خالید مەجید فەرەج: موعتەزیلە.. شۆرە سوارانی ئەقڵ.
دەڵێن موعتەزیلە فیرقەیەک یان دەستەیەکی کەلامی بوون لە سەرەتای سەدەی دووی هیجریدا دەرکەوتن، بۆ داڕشتنی عەقیدەکەیان پشتیان بە ئەقڵ بەستووە، ئەم فیرقەیە باوەڕیان وایە ئەقڵ و فیترەتی سەلیم خۆیان لە خۆیانەوە دەتوانن جیاوازی لە نێوان حەڵاڵ و حەرامدا بکەن.
هەر دەگوترێت ناو لێنانیشیان بە موعتەزیلە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆ:
یەکەم/ ئەو وازهێنانە (دانیشتنە) سیاسییە( اعتزال) بوو کە دەستەیەک لە سەحابە پێی هەستان لەو کێشەیەی کە لەنێوان ئیمامی عەلی و معاویەدا ڕوویدا، واتا بێلایەنی خۆیان لە کوشتاری موسڵمان موسڵمان ڕاگەیاند.
دووەم/ تەریک بوو ن(اعتزال) ی واصل ی کوڕی عطا لە شێخەکەی و ئوستادەکەی حسن البصری لە هەندێک مەسەلەی فیقهیدا کە دواتر نەختێک بەدرێژی دێینە سەری.
بەڵام قازی الهمذانی مێژوونووسی ئەلموعتەزیلە. وای بۆ ناچێت کە ئیعتزال مەزهەب یان پەیڕەوێکی تازە یان فیرقەیەکی دروست کراوی نوێ بێت، بەڵکوو درێژ پێدراوی ئەو پەیڕەوەیە کە پێغەمبەر (د.خ) و سەحابەکانی لەسەری ڕۆیشتوون، ئەو ناوەشیان بۆیە پێدراوە، چوونکە لە شەڕ (خراپە) دوور کەوتونەتەوە (اعتزالهم الشر).لەسەر فەرمودەی پێغمبەر(د.خ) کەدەڵێت: ( من اعتزل الشر سقط فی الخیر) ئەوەی لەشەر (خراپە) دوور کەوتەوە دەکەوێتە چاکەوە ( خێرەوە).
ڕایەکی تر دەڵێت: سەرهەڵدانی ئیعتزال بەرهەمی پێشکەوتنی مێژوویی بنەماگەلێکی فیکری و عەقیدەیی بوو کاتێک بە ئەقڵێکی پەتییەوە لە دەقە ئایینییەکانیان دەڕوانی، ئەوەش لە ئاکامی کەوتنە بەر کاریگەری فەلسەفەی یۆنانی و هیندی و عقیدەکانی جولەکە و نەسرانیەکان بوو.
پێش دەرکەوتنی موعتەزیلە بزووتنەوەیەکی فیکری لەسەر دەستی واصل ی کوڕی عطا، جەدەلێکی ئایینی فیکری هەبوو بە وتە گەلێکی جەدەلی دەستی پێکرد کە بوون بە بناغەی فکری موعتەزیلە و بریتی بوون لەمانە:
* گوتەی (مقولة) مرۆڤ ئازادی ڕەهای هەیە لە هەڵبژاردنی کردەوەکانی خۆی دا. ئەوە قسەی (معبد الجهمی)کاتێک کە لەگەڵ عبدالرحمن کوڕی الأشعث.. لە عبدالملک کوڕی مەروان یاخی بوون حەجاج ساڵی 80 ی هیجری دەیکوژێت. هەروەها(غیلان الدمشقی)یش لە سەردەمی عمر کوڕی عبدالعزیزدا هەمان گوتە دووبارە دەکاتەوە و هشام کوڕی عبدالملک دەیکوژێت..
* گوتەی خەلقی قورئان و ڕەتدکردنەوەی سیفات، قسەی (الجهم کوڕی صفوان)ە سلم بن احوز لە مرو ساڵی 128 ی هیجری دەیکوژێت.
* هەروەها الجعد بن درهم سیفاتی خودای ڕەت دەکردەوە، بەدەستی خالیدی کوڕی القسری والی کوفە دەکوژرێت.
مێژوی ئیسلام زۆر ڕەوتی جیاوازی بە خۆییەوە بینیوە دیاریترینیان بە ( موعتەزیلە) بەناوبانگە کە پەیڕەوانیان بەوە ناسرابوون عەقڵیان پێش نەقڵ دەخست
با بزانین فکری موعتەزیلە چییە و کاریگەری لەسەر مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی موسڵمانان چی بووە.
بۆ چی واصل ی کوری عطا حەسەنی ی مامۆستای بەجێ دەهێڵێت ( واتا تەرکی مەجلیسەکەی دەکات)؟. ئایا جیاوازی لەنێوان هەر دوو قوتابخانەی نەقڵ و عەقڵ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە؟.
لێرەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، بێگومان مێژووی ئیسلام هیچ کاتێک بێبەش نەبووە لە جەدەلی فیقهی دەربارەی دەرچوون لە تاعەتی حاکمی زاڵم یان سازش کردن لەگەڵی و تا ڕادەی تاعەتکردنی کوێرانە. هەروەها ئەوەی کە پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکەوە هەیە و پەیوەندییەکی بەتینی لەگەڵ ئاییندا لە سێبەری حکومی خەلیفەی موسڵماناندا هەیە. ئەو جیاوازییە (خیلاف)ە لەم دوایییانەشدا لەنێوان پیاوانی ئایینی موسڵمان و بانگخوازان تا دەگاتە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە کاتێک کە لە دیاردە ئیسلامییەکان دەکۆڵرایەوە کە تەقدیسی نەقڵیان دەکرد و ئەقڵیان ئا و دیو دەکرد دەبینرا.
شاری بەسرە لە سەردەمی ئەمەویەکاندا لە ئۆردوگایەکەوە بۆ سوپاکانی ئیسلام بوو بە ئاوەدانییەکی کلتوری بۆ وڵاتە عەرەبییەکان کە لە فراوانبووندا بوون، مزگەوتەکەی بوو بە یەکەم دانشگا کە قوتابییەکانی (فقە) و توێژەرەوانی عەقیدەکان و زانستەکانی زمان و ئەدەب و شیعر و هەموو دەرگاکانی دیکەی مەعریفەت کە ئەو دەمانە بەردەست و بڵاوبوون لێی فێر دەبوون.
واصل ی کوری عطا لە مەدینەوە دێت بۆ بەسرە بۆ ئەوەی ئاوێتەی ئەو کەشە فیکری و ڕۆشنبیرییەی بێت و بە ئەفکاری هەموو ئەو ئوممەتانە ئاشنا بێت کە ئیسلام نین و شارەزای باوەڕەکانیان بێت، بەتایبەتیش ثەنەوی( Dualism) کە با وەریان بەدوو خوداوەند هەبوو تاریک و ڕوون خێر و شەڕ بەرامبەر بەوە (Monism) ئەهلی تەوحید یەکتایی کە یەک خوداوەند دەپەرستن هەروەها لە مەسیحییەکانیشەوە ئاگاداری فیکری یۆحەننای دیمەشقی بوو کە بە موناقەشە و کتێب و نووسراوەکانی داکۆکی لە عەقیدە مەسیحییەکەی خۆی دەکرد.
ئەو قەشەیە لە خێزانێکی عەرەبی مەسیحیدا پەروەردە بووبوو و چەندین پۆستی گرنگی لەبیلاتی ئەمەویەکاندا پێ درابوو، ئەو باسی لە پرەنسیپی ئیختیار ( هەڵبژاردن) دەکرد، ئەو دەیگوت مرۆڤ موخەیەرە لە کردەوەکانیدا نەک موسەیەر، واتا خۆی کارەکانی خۆی هەڵدەبژێرێت نەک بەسەریدا سەپێنرابێت یان بۆی دیاری کرابێت کە دەبێت ئەوە بکات یان ئەوە نەکات. نزیک بوونەوە لە وانە و لە ڕێگەی چڕبوونەوە لەسەر یەکتایی زاتی ئیلاهی، لە پێنج بنەماکەدا( الأصول الخمسة) دەردەکەوێت کە پەیرەوی ئەهلی عەدل و تەوحیدی لەسەر بنیاتنراو بە موعتەزیلە ناوبانگیان دەرکرد.
