سامانی وەستا بەکر: لە دووا چوار تاقیکردنەوە.
هاژەک”مووشەک بارانەکەی هەولێر، سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینان، چاوپێکەوتنەکەی ڕەغدی سەدام حسێن و کۆنگرەکەی کۆمەڵ.
لە مانگی دووا چوار تاقی کردنەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەرێمی و دەرەکی، ئەگەرچی هیچ یەکێ لەو تاقیکردنەوانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەیەکەوە نیە، بەڵام ناڕاستەوخۆ هەموویان پەوەستن بە داهاتووی عێراق بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی کە ئەکرێ بۆ هەر یەکێکیان هەڵوێستە و لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر بکرێ.
مووشەک”هاژەک”بارانەکەی هەولێر:
لە موشەک”هاژەک” بارانەکەی ھەولێرا ئەو وڵات و لایەن حیزب و ڕێکخراوەی لە پشتی مووشەک بارانەکەوە بوون هەوڵیانا بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن، بەجۆرێک کە لەیەککاتا ئامادەباشی و هەڵوێستی بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکا و توانا و هێز و چاودێری سنورەکانی هەرێمی حکومەتی ھەرێم تاقی بکەنەوە.
سەرەتا بۆ ئێران زۆر گرنگە دڵنیابێ لە هەڵوێستی بەڕێوبەرایەتی “ئیدارة”ی نوێی ئەمریکا و بەراوردێکی بکات بە بەڕێوبەرایەتیە پێشووەکەی ترەمپ تا بزانێ چۆن مامەڵەی لەگەڵا بکات، بۆ ئەو جۆرە سەرکێشییەش عێراق و هەرێمی کوردستان باشترین شوێنە کە ئێران بە ئامانجی بگرێت، چونکوم لە ئێستایا عێراق بێ خاونترین و پەرش و بڵاوترین ناوچەیە و هەرێمی کوردستانیش لاوازترین و بێ پشت وپەناترین شوێنە کە کەس لەسەری نایەتە وەڵام، لەبەر ئەو دوو هۆکارە و بۆ پەستانخستنە سەر ئەمریکا تا بەمەرجی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ سەبارەت بە چەکی ناوەکی گروپی 5+1 و ئێران، ئەو وڵاتە خواستێتی ئەمریکا زۆربەی گەمارۆ ئابورییەکانی لەسەر هەڵبگرێت پێش دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەک، هەربۆیە ئێران بە ئاڕاستەکردنی چەند هاژەکێک لەلایەن بریکارەکانییەوە پەیامی خۆی بۆ ئەمریکا نارد و ئێستاش هەموو چاوەکان لەسەر وەڵامی ئەمریکایە بەرامبەر ئەو کارەی ئێران.
بەڵام هەرچی گرووپە شیعی و بریکارەکانی ئێرانە مەبەستێکیتریان هەبوو لە ئاڕستەکردنی ئەو هاژەک”مووشەک”انە، ئەوانیش:
یەکەم/ تا پەیامێک بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم بنێرن و بڵێن باشترە لەگەڵ ناوەند بگەنە ڕێکەوتن بەو مەرجەی شیعەکان دایانڕشتووە ئەگەرنا ئەوە هێندە پارێزراونین و لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنا ئەکرێ کێشەکە بەزەبری هێز چارەسەربکرێت.
دووەم/ تا بزانن هێزی بەرگری و ئامادەسازی و هەواڵگری و کاردانەوەی هەرێم لەچ ئاستێکایە و لەئەگەری هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکا، هەروەک چۆن مەبەستیان بوو بەڕوونی بە هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی دوو حیزب بڵێن ئەتوانین بەئاسانی سنوورەکان ببڕین و لەناوخۆی هەرێمەوە هێرش بکەینە سەرتان.
سێیەم/ دواین شتیش ئەیانەوێ بزانن کە ئایا کەسێک یان وڵات و لایەنێک ماوە لەسەر هەرێم بێتە وەڵام؟
سزای چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکان:
سزادانەکەی پێنچ چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکەش تاقی کردنەوەی شەقام بوو لەلایەن دەسەڵاتادارانی هەوڵیرەوە. ئەم کابینەیە کابینەیەکی ھەواڵگرییە بەتێڕوانین لەوەی سەرۆکی حکومەتەکە پێشر سەرۆکی دەزگایەکی ھەواڵگری حیزبی بووە کە ھەمیشە کێشەی نەیارەکانی بە کوشتن و ھەڕەشە و دەسترێژی کردنە سەر ئابڕو پیرۆزییەکان و خێزانی کەسانی نەیار چارەسەر کردووە.
