نوری کەریم: دیسانەوە کارتەکان تێکەڵکرانەوە.
ئەردۆگان لە 2013ەوە گۆڕانێکی نیگەتیڤ بەسەر پەیوەندی یەکانیدا هات لەگەڵ گویلەن، ئەو بۆشایی یەی دروستبو، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی رەگەزپەرست (کابرا بەملی شکاوی کوردە و لە سوێرک هاتۆتە دنیاوە) لەبەرژەوەندی ئەردۆگان پڕیدەکاتەوە، هەرچەندە بە چنگەکڕێ ٪10 ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەستهێنا، کەچی لەگەڵ ئەو لاوازی یە روکەشەدا، مەهەپە دەست و دەمی کاردەکات، چونکە لەگەڵ ئاک پارتی/ ئەردۆگان کلکیان تێکئاڵاندووە و لەژێر باڵی ئەردۆگاندا لەپەرلەماندا هەن! لەبەرامبەردا (مەهەپە)ش بۆ پشتگیری ئەردۆگان بەرهەڵستی ئۆپۆزیسیون دەکات و لەبەرامبەردا پۆست و پلەو پەیە وەردەگرێت وەک ئەوەی پۆستی وەزیری بەرگری درا بە هەلوسی ئاکار. مەهەپە پارتێکی ناوزڕاو وبێزراوە، ئەوان ساڵانی حەفتاکان لەڕیگەی رێکخراوی (لاوانی گورگەبۆر)ەوە سەرانی چەپ و سەندیکاکان و خوێندکارانی ئازاد یان دەتۆقاند و تیرۆردەکرد. ماوەیەکە پەیوەندی ئەردۆگان ودەوڵەت باخچەلی تەقەی تێکەوتووە، باخچەلی دەیەوێت هەدەپەی کورد قەدەغەبکرێت و ئەوەش لەبەرژەوەندی ئەردۆگان نییە، چونکە دەبێتە رێگر لەپڕۆژەی سەرلەنوێ نزیکبونەوە لە ئەورۆپا. ئەم دو ئامانجە دژ بەیەکە (لەئێستادا) ئەردۆگان و باخچەلی لەیەکتر دوردەخاتەوە و ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراتخوازیش گەرموگوڕ لەسەرخەتن بۆ رزگارکردنی ئەردۆگان لە چنگی دەوڵەت باخچەلی و دەستی بگرن راستەرێی سیستم و ژیانی دیموکراتی. وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیرانی پێشوی تورکیا، ئەحمەد داود ئۆغلۆش لە راگەیەندراویکی تەلەفیزیونیدا رایگەیاند کە رەجەب تەیب ئەردۆگان کەوتۆتە ژێر هەژمونی دەستگاکانی ئاسایش و هەواڵگری و هەوڵی لەنێوبردنێشی لەئارادایە بۆ ئەوەی سیاسەتمەدارانی سەربەخۆیان بهێننە سەرکار. تیمێل کارامول ئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی سەعادەت مەرجی تایبەتی هەیە بۆ هاوکاریی و کاری هاوبەش لەتەک ئەردۆگاندا، تیمێل کارامول دەڵیت پێویستە سیستمی هەڵوەشێتەوە و وڵات بگەڕیتەوە سەر سیستمی پەرلەمانی.
ئێمەی کورد پێویستە لەهەمو گەلانی سەرزەوی پتر چاودێری پەیوەندی یەکانی داگیرکارانی کوردستان بکەین بە زلهێزەکانەوە، سیاسەت وەک جاری جاران نەماوە، لە گۆڕان و هەڵگێڕو داگێریکی بەردەوامدایەو و لەزۆر رووەوە لە جیوە دەچێت! بەرنامەو پرۆژەکانی جۆو بایدن بەرلەوەی بچیتە بەر مێزە هێلکەیی یەکەی کۆشکی سپی، بۆکورد مژدەبەخش بو، ستافی بەڕیوەبەرایەتی یەکەشی سێ چوار دۆستی کوردو ناحەزی سەرسەختی ئەردۆگانی تێدایە، بەڵام ئێستا کارتەکان تێکدرانەوە، جورە کرانەوەیەک بەڕوی ئێراندا لە ئارادایە، چاوچاوێنێکیش لەگەڵ ئەردۆگاندا شاردراوە نییە، تورکیا رایگەیاند دەشێت سیستمی ئێس400 بەکارنەهێنین مەگەر بکەوینە بەرهێرش ئەگەر ئەمەریکاش دەستبەرداری هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ببێت. ئەمەریکاو ئەورۆپاش دەستیانکردووە بە بانگەشەی ئەوەی روسیا بەرەو دیکتاتۆریا هەنگاودەنێت و دەیانەوێت بەڕیککەوتن لەگەڵ ئێراندا، روسیا بترنجێننە گۆشەیەکی تەنگەبەرەوە.. لەو ناوەدا ئەوەی بۆ کورد دژوارە و دیارترین خاڵی لاوازێتی، ئەوانە هەریەکەیان کارتێک پتری بەهێزیان بەدەستەوەیە، کوردیش هیچ کارتێکی بەدەستەوە نییە و ئەگەر هەبێتیش کارتە سوتاوەکانن.