واصل خۆی لێ دابڕاندین ( لقد اعتزلنا واصل)
(واصل)ی قوتابی زۆر سەراسیمە بوو بە زیرەکی مامۆستاکەی و فراوانی مەعریفەتەکەی و ئاگا بوونی لە دۆزە فیقهیەکان کە بە جۆرێک بوو وای لە خەلیفە عومەر کوری خەتاب کردبوو بیکاتە دادوەری بەسرە، بەڵام ئەو خیلافەی کە زۆری نەبرد لە نێوان قوتابی و ئوستادەکەی کە سەری هەڵدا لە مەسەلەیەکدا کە جێگەی جەدەلێکی فراوان بوو لە ناوەندە ئایینییەکاندا و بە مەسەلەی(مرتکب الکبیرة)، واتا کردنی تاوانی هەرە گەورە ناو دەبرا. کە مەبەست لێی ئەو کەسەی بە ئانقەست (عمدا) ئەو گوناهە دەکات و لە ژیاندا سزای حەدی بۆ دانراوە و هەڕەشەی ئاخیرەتیشی لەسەرە، بۆ نموونە شەریک بۆ خودا پەیداکردن، یان کوشتنی بە ناهەق یان نوێژ تەرک کردن لە گوناهە هەرە گەورەکانە.
خیلافەکە لەوەوە دەستی پێکرد کاتێک کە لەحەسەنی بەسری دەپرسن ئایا بکەری گوناهی هەرە گەورە ئیماندارە یان کافر؟ ئەو دەڵێت ئیماندارێکی عاسیە(یاخیە). واصل دەڵێت ئەوە ڕاست نییە بکەری گوناهی گەورە نە ئیماندارەوە نە عاسی. ئیدی مەجلیسەکەی حەسەنی بەسری جێ دەهێڵێت. حەسەن دەڵێت: ( لقداعتزلنا واصل) واتا واصل تەرکی ئێمەی کرد لێرەوە خۆی و شوێنکەوتووەکانی بە موعتەزیلە نا و زەندە دەکرێن. بەڵام خۆیان بە خۆیان دەگوت ( اصحاب العدل و التوحید) واتا ” لایەنگرانی عەدالەت و یەکتایی”.
(واصل)ی کوری عطا مەجلیسێکی سەربەخۆی بۆ خۆی لە مزگەوتەکە پێک هێنا لەوێوە پەیڕەوە فیکرییەکەی خۆی کە لەسەر بنچینەی زاڵکردنی عەقڵ بەسەر نەقڵ دا دامەزرابوو، لە مەسەلە ئایینییەکاندا بە موریدەکانی دەگوتەوە، لە کاتێکدا کە ڕای حەسەنی بەسری زاڵکردنی نەقڵ بوو بەسەر عەقڵدا.
ئەمە دەستپێکی یەکەمین قوتابخانەی عەقڵانی ئیسلامی بوو کە هێندەی نەبرد ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری لە ژیانی فیکری و عەقیدەیی لە کۆمەڵگەی ئیسلامدا بینی و لەپشت ئەوەی کە پێی دەڵێن ( میحنەتی خەلقی قورئان)ە وە بوو واتا بوو بەهۆی کە لە سەردەمی مەئموون دا سەری هەڵدا. موعتەزیلە دەڵێن قسەی خودا خەلقی خودای گەورەیە، واتا دانراوە و بەشێک نییە لە زاتی خۆی تا بە کۆنی خۆی کۆن بێت. لە کاتێکدا ئەشعەریەکان و غەیری ئەوانیش دەڵێن کەلامی خودا سیفەتکی زاتی خودایە. موعتەزیلە وای دەبینین کە سیفەتی کاری خودا بێت ( صفة فعل للە)، واتا کەلامێکی خەلق کرد یان دای هێنا.
بە واتایەکی تر موعتەزیلە دەڵێن قورئان کەلامی خودایە مەخلوقە نەک کۆن (قەدیم)، چوونکە ئەگەر بگوترێت قورئان بە کۆنی خودا کۆنە دەمانباتەوە بۆ شوبهەی دوانەیی و شوێن کەوتنی عەقیدەی مەسیحی کە دەڵێت: ( وشە) کۆنە لەم جۆرە دوانەییەدا کە دەگوترێت قورئان کۆنە واتا شتێک هەبووە لە تەک زاتی ئیلاهیدا ئەوەش لەگەڵ تاک و تەنیای خودای گەورەدا نایەتەوە.