سەرۆکی دەسەڵاتەکەی هەولێر بەڕوونی پەیامی خۆی بەبێ شەرم و سڵەمینەوە ئاراستەی هەموو ڕەخنەگر و نەیار و ڕۆژنامەنوسێکی ئازاد کرد کە ئەم کەسێکی جیاوازترە و ڕەخنە بە سزا وەڵام ئەیاتەوە خۆ ئەگەر بەدەردەکەی “سەردەشی عوسمان”یشیان نەبات.
جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەوەی سەرۆکی دەزاگایەکی ھەواڵگری حکومی و دەوڵەت بیت، وەک لەوەی سەرۆکی دەزگایەکی ھەواڵگری حیزبی بیت، بۆ نمونە ڤلادمیر پۆتن سەرۆکی دەزگایەکی ھەواڵگری حکومی و دەوڵەت بووە، بۆیە ئەبینی تەسفیە کردنی نەیارەکانی شێوەیەک لە نھێنی بوونی تیایە، ئەگەرچی کۆی وڵاتانی دیموکراتیخواز کۆکیشبن لەسەر ئەوەی کە ئەوە ڕوسیا و سەرۆکەکەیەتی نەیارەکانی ژەھرخوارد ئەکات، بەڵام ھیچ بەڵگەیەک نیە بۆ سەلماندنی، لەوەوە بۆمان دەرئەکەوێ کە دەزگای ھەواڵگری زلھێزێکی وەک ڕوسیا حساب بۆ ناوبانگ و ئابڕوی سیاسی خۆی ئەکا و بوارێک بۆ کارکردن ئەھێڵێتەوە و بەهەر شێوەیەک بێت لە هەوڵایە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بناسێنێ، جیاواز لە دەزگایەکی ھەوڵگری حیزبی کە نەیارەکانی بەبێ تاوان زیندانی ئەکا و بەبەرچاوی کۆی خەڵکی ھەرێم و دراسێ و جیھانەوە بێ شەرمانە تۆمەتیان بۆ دائەتاشێ و بۆ ترساندنی خەڵک و ناساندنی دڵڕەقی و چاوسورکردنەوەی سەرۆکی حکومەت کە کەسێکی ھەوڵگری و شۆراوە لە بەزییە. پێنچ چالاکوان و ڕۆژنامەنوس بێتاوان ئەکا بە نمونە بۆ ترس خستنە دڵی ھەرکەسێکەوە کە ڕەخنە لە دەسەڵات و حوکمەکەی بگرێ. بەپشتبەستن بەمێژووی حوکمڕانی ھەموو ئەوانەی بەوجۆرە حوکمیان کردووە زۆربەی کات کۆتایی ئەو کارە ناشرین و زوڵم و ستەمکارەنەیان بەکۆتای ژیانی خودی خۆان بووە.
ڕەخش یان جۆکەرەکەی سەدام
چاوپێکەوتنەکەی ڕەغدی سەدام حسێنیش تاقی کردنەوەی کۆی عێراق بوو بە دوو ئاڕستە.
یەکەم پەیامێک بوو بۆ ئێران کە لەکاتی پێڕاکێشانی زیاتر و دەستخستنە ناو کاروباری عێراق و هاندانی میلیشیا و گرووپە چەکدار و بریکارەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و ناوچەکە دژی ئەمریکا، ئەوا پێویستە ئێران لەجارێک زیاتر بیربکاتەوە چونکە تا ئێستاش خەڵکانێک ماوون کە ببنە هەڕەشەی جدی بۆ سەر دەسەڵات و حکومڕانی شیعەگەرایی لە عێراق.
ڕەغد لە چاوپێکەوتنەکەیا چەندین جار ئەیووت برا و خوشکانی عەرەب و لەوەش گرنگتر ئەیووت کە پشتیوانییەکی زۆر ئەکرێ لەلایەن سەرۆک و شا و ئەمیر و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبە بەبێ ناو هێنان، لەوەشا مەبەستی بوو کە بە ئێران و حیزبە شیعییەکان و تا ئاستێکیش بە کوردیش بڵێ کە ئەو پشتیوانی ئەکرێ لە ئەگەری هەر جوڵەیەکا بۆ گۆڕانکاری سیاسی و گەڕانەوەی ڕژێمی پێشوو ئەگەر لەژێر ناوێکی تریشا بێت دوور لە حیزبی بەعس.
