بورهان شێخ ڕەئوف: پاپا فرەنسیس لە عێراق.
پێش هەرشتێک ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوێن لانکەو بێشکەى هەرسێ ئایینى ئیبراهیمى ( یەهودى – مەسیحى – ئیسلام )ە کە خاوەن کتێبى پیرۆزن ، بۆیە ئاساییە سومبول و فیگەرە دیارەکانى ئەو ئاینانە سەردانى ئەم وڵاتانەى خۆرهەڵاتى ناوین بکەن بە تایبەتى عێراق بۆ کریستیانەکان گرنگى خۆى هەیە بەهۆى شارستانیە کۆنەکانیانەوە هەر لە ئورەوە تا ئەکەد و سۆمری.
پاپا بۆ سەردانى عێراق دەکا؟
پاپا فەرەنسیس وتى بۆیە سەردانى عێراق دەکەم چونکە پاپای کۆچکردوو یوحەنا پۆلسى دووەم نەیتوانى سەردانى عێراق بکات ساڵى 2000، من نامەوێت جارێکى تر خەڵکانى خۆمان نائومێد بکەم جارێکى تر.
سەردانەکەى پاپا فەرەنسیس یەکەم سەردانى دەرەوەى وڵاتێتى لە دواى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ڤایرۆس لە ساڵى 2020، هەربۆیە پاپا هیواى خواست سەردانەکەى پڕ بەرهەم بێت لەو پێناوەدا خوازیارى دوعاو نوێژ بوو، ئەم سەردانە لە کاتێکدا دەکرێت بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق ڕۆکێت باران کران، ڤاتیکانیش پشتیوانى سەردانەکەى پاپا فەرەنسیس دەکات.
نامەکەى پاپا فەرەنسیس بۆ عێراقیەکان
پێش سەردانەکەى نامەیەکى ئاڕاستەى گەلى عێراق کرد کە خوازیارى بەهێزکردنى برایەتى و یەکێتیە لە نێوان عێراقیەکان و بنیاتنانى ئایندەیەکى گەش لە سەربنەماى ئاشتى .
لە بەشێکى نامەکەى ڕوو لە پێکهاتەکانى عێراق دەکات بە موسڵمان و یەهودى و کریستیانەوە دەبێژێت خوشک و برایانى خۆشەویستم لە عێراق دواجار لە نێوانتاندا دەبم لە چەند ڕۆژى کەمى داهاتوودا ، حەزبە دیدارتان دەکەم سەردان و تەوافى خاکە پیرۆزەکەتان دەکەم کە لانکەى شارستانیەتە لە دێر زەمانەوە، بۆ یە لە خوا ى گەورە دەپاڕێمەوە کە ئاشتى و ئارامى و لێخۆشبوون و لێبووردەیى بۆ عێراقیەکان بگێڕێتەوە، دواى ساڵانێکى درێژ لە شەڕو تیرۆر و ماڵوێرانى بۆیە لە خواى گەورە داواکارم ساڕێژى برینى برینداران و ئارامى بۆ هەمووان.
لە بەشێکى ترى نامەکەى ڕوو لە کریستیانەکانى هاو ئایینى خۆى دەکات و پێیان دەبێژێت: ئێوە بە هۆى ئاینەکەتانەوەو باوەڕتان بە یسوع ئازارو مەینەتى زۆرتان بینى، بەوپەڕى ئارامیەوە پێمخۆشە بە دیدارتان شادبم، لە کڵێسەیەکدا دەتانبینم کە دیارە بە شەهیدەکانیەوە، ئێستاش لە چاوەکانتانا وێنەى ماڵە وێرانەکان و کڵێسە گڵاوەبووەکانتان دەبینم، لە دڵتانا برینى دابڕانى ئازیزان و چۆڵکردنى ماڵەکانتان دەبینم.