دەڵێن ئەشعەری هەڵوێستێکی ناوەندی لەنێوان ئەو دوو هەڵوێستەدا وەرگرتووە ئەو دەڵێت: قورئان لەهەمانکاتدا مەخلوقە کۆنیشە (قدیم)، کۆنە لەبەر ئەوەی واتاکەی پەیوەستە بەزاتی خوداوە. دروست کراویشە بە واتای ئەوەی کە لەفزو پیتەکانی و دەنگەکانیەتی کە خودا لەسەر زمانی جبریل دای بەزاندووە. ئەو بەو شێوەیە توانی چارەسەرێکی مامناوەندی ڕوون بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە و هەر دوو بۆ چوونەکە لێک نزیک بکاتەوە. دەڵێن یوحەنای دیمەشقی ئەشەعریەکانی وابەستەی کۆن بوونی مەسیح و ئەزەلیەتی کردووە کە کەلامی خودایە ئاراستەی مریەمی کردووە.
ئایا دەرچوون لە تاعەتی حاکم جائیزە؟
مەسەلەی بکەری تاوانی گەورە ( مرتکب الکبیرة) تەنها دەستپێکێک بوو بۆ بڵاو کردنەوەی پەیرەوی عەقڵانی لە مەسەلە ئایینییەکاندا و دواتر ئەوەی کە لێوەی دێتە بەرهەم لە ئاکامە کۆمەڵایەتی و سیاسەکاندا. چونکە بوونی ناکۆکی نێوان لایەنگرانی پەیرەوی عەقڵی و پارێزگارانی زاڵکردنی نەقل بەسەر ئەقڵدا، ڕەهەند گەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی وا لە خۆ دەگرێت کە میحوەرەکەی هەڵوێستە لە فەرمانرەوای زاڵم ئایا جائیزە بەرەنگاری ببنەوە یان بێدەنگ بن لێی و مل کەچی بن.
ڕای واصل و ئەوانەی کە لەدوای ئەوەوە هاتن لە ڕابەرانی موعتەزیلە ئەوە بوو کە دەبێت بەرەنگاری حاکمی زاڵم ببنەوە ئەو کاتانەش مەبەست لە حاکم حوکمی ئەمەوی بوو. بەڵام ڕای حەسەنی ئەل بەسری ئەوە بوو کە دەبێت سەمع و تاعەتمان بۆ حاکم هەبێت با زوڵم و زۆریشی لە ڕادە بەدەر بووبێت پاساوەکەشی ئەوە بوو کە ئەوان بەهێزن و ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە خوێنێکی زۆر بە بێهوودە دەڕژێت.
پەیڕەوی ئیعتزال لەسەر پێنج بنەما هەڵدەستێت:
یەکتایی ( التوحید):
ئیسپات کردنی یەکتایی خودا و ڕەت دانەوەی سیفات لێی و بە دوور گرتنی لە بەتەن کردن و جەوهەر بوونی، بە واتا لە سیفاتی وجودی بۆ ئەوەی لەگەڵ ئینسان و مەخلوقاتدا لە سیفەتێکدا لەو سیفەتانەی کە دەدرێت بە وان بەشدار نەبێت، ئەوان دەڵێن: ( خودا یەکێکە هیچ شتێک لە وێنەی نییە، نە تەنە نە تارمایی نە جەستەیە نە وێنەیە نە خوێنە نە گۆشتە نە کەسە نە بۆنی هەیە نە تام، نە شوێن دەوری داوە نە زەمان بەسەریدا تێپەر دەبێت نەدەچێتە شوێنێکەوە نەتەنیایە بە هیچ سیفاتێک لە سیفاتی خەلق وەسف ناکرێت. نە بەحەواس دەیگەینێ و نە بە خەڵک پێوانە دەکرێت و بە هیچ شێوەیەکیش لەخەلق ناچێت و بە چاویش ناتوانرێت ببینرێت و… هتد.
