چێنەر عەوڵا: وەبەرهێنانی چین لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەکانی.
سەرەتا با پلانی چینتان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بۆ روونکەمەوە دواتر دێینە سەر باسی چین لە کوردستان!
لە دواین چاو پێکەوتنیدا (ئەنتۆنی بلینکنی) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی چینەوە پێی وایە لە دوو دەیەی داهاتودا گەورەترین چاڵنج کە ڕوبەرووی ئەمریکا دەبێتەوە پاوانخوازیەکانی چینە، هەمان ئاماژە لە نوسینەکانی جۆن بۆڵتنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی پێشوی ئیدارەی کۆماریەکان باسکراوە.
کەواتە کۆدەنگیەک لە نێوان هەردوو حیزبەکەی ئەمریکا هەیە بەرامبەر چین، بە حوکمی ئەوەی چین لە گەشەی خێرایەوە کە بە جۆرێک لە خۆ گونجاندنی لەگەل سیستەمی سەرمایەداری بە ڤێرژنی چینی بەدەستی هێناوە خەریکە دەبێ بە هێزێکی ئابوری کاریگەر ئەو هێزە ئابوریەشی دەگۆڕێ بۆ هێزێ سەربازی و جیۆپۆلەتیکی ترسناک! کە هەرەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی رۆژئاوایەکان. بۆیە وەزیری دەرەوە پێی وایە جەنگی ساردی دووەم لەگەل چینە، بۆ بردنەوەشی پێویستیان بە هاوپەیمانی فراوانترە لە دەرەوەی هاوپەیمانیەتی ناتۆ بەتایبەت هاوپەیمانی لەگەل ئەو ولات و هەرێمانەی کە شوێنکەوتەی ستراتیجیان هەیە.
لە مێژوودا هەلکەوتەی جوگرافی لە هاوسەنگیە دەولیەکاندا هەموو کات گرنگی هەبوە یەکێک لەو هۆکارانەی کە لە شەستەکان بووە هۆی وەرگرتنی تورکیا لە ناتۆ شوێنکەوتەی جوگرافی بوو کە نزیکی لە یەکێتی سۆڤیەت و بۆ ڕێگە گرتنی هەژمونی سۆڤیەت بەسەر رۆژ هەلاتی ناوەراست تورکیا وەکو بەربەستێک وابوو. جا گەر سەیرکەین چین سیناریۆی 70 ساڵ بەر لە ئێستای شەڕی سارد دوو بارە دەکاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵاتان.
بە پێی هەندێک زانیاریە ئاشکرابوەکان و وێنە سەتەلایتیتەکانیش پشت راستی دەکەنەوە لە دەریای جنوبی چین، وا چین خەریکی دروستکردنی دورگەی دەستکردە لە ناوەراستی ئاوە نێو دەوڵەتیەکان بۆ ئەوەی ئەو دورگانە بکا بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی و لە هەندێک لەو دورگانە هێزی دەریایی جێگیر کردوە بەمەش 12 مایڵی دەریایی دەکات بە بەشێک لە خاکی خۆی بەو شێوەیە کۆنترۆڵی یەک لەسەر سێی ڕێگای تیجارەتی کەشتیەوانی جیهانی دەکات لە جنوبی ئاسیا، کە ئەمەش نارەزایی ولاتانی ناوچەکەی لێکەوتۆتەوە بە تایبەت فلیپین و ڤێتنام و مالزی چونکە قورگی ئابوری وڵاتانی ئەو ناوچەیەی گرتوە بۆیە ئەو وڵاتانە ئەمریکایان بانگهێشتی ناوچەکە کردوە!
لە لایەکی تر لەو ساڵانەی دوایدا لە وڵاتانی ئەفریقا، چین بە سەدان ملیاری خستۆتە وەبەرهێنان ئەوەی ڕوونە کە ئەو وڵاتانە توانا دانەوەی قەرزی ئەو وەبەرهێنانە زەبەلاحەیان نیە دەی کەوایە چین بە چ مەبەستێک چوەتە ئەفریقا؟ بۆ وەلامی دەبێ سەیری دروستکردنی گرنگترین بەندەر لە سریلیۆنا و جیبوتی بکەین دوای ئەوەی بەندەرەکان تەواو بوون حکومەتی ئەو وڵاتانە توانای پێدانی خەرجی بەندەرەکەی بە کۆمپانیا چینیەکە نەبوو بۆیە چین حکومەتی ئەو ولاتانەی ناچار کرد کە بە سەروەری تەواوەوە بەندەرەکان بۆ 100 ساڵ تەسلیمی چین بکات ئێستا چین سوپای بردۆتە ئەو ناوچەیە و بەندەرەکان بۆخۆی راستەوخۆ بەرێوە دەبا کە سەدا 30 تیچارەتی کەشتیوانی ئەفریقاو ئەوروپای پێدا تێدەپەرێ. دەتوانین بڵێین (چین لە هەموو ئەولاتانەی وەبەرهێنان دەکا مەرجی مەجبور کردنی ئەو ولاتانە بە وازهێنان لە بەشێک لەسەروەریان بۆ کۆمپانیا چینیەکانە).
ئەوەی پێشبینی کراو بوو ئەوەیە کە ئێستا چین ڕووی کردۆتە ڕۆژهەلاتی ناوەراست و دەیەوێ بە هەمان تاکتیک کە لە سەرەوە باسمانکرد داگیری بکات:
* هەوڵی دروستکردنی درێژترین ڕێگای ئاسنی ( شەمەندەفەر) بە بڕی 62 ملیار دۆلار بە ناو خاکی پاکستان تا بگاتە سەر دەریای عەرەب و مافی بەکار هێنانی ئەو ڕێگایە بۆ چین کراوە دەبێ.
* هەوڵی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بەندەری شاری بەیروت لە لوبنان و بەکارهێنان و ئیدارەدانی تەواوەتی بۆ ماوەیەکی نەزانراو لەلایەن چینەوە. کە ئەمەیان نارەزایی فەرەنسای لێکەوتۆتەوە!
* دواینیان هەوڵی وەبەرهێنای چینە بە بڕی 5 ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان بە دروستکردنی شارێک (هەپی سیتی) و بازاری بازرگانی ئازادی چینی لە ناو هەولێر.
جێگای سەرسورمانە (سامان عارب)ی بەرێوەبەری وەبەرهێنانی هەرێم بە شانازیەوە باسی لەوە دەکرد کە توانیویوتی سەر کونسوڵی چین رازی بکات بۆ ئەم پرۆژە هەمە لایەنە، بێ ئاگا لەوەی کە چین لە تەواوی ولاتە بیابانیەکانی ئەفریقا وەبەرهێنان دەکا بۆ کۆنترۆلکردنی سیاسی ناوچەکە. ئەوەی کەترسناکە هێنانی چین بۆ هەرێم واتە کردنی چین بە خاوەن قسە لە سەروەت و سامانی رۆژهەلاتی ناوەراست بە گشتی و عێراق بە تایبەتی (ئەوەی کە ئیدارەی جۆرج بوش دوو ترلیۆن دۆلاری بۆ سەرف کردوو 4000 سەربازی زیاتر بۆ بە کوشدا وا حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە بەلاش بە چینیەکانی دەدا).
گەر سەیر کەین چین لە سێ خاڵەوە (لوبنان ، پاکستان و هەرێم) وە هاتۆتە رۆژهەلاتی ناوەراست، سێ لە موفلسترین و لاوازترین ناوچە بۆ ئەوەی لە داهاتوو توانای دانانی هیچ مەرجێکیان نەبێ. ئەمە جیا لەوەی دروستکردنی پرۆژەیەکی هەمە لایەنەی چینی لە لایەن کۆمپانیای چینی بە دووری چەند کیلۆمەترێک لە بنکەی سەربازی ئەمریکی لە هەولێر جێگای پرسیار دەبێ!
لە روی ئابوریشەوە واتە قفڵکردنی تەواوەتی بازرگانی بچوک لە هەرێم چونکە هەموو ئەو کالایانەی کە بازرگانان لە چینەوە دەیهێنن بۆ هەرێم دواتر چین راستەوخۆ دەیهێنێ بۆ شارە بازرگانیە ئازادەکەی بە بێ باج و گومرگ بۆیە ئەمە سودێکی تایبەتی دەبێ بە هەندێک مەسئولی چاوچنۆک، بەلام هەرەشەیەکی ترسناک دەبێ بۆسەر ئاسایشی هەرێم و هەرێم و لە کێشە نێودەولەتیەکاندا زیاتر غەرقی دەکات!
سەرچاوەکان:
https://m.youtube.com/watch?v=jf2o5UJUyt8&feature=youtu.be
https://youtu.be/KCne5vdICfk
https://youtu.be/BHCkZbBwFyM
https://youtu.be/K2JMYjc1Jd4
وێنەو نەخشەکان