سیستانى و پاپا فرەنسیس کۆدەبنەوە
کۆببونەوەى یەکەمجارى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق و مەرجەعى باڵاى کریستیانە کاسۆلیکەکانى جیهان پاپا فرەنسیس پێشهاتێکى نوێیە گرنگى خۆى هەیە بۆ نزیک بوونەوەو لێتێگەیشتنى ئاینەکان بە تایبەتى کە پێشتر لە ئەبوزەبى پاپاى ڤاتیکان و شێخ ئەحمەد تەیب شێخى ئەزهەر وەکو مەرجەعى سوونە کۆبوونەتەوەو دۆکۆمینتى لێتێگەیشتنیان واژۆ کردووە.
پاپا فرەنسیس لە هەرێمى کوردستان
وێستگەیەکى گرنگى ترى سەردانەکەى پاپا فرەنسیس بۆ عێراق هەرێمى کوردستانە، کە ئەمەش بۆخۆى ماناو مەدلولى تایبەتى هەیە ، چونکە کریستیانەکان لە هەرێمى کوردستان خاوەن بەشێکى زۆرى مافە کلتورى ویاساییەکانى خۆیانن و نوێنەریان لە پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە و بەشێکى ترى کریستیانەکانى ناوچەکانى دەشتى نەینەواو باشورو ناوەڕاستى عێراق هاتوونەتە هەرێم و ڕێزى تەواویان لێگیراوە بە تایبەتى دواى سەرهەڵدانى داعش و داگیرکردنى موسڵ.
هەر لە بەرئەوەشەبڕیارە پاپا ى ڤاتیکان لە چوارەم ڕۆژى سەردانەکەیدا لە یاریگاى نێودەوڵەتى هەولێر قەداسێکى گەورە ڕێکبخەن بە بەشدارى پێنج هەزار کەس.
ئامادەکارییەکان و کاردانەوەکان لە مەڕ ئەم سەردانە لە عێراقدا.
لە دواى لابردنى بەربەستە کۆنکریتیەکان لە سەر پردى کۆمارى لە بەغداو پاککردنەوەى ناوچەى کەڕادە و ڕازاندنەوەى بەربەستەکانى نزیک کڵێسەى خاتوو نەجات بەوێنەو لافیتەى خۆشهاتن بەبۆنەى سەردانى پاپا فەرەنسیسەوە، ڕووناککردنەوەى ((زقورەى ئور) کە یەکێک لە کۆنترین پەرستاگانە لە عێراقدا کە لە قوڵایى بیابانى زیقاردا ساڵانێکە پشت گوێ خرابوو تا ئێستا، قیرتاوکردنى ڕێگاى سەرەکى شارۆچکە (قەرەقوش) 25 کم لە ڕۆژهەڵاتى موسڵ، نۆژەنکردنەوە کڵێسەى ( تاهیرە ) لە خۆرئاواى موسڵ و ڕازاندنەوەى،
هەموو ئەم ئامادەکارییە خێراو دەستوبردانە بە هۆى سەردانى پاپاوە بۆ ئەو شوێنانە، کاردانەوەى خێراى هاوڵاتیانى عێراقى بە دواى خۆیدا هێناوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لە لایەک ڕەخنە لە بێ دەربەستى حکومەتى عێراق دەگرن بەرامبەر بەو شوێنەپیرۆز و شوێنەوارى و گەشتیاریانەوە و لەلایەکى تریشەوە لە قەداسەتى پاپا فرەنسیس دەخوازن سەردانى ناوچەکانى تریش بکات تاوەکو حکومەتى عێراق لایان لێ بکاتەوە.
لە هەموو ئەو کۆمینت و داخوازى یانە سەرنجڕاکێشتر و کاریگەرتر داخوازیی هاوڵاتیەکى عێراقە لە پاپا کەسەردانى نەخۆشخانەکانى عێراق بکات بۆ ئەوەى بە چاوى خۆى ببینێت کەرتى تەندروستى عێراق لە چ دۆخێکدایە؟ هەر لە کەمى کادرى تەندروستى تا نەبوونى ئامێرو کەرەسەى پزیشکى پێویست بە تایبەتى لە نەخۆشخانەکانى تایبەت بە کۆرۆنا ڤایرۆس.
وێنەکە وەرگیردراوە لە sahafah24.net