ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: شاری شوێنه‌واری ده‌ربه‌ند، شاری ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی نییه!
تائێستاش هه‌ندێك له‌ڕۆشنبیر و نووسه‌رانی خۆمان له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی تیمی به‌ریتانی پشكنینی شوێنه‌واری ده‌ربه‌ند، شاری ده‌ربه‌ند به پاشماوه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی ناوده‌به‌ن، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌مانه‌وێت لێره‌وه ئه‌وه ڕابگه‌یه‌نین، كه به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و كه‌شوهه‌وای له‌بار، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئاده‌میزاد ده‌ڤه‌ری بیتوێنی كردووه‌ته نشینگه‌ی خۆی و تێیدا جێگیربووه، ته‌نانه‌ت ته‌ها باقر شوێنه‌وارناسی گه‌وره‌ی عیراق، ده‌لێت: له‌چیای كێوهڕهشی پشتی ڕانیه، هه‌ندێك ئه‌شكه‌وت هه‌یه، مه‌نزڵگای ژیانی ئادهمیزادبووه، له‌سه‌رده‌می ئه‌شكه‌وت و ژیانی سه‌ره‌تاییدا، له‌وساوه به‌رده‌وام شوێنی مانه‌وه‌ی ئادهمیزادبووه، هه‌ر ده‌سته و كۆمه‌ڵگایه‌ش له‌دوای خۆی پاشماوه‌ی ژیانی خۆی به‌جێهێشتووه، ده‌كرێت ئێستا ئه‌م سنووره، وه‌ك ئه‌رشیفێكی شوێنه‌واری گرنگ دابنێین، بۆیه هه‌میشه جێگای سه‌رنجی شوێنه‌وارناسانی خۆمانه‌و بێگانه بووه، هه‌ركات ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خسابێ، سه‌ردانیان كردووه‌و كنهوپشنینیان تێدائهنجامداوه، چه‌ندین تیمی بیانی سه‌ردانی ناوچه‌كه‌یان كردووه، دواجار له‌هاوینی 2017 تیمێكی شوێنه‌وارناسی مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانی به‌هاوكاری زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌هه‌ولێر، سه‌ردانی شوێنه‌واری شاری ده‌ربه‌ندیان كرد‌و به‌شێك له ئه‌نجامه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه.
له‌سه‌ر زانیاری ئه‌وان میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان باسی دۆزینەوەی شارە ونبووەکەی ئەسکەندەریان کرد لەدەربەندی رانیە. بەناونیشانی “دۆزینەوەی شاری ئەسکەندەرییە” ئەم ناونیشانە ئه‌نجامی كاری تیمی كوردی بۆ هاوكاری و تیمی شوێنەوارناسی بەریتانی، سه‌ره‌ڕای زیان گه‌یاندن بەپێگەی زانستی خۆیان، دەبێتە شێواندنی مێژووی شوێنەوارێکی گرنگی ئەم ناوچەیە و گاڵته‌كردن به‌چاره‌نووسی مرۆڤی كۆنی ئه‌م ناوچه‌یه، كه زۆرجاری تر له‌لایه‌ن تیمه بیانیه‌كان ئه‌مه ڕووی داوه.
هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی شارێکی کۆنی کوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و تیمه شوێنه‌واریه، هەواڵێکی دڵخۆشكه‌ره‌و مایه‌ی ده‌ستخۆشیه، به‌ڵام قبوڵكردنی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی بڵاویانكرده‌وه كارێكی ئاسان نیه، له كاتی خۆیدا دكتۆر دڵشاد زاموا مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی شوێنه‌وار، وه‌ڵامی ئه‌و تیمه به‌ریتانیه‌ی دایه‌وه‌و له‌سه‌ر زیاده‌ڕۆییه‌كانیان ڕه‌خنه‌ی لێگرتن، كه‌چی ئێستا هه‌ندێك له‌ڕۆشنبیرانی خۆمان له‌و به‌رنامه جوان و ڕێكوپێكانهی بۆیان ئاماده‌ده‌كرێت، له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی ئه‌و تیمه شوێنه‌وارییه به‌ریتانیه دووباره ناوی شاری ده‌ربه‌ند به‌شاری ئه‌سكه‌نده‌ر ناوده‌به‌ن، من وه‌ك كه‌سێكی په‌رۆشی مێژووی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌م، به‌تایبه‌ت ئه‌م ده‌ڤه‌ره، بۆئه‌وه‌ی زیاتر بابه‌ته‌كه ڕوون بێته‌وه و مێژوو و شارستانیه‌تی وڵاتی خۆمان نه‌ده‌ین به‌خه‌ڵكی تر، ده‌مه‌وێ ئه‌وه ڕوون بكه‌مه‌وه، سه‌رله‌به‌ری ئه‌م زانیاریانه دوورن له‌ڕاستیه‌وه، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت شوێنەواری شاری دەربەند، شاری ئەسکەندەری مەکدۆنی بێت و “قەڵاتگهی ده‌ربه‌ند” نەئەسکەندەرو نەجێنشینەکانی دروستیان نەکردووە. ته‌نانه‌ت هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییە، ئەسکەندەری مەکدۆنی هاتبێتە ناوچەی رانیە، به‌ڵكو ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كاتێ ئه‌سكه‌نده‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی هێرشی بۆ ڕۆژهه‌ڵات كهوتهسهرو سوپاكه‌ی بهرهوڕۆژههڵات ڕێگای گرته‌به‌ر، له‌شوێنێك به‌ناوی گوگامیلا له‌باكووری هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕووباری خازر، هه‌ردوو سوپای ئه‌خمینی و گریك، به‌سه‌ركردایه‌تی داراو ئه‌سكه‌نده‌ر به‌یه‌كگه‌یشتن و به‌یانی ڕۆژی یه‌كی تشرینی یه‌كه‌می (331 پ.ز) ڕووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه، له‌ئه‌نجامدا له‌شكری ئه‌خمینی شكستی هێناو دارا ڕێگای هه‌ڵاتنی گرته‌به‌ر، به‌مه‌ش ئه‌سكه‌نده‌ر بڕیاریدا شوێن دارا بكه‌وێ، به‌ره‌و هه‌ولێر، به‌هیوای ده‌ستگیركردنی، كه‌چی كهئهسكهندهر گه‌یشته هه‌ولێر، دارا ڕایكردبووبهلای كێوه‌كانی كوردستاندا پاشه‌كشه‌ی كرد، ئه‌سكه‌نده‌ر كه به‌دارا نه‌گه‌یشت، نه‌خه‌ڵه‌تا به‌ره‌و باكووری ڕۆژهه‌ڵات به‌ناو به‌رزاییه‌كانی میدیا، شوێنی دارا هه‌ڵبگرێت، به‌ڵكو یه‌كسه‌ر به‌ره‌و بابل پێشڕه‌وی كرد تادهستبگرێت به‌سه‌ر گرنگترین مه‌ڵبه‌نده‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌خمینی، كه‌بریتی بوون له‌بابل و سوسه و پرسپیۆڵس و ناوچه‌كانی تر، له‌ترسی ئه‌سكه‌نده‌ر دارا ڕایكرد بۆ هه‌رێمی باكتریا، كه‌له دڵسۆزترینی لایه‌نگرانی بوون، به‌ڵام ئه‌وان كهبیستیان ئه‌سكه‌نده‌ر به‌دوایانه‌وه دارایان گرت‌و كوشتیان.
