بەهرۆز جەعفەر: لە دوای پەسەندکردنی یاسای دادگای فیدراڵی ئەبێت کورد بیر لە جیابونەوە لە عێراق بکاتەوە.
ڕوونە کە کورد لە دەرەنجامەکانی ڕیفراندۆمدا نەک سەرکەوتوو نەبو، بەڵکو پاشەکشێی دیاریشی کردوە. سەر نەکەوتنی ڕیفراندۆم لە دوو هەفتە پێش گشتپرسییەکەدا چاوەڕوان کرا بو. لە بەرئەوەی لە هیچ ئاستێکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقی و نێوخۆیی دا لەماوەی ساڵانی پێش ریفراندۆمەکە کاری دامەزراوەیی ئاڕاستەکراویان بە پێی تیۆرە هاوچەرخەکان لەسەر نە کراو بو.
ئەمجارەیان کورد پێویستە نێو-خۆی یەکبخاتەوە. کەسانی هەلپەرست و پۆست پەرست و بێمنەت لە میللەت بە دوور بگرێ تا بۆ پۆستە چەورەکانی بەغدا خاک و تاکی کوردستان نەکەن بە قوربانی.
تا ئەم چرکەیە، دەستەلاتی باڵای کوردستان وەکو واقیع لەدەست پارتی و بارزانی یە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (بەو هەموو سەرئێشەو گرفتانەی کە هەیەتی) بەشێکی گرنگە لە بالانسی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان، خاوەنی مێژووەو، دەیان هەزار کەسوکاری شەهیدو کەمئەندامی سەنگەرو بە هەزاران هێزی چەکدارو هێزی مرۆیی هەیە، ئابوری و جوگرافیاو چارەنوسی ناوچەیەکی زیندووی کوردستانی لەبەردەستە، ناکرێت ئەم دۆخەی کوردستان ئاوەها نادیدە بگیرێت و براکان ملی ڕێی نائومێدی و دووبەرەکی بگرنە بەر.
جاری پێشوو، بەغدا ئەو مەرجەی هەبو کە کورد دەنگ بەیاسای حەشدی شەعبی بدات و ئەوانیش دەنگ بە یاسای بودجە ئەدەن. ئەمجارەشیان هاوپەیمانی سائیرون ی شیعە مەرجی ئەوەیان سەپاند کە کورد دەنگ بەیاسای دادگای فیدراڵی بدات ئەوانیش دەنگ بەیاسای بودجە بۆ کورد ئەدەن!. لە کۆتایشدا دادگەی فیدراڵی بەهێزترین دەستەلاتی بالای دەوڵەتە کە کەس ناتوانێ بریارو تەفسیرەکانی ڕەت بکاتەوە، ئەگەر دەستور دایکی یاساکانی هەر وڵاتێکە ئەوا دادگای فیدراڵی لە دەستور گرنگترە چونکە بۆی هەیە بە یەک بڕیار بەناوی ئەوەی فلان کار دەستورییە تەفسیرێک بدۆزێتەوە هەموو خاک و تاک و سامانی کوردستان بخاتە سەر پارێزگای بەسرە. ئەندامانی دادگاکە (9 یان 15) کەسن هەموی سەدرین یان سەر بە میلیشیاکانن، تۆ چی ئەکەی؟!.