دەرسیم پێشەوا: پارتی دیموکراتی بارزانی و مەجلیسی قیادەی سەورە!
هەر لە ساڵانی یەکەم و دووەمی ڕاپەڕین (1991-1992)، گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە تاکە حزب و سەرکردەیەک لە باشووری کوردستان، لە خەمی کورد و کوردستان دا نین، بەڵکو تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان و سەرکردەکانیان دەکەنەوە، بۆیە لە ناچاری دا کوردستانم جێهێشت!
دواتر، بەرە بەرە بە ڕەفتاری حزبەکان و سەرکردەکانی باشووری کوردستان بۆم دەرکەوت، کە تەواوی پارتەکانی کوردستان، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ حزبی بەعسی عەرەبی فاشیست (حزبەکەی سەدام). بۆ نموونە، ئەو تاوانانەی کە حزبی بەعس لەدژی کورد ئەنجامی دەدا، ئەوانیش لەدوای هاتنەوەیان لە ساڵی (1991)ەوە تا ئەمڕۆ بەزیادەوە پیادەیان کرد.
بەعس کەسوکاری پێشمەرگەی دەگرت، ئەوانیش کەسوکاری ئەندامانی یەکتریان دەگرت.
بەعس کەسوکاری پێشمەرگەی دەردەکرد، ئەوانیش کەسوکاری ئەندامانی یەکتریان شار بەدەر دەکرد.
بەعس لەسەر ڕیش، تەزبێحی قەزوان و جلوبەرگی ڕەش خەڵکی دەهاویشتە زیندانەکان و بە فەلاقە و هەڵواسین پێشوازییان دەکردن، ئەوانیش لەسەر جلوبەرگی سەوز و زەرد، ئەندامانی یەکتریان دەخستە زیندان و دارکارییان دەکردن، تەنانەت مامەند ساڵح مهولود ناسراو بە مامەند قەشقەی کۆنە فەرماندەی مەفرەزە خاسەی ژمارە (113)ی بەعس و دواتر فەرماندەی سەربازی پارتی خێڵی بارزان، له ڕۆژی (23.7.1994)دا له گهڕهکی باداوهی ههولێر شەش هاووڵاتی شەهید کرد، کە ئەو دوانەیان (سهردار حامید مستەفا گورزهیی (کۆیه) و قەهار سابیر یاسین)، کە تهنیا لهبهرئهوهی جلوبەرگی ڕەنگ سهوزیان پۆشی بوو، بەبێ ئەوەی هیچ دادگایەکی کوردستان گوێ لە سکاڵای کەسوکاریان بگرێت.
پارتی، لەدوای (31)ی ئابی (1996)، هەرکەسێکی دەستگیر دەکرد، گەر زنجیری لە دەست بوایە، بە پەنجە یاری پێ بکردایە، چونکە زنجیرەکە ببووە هێمای زنجیری دەبابە، کە پارتی دەبابەی هێنایە سەر هێزەکانی یەکێتی لە هەولێر، کۆیە و سلێمانی.
بەعس، ئەشکەنجەی زیندانییانی سیاسیی دەدا، ئەوانیش بەعس ئاسا ئەشکەنجەی ئەندام و لایەنگرانی یەکترییان دەدا بەهۆی جیاوازی بیروباوەڕەوە.
بەعس، تۆمەتی بۆ کەسانی دەسەمۆ نەبوو دروست دەکرد، تا زیندانییان بکات یان بیانکوژێت، ئەوان و بەتایبەتیش پارتی خێڵی بارزان بەزیادەوە ئەو ڕەفتارەی بەعسی پیادەکردووەو هەولێرو بادینانی بۆ نەیارانی خێڵی بارزان کردۆتە زیندانێکی گەورە.
بەعس، خانوو، زەوی و سامانی پێشمەرگە، زیندانیی سیاسیی و نەیارەکانی داگیردەکرد، ئەوانیش بە هەمان شێوە.
بەعس، برا، کوڕ یان باوکی لەبری کەسی داواکراو دەکوشت، ئەوانیش لە بەعس خراپتر ئەو کارە قێزەونەیان ئەنجام دا.
بەعس، چەندان حزبی کارتۆنی بۆ شێخ ستار تاهیر شەریف، مەلا ماتۆڕ و عەزیز عەقراوی دامەزراند، ئەوانیش چەند حزبێکی کارتۆنییان وەکو بەعس کۆپی کرد، یان بوونە داردەستی پارتی و یەکێتی.
بەعس، دادگایەکی بەناوی دادگای شۆڕش (محکمة الثورة) دامەزراند بۆ سزادانی ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستکاران، لە کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، ئەمڕۆکە هەر دادگایەک بۆتە (مەحکەمە سەورە)یەک!
بەعس، مەجلسی تەشریعی و تەنفیزی بۆ کوردستانی بەناو ئۆتۆنۆم دامەزراند، ئەوانیش هەمان شتیان کۆپی کرد بەناوی (پەرلەمانی کوردستان) و (ئەنجومەنی سەرۆکایەتی وەزیران)، بۆیە بەو چاوەی کە سەیری ئەندامانی تەشریعی، تەنفیزی، وەزیر و پەرلەمانتاری ئێراقیم دەکرد، ئێستاکە بە هەمان چاو سەیری پەرلەمانتار، وەزیر و دادوەرەکانی کوردستان دەکەم و هەمان هەژماریان بۆ دەکەم.
بۆیە پێشنیار دەکەم، کە پارتی دیموکراتی بارزان (فەرهاد سەنگاوی گوتەنی: پارتی دیموکراتی کوردستان، نە پارتە، نە دیموکرات و نە کوردستانیش)، ئەنجومەنێک لە پارتی دیموکراتی بارزان بەناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش (مجلس قیادة الثورة) دابمەزرێنێ، بۆ ئەوەی سەدا سەد پارتی ببێتە کۆپی تەواوی حزبی بەعس و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی (مجلس قیادة الثورة)دا بڕیارەکانی خێڵی بارزان بسەپێنێ و تاکڕەوانە فەرمانڕەوایەتی باشووری کوردستان بکات، هەرچەندە لە ڕاستیدا هەموو بڕیارەکانی خێڵی بارزانە، کە لە (مجلس قیادة البارزان) دەردەچێت و وەکو بڕیارەکانی مەجلسی قیادەی سەورەی بەعسی لێهاتووەو، بەناو هەر سێ دەزگاکانی (پەرلەمانی خێڵی بارزان، حکومەتی خێڵی بارزان و ئەنجومەنی دادوەری بارزان)، بێگرێ وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێن.
لە هەمووی سەیرتر، لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، میدیاکانی پارتی بارزانی بە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی کوردستان (المجلس التشریعي لمنطقة کوردستان)، ئەنجومەنە کارتۆنییەکەی بەعسیان دەگوت ئەنجومەنی پینەوپەڕۆ (المجلس الترقیعي)، کە هەمان کات (الرکوع) مانای چەمانەوەش دەگەیەنێت!
جا کێشەکە ئەوەیە، کە پارتی خێڵی بارزان، بە لاسایی کردنەوەی حزبی بەعسی هاوپەیمانی (1991-04.09.2003)، پەرلەمانی کوردستان (پەرلەمانی خێڵی بارزان)، حکومەتی هەرێمی کوردستان (حکومەتی خێڵی بارزان) و دادگاکانی کوردستان (دادگەی خێڵی بارزان)ی کردۆتە سێ دەزگای پینەوپەڕۆ و بە ئارەزووی خۆی یارییان پێ دەکات و بۆ بەرژەوەندی خێڵی بارزان و پارتی بەکاریان دەهێنێت.
هەروەها پارتی خێڵی بارزان، گەر باوەڕی بە (پینەوپەڕۆ و چەمانەوە) نەبووەو نییە، ئەی بۆ بەدرێژایی ئەو (40) ساڵەی دوایی (1980-2020)، لەسەر ئاستی ناوچەکەدا بۆتە کرێگرتەی هەموو دوژمنانی کوردستان (ئێران، تورکیا، ئێراق و سوریا) و بۆیان چەماوەتەوە، لەسەر ئاستی کوردستانیش، هەموو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان و حزبە کوردستانییەکانی (لەو پەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی ڕاست) چەماندۆتەوە و چەندان دامودەزگا (پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری)، حزبی پینەوپەڕۆی کوردستانی و تورکمانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی و پارتی دامەزراندووە!
ئەو دادگاییکردنی دوێنێی، ڕێکەوتی (16.02.2021)ی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان، کە جگە لە شانۆگەری و دادگایەکی قەرەقوشیانەی پارتی خێلی بارزان، حکومەتی بارزان، پەرلەمانی بارزان و دادگەی بارزان شتێکی دیکە نەبوو، مەرگەر لاساییکردنەوەی دادگاکەی عەواد بەندەری مەحکەمە سەورەی هاوپەیمانی (22) ساڵەیان بێت، کە ئەوەندەی تر ڕوخساری کورد و هەرسێ دەسەڵاتی (پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران و دادوەری) لە هەرێمی باشووری کوردستان قێزەونتر کرد!
تێبینی:
یەک/ هەر کەس، ڕۆژنامە و پێگەیەک، نووسینەکانم بەبێ ناوهێنانم بڵاوبکاتەوە، بە دز ناوی دەبەم، چونکە تەنیا وشەی (وەرگیراوە) بەبێ ناوهێنانم، دزییەکی بێگەردە و رەتی دەکەمەوە.
لە ترسی دزەکان، ئەگینا خۆم شەرم دەکەم،، کە هەم لای سەرەوەو لای خوارەوەش ناوی خۆم دەنووسم، جا تکایە واز لە دزی کردن بێنە و منیش شەرمەزار مەکە.
دوو/ وێنەکە لە ماڵپەڕی خەندان وەرگیراوە.