عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: یاسا و دۆخی دادگاکان لەزاری شارەزایانی بوارەکە خۆیانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەنها چەندلێدوانێکی بەرپرسان و پسپۆڕانی بواری یاساو دادگاکان بەسن کە بەنمونە بیهێنینەوە بیری هەموان کە چۆن و چەندە بەڕوون و ڕاشکاوی پێناسەی دادگا، و یاساو سەروەر بونی یاسا دەکەن لەهەرێمی کوردستاندا، لەنمونەی ئەو لێدوانانەش:
1ـــ فاروق جەمیل وەزیری دادی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیدارێکیدا لەتەلەفزیۆنی (KNN) لەبەرواری ( 19-12-2016) دەڵێت ( شتێک نیە بەناوی سەروەربوونی یاسا، و ئەوانەی باسی سەروەری یاسادەکەن خودی خۆیان یاسا پێشێل دەکەن، و کەسێک نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵدابکات).
2ـــ خاتوو ناز نوری دادوەرو سەرۆکی پێشوتری داواکاری گشتی سلێمانی لەدیدارێکیدا لەگەڵ گۆڤاری (ژن مەگەزن) لەمانگی (11 ی ساڵی 2016) دەڵێ (ئەوەی بینیم یاسا نوسراوێکە بەرژەوەندی خاوەن پارەو دەسەڵات دەپارێزێت لەسەر حسابی خەڵکی هەژار، کە لەمانگی (7 ی ساڵی 2014 )کەلەدادگا هاتمە دەرەوە کتێبخانەیەکی گەورەم هەبوو کە پڕبوو لەکتێبی یاسایی، پاسەوان و کارگوزارەکان لێیان پرسیم چی لەکتێبەکان بکەین؟ منیش پێم وتن دەتوانن هەموی بسوتێنن چونکە بڕوام بەهیچ شتێک نەماوە، دوای (27) ساڵ لەپیشەی پارێزەری بۆم دەرکەوت کە یاسالەوڵاتی من تەنها ناوەو درۆیە )
3ـــ ڕزگار محەمەد ئەمین ئەو دادوەرەی تاوانبار سەدام حسێنی سەرۆکی پێشوی عێراقی دادگایی کرد، و ئەندامی ئێستای دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستانە لەنوێترین لێدوانیدا بۆ دەنگی ئەمریکادەڵێت ( نزیکەی 40 ساڵ دەبێت لەدەزگای دادوەریدا کاردەکەم، لەئێستاخراپتر باری دادوەریم نەبینیوە لەعێراق بەگشتی ولەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی )
4ـ- لەتیف مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پێشوی نوێنەرانی عێراق و یەکێک لەدادوەرە دیارو بە ئەزموونەکان لەنوێترین لێدوانیدا لە (17-2-2021) بۆبەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمریکا دەڵێت ( لەمڕۆوە شتێک نەما بەناوی دادگاوە، دادگا سەربڕدرا، و بوو بە درێژکراوەی لق ومەڵبەند )
ئەم وتەو لێدوانانە کەهی کەسانێکن مەیدانیەن ساڵانێکی زۆر لەبوارەکەدا کاریان کردوە دەبینین و دەبیستین بەسە بۆئەوەی هەموان ئەو ڕاستیە بزانین کە حاڵی دادگاکان وەک هەموو کایەکانی تر کە حوکمڕانی خۆماڵی و دەسەڵاتی کوردی لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەیان بردوەو دەیبەن لەحاڵی سێکتەروکایەکانی ترخراپتر نەبێت باشترنیەو ئەوەش کارەساتە گەر بەدیقەتەوە لێی بڕوانرێت، چۆن لەم سێکتەرە گرنگەدا بەتەواوەتی دەستی حیزب زۆر زاڵەو لێرە زیاتر ڕۆچۆتە هەموو جومگەکانەوە.
ڕاستە لە نێو دادگاو دامەزراوەکانی پەیوەندیدار دادوەروخەڵکانی خەمخۆرو دڵسۆز بەیاساو حوکمی ڕەشید بونیان هەبوەو هەیە، بەڵام جگە پەراوێز نەخستنی ئەو جۆرە کەسانە هەر گوێشیان لێنەگیراوەو زۆر جاریش کۆسپ و تەگەرەشیان بۆ دروستکردوون یاخود بە جۆرێک لەجۆرەکان سزادراون، یاخود بەشێکیان بەهۆی دەستوەردانی حیزبەوە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
بۆیەکاتیەتی هەوڵەکان گشتگیرترو چڕوپڕتر بکرێنەوە لەپێناو دوورخستنەوەی دەست و هەیمەنەی حیزب و کەسەکان بەسەر دەزگاو دامەزراوەکان بەگشتی، و دادوەری و دادگاکان بەتایبەتی، وە جیاکردنەوەی تەواوەتی دەسەڵاتەکانی یاسایی، جێبەجێکردن و دادوەری کەلەئێستادا جۆرێک لەتێکەڵ و پێکەڵی بەڕوونی پێوەیان دیارە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت