حەمەئازاد بەرزنجی: شەڕ شەڕی گەندەڵکارانە.
ئیدارەی هەرێم بەدەست پارتە ڕامیارییەکانی کوردستانەوەیە. هەر هەمویان دان بەوەدا دەنێنن، کە کەموکوری هەیە لە بەڕێوەبردنی هەرێم و، گەندەڵیش هەیە لە ئیدارەدانی دامو دەزگاکاندا و، سیستامتیک نییە لە سیاسەتی بەڕێوە بردنیاندا. زۆر لەوە زیاتر، کەلە شاشەکاندا دەردەکەون ودێنە قسە دەڵێن بەڵێ هەمومان بەرپرسین بە خۆیشم وحزبەکەی خۆشمەوە. کەسیان بە قسە و لەکاتی گفتوگۆدا مکوڕی لەو کەموکوڕیانە ناکەن کە هەن و پێشتر هەبوە و لە ئێستایشدا بەردەوامە و بۆ دوا ڕۆژیش دەڕوات. هەر هەمو باسی چاکسازی دەکەن. بەڵام کە دێتە سەر کردار کەس هێندەی تاڵە مویەک و بە کێشی پوشێک مەسئولیات ناخاتە سەر شانی خۆی و حزبەکەی و هاوڕێکانی و، پاس دەدەن بۆ گواستنەوەو خستنەملی گەندەڵی و تاوانەکان بۆ ئەوی بەرامبەر و ونکردنی ڕاستیەکان. کەسیان ئامادەنین ئەندامێکی دەستڕۆیشتوی خۆیان لەسەر بچوکترین تاوان، ساناترین لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن و تەنانەت ڕەخنەیەکیشی ئاڕاستە بکەن. بۆیە گەندەڵکارانی ناو حزبەکان ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت و زیاتر هەڵدەئاوسێن و لەڕوی چەندایەتیشەوە زیاتر گەشەدەکەن و دەولەمەندترو دەبن و پەلوپۆ زیاتر دەهاون و پێکدادانی مەساڵحیان لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا توشی بەریەککەوتنی زیاتر دەبێت و ملاملانێکان فراونتر دەبن و شەڕ دەبێتە شەڕی گەندەڵکاران و بەریەککەوتن و پێکدادانی مەساڵحەکانیان.
ئەم ململانێ و بەریەککەوتنە تادێ فراونتر دەبێ و لە بازنەیەکی بێ کۆتادا هەر دەخولێتەوە و دەخولێتەوە. بەڵام گەر نێتی چاکسازییەکە بەکردارەکی هەبێ. ئەوا ئەرکێکی ئەوەندە گران نییە و لە جیهان و وڵاتانی دیکەدا چەندان نمونەی گۆرانکاری باش هەیە و لە خراپەوە بەرەو باش و باشتر و هەنگاوی بەرچاویشیان ناوە و دەوڵەت داریان بە سستماتیک کردوە و ئێستا لە خزمەتی زۆرینەدا، وڵاتەکانیان بەڕێوە دەبەن.
هەر هەمویان دەڵین و خەڵکیش باش دەزانن لە پشت هەر گەندەڵکارییەک و نایاساییکردنێک و دەستبردن بۆ قوتی هەمو خەڵکێک و هەمو دەوڵەمەندبونێکی نائاسایی و هەمو قاچاخچیەتێکی گەورە، دەستڕۆشتویەکی لە پشتەوەیە. چونکە ئەو کارانە نەک بە هاووڵاتی و کەسانی ئاسایی ناکرێن بەڵکە کەسە ئاساییەکان بونەتە نێچیرو لەسەر حسابی ئەمان، ئەوان دەوڵەمەندو دەوڵەمەندتر دەبن و ئەمان بەرگرییان لە مافە ڕەواو سادەکانی خۆشیان پێناکرێ. گەر بۆ بەدەست هێنانی سادەترین کاری ڕەوایش پەنا بۆ نێوەندگیرێک بەرن و واستەیەکیش بکەن بۆ ئەوەیە مافەکانیان نەخورێ نەک مافی خەڵکی دیکە بخۆن.
ئەوانەی لە پشت گەندەڵکاران و قاچاخچیەکانەوەن دەستڕۆیشتوەکانن. ئەم دەستڕۆیشتوانە چ دەستڕۆیشتویەکن؟ یان ئەوەیە دەستڕۆیشتوی تری ناو حکومەتیان لە پشتە یان دەتڕۆیشتوی ناو حزبەکان. ئەگەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیرەکان کە هەر هەمویان سوێندیان خواردووە دڵسۆزی خاک و وڵات بن و بەڕژەوەندی گشتی بخەنە پێش بەرژەوەندی تایبەت و بە یەک نەفەسەوە کار بکەن و پەڕلەمان بێلایەنیانە بەدواچون بۆ کارەکانی حکومەت بکات و نێتەکان پاک بێت و کردارەکی بێت و، هیلاک بو و دڵسۆز پاداشت بکرێت و کەمتەرخەم لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، دەسکەوت و داهات و بودجە ڕون و شەفاف بێ و خزمەتگوزاریەکان بە یەکسانی بەسەر ناوچەکاندا دابەشبکرێ بۆ ناتوانرێ چاکسازی بکرێت.
لەناو حزبەکانی کوردستانیشدا بەوانەی لەناو حکومەت و بەوانەشی کە بەرهەڵستکارو لە دەرەوەی حکومەتن، هەر بەپێی ئەو پەیڕەو و پڕۆگرامەی کە خۆیان بۆ حزبەکانی خۆیان دایان ناوەو دەنگیان لەسەر داوە، لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەندامەکانی خۆیاندا بکەن، دەتوانرێت ڕێگری لە هەمو کارێکی نابەجێ بکرێت و سزای کەمتەرخەمان بدرێت و دوربخرێنەوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کەناکرێ. نەکردنەکەشکردنەکەش دوو ڕەهەندی هەیە.
ڕەهەندی یەکەمیان/ ئەوەیە کە نایانەوێ کەسیان لێ عاجز و دڵگران بێت و ئەوان هەر لە خەمی کۆکردنەوەی دەنگەکانیانن بۆ کاتی هەڵبژاردن کە هەمو کات زۆرینەیان دەوێ و بەکوردی و کورتییەکەی چەندایەتی لەسەر حسابی چۆنیەتیان لاپەسەندا. ناشزانن کە ئەم کارەیەیش تا ماوەیەک بەردەوام دەبێت و، هەرکاتێ کە چۆنیەتی زۆرینە بەرەو خراپی و ڕو لە هەڵدێر ڕۆیشت ئیتر چەندایەتیش لەناو میللەتی بە ئاگادا بەرەو پوکانەوە دەڕوات.
ڕەهەندی دوەم/ ئەوەیە کە بوە بەباو هەر کاتێ حزبێک بیەوێ لێپێچینەوە یان لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەر ئەندامیکی پلە باڵای خۆیدا بکات ، ئەوا لایەن و حزبی ڕکابەری، بۆی لە کەمیندایە و یەکسەر ئامادەیە ئەو ئەندامەی حزبی بەرامبەر بە دەسکەوتی زیاترو پلەی باڵاتر لە حزبەکی پێشوتریەوە وەربگرێ و ئیمتیازاتی زیاتریشی بداتێ. ئەم کارانەش ئەو حزبانە زیاتر دەیکەن کە پارەی بەلێشاو و پشت پێوەنەیەشاویان لە بەردەستدایە. بۆ ئەوەی هەمو کات هاندەرێک هەبێ بۆ سەنگەر گواستنەوە و پەشیمان نەبونەوەی سەنگەر گواستووەکە و هاندانی کەسانو ئەندامانی دیکەیش بۆ سەنگەر گواستنەوە. وشەی سەنگەر گواستنەوەش یەکێکە لەو وشە نابەجێیانەی کەتازەکی خۆی خزاندۆتە ناو فەرهەنگی کوردییەوە، وەک چەند وشەگەلێکی دیکەی ئێسکقورس، لەوانە ( جاشێتی، ئاشبەتاڵ، گەندەڵی و گەندەڵکاران، فەرمانبەری بندیوار، خانەنشینی پلە باڵای وەزیفە نەدیو، دەوڵەمەندی لە پڕا هەڵتۆقیو، وەزیری پێشتر دائیرە و وەزارەت نەدیو، پەرلەمانتاری کەم دو و بێ ڕەخنە و پێشنیار پێنەبو و…… چەندانی دیکە )