵات سەرکەوتوو بوون لە سەرلێشێواندن و گەوجاندنی خەڵکدا بۆ بەرژەوەندی حیزبەکانیان، دەبینین لەھەڵبژاردنی ساڵی «2013» ھەردوو حیزبی دەسەڵات «56» کورسی پەرلەمانیان ھەبوو «38 کورسی پارتی و 18 کورسی یەکێتی»، بەڵام بەگرتنەبەری سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کە لە ھەردووکیاندا شکستیان ھێنا، لەجێی ئەوەی دووبارە متمانەیان پێ نەدرێتەوە و دەنگەکانیان کەم بکات، کەچی لەھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی «2018» کورسییەکانیان نەک ھەر کەمی نەکرد، بەڵکو بەرزبووەوە بۆ «69» کورسی پەرلەمان «45 کورسی پارتی و 24 کورسی یەکێتی». ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵاتی کوردی و ڕاگەیاندنە حیزبییە
چەواشەکەرەکەی تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوون لەوەی سەر لەتاکی کورد بشێوێنن و بەلاڕێیدا بەرن و ھەڵە و کەموکوڕی حیزبەکانیان لەحوکمڕانی و بەڕێوەبردندا دابپۆشن، ھەست و شعوری نەتەوایەتی خەڵک بجوڵێنن (ڕیفراندۆم و سەربەخۆی) ، ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی خۆیانی پێ زیاد بکەن.
لەکۆتایدا قسەیەکی هانا ئارنێتی فەیلەسوف بەبیر دێنمەوە کە دەڵێت: ئەوەی بکەری سەرەکی تۆتالیتاریەت بوو، نە نازی بوو، نە شیوعیەت بوو، بەڵکو هۆکارەکەی ئەو تاکە بوو کە جیاوازی نەدەکرد لەنێوان ڕاست و درۆدا، باش و هەڵەدا، حەقیقەتی لێ وون بوو بوو، ئێستاش تاکی کورد، بەهەمان شێوە حەقیقەتی لێ وونە..!!! نازانی کێ ڕاستە و چی ڕاستە.؟؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە