شه‌ریف هه‌ژاری: خێراترین و ستراتیژترین پرۆژه بۆ هه‌ڵه‌بجه چییه!؟
خێراترین و ستراتیژترین پرۆژه كه به ئاسانیی بتوانرێت جێ به‌جێ بكرێت: به‌ستنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی تاوگۆزی و شه‌مێرانه به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وه. به‌وه هه‌م ده‌ربه‌ندیخان ڕاسته‌وخۆ به هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه‌و ده‌بێته لینكی نێوان هه‌ڵه‌بجه+كه‌لار ڕووه‌و به‌غداد. هه‌م ناوچه‌كانی تاوگۆزیش كه ناوچه‌ی گه‌شتیاری و پڕ له سامانی سروشتیی و سامانی ئاژه‌ڵداریی و سامانی ماسیین به هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه، به‌تایبه‌ت ڕووه‌و مه‌رزی پشته‌ی تاوگۆزی كه مه‌رزی پشته شوێنگه‌یه‌كی ته‌واو پان و به‌رفراوان و ستراتیژی ده‌بێت بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئابوریی و بازرگانی له ناوچه‌كانی باشوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وه ڕووه‌و ناوه‌ندی پارێزگاكه. كه‌وابو، ئه‌و به‌ستنه‌وه‌یه ده‌بێته ده‌رچه‌یه‌كی گرنگی بوژاندنه‌وه‌ی بازرگانی، گه‌شتیاری و هاتوچۆ ڕووه‌و كه‌لار و به‌غداد. هه‌روه‌ها ده‌شبێته گوزه‌رێك بۆ بایه‌خدان به بوژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی شه‌مێران و تاوگۆزی و نه‌ورۆڵی كه سێ ناوچه‌ی گرنگی سامانی سروشتین و تا ئێستا پشتگوێ خراون و خراونه‌ته په‌راوێزه‌وه. چونكه له به‌ستنه‌وه‌یه‌كی وا ستراتیژی دا ئه‌و سێ ناوچه‌یه كه پێكه‌وه سه‌دان گوندیان هه‌یه: ده‌بنه سه‌رمایه‌یه‌كی پڕبایه‌خ بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و، به‌وه سامانه سروشتیی و مرۆییه‌كانیان ڕووه‌و ناوه‌ندی پارێزگاكه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و، هه‌ر سێ ناوچه‌كه ده‌بنه ناوه‌ندی كاری بازرگانیی و هاتوچۆ. به مه‌رجێك له‌گه‌ڵ به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌دا و لێدانی پردێكی ستراتیژی تۆكمه، ئه‌وا ڕێگاوبانی ڕێكوپێكیشیان بۆ ئه‌نجام بدرێت.
ئێستا هەڵەبجە: دەولەمەنترین ناوچەی ئابوری هەمەجۆر و، کاولترین پارێزگا لە ڕوی خزمەتگوزارییەوە!
شاری هەڵەبجە مێژوویەکی پڕ کەڵەکەبوی لە بنیادنانی شارستانییەتی کۆمەڵگای کوردەواریدا، هه‌یه.
ئەم شارە، چ لە ڕوی عیلم و عیرفان، چ لە ڕوی مەیدانی شۆڕشگێڕان، چ لە ڕوی ناوەندی کەیف و سەفا و میواندۆستی ”هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش وایكردوه زۆرجار خۆرهەڵاتناسەکانیش ڕویان تێ کردوە” و، چ لە ڕوی بنکە ئابورییه هەمەچەشنهكهی بۆ هەردو دیوی خۆرهەڵات و باشوری کوردستان، وایكردوه بۆ ھەمیشە ناوەندێکی ستراتیژی ئابوریی و عیرفانیی لە ناو مێژووی نەتەوەکەماندا، هه‌بێت.
لە کارەساتی جینۆسایدی کیمیابارانی هەڵەبجە ”کە خۆم و بنەماڵەکەشم لەو تراژیدیایەدا بوین”، تاڕادەیەکی زۆر هەڵەبجە لە ڕوی سروشتیی و ئاوهەوا و بونیادی شارستانییەوە وێران کرا و، داگیركه‌رانی کوردستان بە عێراقی بەعسیی و تەنانەت ئەو سوپایانەی پاسدارانیش کە شارەکەیان داگیرکرد، زەڕەیەک ڕەحمیان بە ”مرۆڤ و سامانەکەی و، ئاژەڵ و باخە ڕزاوهكان”ی هه‌ڵه‌بجه نەکرد و، هەرچی بۆیان برا، تاڵانیان كرد و، ئه‌وه‌شی بۆیان تاڵان نه‌ده‌كرا: سوتاندیان و تهقاندیانهوهو کردیانە وێرانه و قەقنەز!