به‌كوژرانی داراو ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ئه‌خمینی، گریكه‌كان بهئاواتیان گه‌یشتن و ئه‌سكه‌نده‌ریش نازناوی (گه‌وره‌ی ئاسیا)ی له‌خۆی ناوبووبه پاشای ئه‌و شوێنانانهی داگیری كردبوون، به‌مه‌ش ده‌ستی گرت به‌شه‌ر زۆربه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی ئه‌خمینی. ئینجا ڕووی كرده هند و په‌نجاب و ئه‌و ناوچانه، كهدواقۆناغی له‌شكركێشیه‌كه‌ی تا(327-325 پ.ز)ی خایاند، ئیتر سوپاكه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ر به‌گوێیان نهكردو لێیههڵگهڕانهوه، ئه‌ویش ناچار بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌یدا، له‌گه‌ڵ ناڕه‌حه‌تیه‌كی زۆر به‌ره‌و بابل گه‌ڕایه‌وه، به‌م جۆره ئه‌سكه‌نده‌ر گه‌وره‌ترین ئیمپڕاتۆریه‌تی جیهانی پێكهێنا، كارێكی كرد كه‌س پێش ئه‌و پێی نه‌كرابوو، ئه‌ویش شوێن پێكردنه‌وه‌ی ڕۆژئاوابوو له‌ڕۆژهه‌ڵات، به‌ڵام قه‌ده‌ر نه‌یهێشت بهئاواتهكانی بگا‌و له‌ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بابل له‌ساڵی (323 پ.ز) مرد و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بۆ لایه‌نگرانی به‌جێهێشت، به‌م پێیه هیچ ئاماژەیەکی مێژوویی نییە باس لەهاتنی ئەسکەندەر بکات بۆ ناوچەی رانییە.
ده‌رباره‌ی شاری ده‌ربه‌ند، وه‌ك ئه‌و تیمه به‌ریتانیه‌كه ڕایانگه‌یاندووه، گوایه به‌هۆی چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی سیخوڕی ئه‌مریكی له‌شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو دۆزیویانه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش جێگای سه‌رنجه، چونكه له‌و مێژووه كۆنتر زانیاری له‌سه‌ر شاری شوێنه‌واری ده‌ربه‌ند هه‌بووه، چه‌ند ساڵێك لهمهوپێش تیمێكی بیانی كنهوپشنكنینیان له‌به‌شێكی تری شاری ده‌ربه‌ند ده‌كرد، كاك مه‌لا سمایل نوره‌دینی فه‌رمانبه‌ری شوێنه‌واری ڕاپه‌ڕین له‌گه‌ڵیان دابوو، من چوومه سه‌ردانیان، قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن ده‌رباره‌ی شوێنه‌واری شاره‌كه و هه‌ردوو دیواری لێژبووه‌وه له‌چیای ئاسۆس و كێوهڕش بۆ سه‌ر زێیه‌كه، وه‌ك باوه له‌سه‌ر زێیهكهش ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه.
له‌باره‌ی شوێنه‌واری شاری ده‌ربه‌ند لهمارتی 1958 (ئی، ویڵدان براون) زنجیره‌یه‌ك قه‌ڵای له‌یه‌ك نزیكی دۆزییه‌وه، بهكهڵهكهبهردی وشكی بیناكاری له‌سه‌رلێواری زنجیره چیایه‌ك دروست كراون، پێیده‌گوترێت (خاڵی ده‌ربه‌ند) له‌خوارووی (ده‌ربه‌ندی ڕه‌مكان)، به‌ڵگه هه‌یه ده‌ریده‌خات، ئه‌م زنجیره قه‌ڵایه به‌مه‌به‌ستی به‌رگری كردن له‌دژی هێرشی ڕۆژهه‌ڵات دروستكراون، به‌ده‌ستنیشان كردنی شوێنی شاره‌كه، زۆر شتمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها مامۆستا (عبدالرقیب یوسف) ده‌ڵێت:” ئه‌و شاره‌ی له‌گه‌ڵ شورا لێژبووهكهی پاڵ چیاكه‌وه، نزیك ده‌ربه‌ند دۆزیومه‌ته‌وه و له‌ساڵی (1973ز) ڕاپۆرتێكم له‌وباره‌یه‌وه پێشكه‌ش به(به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری عیراق) له‌وكاته‌دا كردووه”.
ئەو تیمه شوێنەوارییە به‌ریتانیه پشكنینی لەشاری دەربەندی رانیە كردووه، كه‌پێی دەگوترێت (قەڵاتگەی دەربەند) پاشماوەی بیناسازی و سکەوپەیکەری تێدادۆزراوەتەوە، به‌ڵام هیچ کام لەم شوێنەوارانە بۆ سەردەمی ئەسکەندەر ناگەڕێنەوە، به‌ڵكو به‌پێی قسه‌ی شاره‌زایان پێدەچێت هەموویان شوێنەواری سەردەمی ئەشکانییەکان بن، ئەو سکەیەش کەدۆزراوەتەوە سکەیەکی ئەشکانییە و یۆنانی نییه، هه‌روه‌ها ئەو دوو پەیکەرەی دۆزراونەتەوە، یەکێکیان پەیکەری پیاوێکی رووتە و ئەوەی تریان جلی لەبەردایە، بەڵام سەرودەست و قاچی ئەو پەیکەرانە نەدۆزراونەتەوە، هەموو شوێنەوارناسێکیش دەزانێت دۆزینه‌وه‌ی پەیکەری بێ سەر، ده‌ستنیشانكردنی كه‌سایه‌تی په‌یكه‌ره‌كه و سه‌رده‌مه‌كه‌ی چه‌ند سه‌خته!
تیمی شوێنەوارناسی ناوبراو ڕایانگه‌یاندبوو لەشاری ئەسکەندەرییە (شاری دەربەند)” فەیلەسوف و خەڵکی رووت شەرابیان دەدا بەرێبواران” به‌ڕاستی ئه‌مه‌شیان جێگای سه‌رنجه، ئه‌وان به‌چ به‌ڵگه‌یه‌ك زانیان ئه‌وانه فه‌یله‌سوف بوون، له‌كاتێكدا هیچ بەڵگەیەکی نووسراویان نەدۆزیوەتەوە، ئه‌ی بەچ بەڵگەیەک ئه‌وان زانیان خەڵکەکە هەموو رووت بوون؟ بێگومان دۆزینه‌وه‌ی په‌یكه‌ری ڕووت ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕووتی ژیانیان به‌سه‌ربردبێ، ئەمە بەشێکە لەدیدی رۆژئاوا، لهکەمکردنەوەی شارستانییەتی رۆژهەڵات و مێژووەکەی.
له‌لایه‌كی تر ئەم تیمە بەریتانییە زۆر جەختیان لەشەراب کردووەتەوە، گوایە شوێنەواری دروستکردنی شەرابیان دۆزیوەتەوە لەقەڵاتگەی دەربەند، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش مانای وابێت دروستكردنی شه‌ڕاب له‌ڕۆژهه‌ڵات ببه‌ستنه‌وه به ئه‌سكه‌نده‌رو ڕۆژئاوا، بێگومان ئه‌وه شتێكی زۆر بێمانایه، چونكه هه‌ر له‌زۆر كۆنه‌وه شەرابی ترێ لەکوردستان دروستکراوە و له‌به‌ڵگه‌نامه كۆنه‌كان و نووسینە بزمارییەکاندا ئاماژه‌ی پێدراوه، كهشهڕابی ئه‌م ناوچه‌یه به‌ناوبانگ بووه، بۆنموونه شه‌مشی ئه‌ده‌دی یه‌كه‌م(1813- 1781 پ.ز) پاشای دامه‌زرێنه‌ری ئیمپڕاتۆری ئاشووری 1700 پێش ئه‌سكه‌نده‌ر، كهتهتهرهكهی ئه‌و له‌شمشاره لای (كوواری) فه‌رمانڕه‌وای ده‌ڤه‌ری ڕانیه له(شمشاره)، ماوه‌ته‌وه، له‌نامه‌یه‌كدا بۆ (كوواری) ده‌نووسێت:” كوشییا (Kušiya)، بۆچی ئه‌و له‌وێ ماوته‌وه، ڕێنماییه‌كان بهوبدهو بینێره‌وه ….. پێویسته پارێزگاری لێ بكه‌یت(شه‌ڕاب ) و (نان)یشی بۆ دابین بكه‌یت” ئه‌مه‌ش وه‌ڵامێكی مسۆگه‌ره بۆ ئه‌و تیمه به‌ریتانیه، كه‌ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رله هاتنی ئه‌سكه‌نده‌ر خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه شه‌ڕابیان خواردۆته‌وه.
