نوری کەریم: رۆژی زمانی دایک و چەند سەرنجێک/ بەشی یەکەم.
زمانى کوردیى و زمانەکانى هیندۆ ئەورو پا یى
زمانەکانى هیندۆ ئەوروپایى زاراوەیەکە هەموو زمانەکانى لاتینى، یۆنانى (گریک)، سانسکریتى و (حیسسى ـ حۆسى) دەگرێتە خۆ، زمانى (حیسسى ـ حۆسى)ش کۆنترین زمانى گروپەکەیە و زۆربەى زمانەکانى ئەمڕۆى ئەوروپاش هەر سەر بەو گروپە زمانەن. (حیسسى ـ حۆسى) هاوکات نەتەوەیەکى هیندو ئەوروپاییشە، نێوان ساڵەکانى 1800 – 1200 پز. دەستى بەسەر نێوەڕاستى ئەنەدۆڵدا گرتووە و هەزار صاڵ بەر لە زاینییش دەوڵەتە بچوکەکانى دەڤەرى چیاى زاگرۆس (تۆرۆس) و باکورى سوریاى لەبندەستدا بو. شایانى وتنە زمانى ئاشورى کۆنیش 2000 – 600 پز، هەروەها زمانى سامیى خۆرهەڵات یا دروستتر بڵێین زمانی باکورى خۆرهەڵاتى وڵاتى میسۆپۆتامیا و زمانى سامیى خۆرئاوا لە وڵاتى شام سەربەو گرووپە سەرەکییەن کە ئەمەى دواییان دابەشدەبێت بەسەر:
1ـ زمانەکانى ئەمموریى، فینیقى، عیبرانی و… هتد.
2ـ زمانى ئارامیى کۆنى سەردەمى سەدەى 10 ـ 8 پز، کە بریتییە لە ئارامیى خۆرهەڵات و بابلیی و سریانیى و ئاسوریى.
3ـ ئارامیى نەبەتیى و تەدموریى و فەلەستانیی (فەلەستینیى) و سوریایى و… هتد.. دەگرێتەوە.
4ـ زمانەکانى دۆرگەى عەرەب و وڵاتى حیجاز و حەبەشە و یەمەن(1).
زمانى کوردیش لقێکى بەرچاوى زمانەکانى هیند و ئەوروپاییە و نزیکەى چل و پێنج ملیۆن مرۆڤــ وەک زمانى دایک پێیدەدوێن و رەگ و ریشەى دەچێتەوە سەر زمانى پەهلەوى کۆن کە لقە ئاریەکەى زمانەکانى هیندو ئەوروپاییەکانە و زمانى ئاخافتنى کورد و نەتەوە ئێرانییەکانى ئامۆزایەتى وەک فارس، پاکستانیى، ئەفغانیی، بلوژ، هیند.
رەگ و ریشەى هاوبەشى زمانى نەتەوە ئارییەکان و دراوسێتیى و نێزیکى هەندێکیان و مێژوى پێکەوەژیانى هەزاران صاڵ و دەستاویان بەسەر یەکترییەوە، رەنگدانەوەیەکى سەرنجڕاکێشى ئەوتۆى بەسەر هەندێکیانەوە داناوە، زمانى گەلانى فارس و بلوژ و ئەفغان و پاکستان و بگرە بەشێکى هیندەکانیش بەشێوەیەکى گشتیى لەیەک زمان بچن، بەڵام لەگەڵ نەتەوەى کورددا کاریگەریى و رەنگدانەوەکە لە سنورى دەستیاو بەسەر یەکترەوە تێنەپەڕیوە، بۆ نمونە لە نێوان فارس و کورددا نزیکیى و وشەگەلێکى هاوبەش و ناوکۆیى دەبینێرێت، موڵکى هەردو نەتەوەکەن، وەک: برا، ئازیز، مەرگ، جەنگ، زەمین، مەرز، باران، دوژمن، گوڵ، جەنگەڵ، فرمان، بیمار، مەشق، کۆشش، تیر، تیرئەنداز، ئەندازە، سوپا، عیشق، عاشق، پەسەند، ئەفسەر، سەرباز، مەرد، پاڵەوان، تاق، رو، پەیوەست، دەریا، گرفتار، ئابڕو، دڵدار، زام، زامدار، قەشەنگ، میهرەبان، گەردون، دۆست، رەفتار، مەست، پێشگرى بەد، وەک بەدمەست، بەدبەخت ، بەدنیاز،بەدرەفتار، بەدگۆ، بەدکار و… هتد. هەندێک وشەش هەن لە نێوان فارسى و کوردیدا سوکە گۆڕانێکى بەسەردا هاتووە وەک شەم/شەو، زن/ژن، ئاب/ئاو، خون/خوێن، لەب/لێو، گوهر/گەوهەر، ماه/مانگ….. لە لەزمانەکانی عەرەبى، روسى، فەرەنسا یی، لاتینى و یۆنانیشەوە گەلێک وشە کەوتونەتە نێو زمانى کوردییەوە، بەڵام بەرگێکى خۆماڵییان بەبەردا کراوە(2) وەک نرجیلە/ نێرگەلە، کۆپیا/قوپیە، قوتو، قەرز- قەرد، ئەرز- عەرد، کەنیسە – کڵیسا، مۆتۆر- ماتۆر، ئۆتۆمۆبیل – ئوتومبیل – ترومبێل. کتاب – کتێب، هۆتێل – ئوتێل، زیهن- زەین، مەعنا– مانا.. کۆمەڵێک وشەش لە زمانى کوردیدا بەکاردەهێنرێت هەندێکیان بۆ مانایەکى نێزیک و هەندێکیان بۆ مانایەکى دور لەواتاى وشەکە، لەو زمانەدا کەلێوەى وەرگیراوە وەک وشەى (فقیر)کە لەزمانى عەرەبیدا بەوکەسانە دەوترێت کە سەرچاوەیەکى بژێوییان هەیە بۆ دابینکردنى پێویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان و جیاوازە لە وشەى (مسکین) کە بەو کەسانە دەوترێت پێویستییە بنەڕەتییەکانى ژیانیان هەیە هەرچەند سەرچاوەى بژێوییان نییە. کورد وشەى فەقیر بەچەند مانایەک بەکاردەهێنێت وەک نەدار، دەستکورت، هەژار، بەستەزمان، بێوەى وەک رێبوار کوڕێکى فەقیرە( بێوەیە)، لەو صەگە مەترسە، فەقیرە(ناگەزێت). وشەى (مسکین) ی عەرەبیش لە کوردیدا بۆتە مسکێن و بۆ جوتیار و پاڵە بەکاردێت.
وشەى (بۆفى)ى فەرەنسایی و(بۆفێت)ى ئەڵەمانى، لاى کورد بەواتاى پێشانگاى نێوماڵ (مەعرەز) بەکاردێت. وشەى عەرەبى (خراب – خرائب) واتاى شوێنەوارى روخاوو وێران، بەڵام لە کوردیدا بووە بە خراپ و بۆ هەر شتێکى ناپەسەند و زیانبەخش بەکاردێت. مەحوى شاعیر بەواتاى خراپە و خراپەکاریى و خراپەکار بەکاریهێناوە، فەرمویەتی:
(شوکر هۆشیارە مەحوى تێدەگا دنیا خەراباتە *** کە بەدمەستیى بکا ئەهلى، خراپەى بۆچى لێدەگرم)
وشەى پیت لەزمانى میسرییەکانى سەردەمى فیرعەونەکاندا واتاى پیرۆز و پیت و فەڕى خاکى دەبەخشیى، کوردیش بەهەمان واتاو هەروەها بەواتاى(حرف)ى عەرەبیش بەکاریدەهێنێت. وشەى تیپ – تایپ لە زمانى ئینگلیزیدا ماناى (حرف – پیت)، بەڵام کورد وەک گروپ، دەستە، پۆل بەکاریدەهێنێت. تیپێک پێشمەرگە، تیپى مۆسیقا و هەڵپەڕکێ، تیپى هەڵبژاردەى تۆپى پێى کوردستان.
