سەرکۆ یونس: پــــارەی پەرەپێدانـــی پارێزگاکان.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەدانیشتنی 23 ی شوبات، لەگەڵ پارێزگاری پارێزگاکان و بەرپرسی ئیدارە سەربەخۆکاندا، بڕی پارەی پەرەپێدانی پرۆژەکانی پارێزگاکانیان، بۆ ساڵی 2021 دیاری کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەر 4 پارێزگاکە بڕی(349 ملیارو 702 ملیۆن) دینار تەرخان دەکرێت، لەداهاتی بەردەستی هەرێم.
لەم بڕیارەدا، پشکی شێر بۆ هەردوو پارێزگای هەولێری پایتەخت و پارێزگای سلێمانی تەرخانکراوە، تەرخانکراوی پایتەخت بە( 128ملیارو 352 ملیۆن) دینار و بڕی (114 ملیار و350 ملیۆن) دیناریش بۆ سلێمانی.
هەرچی پارێزگای دهۆکە، بڕی (77ملیار) دینارو پارێزگا تازەکەی هەرێمیش، تەنها بڕی (30 ملیار )دیناری بۆ دیاری کراوە.
ئەوەی کە لەم بڕیارەدا گرنگە، دەستەڵاتی تەواو دراوە بە خودی پارێزگاکان، بۆ جێ بەجێ کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیان، واتە وەزارەتەکان پەیوەندیان بەم تەرخانکراوانەوە نی یە، لایەنی پەیوەندیدار خودی پارێزگاکان خۆیانن.
ئەم هەنگاوە، جۆرێکە لەدابەزاندنی دەستەڵاتی دارایی و کارگێڕی، بۆ پارێزگاکان بەشێوەی نیمچە لامەرکەزی، لەجێ بەجێکردنی پرۆژەکان.
گرنگ ئەوەیە، پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەپلانی تۆکمەی زانستی و واقعی، ئەو پرۆژانە بکەن بە سەرمەشقی کارەکانیان کە زۆرترین سوود بە کۆمەڵانی خەڵك ودانیشتوان بگەیەنن، لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە.
بێ گومان، نابێت پرۆژەکان تەنها ناوەندی پارێزگاکان بگرێتەوە، بەڵکو ئەوەی کەپێویستە و گرنگە، قەزا وناحیەکان و گوندەکانن،بۆ ئەوەی ئەو شاروشارۆچکانە، لەخزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و ئابوری بێ بەش نەبن،پێویستە ڕەچاوی دادپەروەری بکرێت.
لەڕاستیدا، ناتوانين بڵێن دابينكردنی ئه م بڕانە بۆ پارێزگاکانی هەرێم، مانای کۆتایی هاتنی قەیرانی ئابوری هەرێمە، بەڵام هەنگاوێکە، بەئاراستەی نزیکبوونەوە لەتێپەڕاندنی قەیرانەکە.
ئەوەی کە زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ ئەو لایەنانەی کەداوای لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەن، وەک هەنگاوێکی سەرەتایی لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تەرخانکراوانە، بۆجێ بەجێکردنی پرۆژەکانیان، هەر بۆیە زۆر گرنگە حکومەتەخۆجێیەکان، تاڕادەیەکی باش بەشەفافی هەڵسوکەوت بکەن، لەڕووی دەرکردنی تەندەری پرۆژەکان و دابەشکردنی پرۆژەکان بەپێی جوگرافیا و یەکسانی ناوچەکانیان.
لەلایەکی ترەوە، ئەمە دەبێتە ئەزمونێکی بەردەست بۆ ڕای گشتی، سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە، پاڵپشتی لایەنگرانی پرۆسەی لامەرکەزییەکە بەهێزتر دەکات، پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە.
هەرچەندە، بڕی تەرخانکراوەکان، بەپێ ی خواستی پارێزگاکان پێویستیەکانیان نین، بەڵام بۆ ئەم قۆناغەی بێ بودجەیی و کەمبونەوەی داهاتەکانی حکومی، بەهەنگاوێکی ئەرێنی دەبینرێت، کە ئومێدەوارین، لەکۆتایدا ئامانجەکانی بەدەستهێنا بێت.
جێ بەجێکردنی پرۆژەکان، دوور بێت لەگەندەڵی و بەهەدەردان.هەروەها لەدەستی لیژنەیەکی دەستپاک و خاوەن ئەزموندا بێت، لەژێر چاودێری کردنی هەموو لایەک بەگشتی و ڕاگەیاندنەکان بەتایبەتــــی..
*ئابوریناس
- بابەتەکانی تری سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts