کاوسێن بابەکر: گاڵتەجاڕی هاوسەنگی هێز لەهەرێم.
ئەوەی لەنێوان پارتی و یەکێتی دەگوزەرێ لەباڵابونی هەژمونی سیاسی و سەربازی لەلایەن پارتیەوە بەسەر یەکێتیدا، هیچ پەیوەندی بە تێکچونی هاوسەنگی هێزەوە نیە وەکو زۆرکەس بۆی چوون! چونکە کاتێ حساب بۆ هاوسەنگی هێز دەکرێ کە سیستەمێک هەبێ و هێزی سەربازی بێلایەن بێ و موڵکی حزب نەبێ و هەڵبژاردن پاک و ئازاد بێ و بڕیاری باڵابونی هێزو هەژمون و دەستەڵات ئەو بیدات و دەستوەردان نەکرێ و لەهەر هەڵبژاردنێک یەکێک سەرکەوێ و ئەوانی تر بکەون. واتا دەستاودەستکردنی دەستەڵات هەبێ، یانی کەلتورێکی دیموکراسی. بەڵام لەکوردستان ئەوانە هیچ نییەو کورسیەکانی پەرلەمان ڕۆڵ نابینن لە هەژمونی حزبەکاندا مادام هێزی سەربازی و ناوچەی جێنفوز هەبێ، ئەگەر کورسیش کەم بن هیچ لەهەژمونی دەستەڵاتی حزبەکە کەم ناکەنەوە. تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت لەهەڵبژاردنی داهاتودا پارتی 10کورسی بهێنێ (هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێ تەزویر) حزبیکی تر زۆرترین کورسی بهێنێ ئایا پارتی دەستەڵات ڕادەست دەکات و دەبێتە ئۆپزسیۆن؟ بە برابچوکی ڕازی دەبێ؟ پێموایەو وەک ڕۆژی ڕوناکیش ئەو ڕاستیە دیارە کە هێشتا مەسەلەی دەستاودەستکردنی دەستەڵات دانی پیدا نەنراوە و قبوڵکراو نییە، مادام ئاوایە بۆ یەکێتیش هەر ڕاستە هەرچەند یەکێتی ئامادەیی نیشانداوەو داواشیکردوە کە حکومەت بەسیستەم بکرێ و هێزی پێشمەرگە بکرێتە هێزێکی نیشتمانی، بەڵام بەتاکلایەنە ئەم کارە نەدەکرێ، بشکرێ سەرناگرێ.کەواتا مادام پارتی و یەکێتی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسی سەر بەخۆیان هەیەو بێلایەن نین، کەواتە قسەکردن لەتێکچونی باڵانسی هێز بەوەی یەکێتی کورسی کەمتری هێناوە جگە لەگاڵتەجاڕی شتێکی تر نیە و دەیانەوێ بەم قسەیە کە هی ووڵاتە سیستەمدارو دێموکراسیەکانە، یەکێتی ئیحراج بکەن بۆ ئەوەی بە هەژمونی دەستەڵاتخوازانەی پارتی رازی ببێ وەک ڕازیبووە!
یەکێتی دەتوانێ ئەم برابچوکیە قبوڵ نەکاو پارتی ناچاربکات حکومەت بکرێتە سیستەم و هێزی چەکدار بە هاوکاری ئەمریکا کە هەموو دەستپێشخەریەکی کردووە، بکەنە هێزێکی پرۆفیشناڵی نیشتمانی و بێلایەن و هەڵبژاردنەکان سەنگی مەحەکی هەژمون و دەستەڵاتی حزبەکان بن و دەستاودەستکردنی دەستەڵات بکرێتە کەلتور، دەتوانێ بۆ ئەمکارەش پارتەکانی تریش ڕاکێشێتە ناو کارو هەوڵەکانی کە هەمان کار لەدروشمەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە، تەنها ئەو کاتەش دەکرێ قسە لەهاوسەنگی هێزو نفوزی حزبی ڕاستەقینە بکرێ.