بورهان شێخ ڕەئوف: ژنانى عێراق و کوردستان لە شەڕو شۆڕشەکاندا.
من ئەمە جارى سێیەمە لە سەر ژن بنووسم، یەکەم جار لە سەر بابەتى داعش و ژن و ڕۆڵى ژنان لەو ڕێکخراوە تیرۆریستیەدا، جاری دووەم وتارێک بوو بۆ شێرە ژنانى خۆرئاواى کوردستان لە ژێرناوى وزەى ژن و وزەى ئەتۆم، وائەمجارەش باسى ڕۆڵى ژنانى عێراق و کوردستان و کاریگەرییەکانى مەینەت و شەڕەکانى عێراق بۆ سەر ژنانى بەشمەینەت.
زۆرجار چارەنووسى ژن بە جەنگەوە دەبەسترێتەوە، لەبەرئەوەى باجى زۆرى مەینەتیەکانى شەڕ ژنان دەیدەن، چونکە توندوتیژى جۆراوجۆرى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورى یان دەرهەق دەکرێت و دواتر چیرۆک و مەرگەساتەکانیان پەراوێز دەخرێت.
ژنانى کوردستان
ژنانى کوردستان بەشێکى گرنگ و دانەبڕاوى هەموو ڕوداو و کارەسات و شەڕو شۆڕشەکان بوون لە شەست ساڵى ڕابردوودا، چ لە خەباتى سیاسى و پێشمەرگەیاتى ئەگەر بەڕێژەیەکى کەمیش بێت، بەڵام وەکو دایک و هاوسەر و کچ و خوشک بەشدارى هەموو مەینەتیەکان بوون و بەشى خۆیان ئازارو مەینەت و بەدبەختیان بەرکەوتووە.
لە سەردەمى جینۆسایدى ئەنفالیشدا وەکو پیاوان بێ جیاوازى بوونە قوربانى و گۆڕە بە کۆمەڵەکان باشترین بەڵگەن، لە ڕاپەڕین و دواى ئەوەش لە حوکمڕانى خۆماڵى کوردى کەم وزۆر بەشدارییان کردووە لە خەباتى ڕێکخراوەیى سەرەڕاى تێبینى زۆرم لە سەر چالاکیەکانیان.
ژنانى عێراق
لێرەدا کەباسى ژنانى عێراق دەکەم بێگومان ژنانى کوردستانیش دەگرێتەوە، چونکە ئەوەى لە سەر ژنانى کوردستان باسمکردووە لەوەیە بەشێکى ژنانى لادێ نیشین و خێزانى پێشمەرگەکان بگرێتەوە، ئەگینا ئەم باسە هەموو ژنانى عێراق دەگرێتەوە بە کوردستانیشەوە.
شەڕى عێراق و ئێران
یەکێک لەو کارەساتە گەورانەى کە ڕژێمى دکتاتۆر سەدام حوسێن بە سەر عێراقیدا هێنا شەڕى هەشت ساڵەى عێراق ئێران بوو ( 1980-1988 ) کە ژمارەى قوربانیەکانى زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بوو لە هەردوولایەنى جەنگەکە، کە ژمارەیەکى زۆر بێوەژن و هەتیو و کەمئەندام و بێ سەرپەرشت و بێ ماڵو مەئوا ى بە دواى خۆیدا هێنا، کە ئابورى عێراقى هیلاک و شەکەت و وێران کرد، بەشى زۆرى ئەرک و دەرهاویشتەى ئەو جەنگە کەوتە ئەستۆى ژنان، چونکە هەمو لاوان و پیاوانى وڵات لە بەرەکانى جەنگ بوون، ژنان بوونە دەست و هێزى کار بۆیە ژنان بوونە داینەمۆى کارو بەرهەم هێنان و سەکتەرە خزمەتگوزارییەکانى پەروەردەو تەندروستى پیشەسازى و کشتوکاڵ و… تد. تەنانەت ژنان بوونەبەخێوکەرى خێزانەکان ئیتر ئەگەر لە مناڵان پێکهاتبێ خێزانەکە یان لە دایک و باوکى پیر.
لە کۆتایى جەنگەکەشدا سەدام هەر بە بیرى پیاوسالارى و نێرینەیى خۆى هەموو هێزە بەرهەڵستکار و ناکۆکەکانى خۆى بە زۆرى چەکى کیماوی و خاکى سووتاو ئەنفال و کۆچکردنى زۆرەملى لەناوبردو کە ژنانى کوردستان وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا وەکو پیاوان و زیاتریش بوونە قوربانى.
شەڕى کوەیت
سەدام وڕژێمە دکتاتۆریەکەى هەربە جەنگى هەشت ساڵەى عێراق ئێرانەوە نەوەستان، دواتر کارەساتێکى تریشیان خوڵقان لە 2/ ئابى 1990 دەوڵەتى کوەیتى دراوسێشیان داگیرکرد، بە هۆى ئەوەى دەوڵەتى کوەیت داواى ئەو پارانەى دەکرد کە کاتى جەنگەکە بە قەرز دابووى بە عێراق، ئەم جەنگەش ژێرخانى ئابورى عێراقى هەڵتەکاند، ئابڵووقەى ئابورى سەپێنرا بە سەر عێراقدا تا ساڵى 2003 درێژەى کێشا، بێگومان ژنان زەرەرمەندى یەکەمى ئەم سزا ئابوریانەش بوون.
لێرەدا کە باسى جەنگى کوەیت دەکەم نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە جگە لە بیانووى دواکردنى پارەى قەرزەکانى، بیانوویەکى تریشیان بە کوەیت دەگرت ئەویش ئەوە بوو کە گوایە بەرپرسێکى کوەیت سووکایەتى بە ژنە سەربەرزەکانى عێراق کردووە ( ماجدات عراقیات )، دواتر واى لێهات وشەى ( ماجدات ) بووە مایەى گاڵتەجارى لە نێو خەڵکیدا لە ناوەو دەرەوەى عێراقدا.
گەمارۆى ئابورى
کارەساتێکى تر کە کۆمەڵگاى عێراقى وێرانکرد ئابڵوقەى نێودەوڵەتى بوو لە سەر عێراق ( 1990-2003 ) کە خەڵکێکى زۆر کۆچیان کردوو ئاوارەى وڵاتان بوون، کە ژنانى عێراق زەرەمەندى گەورەى ئەم ئابڵوقەش بوون. بە پێچەوانەى ئەوەى کە دەبوو خەڵات و پاداشت بکرێن لە پاى ئەو ڕۆِڵە کاریگەرەى کە لە شەڕە هەشت ساڵەدا گێڕایان و نەیانهێشت ئابورى عێراق داڕمێت، ڕژێمى سەدام بە پاساوى ئابڵوقەى ئابورى هەموو بەرنامەکانى پشتیوانى کۆمەڵایەتى و ئابورى و خزمەتگوزارییەکانى چاودێرى مناڵان و نەهێشتنى نەخوێندەوارى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى هەڵوەشاندەوە کە ئەمەش ژنانى بێبەشکرد لە زۆر دەستکەوت و بێکارى کردن و گەڕانەوە بۆ ناو کونجى ماڵەکانیان لە کاتێکدا پێشتر لە عێراقدا ژنان 23% هێزى کاریان پێکدەهێنا تا ساڵى 1991 کە بەرزترین ڕێژە بوو لە سەرئاستى وڵاتانى ناوچەکە، بەڵام لە ساڵى 2000 دابەزیووە بۆ 10% بە گوێرەى ڕاپۆرتەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان.
بۆیە هەژارى و نەدارى واى کردووە لە بەشێک لە ژنان و کچانیش کە مناڵیشن بکەونە ژێر رەحمەتى بازرگانەکانى سیکس و بیاننێرنە دەرەوە بۆ وڵاتانى عەرەبى و بیانیش.
ژنان لە عێراقى نوێدا
لە عێراقى نوێشدا دواى ئەو هەموو جەنگ و ئابڵووقە ئابورییە سەرەڕاى نووسینى دەستوورو دیارێکردنى ڕێژەى بەشداری ژنان لە دامودەزگا کانى یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەرى لە دەستوور، بە داخەوە بە هۆى پابەند نەبوون بە دەستوور و سیستمە بەشبەشێنەى تائیفى و شەڕى تائیفى جارێکى تر ژنان بوونەوە بە قۆچى قوربانى ئەو شەڕو ململانێ خوێناوییانە.
دواتریش سەرهەڵدانى ڕەوتە توند ئاژۆکانى ئەلقاعیدەو دەوڵەتى ئیسلامى داعش بارى ژنانیان هێندەى تر قورس کرد، بە تایبەتى ژنانى ئێزدى و کەمینە نەتەوەیى و ئاینى ئتنیکەکان بوونە قوربانى ئەو ڕەوتە ڕەشپۆش و تاوانبارانە کە ئەوەى نەشیاوو قێزەون بێت دەرهەق بە کچان و ژنانى ئێزدى کردیان کە لە هەموو جیهاندا دەنگى دایەوە ڕەنگە بۆمن نەکرێت لێرەدا بە درێژى باسیان بکەم.
خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتیەکان 2014
قەسابخانەى سپایکر یەکێکە لەوتاوانە گەورانەى کە داعش دەرهەق بە سەربازانى عێراقى کردى کە دواتر بێ سەرو شوێن کران و تەرمەکانیشیان نە دۆزرایەوەو نەدرایەوە بە کەسوکاریان بۆیە دایاکانى ئەو سەربازانە بەناوى دایکانى سپایکر خۆپیشاندان و نارەزایەتى گەورەیان رێکخست، دواتر فراوانتر بوو تاوەکو بەسرەو شارەکانى تریش داواى خزمەتگوزارى ئاوى پاک و کارەبایان دەکرد.
خۆپیشاندانەکانى تشرین 2019
ئامادەبوون و بەشداربوونى ژنان بە شێوەیەکى دیارو بەرچاو نەک هەر لە بەغداى پایتەخت بەڵکو لە شارەکانى تری وەکو بەسرەو ناسریەو شارە ئاینى و مەزهەبیەکانى وەکو نەجەف و کەربەلا لە هەموو چین و توێژەکان و تەمەنەکان و لە باکگراوندى ڕۆشنبیرى و چینایەتى جیاوازەوە وەکو دایک لە گەڵ کوڕەکانیان و دەهاتنە گۆڕەپانەکانى خۆپیشاندان کە خواردنیان بۆ ئامادە دەکردن و جلیان بۆ دەشۆردن و هەندێک جار دەچوونە ئەو خاڵ و بەربەستانەى کە لە نێوان هێزەکانى بەگژاچوونەوەى ئاژاوەو خۆپیشاندەراندا بوون.
جگە لەوانەش سەدان خۆبەخش و چالاکوانى ژن و کادرى تەندروستى ژن لە نەخۆشخانە مەیدانیەکانى پێشەوە بوون و چارەسەرى بریندارانیان دەکرد کە هەندێکیان شەهیدبوون و هەندێکیشیان برینداربوون ن هەروەها بەشێکى زۆرى خوێندکارانى کچ بەشدارى خۆپیشاندانەکانیانکرد بە چڕى، هەروەها بەشێکى زۆرى ڕۆژنامەنووسى ژنیش بەشدارییان کردو بڵاوکراوەکانى (تک-نک ) و ( المساواە ) چاپ و بڵاوکردەوە کە باسى خۆپیشاندانەکانیان دەکرد.
هەربۆیە میلیشیاکان هەموو هەوڵێکیان خستە گەڕ بۆ بەرگرتن بە بەشدارى دیارى چالاکوانانى ژن چ بە پەلاماردان و کوشتنیان و ڕفاندنیان و تەنانەت چالاکوانى دیارى ژن ( سارە تالیب ) و هاوسەرەکەى ( حسین عادیل ) یان لە شارى بەسرە تیرۆر کرد، لە ناسریەش چالاکوان (ئەنوار جاسم ) یان تیرۆرکرد.
هەربۆیە بەشى زۆرى بەرهەمە هونەرییەکانى شۆڕش و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانى شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق چ لە شیعر و گۆرانى و گرافیک و میدیا بەرهەمى ژنان و کچان بوو بۆیە ڕۆڵ و پێگەو کاریگەرى ژنانى وەکو ئەیقونەیەکى شۆڕش چەسپاند، لە بەرامبەردا هەموو هەوڵەکانى حکومەت و میلیشیاکانى شکستیانهێنا بۆ دوورخستەوەیان، هەموو ڕێگایەکیان بەکارهێنا وەکو ڕفاندن و قەناسەش.
لە بەرامبەردا خۆپیشاندەران وەکو چینێکى زۆر جیاواز خۆیان پیشاندا لەوانە ى کە حوکمیان دەکەن بە داخراوى، وتیان ئێمە ئاشتیخوازین جیاوازییەکانى یەکترمان قبووڵە بە ئاین و تائیفەو ڕەنگ و مەزهەب و زمانەوە.