له‌هه‌مووی بێماناتر ئه‌و وێنە خەیاڵیهی بۆ شوێنەوارەکە بڵاویان كردۆته‌وه، كهوێنەی دەریاچەی دوکان دەردەکەوێت و کەشتی یۆنانی تێداهاتووچۆدەکات؟ له‌كاتێكدا هه‌موومان ده‌زانین دروستكردنی به‌نداوی دوكان زۆرتازهیهو هه‌مووی 62 ساڵه ئاوه‌كه‌ی گل دراوه‌ته‌وه، ئه‌گینا پێشتر ته‌نیا ڕووبار(زێ)یه‌ك بوو، هەرباشە نه‌یانوتوه سوپای ئەسکەندەر به‌سه‌ر پرده‌كه‌ی ده‌ربه‌ندا تێپه‌ڕیوه، كه‌چه‌ند ساڵێكه، له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا دروستكراوه.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بیڵێین ئه‌وه‌یه، زۆر به‌ڵگه‌ی مێژوویی و شوێنه‌واری ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، كوردستان لانكه‌ی شارستانیه‌ت و ژیانی سه‌ره‌تایی مرۆڤه‌و ئه‌وه‌ش ساغ بۆته‌وه كورد هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه له‌م ناوچه‌یه نیشته‌جێ بووه، هه‌موو شوێنه‌وار و مێژوو و شارستانیه‌تی ناوچه‌كه هی كورده و ئه‌گه‌ر كورد خۆی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی كه‌م دهستو بێ پشتوپه‌نا نه‌یتوانیوه لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی ورد بۆ ئه‌م شتانه بكات و شوناس و خاوه‌ندارییه‌تی خۆی له‌سه‌ر مێژوو و كه‌لتور و شارستانیه‌تی ئه‌م ناوچه‌یه دابنێ، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ ئه‌وانه مڵكی كوردنین، ئێمه لاریمان لهداگیریكاری دوژمنه‌كان نییه، به‌ڵام بهوهنابن به‌خاوه‌نی شاستانیهتی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ق وایه ڕۆشنبیرو شوێنه‌وارناسانی كورد، نه‌شاره‌زایانه یاخود شه‌رمنانه له‌سه‌ر بابهتهكان نه‌دوێن و كه‌لتورو مێژوو و شارستانیه‌تی كورد به‌بێگانه نه‌به‌خشن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان كوردستانیان داگیركردووه و تێداماونهتهوه، به‌ڵكو ئه‌وان بوونه‌ته هۆی دواكه‌وتنی كوردستان و كه‌له‌پوور و پاشماوه‌كانیشیان به‌تاڵان بردووه، پێویسته داكۆكی له‌م بواره بكه‌ین و كه‌لتورو شارستانیه‌ت و مێژووی كۆنی ئه‌م نیشتمانه به‌هی خۆمان بزانین و له‌داهاتووشدا هه‌وڵ بدرێ شته دزراوه‌كان بگێڕینه‌وه، بۆ خاوه‌نی بنه‌ڕه‌تی خۆی كه‌كورده.
وێنەکان:
1- وێنەی هێرشەکەی ئەسکەندەری مەکدۆنی بۆ خۆرهەڵات، وەک دەبینین دوای شەڕی گۆگامیلا له ئەربێلا وه راستەوخۆ دەچێت بۆ بابل نەک بۆ رانیە.
2- وێنەی په‌یكه‌رێك و درهەمی پاشای ئەشکانی.
3- وێنەی پەیکەرێک
4- وێنە خەیاڵییەکەی تیمە بەریتانییەکە و کەشتییە یۆنانییەکانی دەریاچەی دوکان.