دووەم تاقی کردنەوەی شەقامی عێراقی بوو تا چ ئاستێک لە حوکمڕانی ئێستای عێراق بێزان و تا چەن ئامادە و پشتیوانی ڕەغد و دارودەستەی ڕژێمی پێشووی عێراقبن ئەویش لەڕێگەی گرنگیدانی مێدیا و ئەو ژمارە زۆرەی کە گرنگیان بەو چاوپێکەتنە یاوەو تەماشایان کردووە بەجۆرێک لە مێژووی کەناڵی “العربیة”دا هەرگیز ژمارەی تەماشاکەرانی نەگەشتووە ئەو ئاستە بەجۆرێک کە پێشبینی کراو نەبووە بۆ خودی کەناڵەکەش.
کۆمەڵی ئیسلامی “کۆمەڵی دادگەریی کوردستان – عێراق”
سەرەتا ئەبێ ئەوە بووترێ کە کۆمەڵی ئیسلامی پێشووتر و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان – عێراق لە ئێستایا زۆرترین بوێری هەبووە و کەمترین سڵەمینەوەی هەبووە لەبەستنی کۆنگرە بەراوورد بە حیزبەکانیتر لە ناویشیانا پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە بەراوورد بە تەمەن و ژمارەی کۆنگرەی ئەو حیزبانە ئەمان زیاتر پابەندبوون بەبەستنی کۆنگرە و پرەنسیپ و دەستوری حیزبەکەیانەوە هەرچەنە کۆنگرەی حیزبی کوردی لەناوەرۆکا هەریەکە و هیچ گۆڕانکارییەکی جۆری ناهێنێتە کایەوە.
بەگۆڕینی ناوی حیزب و داماڵینی پاشگری ئیسلامی و گۆڕینی ئەمیر بۆ سەرۆ ک، کۆمەڵی داگەریی ئەیەوێت شەقام و دەنگدەری هەرێمی کوردستان تاقی بکاتەوە کە تاچەن ئامادەن لەو حیزبە ناوەرۆک ئیسلامی و ڕووکەش مەدەنییە نزیک ببنەوە، ژمارەی دەنگدەرەکانیان تاچەن زیائەکا، ئایا ئەوە بەسە کە ببنە هێزی دووەم یان سێیەم ئەگەر نەشتوانن ببن بەیەکەم، یان نەخێر شەقامی کوردی هەرێمی کوردستان پێشتر بڕیاری خۆییاوەو هەمیشە لەکاتی دەنگدانا هەموو شتێ لەبیرئەکرێ و هەروەک پێشوو دەنگئەیەن.
ئەم مۆدێلە سەرەتا لە تورکیاوە سەریهەڵاو پاشان لە تونس و ئیتر تابێت حیزبە ئیسلامییەکان کۆپی ئەکەن بەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەو دوو وڵاتەیا حیزبە ئیسلامییەکان لەژێر پەردەی ناو گۆڕین و لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی توانیوویانە بگەنە دەسەڵات ئەگەرچی لەناوەرۆکا هەر حیزبە ئسوڵییە سەلەفییە ئیخوانییەکەشن.
بەداخەوە لە کوردستان حیزب بۆ کەسێک دروست ئەکرێ، حیزبی کوردی تا ئێستا نەبۆتە پرۆژەیەک بۆ بەڕێوەبردن بەڵکو ئامرازێکە بۆحەزی تاکە کەسی چەن کەسێک کە تا کۆتایی ژیانیان ئەبێ سەرۆکی حێزبەکەبن هەڵبەتە ئەمە بۆ کۆمەڵیش ڕاستە.
بۆ سەرۆکایەتی حیزب سەرۆکی کۆمەڵ ئەڵێ (نەبۆی ڕائەکەم نە لێی ڕائەکەم) کە ڕاستییەکەی ئەوەیە پۆستی کەسی یەکەم (بەس بۆ خۆیەتی و هەم تاپۆیەتی) کت و مت وەک حیزبەکانیتر.