لێره‌دا، مێژوو دێته‌قسه و ئه‌ڵێت: له پاش كیمیابارانه‌كه‌ی به‌عسی فاشیست، پێشمه‌رگه‌ش به‌شێك بوه له‌و تاڵانیی و تهقاندنهوانهی كه سوپای پاسداران به هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد!!
واته: پاسداران و سه‌ركرده‌كانی پێشمه‌رگه پێكه‌وه وایان كرد! ئه‌گینا ته‌نیا به كیمیابارانه‌كه‌ی به‌عسی فاشیست، هیچ نه‌بێت عه‌مود و محاویله و بانك و كتێبخانه و خانوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه ده‌مانه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌شی كه دوای كیمیابارانه‌كه پاسداران و پێشمه‌رگه به هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد، به‌شێوازیكی تر، وه‌ك كیمیابارانه‌كه‌ی به‌عسی فاشیست، ته‌واوكاریه‌ك بو بۆ جینۆسایدكردنی هه‌ڵه‌بجه به‌ته‌واوه‌تی! به‌عس ئێمه‌ی دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كیمیاباران كرد، پاسداران و پێشمه‌رگه‌ش بانكه‌كه و ماڵه‌كانیان ده‌ته‌قانده‌وه‌و عه‌مود و محاویله و كتێبخانه و یه‌كه كارگێڕییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌یان تاڵان ده‌كرد.
پاش ئەوەی خەڵکی ڕزگاربوی هەڵەبجە بەوپەڕی بێ دەرەتانی لە ئاوارەییبون و نەمانی کەسوکاریان دا گەڕانەوە و، لە ساڵی 1992 ەوە دەستیان کردەوە بە بنیادنانەوە شارەکە لەسەر بنه‌مای: ”بەردێ دوو بەرد دیوارێ، دیوارێ دوو دیوار- ژورێ، ژورێ دوو ژوور-خانویێ، خانویەک دوو خان‌و- هەلەبجەیێ، هەڵەبجەیەک دوو هەڵەبجە- کوردستان”. له‌وه به‌دواوه، حیزبە کوردییەکان هەزاران بەڵێنیان دا بەوەی شارەکە، هه‌ر لە ساڵی 1992 تا دەگات بە ساڵی 1994، گوایه ده‌یكه‌نه هاوشێوه‌ی شاری ”هێرۆشیما”. هه‌م لە ڕوی خزمەتگوزاریی و، هه‌م لە ڕوی بنیادنانه‌وه‌ی وەک ناوەندێکی ھەمیشەیی جینۆسایدكراو و قوربانیانی کورد بە ڕوی دیدگای جیهان دا!
کەچی نەک هەر نەیانکردە هەڵەبجەکەی جارانیش، بگرە ڕێیان لەو ئاوەدانکردنەوەیەش گرت کە خەڵکە خوێناوییە بێ دەرەتانەکەی ‘دەست لە دەست و قووە لە خوا”، دەستیان دابویە!
هەر زۆر زو، بێ ئەوەی حیزبە کوردییەکان (به هه‌مویانه‌وه!) زەڕەیەک هەست بە بەرپرسیارێتیی و، زەڕەیەک ڕێزی قوربانییەکانی هەڵەبجە بگرن، کردیانە ناوەندی بهریهككهوتنهكهنانی خۆیان. هەڵەبجەیان کردە بنکەی ستراتیژی تەواوی شەرەکانیان (شەڕی یەکێتیی و بزوتنەوەی ئیسلامی، شەڕی پارتیی و حسک، شەڕی پارتیی-بزوتنەوە لە لایەک و یەکێتیش لە لایەکی تر، ململانێ و ته‌قوتۆقی باڵەکانی بزوتنەوە له دژی یه‌كتر، دواتریش شەڕی یەکێتیی و ئەنسارول ئیسلام).
به‌وهۆیانه‌وه، شارەکە هێنده‌ی تر خوێناوی کرایەوە! ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییه‌ی حیزبه‌كان وایكرد ئەوەشی خەڵکە بەشمەینەتەکە بنیادی ده‌نایه‌وه، حیزبەکان ئەوەشیان ده‌كرده قەقنەز.
ڕاسته، ئێستا هەڵەبجە پارێزگایە و، پێشموایە له پاش كرماشان، هه‌ڵه‌بجه دەولەمەنترین ناوچەی (ئابوری هەمەچەشن)ی هەمو گەللی کوردە له هه‌ر چوار پارچه‌كه‌دا، کەچی وێرانترین پارێزگایە!