وشەى (مرد ـ مەرد) لە زمانى فارسیدا واتاى پیاو دەبەخشێت، لە کوردیدا مەرد بۆ کەسێکى ئازا، قارەمان، جوامێر و رەوشت بەرز بەکاردێت. هەروەک وشەى (بەتالە)ی عەرەبى کە ماناى بێکاریى، دەستبەتاڵى دەگەیەنێت، لە زمانى فارسیدا رێنوسەکەى جیاوازە و بەم شێوەیە دەنوسرێت (بتالت) بەواتاى (شجاعە) کەلە زمانى عەرەبیدا واتاى بوێرى و ئازایەتى و سوارچاکى دەدات. ئەو وشەى (مرد ـ مەرد)ەى زمانى فارسی و وشەى مێرد لە زمانى کوردیدا هێماى نێرینەى پێوەیە وەک مێردمنداڵ کە پێچەوانەى کیژ، کیژۆڵەیە و ئەمیان هێماى مێینەى پێوەیە، هەروەک مێرد کە لایەنى نێرینەى هاوسەرییە و لایەنى مێینەکەشى ژنە، نەک ئافرەت. ئافرەت رەگەزى مێینەى مرۆڤــ هەموى دەگرێتەوە بەکچ وکچۆڵە و قەیرەکچ و پیرەکچ و ژن و بێوەژن و پیرەژنەوە، بەڵام ژن تەنها ئافرەتى بەشو(مێرددار)ە لە ئێستادا یا لە پێشتردا. جێگەی داخە ململانێى حیزبایەتى دەستى گەیشتە ئەوەش، لە پاڵ یەکێتى ئافرەتانى کوردستاندا، یەکێتى ژنانى کوردستانیش دامەزرا، کە بە پێى ناوەکەى تەنها بۆ ئافرەتى مێردارە و بەشى کچانى پێوە نییە!
وشەى (کەتیبە) لە زمانى یۆنانیدا بەواتاى نووسینى هونەریى لەسەر تاوێرەبەرد، مەڕمەڕ، کاشیى بەکاردێت، بەڵام کورد بەواتاى شیشبەند بۆ توند و تۆڵکردنى دەرگا و پەنجەرەى خانو بەکاریدەهێنێت، دەڵێت کەتیبەى پەنجەرە، کەتیبەى دەرگا، بەڵام عەرەب هەمان وشە وەک زاراوەیەکى سەربازیى بۆ هێزێک یا کەرتێکى لەشکر بەکاردەهێنێت وەک (کتیبە مشاە) هێزى پیادە، (کتیبە مدفع – مدفعیە – هاون) هێزى تۆپخانە – تۆپهاوێژ.
وشەى (شر ـ شەڕ) لە زمانى عەرەبیدا واتاى خراپ و خراپەکاریى دەگەیەنێت، بەڵام لە زمانى کوردیدا بە بەگژداچون و پێکهەڵپرژانی دو کەس یا پتر، دو دەستە، دوکۆمەڵ، دوهۆز، دوحیزب یاپتر، نەتەوە، چەند نەتەوەیەک بەکاردێت وەک شەڕى دوبراکە، شەڕەگەڕەک، شەڕى جاف و تاڵەبانى، شەڕى ناوخۆ، شەڕى تورک و یۆنان، یەکەمین شەڕى گێتى. کورد هەمان وشە بۆ روداوێکى نەخوازراویش بەکاردەهێنێت کە نایەوێت روبدات وەک (شەڕەو یەخەى گرتووین، کاکە، شەڕمان لێلادە، ئەم کابرایە شەڕدەفرۆشێت،خوایە لە شەڕى شەیتان و بەڵاى ناگەهان بمانپارێزە). وشەى (خَیرـ خەیر) لە زمانى عەرەبیدا بەواتاى چاک، دڵسۆز، پێزان، گوێڕایەڵ، کەڵک و… هتد، بەکاردێت وەک (خیر الابناء)، باشترین مناڵەکان، رۆڵەى دڵسۆز و گوێڕایەڵى دایک و باوک، (خیر المۆمنین) چاکترین خواناسان، (لا خیر فی قوم یڕکل (ڕکسر) مما ینتج) گەلێک زۆر بخوات و کەمتر بەرهەم بهێنێت گەلێکى تەمەڵ و بێکەڵکە و چاوەڕوانى پێشکەوتنى لێناکرێت. بەڵام هەر وشەى (خێر) لاى کورد واتاى چاکە، بەزەیى، یارمەتى، پاداشت، کەڵک، قازانج، دەبەخشێت کە بەرامبەر (رحمە، مساعدە، صدقە، جزائ)ى عەرەبییە وەک خێرێک بەو پیرەژنە بکەن، خێر بۆ مردووان دەکەین، خێرت دەگاتێ قومێ ئاوم بدەرێ، خێر بۆ خوێش نەک بۆ دەروێش، ئەم کارە خێرى تێدانییە، کوڕەکە خەریکى کارى خێرە، (ژن هێنان و هاوسەرگیرى)…. ئەم باسە زۆر درێژە و هەویرەکە ئاو زۆر دەکێشێت و لێرەدا جێگەى نابێتەوە. ێاڵى 1980 بڕێکى چاک لەو وشانەم لە نامیلکەیەکدا دەستنوسکرد کە لە زمانەکانى بێگانەوە هاتون یان هێناومانەتە نێو زمانى کوردى و وەک خۆى یا کەمێک دەستکاریى یا تەواو رەنگ و روخسارى کوردەوارییان وەرگرتووە وەک وشەى شیعر، حساب، باس، هیقایەت، مەلا، مەکینە، بینا، حەوشە، هۆدە، قەڵەم، مەرەکەب، دەفتەر… ئەویش وەک چەند بەرهەمێکى دیکەم سەریان تێدا چو.. دەرفەت هەبێت دەگەڕێمەوە سەریان و سەرلەنوێ کۆیاندەکەمەوە. لەم بوارەدا پێویستە ئەو راستیەش لەیاد نەکەین زانا و هۆنەر و نوسەرانى کورد سەردەمانێکى دورودرێژ بەرهەمەکانیان بەزمانەکانى بێگانە، عەرەبی، فارسى و تورکى نوسیوە و خزمەتى زانست و وێژەى ئیسلام و ئەوگەلانەیان کردووە و هەوڵ و کۆشش و ماندوبون و شەونخونى خۆیان بێ منەت و شاباش خستۆتە سەر خەرمانى زانست و وێژە و شارستانێتى ئەو گەلانە. ئەو زانا و نوسەر و هۆنەرانەى کورد کە لە رۆژگارى خۆیاندا چراى روناکبیریى کوردەوارى بون، بەرهەمەکانیان بەزمانى بێگانە دەنوسى بەڵام لە ژیانى رۆژانەیاندا لەکوردستان هەر بە زمانى کوردییەکە دەدوان و هەر لەدەمى ئەوانیشەوە ئەو هەمو وشەى بێگانەیە تێکەڵ بەزمانى رەسەنى کورد بون. ئەوە سەرەڕاى داگیرکارانى کوردستانیش بەهۆى کاروبارى بەڕێوەبردنى کوردستان و فرمان و نوسراو و تۆمارەکانەوە سەپاندن و شیرینکردنى زمانى خۆیان و سوک و بێ نرخکردنى زمانى کوردییان کردۆتە بەرنامە. هەر بۆنمونە بۆ ئەوەى کورد زمانە شیرینەکەیى لەبەرچاو بکەوێت وتویانە:
عربی ڕول و اخر است *** فارسى شکر است
تورکى هنر است *** کوردى گوز خر است (3)
زمانى عەرەبى زمانى بەرو دوایە، فارسى شەکرە، تورکى هونەرە، کوردى گووە !