دادوەری ( العدل):
بەوە لێک دەدەنەوە کە حوکمەکانی خودا دەبێت بەپێی هاتنەوە لەگەڵ ئەقڵ و حیکمەتدا بێت، مرۆڤ سەربەستە لە کردەوەکانیدا. بەوپێەش هەندێک شتیان ڕەت کردەوە و هەندێکی تریشیان کرد بە واجب، ئەوان ڕەتیان کردەوە کە خودا کاری عەبدەکانی دەست نیشان کردبێت ( پێشتر بڕیاری لێ دابێت چی بکەن و چی نەکەن) ئەوان گوتیان عەبد خۆی خولقێنەری کارەکانی خۆیەتی ئەگەر خێر بێت یان شەڕ. ئەمەش پێچەوانەی جەبریەکان بوو کە باوەڕیان وایە کارەکان لای خوداوە بڕیاری لەسەر دراوە و بەشەر مەجبوورە بیانکات. جەبر لێرەدا لای لایەنگرانی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی لێ دەکەوێتەوە، چونکە جۆرێکە لە بانگەشە بۆ بێ دەنگ بوون لە حاکمی زاڵم بە پاساوی ئەوەی ئەو زوڵمەی کە دەیکات لە ئەزەڵەوە بۆی نووسراوە بیکات ( بەدەست خۆی نییە) و ناشتوانرێت هیچ لەگەڵ ئەوەی خودا ڕازی لەسەرە بکرێت.
مەنزلێک لەنێوان دوو مەنزڵدا ( المنزلة بین المنزلتیین):
ئەوان وایان دەبینی کە فاسق لە دونیادا بە هیچ جۆرێک نە بە کافر لە قەڵەم دەدرێت و نە بە ئیماندار، بەڵکوو دۆخی ئەو مەنزڵێکە لەنێوان هەر دوو مەنزڵەکەدا، ئەگەر تۆبەی کرد دەگەڕێتەوە سەر ئیمانی خۆی ئەگەر بە مکوری لەسەر فسقەکەی خۆی مرد ئەوا بۆ هەتا هەتایە لە ئاگردا دەسووتێت.
بەڵێن و هەرەشە ( الوعد والوعید):
مەبەست لێی بەدیهێنانی هەڕەشەیە لە ئاخیرەتدا بەسەر ئەوانی کە گوناهی گەورەیان کردووە (اصحاب الکبائر)، خودا شەفاعەتیان بۆ قبووڵ ناکات و کەسیان لە ئاگر دەرناهێنێت. ئەو ئیماندارەی کە لە دونیا بەتاعەت و تۆبەوە دەردەچێت شایەنی پاداشت و قەرەبووە. ئەگەریش بێ تۆبە کردن لە گوناهی گەورە لە دونیا دەرچوو شایەنی سووتانی هەتا هەتاییە لە جەهەننەمدا. بەڵام سزاکەی لە سزای کافرەکان سووکتر دەبێت، ئەو تەرحە مامەڵەیان ناو نا وعد و وعید ( بەڵێن و هەڕەشە یان ترساندن).
فەرمانکردن بەچاکەو دژ بە خراپە وەستانەوە ( الأمر بالمعروف والنهی عن المنکر):
ئەم بنەمایە هەڵوێستی موعتەزیلەی بەرامبەر بە وانەی کە خاوەنی گوناهی گەورەن (الکبائر) ڕوون کردەوە ئەگەر حاکم بن یان مەحکووم. ئەوان ئەمر کردن بە مەعرووف و وەستانەوە دژی خراپە یان کرد بە واجب بەڕەچاو کردنی توانا، بەزمان یان دەست یان شمشێر هەر چۆنێک دەست بدات بۆ ئەو کەسە، ئەوان وای دەبینن کە دەبێت شەڕی سەرانی زوڵم ئەگەر فاسق بوون بکرێت، دەبێت بەرەنگاریان ببنەوە ئەگەر لە توانادا هەبوو یان وا مەزەندە کرا کە دەتوانن بەسەریاندا زاڵ بن و ئەو خراپە یان خراپکارە لابەرن.
موعتەزیلەکان پشتگیری بەنی عەباسیان دەکرد کاتێک کە دوای بەنی ئوممەیە خیلافەت کەوتە دەستیان. لە سەردەمی مەئموون دا پایەیان بەرز بوو و کاتێک کە مەسەلەی خەلق کردنی قورئان بە ئاکارێکی سیاسیدا چوو، دوان لە شێخەکانی موعتەزیلە بە خەلیفە مەیموون دەڵێن کە باوەڕ هێنان بە خەلقی قورئان بکات بە عەقیدەی ڕەسمی دەوڵەت، هەر کەسێکیش بەرەنگاری ئەوە بووەوە سزاکەی کوشتن یان بەندکردن یان ڕزق بڕین بێت.
مەئمون ئەم ڕێگەیەی پەیڕەو کرد ئەو دەمەش بە ( میحنەتی خەلق کردنی قورئان ناسرا بوو) دیاری ترین کەس کە تووشی لێپێچینەوە هات لەبەر ئەوەی ئەو گوتەیەی ڕەت دەکردەوە ئەحمەدی کوڕی حەنبەل بوو. ئەم میحنەتە لە سەردەمی هەر دوو خەلیفە (موعتەسەم و واثق) یشدا هەر بەردەوام بوو تا وەکوو موتەوەکیل هات و سنوورێکی بۆ هەژموونی موعتەزیلەکان دانا.
ئیدی لەو کاتەوە ڕەوتە فیکریەکەی موعتەزیلە بەرە و داچوون دەچوو بە جۆرێک کە خەریک بوو لەناو بچێت، هەتا لە سەردەمی نوێدا بە شێوەیەکی کەم دەرکەوتەوە، لە بەناوبانگترین ئەو بیرمەندانەی سەردەمی نوێ کە دەتوانین بڵێین کەوتوونەتە بەر کاریگەری فیکری موعتەزیلەی کۆن: ڕفاعة الطهطاوی، جمال الدین الأفغانی، محمد عبدة، محمد ڕشید ڕضا، احمد امین و خەڵکی دیکەش.
ئەمانە بە موعتەزیلە نوێکان یان عەقڵانییە نوێیەکان ناو دەبرێت نووسەری ئەڵمانی توماس هیلدبرایت دەڵێت: چەمکی موعتەزیلە نوێیەکان یان ئەقڵانییە نوێیەکان ئاماژە نییە بۆ ڕەوتێکی فیکری دیاری کراو یان لایەنێک کە بتوانرێت ئەو ناوەی لێبنرێت، بەڵکوو چەند پێوەرێک هەیە بۆ ئەوەی حوکم بدەیت بەسەر بیرمەندێکدا کە ئینتیمای هەیە بۆ ئەو ڕەوتە لە وانە:
گرنگی پێدانی نووسەر بە نووسین دەربارەی موعتەزیلە یان پشتگیری کردنی هەندێک لە بیرو بۆ چوونەکانیان یان قسە لە سەر کردنیان بەشێویەکی ئەرێنی. لەوانە احمد امین و فاطمة میرنسی و… هتد.
هەندێک نووسەر باس لە ئازادی مرۆڤ دەکەن و ئەقڵ و هەندێک چەمکی نزیک لە فکری موعتەزیلە پێش دەخەن لەوانە: محمد کامل حسین سید قطب و مەودودی.
نووسەر هەن باوەڕیان بە فکری موعتەزیلە هەیە، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکاری تەکتیکی بەئاشکرا دەری نابڕن، بەڵام ئەوانە کەمن وەکو احمد خان، حسن حنفی.
دەگوترێت هەندێک لێکۆڵەر هەتا ئەوانەشی کە لایەنگری بیرۆکەی ئیعتیزالن، زۆر قورسە لایان جیاوازی بکەن لە نێوان ئاراستەی عەلمانی و کەوتنە بەر کاریگەری ڕۆژئاوا و پەسەند کردنی حوکمی عەقڵانی، هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نووسەرەکان ئاگاداری پلەبەندی پێشکەوتنی مێژووی فکری موعتەزیلە نین.
سەرچاوەکان
الملل والنحل ….. الشهرستانی.
القاضي عبدالجبار الهمداني … د.عبدالکريم عثمان
المعتزلة بين القديم والحديث ..محمد عمارة وطارق عبدالحليم
الفرق بین الفرق للبغدادی