سەرکۆ یونس & عیماد مەحمود: گرنگی وەبەرهێنان، لەبوژانەوەی ئابوری هەڵەبجەدا.
بۆ یادی 16 ی ئازاری ئەمساڵ، ساڵڕۆژی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و شەهیدکردنی نزیکەی پێنج هەزار مرۆڤ و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی سەدان خێزانی هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور، بەدەستی حکومڕانی ڕژێمی بەعس، چی بکرێت بۆ سارێژبوونی کارەساتەکە و بەرەو پێشچوونی شارەکە.
هەڵەبجە، یادی 33 ساڵەی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، لەکاتێکدا دەکاتەوە، هەرێم بەقۆناغێکی ڕاگوزەری پڕ قەیرانی دارایی و ئابوری و ڕێکنەکەوتنی هەولێرو بەغدا و کێشەمناوخۆییەکاندا تێپەڕ دەکات.
بۆئەوەی هەڵەبجە، لەم گۆشەگیری و داخرانەی دەرباز ببێت، پێویستە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان، هەوڵی جددی بدەن لە پێشخستن و پەرەپێدانی هەندێ کەرتی گرنگ و ستراتیژی پارێزگاکەدا.
بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناو تەشەنەکردنی لەجیهان و ناوچەکەو هەرێمدا، ڕەوشی ژیان و ئابوری، تووشی گەورەترین داتەپین و داڕمان بوەتەوە، حکومەتی هەرێم،لەدوای ساڵی 2013 ەوە خاوەنی بودجەی ساڵانەی خۆی نەبووە و تائێستاش بودجەی نی یە، لەم بارودۆخەدا پارێزگای هەڵەبجە، بێ بەشترینی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمە، لەدواین هەوڵی ئەنجومەنی وەزیراندا، لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکاندا، تەنها ڕێژەی (2%)ی بۆ تەرخان کراوەو بڕی (30) ملیار دیناری بەرکەوتووە.
ئەوەی کەگرنگ و جێگەی بایەخە، بەداخەوە پرۆژەی ستراتیژی بوونی نی یە، جگە لەپرۆژەی پردی تووەقووت و مەرزی سازان کەبەداخەوە، هێشتا نەچوونەتە بواری جێ بەجێکردنەوە.
پێمان وایە، پارێزگای هەڵەبجە، بەبەرنامەی تایبەت و بەپلانی تۆکمە، دەتوانرێت پەرەی پێ بدرێت.
ئەوەی پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵیشەوە هەیە، بەداخەوە نوێنەرانی ئەم شارە و کوردستان، نەیانتوانیوە بەفەرمی لەلای حکومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بناسێنن و لەبودجەی گشتیدا، هێشتا پشکی نیە وجیانەکراوەتەوە.
هەروەها، ئەو فەرمانگە فیدراڵیانەی کەپێویستە لەپارێزگاکەدا هەبن، بەهەمان شێوە، جگەلە هەندێکیان، نەتوانراوە بەفەرمی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەوەیشی هەیە نوێنەرایەتی یەو سەر بەپارێزگای سلێمانی یە.
بۆ ئەوەی هەڵەبجە، لەهەموو ئەم کێشانە دەربازی ببێت و ببێت بە پارێزگایەکی نمونەیی هەرێم، پێویستە بەوەبەرهێنان ئەم کارە ئەنجام بدرێت..
سەرەتا، دەتوانین وەبەرهێنان، بەسادەترین شێوە بناسێنن، بەوەی كەبریتی یە لەبەگەڕخستنی سەرمایە، لەپرۆسەی ئابوری، كۆمەڵایەتی لەپێناو بەدەستهێنانی سەرمایەی نوێ و بەرزكردنەوەی توانای ئابوری وڵات، ڕەخساندنی هەلی کارو بەرهەمهێنان و زیادکردنی بەرهەمی نەتەوەیی.
گومانی تێدانی یە، تەنها بەتوانای دارایی حكومەتی هەرێم، ناتوانرێت، گەشە بەبوارەكانی ژیان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا بدرێت، بۆیە شان بەشانی حكومەت، دەتوانرێت سوود لەوەبەرهێنان ببینرێت، بەهەردوو جۆرەكەیەوە (وەبەرهێنانی ناوخۆیی و وەبەرهێنانی بیانی)
بەداخەوە، لەبواری وەبەرهێنانی دەرەکیدا، دەتوانین بڵێن هیچ پرۆژەیەک ئەنجام نەدراوە، حکومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان کەمتەرخەمن.
كەرتەئابورییەكان و لایەنەكانی ژیان، لەم پارێزگایەدا زۆرو جۆراوجۆرن، هەربۆیە خۆشبەختانە، دەتوانرێت لەسەرجەم لایەنەكانەوە، وەبەرهێنان ئەنجام بدرێت، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە، بەزووترین كات هەوڵ بدرێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لەهەڵەبجە بكرێتەوە، كەبەداخەوە ئەوە زیاتر لە پێنج ساڵە، فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا نەكراوەتەوە.!
ئەو كەرتەئابوریانەی كەلەهەڵەبجەدا، گرنگ و ستراتیژین، پێویستە وەبەرهێنانی تێدا بكرێت ئەمانەی خوارەوەن:
1- كەرتی كشتوكاڵ و باخداری :
سنوری كارگێڕی پارێزگای هەڵەبجە، لەڕووی كشتوكاڵ و باخدارییەوە، بەیەكێك لە بەپیترین و باشترین ناوچەكانی كوردستان، تەنانەت وڵاتانی ناوچەكەش ئەژمادەكرێت، بەهۆی بوونی دەشتی شارەزووری بەپیت و بوونی سەرچاوەی ئاوی تایبەت بەخۆی، كەبۆ زۆربەی بەروبومەكشتوكاڵیەكان، گونجاو و لەبارە. هەروەها بوونی زەوی بەپیت بۆ باخداری بەگشتی و هەنار و گوێز و زەیتون بەتایبەتی، شایانی باسە لەبەرهەمی هەناردا هەڵەبجە بووە بە پێشەنگ و ناوچەكەی پێ دەناسرێتەوە، خۆشبەختانە، ئەمساڵی ڕابردوو هەناری هەڵەبجە، هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کرا، بەتایبەت بۆ بەریتانیا و ئەڵمانیا و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو.
پێویستە، حکومەت هەوڵی دروستکردنی سایلۆیەکی نمونەیی گەورەی دانەوێڵە و چەند ساردکەرەوەیەکی مۆدێرن بدات بۆ پاراستن و هەڵگرتنی بەرهەمەکانی ناوچەکە.
هەروەها دامەزراندی چەند کارگەیەکی لەقووتونان و دروستکردنی مرەبا و شەربەت و میوەکانی تر بدرێت.
ژینگە و ئاووهەوای ناوچەکە، لەبارە بۆ پەرەپێدانی نەمام و پەروەردەکردنی دارو درەخت، نەمامگەی سیروان نمونەیەکی بەرجەستەی ئەم بوارەیە.
هەروەها بۆ حەوزی ماسی و بەخێوکردنی جۆرەکانی ماسی لەبارە، چونکە سەرچاوەی ئاوی زۆرە و خاکەکەی دەگونجێت.
2- كەرتی بازرگانی :
بەهۆی هاوسنوری پارێزگای هەڵەبجە، لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، دەتوانرێت لایەنی بازرگانی ناوچەكە، ببوژێنرێتەوە و سەرچاوەی دابینكردنی هەلی كار بێت، بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران و دانیشتوانی ناوچەكەش هەلی كاریان بۆ برەخسێت، بەتایبەت چینی گەنجانی خاوەن بڕوانامە.
لەئێستادا دوو مەرزی نیمچەفەرمی بوونیان هەیە و چالاکی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای کەموکوڕییەکان لەڕێگاوبان و نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگا هێشتا بەردەوامن.
هەروەها، مەرزی سازان، کەنزیکترینە لەسەنتەری شاری هەڵەبجەوە، ئەگەر ببێتە فەرمی، ئەوا خزمەتێکی باش بە بوژانەوەی کەرتی بازرگانی و جووڵەی بازاڕ دەکات، هیچ نەبێت ئەگەر بکرێتە بازاڕچەیەک، ئەوا هەلی کارو جموجوڵی بازرگانی پەیدا دەبێت.
3- وەبەرهێنان لەكەرتی نیشتەجێبوون و بیناكاری:
بەهۆی زۆربوونی دانیشتوانی پارێزگاكە و زیادبوونی خواست لەسەر یەکەی نیشتەجێ بوون، دەتوانرێت وەبەرهێنان لەم كەرتەیشدا بكرێت و ژێرخانی داتەپیوی دەیان ساڵەی ئەم شارە ببوژێتەوە، بەپێ ی ئامارە نارەسمییەکان، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە نزیکەی 120 هەزار کەسە.
هەروەها پرۆژەی شەقامی 30 مەتری، شارەکە فراوانتر و ژێرخانی ڕێگاوبان دەباتە قۆناغێکی باشتر. لەهەمانکاتدا فراوانکردنی بازاڕی شار،گڕوتینێکی زیاتر دەبەخشێتە بازاڕەکە.
4-كەرتی گەشتوگوزار:
بەهۆی بوونی هاوینەهەواری دڵفرێن و ئاوە سازگارەكەی سەرچاوەی زەڵم و ئاوێسەرو شوێنەكانی تر، باشترین ژینگەیە بۆ وەبەرهێنان، لە بواری گەشتوگوزاردا و دەتوانرێت سوود لەو سەدان گەشتیارانە وەربگیرێت، كەساڵانە ڕوودەكەنە ناوچەكە، ئەویش بەكردنەوەی چێشتخانەوە و میوانخانەی تایبەت.
هەروەها، دەتوانرێت سوود ببینرێت، لەگەشتیاری ئایینی بەهۆی بوونی مەرقەدی شێخانی نەقشبەندی وقوتابخانەئایینیەكان، لەهەورامان و هەڵەبجەدا، هەروەها گوندی هاوار و کەمینەی کاکەییەکان لەسنورەکە، فاکتەرێکی گونجاوە بۆ گەشتیاری ئایینی ئاییزای یارسانەکانی کوردستان و جیهان.
بەڵام بەداخەوە، فەرمانگەی گەشتوگوزار تەنها بەڕێوەبەرێتیە هێشتا نەکراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی.
5- وەبەرهێنان لەبواری پیشەسازی :
بەهۆی بوونی سەرچاوەی كانزایی لەناوچەكە، دەتوانرێت وەبەرهێنان، لەم بوارە گرنگە بكرێت و ببێتە هۆكارێك بۆ بوژانەوەی ئابوری هەڵەبجە و دانیشتوانەكەی سوودی لێ ببینن، وەك بوونی سەرچاوەی ئاوی كانزایی لە خورماڵ. کەبەداخەوە تا ئێستا ئەو سوودەئابورییەی لێ وەرنەگیراوە.
هەروەها لەبواری سامانی نەوتەوە، ناوچەی هەڵەبجە، بلۆکی ژمارە 56 ە و درابوو بە کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی. بەپێی مەزەندە یەدەگی نەوتی ئەم بلۆکە 700 ملیۆن بەرمیلە. بەڵام بە هۆکارێکی نادیار لە سەردەمی ئاشتی هەورامیدا، گازپرۆم ناوچەکەی بەجێهێشت.
6- وەبەرهێنان لەسەرمایەی مرۆیی:
دانیشتوانی سنوری هەڵەبجە بەوە ناسراون، كە كەسانی شارەزاو پسپۆڕی تایبەتیان هەیە، لە بوارەكانی ژیاندا دەتوانرێت، سوود لە سەرمایەمرۆیی یە، هەموو ئەو گەنج و خاوەن بڕوانامانە وەربگیرێت، كەساڵانە لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەردەچن.
ئەو سوود و كەڵكەئابوریانەی كەبەهۆی وەبەرهێنانەوە، پەیدا دەبن.
1- بوژانەوەی ئابوری هەڵەبجە، بەهۆی ئەنجامدانی وەبەرهێنان، لەسەرجەم كەرتەئابورییەكان و بەرەوپێشچوون و بەرزبونەوەی ئاستی بژێوی ژیانی خێزانەكان، وادەكات داهاتی تاك و خێزانەكان زیاد ببێت و ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر زۆربەی شمەك و كاڵاكان و بوژانەوەی بازاڕی هەڵەبجە.
2- دروستبوونی هەلی كار، بۆ دانیشتوانی پارێزگاكە بەگشتی و توێژی گەنجانی خاوەن بڕوانامەی زانكۆیی بەتایبەت، وا دەكات ڕِێژەی بێكاری لە پارێزگاكە، كەم ببێتەوە كە بەداخەوە لە ئێستادا مەترسیدارە و ڕێژەكەی بەرزە.
3- بەهۆی وەبەرهێنانەوە، سەرجەم كەرتەئابورییەكان دەبوژێنەوە و سیماكانی بەرەوپێشچوونی شارستانیەتی، ئاستی خۆشگوزەرانی و تاك وكۆمەڵگا، بەرزدەبێتەوە، دەبێتە هۆكارێك بۆ بەرەوپێشچوونی سەرجەم لایەنەكانی تری ژیان، بەمەش داهاتی نەتەوەیی، زیاد دەكات.
4- بەهۆی وەبەرهێنانەوە، زۆرترین بڕە پارە دەچێتە بازاڕەوە، بەمەش دەستاودەست پێکردنی پارە، زۆر دەبێت، ئەم دیاردەیەش بوژانەوەی ئابوری، بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەموو ئەمانە و چەندین بواری تریش، دەتوانرێت هەڵەبجە و ناوچەکە، گەشە پێ بدات و بەرەو پێشەوەی ببات، چونکە هەڵەبجە وکارەساتەکەی خاڵی وەرچەرخانی دۆزی کورد بووە و ناساندنی کورد لەجیهاندا، زیاتر بەهۆی هەڵەبجەوە بووە، هەر بۆیە پێویستە، حکومەت و لایەنەسیاسیەکان، بێ گوێدانە بیری تەسکی حزبایەتی، خزمەت بەم شارە بکەن.
بەئومێدی ئەوەی ساڵی داهاتوو، لەیادکردنەوەی کارەساتەکەدا بەشێک لەمانەی سەرەوە، جێ بەجێ کرا بێت، هەڵەبجە ئاوەدان بکرێتەوە.