عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: بەپێوەرگرتنی ژمارەی دانیشتوان بەتەنها بەس نیە بۆبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێم.
حکومەتی هەرێمی کوردستان (349) ملیاردو (702) ملیۆن دیناری تەرخان و دیاریکرد بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان بەم شێوەیە پارێزگای هەولێر (128) ملیار دینار، سلێمانی ( 114) ملیارد دینار، دهۆک ( 77) ملیارد دینار، هەڵەبجە ( 30) ملیارد دینار.
هەرچەندە دابینکردنی ئەو بڕە پارەو بودجەیە لەئاست خواست و پێداویستیەکانی پارێزگاکانی هەرێمدا نیەو ناتوانرێت پڕۆژەی پێویست و ستراتیژی پێ ئەنجام بدرێت.
ئەوەی لێرەدا مەبەستی نوسینەکەی ئێمەیە ئەوەیە کە ئایا ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان بەتەنها دەکرێتە پێوەر؟ بۆ شار و شارۆچکەکان یان وێرانکاری و پێویستیەکانی شاروناوچەکانیش دەبێتە بەشێک لەپێوەر؟
ئەوەی کەساڵانی ڕابردوو دەکرایە پێوەر بەتەنها ژمارەوڕێژەی دانیشتوانی شار و شارۆچکەکان بوو، کەلەڕاستیدا گەر لەلایەکەوە دادپەروەری هەبێت لەبەپێوەرگرتنی ژمارەی دانیشتوان بۆ دابێنکردنی بودجە بۆ شار و ناوچەکان ئەوا لەچەندین لایەنی ترەوە نادادییەکی ئێجگار گەورەی تێدایە.
ناکرێت پارێزگایەک (هەڵەبجە) بەنمونە کەنزیکبوینەتەوە لەساڵڕۆژی کیمیا بارانکردنیدا، و چەندین پەرەگراف وبەیاننامەو قسەی قەبەو کرێستاڵی بەشان و باڵیدا دەهۆنرێتەوە لەلایەن حیزب و حکومەت و بەرپرسەکانی، و دنیایەک وێرانکاری تێداکرابێت و خاکەکەی لەگەڵ زەویدا تەختکرابێت و، بوشبێتە ناسنامەو مەزڵومیەتی گەلی کورد لەگەڵ پارێزگایەکی تردا تەنها ژمارەی دانیشتوان بۆ پێدانی بودجەی پەرەپێدانەکەی بکرێتە پێوەرو بنەما بۆی کە زۆر کەمتر بەرشاڵاوی وێرانکاری کەوتوە یاخود هەر وێرانکاری و ڕاگواستنی تێدا ڕووینەداوە.
ناکرێت قەزایەک (پێنجوێن ) بەنمونە، کە یەکەمین قەزابێت نەک لەسەر ئاستی هەرێمدا، بەڵکو لەسەرئاستی عێراقیشدا بەرشاڵاوی وێرانکاری و ڕاگواستن و ڕووخاندن کەوتبێت، وەتا ئێستاش زیاترلە (1000) کەلاوەی تێدامابێت هەروەک قەزایەکی تر لەپێدانی بودجەدا بۆپەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە حسابی بۆبکرێت لەکاتێکدا ئەو قەزایەی تر بەدەربوە لەڕاگواستن و وێرانکاری، وە ئەمە بۆ هەموو شاروشارۆچکەو، یەکە کارگێڕییەکانی تریش هەر دروستە.
بۆیە پێویستەو ، وا باشترە کە هاوتەریب لەگەڵ بەپێوەرگرتنی ژمارەی دانیشتوان بۆ پێدان و تەرخانکردنی بودجەی پەرەپێدان ڕێژەی وێرانکاری و بونی کەلاوەی زۆرو خاپورکردنیش لەبەرچاو بگیرێت، چونکە گەر ئەو لایەنە لێکنەدرێتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە هەندێ شارو شارۆچکەو یەکەی کارگێڕی هەن هەرگیز سیمای ئاوەدانی و پێشکەوتن و گەورەبونی پێوە دیارنابێت و هەمیشەش لەپەراوێزدا دەمێنێتەوە، چونکە پارێزگاهەیە ژمارەی دانیشتوانەی لەقەزایەک کەمترە، و قەزاش هەیە دانیشتوانی لەدانیشتوانی ناحیەیەک کەمترە، ئەمە جگە لەوەی ناحیەش هەیە دانیشتوانەکەی هێندەی دانیشتوانی گوندێک نابێت.
بۆیە هەقە لەپێش هەموانەوە وەزارەت و لایەنە پەیوندیدارەکانی پەیوەست بەدابینکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاو یەکەکارگێڕییەکان جگەلەژمارەی دانیشتوان، وێرانکارییەکان و کەم و کورتیەکانی ئەو شوێنانەش لەبەر چاوبگیرێت، و ڕەچاوی زۆرلایەن و بواری تریش بکەن نەک تەنهاو تەنها پێوەرێک ژمارەی دانیشتوان بێت.