كەمال محەمەد: سۆسیۆلۆژیای سیاسی و سیستەمی ئەرستۆكراتی.
سۆسیۆلۆژیا واتە كۆمەڵناسی،كە چەندین تیۆرو چەمك لەخۆ ئەگرێ، سیاسەتیش یەكێكە لەهەرە چەمكە كاریگەرەكانی ئەم تیۆرییە، چەندین فەیلەسوفی ڕۆژئاوایی و ئەمریكی بە گرنگییەوە باسیان لێوە كردوە و چەمك و بەهاكانیان شرۆڤە كردوە. لەنێو كۆمەڵگای عەرەبیشدا ئیبن خەلدون باسی لەم تیۆرییە كردوە لەڕووی دەمارگرژی و بەدەوییەت و قۆناغی گواستنەوەی شارنشینی لەعێراقیشدا عەلی وەردی لەسەدەی نۆزدەو بیستدا باسی لەگواستنەوەی سەردەمی بەدەوییەت بۆ سیستەمی دەوڵەت مۆدێرنە كردوە، هەمو ئەم بیرمەندانە هەوڵەكانیان بۆ ئەوە بوە كە سۆسیۆلۆژیا ببێتە میتۆدێكی كارپێكراو بۆ سیستەمی سیاسی تاوەكو بەسودوەرگرتن لە ئەزمونی سۆسیۆلۆژیا سود لە ئەزمون و ئاڵوگۆڕە سیاسییەكانیش وەربگرێت.
لە سیستەمی ئەرستۆكراتی دەسەڵات بەدەست چەند كەسێكی دیاریكراودایە لەسیستەمی ئەرستۆكراتی دیموكراتی خەسڵەتێكی تیۆری و ڕووكەشی هەیەو یەكسانی هەرگیز نەبوەو هەرچی ئازادیشە وەك چەمكێكی تیۆری ماوەتەوە لەواقیعدا دەستەبەر نەبوە. لەهەرێمی كوردستانیش دەسەڵات لەدەست كەمینەیەكی خێڵەكیدایە كە هەمیشە خۆیان لە ترۆپكی دەسەڵاتدا ئەبیننەوە و هەرەوەها فۆرمی حكومەت و یاساكانیش بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دائەڕێژن نەوەك هاوڵاتی لەسیستەمی ئەرستۆكراتی كەمینەی دەسەڵات نایانەوێت دەسەڵاتی تایبەت بە دام و دەزگا سیاسی و یاسایی و ئابوری و ڕۆشنگەرییەكانی حكومەت بدرێت چون ڕاستەوخۆ سەرنجیان بۆ مەترسی نەبونی جیاوازی لەنێوان خۆیان وهاوڵاتی ڕادەكێشێت هەربۆیە بەناوی پشێوی و دەست تێوەردانەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەریاساكانیشدا دەسەپێنن تالەو ڕێگەیەوە بتوانن دەنگی ناڕازی و شۆڕش كپ بكەنەوە.
لەهەرێمی كوردستان غیابی سۆسیۆلۆژیای سیاسی هۆكارەبۆ بەردەوام بونی سیستەمی ئەرستۆكراتی و بەدرێژایی مێژوو ئەم غیابی سۆسیۆلۆژیای سیاسییە ئەبدەیت كراوەتەوە، ئێستا ئێمە لەقۆناغێكداین نەمانتوانیوە مافە سروشتییەكانمان بكەینە دەقێك كەگوزارشت لەقۆناغێكی چارەنوسسازی پەرەسەندن و بەرەپێشچونی فەردگەرایی بكەین و بەرگە بگرین لەخراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پەرەوەدە كردنی فەردێكی خاوەن ماف كە بۆ هیچ كەس و دەسەڵاتێكی خۆسەپێن نییە كەبڕیار لەسەرچارەنوسی بدات و دەستدرێژی بكاتە سەر.
سۆسیۆلۆژیای سیاسی دەسەڵاتێكە ڤیتۆ ناكرێت، بەڵكو خاوەن فكرێكە لەقۆناغە سیاسییەكاندا تەریب ئەبێت و هەمیشەكاری پێگەیاندنی تاكە لەسیاسەت و بەرێوەبردنی كۆمەڵگادا تا بگاتە هۆشیارییەكی هەمەلایەنە كە بتوانێ رێگری لە دەسەڵاتی ئەرستۆكراتی و شوناسی خێڵەكی و بنەماڵەییەوە بكات و هەوڵ بۆ سۆسۆلۆژیای سیاسی و نەتەوەیی بدات، بەڵام لەهەرێمی كوردستانی بونیادگەری و ریالیزمی شۆڕشگێری بەهەڵە لای تاك ڕەنگی داوەتەوە و هەمیشە دەسەڵات و حیزب دژایەتی هەر فیكرێكی ڕۆشنگەریان كردوە كە كرانەوەی فیكری تاك بكەنە ستراتیژی ماف چارەنوسی نەتەوەییان، بۆیە وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێك كە بۆچی ئەم قەوارەیە لەنەبونی سۆسۆلۆژیای بنەڕەتی ئەژی ئەركی هەمو تاكێكی هۆشیارە بۆ ئەوەی ئەركە مێژوییەكانمان بكەینە بنیادێكی پتەوی سۆسۆلۆژیای سیاسی و بەو هۆكارانە ئاشنا بین كەئەبێتە مایەی ئەوەی مافە سروشتییەكانمان دێتە سەرباس.