جەمیلە شێخ مەحمود: لامەرکەزیی، دەبێتە وەڵامی داواکارییەکانی هاوڵاتیان؟
وێرای ناهەمواری بارودۆخی عێراق، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان، بە بارودۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ئابوریدا تێپەڕدەبێت. هەرێمی کوردستان پاش وەبەرهێنانی نەوت، لە هەوڵی سەربەخۆیی ئابووریدا شکستی هێناوە. هاوڵاتیان ناڕازین، چونکە، بەهۆی کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە ناوەند، نزیکەی 10 ساڵە دەرچووانی کۆلێژو پەیمانگاکان دانەمەزراون، هەلی کار بۆ گەنجانی خاوەن بروانامەو بێ بروانامەکان نییە، دابەشکردنی مووچە زۆر دوادەکەوێت و حکومەت کەوتۆتە ژێر قەرزێکی زۆری موچەخۆرانەوە. ناعەدالەتی لە دابەشکردنی داهات بۆ خزمەتگوزاریی شارو شارۆچکەو گوندەکان بەزەقی دەبینرێت. چەندین جار خەڵک لە پێناو موچەو دامەزراندن و هەلی کار هاتنە سەرشەقام، حکومەت نەیتوانیوە وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە بێجگە لە شەهیدکردنی چەندین گەنج.
هەروەها ئەگەر لە هەر تاکێکی ئەم هەرێمە بپرسیت کوردستانێکی چۆنت دەوێت؟ دەڵێت دەمەوێت هەست بکەم هاوبەشم لەم نیشتمانە، وەک چۆن لەکاتی شەڕدا بەرگری لێ دەکەم، لەکاتی ئاشتیشدا بتوانم وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و ژیان لەسەری بژیم، سەربەرز بم و کەرامەتم پارێزراو بێت، نەک پەراوێزخراوو رووت و برسی، لەسۆشیالمیدایاو تەلەفزیۆنەکاندا مزایەدە بە هەژاریمەوە بکرێت و داوای خێرو هاوکاریم بۆ بکرێت.
بێگومان، ماوەی 30 ساڵە خەڵک چاوەڕێیە، چاوەڕێی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە، عەدالەتی کۆمەڵایەتی واتە نەهێشتنی جیاوازیی ئابوریی لەنێوان چینەکانی کۆمەڵدا، بەداخەوە لە کوردستان چینی ناوەند نەماوەو هەندێک زۆر دەوڵەمەند و هەندێکیش زۆر هەژارەو یەک مانگ موچەکەی دوا دەکەوێت ناچاری قەرزکردن دەبێت. عەدالەتی کۆمەڵایەتی واتە مامەڵەیەکی دادوەرانەی ئابووری کە هەموو هاوڵاتیان لەخێروبێری نیشتمان هاوبەش بن.
بەردەوام بوونی ئەو ناعەدالەتییە پرۆسەی سیاسیی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە پێویستە لەسەر ناوەند دەسەڵاتەکانی دابەش بکان و کار بکات بۆ ناناوەندی واتە لامەرکەزیی بۆ شارو شارۆچکەکان و ئەرکی ناوەند پاراستنی مافە نەتەوایەتیی و فیدرالییەکانی هەرێم بێت و پلان و بەرنامەی جدی هەبێت بۆ هەموو کایەکانی حوکمڕانی.
هەرچەندە پرسی لامەرکەزیی پرسێکی نوێ نییە، بەڵام دەبێت وەک هەر پرسێکی تر ئامادەسازیی بۆ بکرێت. لامەرکەزیی واتە پراکتیزەکردنی دیموکراسی لەبواری ئیداریی و داراییدا، ئەوەش بە جێبەجێکردن و سەپاندنی بنەمای تایبەتمەندێتی و دابەشکردنی کارو دەسەڵاتپێدانی ئاستەکانی پارێزگاو ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی شارەوانی دەبێت، هەروەها لامەرکەزیی لەم بوارەدا خێرایی و گونجاویی بڕیاردان بەپشتبەستن بە بارودۆخی ناوچەکە بەرجەستە دەکات و ئامانج دابەشکردنی داهاتی نیشتمانیی بەعەدالەت و بڕیاردانی لایەنە ناوچەییەکان لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی ناوچەکە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بەناوچەکەیە.
سەرکەوتنی لامەرکەزیی لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و دەبێت بەهەند وەربگیرێت، چونکە دەروازەیەکە بۆ رزگارکردنی حکومەتی هەرێم لەم تەنگەژەیە. سەرکەوتنی لامەرکەزیش پابەندە بە چۆنیەتیی دابەشکردنی بەرپرسیارێتی بەسەر کەسانی ئیداریی سەرکەوتوو خاوەن ئەزموون و ئەکادیمی، هەروەها داڕشتنی رێکارە یاسایی و ئیدارییەکان تا رێگر بێت لە ئیجتهادی تایبەتی کەسەکان بۆ رێگریی لە هەڵەی بێ مەبەست یان گەندەڵی. لەو روانگەوە پێویستە داوای هاوکاریی زانیاریی لەوڵاتانی وەک بەلجیکا و سویسرا و ئەڵمانیا بکرێت بۆچۆنیەتی شێوازی جێبەجێکردنی لامەرکەزیی.
لەلایەکی ترەوە پێویستە خەڵک بۆ ئەم پرۆسە نوێیە ئامادە بکرێت، لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ، لەڕێی سیمینارو کۆڕوکۆبوونەوە بە خەڵک ئاشنا بکرێت. رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کاری جدی بکەن لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لامەرکەزیی و دروستکردنی رای گشتی.
لامەرکەزییی وەک قوتابخانەی سیاسیی و ئیدارییە بۆ کاندیدە هەڵبژێرراوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەوانییەکان، هەروەها حزبەکان ناچار دەبن کەسانی لێوەشاوەو خاوەن بروانامەو ئیداری کاندید بکەن. وێڕای ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و حکومەت و نەهێشتن یان بەرتەسک کردنەوەی هەلی گەندەڵی.
لامەرکەزیی بۆتە زەرورەتی بەرێوەبردن لە ناوچەکە، وڵاتی ئوردون لە ئابی 2015 هەلمَەتی هەلبژاردنی بە فەرمی بەناوی (هەڵبژاردنی لامەرکەزیی) ناساند. چونکە پێیانوابوو کە لامەکەزیی گۆرانی ریشەیی و راستەقینە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان فەراهەمدەکات. لە ئایاری ساڵی 2018 تونس هەوڵی خۆی خستەگەر بۆ لامەرکەزیی ئیداری و ووتی ئەگەر نەتوانیین لامەرکەزیی بچەسپێنین واتە هەڵبژاردنەکەمان مانای خۆی لەدەست دەدات. لە لوبنان و سوریاش کار بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیی دەکەن بۆ زالبوون بەسەر کێشە سیاسیی و ئابووری و مللانیی نەتەوەیی و مەزهەبی و حزبیدا و خزمەتی زیاتر بەهاوڵاتیان بگەیەنن.