با به کورتی تەنیا لەم سامانە ئابورییە هەمەجۆرانەی هەڵەبجە وردبینەوە، كه به هۆی نه‌زانین و بێ-پلانی حكومه‌ته‌وه، فه‌رامۆش كراون:
1- سامانی ژێر زەوی- نەوت و گۆگرد و گاز: پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لە ناوەندەکانی سامانی ژێر زەویی و چەندان بیری نەوت و گۆگرد و گازی تێدایە و، هه‌وڵ ده‌درێ کاری لەسەر بكرێت بۆ دەرهێنان و حەپەلوش کردنی، بەتایبەت لە ناوچەکانی: دەرەشیش، خورماڵ و سنوری شارۆچكه‌ی بەمۆ لە گوندی بانی بۆڵانی تاوگۆزی، كه ماوەیەک لەمەوپێش کۆمپانیا ڕوسییەکان لە کارکردن‌دا بون بۆ دەرهێنانی.
2- سامانی ئاوی سروشتیی و ماسی: پارێزگای هەڵەبجە خاوەن زۆرترین ڕێڕەوی ئاوی سروشتییە لە چاو پارێزگاکانی دیکەی باشوری کوردستان دا.
ڕوباری سیروان کە ڕێڕەوە ئاوی زمکان لە ناوچەکانی تاوگۆزیی و ڕێڕەوە ئاوی زەڵم لە ناوچەکانی ئەحماوای هەورامان بە دوو دیوی جیاواز دا دێن و دەڕژێنە ڕوبارەکەوە، سامانێکی گرنگی ماسیی و ئاوی سروشتی تێدایە و، ساڵانە یەکێکە لە گرنگرترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی سامانی ماسی.
له‌م ناوچه‌یه‌دا، حکومەت تەواو کەمتەرخەم بوه لە بنیادنانی چه‌ند کارگەیه‌كی لە قوتونانی ماسیی، هەروەها لە دروستکردنی کارگەی ئاوی سرووشتی.
بۆ نمونە: دەبەیەکی بچوکی ئاوی خواردنەوە بە 250 دینارە، چوار دەبەش یەک لیتر ئاوە، واتە: چوار دەبە دەکاتە هەزار دینار. بەمپێیە 20 لیتر ئاوی خواردنەوەی بە دەبەکراو دەکاتە 20 هەزار دینار، واتە: نرخی ئاوی کانزایی گرانترە لە نرخی بەنزین.
کەچی حکومەتی نا-پسۆڕ، هەمو ئەم خواپێداوییانەی سروشتی هه‌ڵه‌بجه‌ی فەرامۆش کردوە، كه بە دروستکردنی کارگەی ئاو و کارگەی لە قوتونانی ماسیی و حەوزی ماسی به تهكنۆكراتانه، سەدان گەنجی ناوچەکە و کوردستان کاریان دەست دەکەوێت و، كه‌رتی وه‌به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی كوردستانیش ده‌گه‌شێته‌وه.
3- سامانی کشتوکاڵیی و ئاژەڵداری: هەڵەبجە خاوەن دەشتی شارەزورە، کە یەکێکه لە دەولەمەنترین دەشتەکانی جیهان. هه‌رچی بەروبومی خواکردە ئەتوانرێ لەم خاکەدا بەرهەم بهێنرێ و، دەیان کارگەی بەروبومی کێڵگەیی و لە قوتونانی تێدا درووست بکرێت.
کەچی حیزبەدەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، لە ناوەڕاستی پارێزگاكه‌دا زەوی فستەقیان بەسەر بەرپرسەکانا دابەشکردوە و کردویانەتە ڤێلا! ئافەرین سەد ئافەرین! زەوی فستەق لە جیهاندا دانسقەیە و وەک چاو دەپارێزرێت و یاساغە دەست بۆ بردنی، کەچی ئەمان ئەڕۆن بەتایبەت ئەو جۆره زەوییانە دابەش دەکەن! چونكه ده‌یكه‌نه باخ بۆ به‌رپرس و ڤێلاش له ناوه‌ڕاستی باخهكهدا! ئیتر با سامانی ئاژەڵداری بوەستێ، کە سەرەڕای خەڵکەکەی، حکومەت ئەتوانێ چەندان کێڵگەی ئاژەڵداری حکومی تێدا دروست بکا و، به‌هۆیه‌وه دەیان کەس لە هاوڵاتیانیش کاریان دەست کەوێت.
با دروست کردنی کارگەی گۆشتی لە قوتونان و هیتریش بوەستێ! چونكه له وڵاتانی پیشه‌سازی، سه‌ره‌تا حكومه‌ت و كۆمپانیاكان كێڵگه‌ی گه‌وره ده‌كه‌نه‌وه‌و، ئینجا له پاڵیشی دا پیشه‌سازی له قوتونان و ڕستن و چنین داده‌مه‌زرێنن، به‌وه‌ش به كه‌مترین تێچو، زۆرترین وه‌به‌رهه‌مهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریی ده‌كه‌ن!
4- سامانی گەشتوگوزار: پێویست ناکات بە وردی باس لە ئەحماوا، خورماڵ، زه‌ڵم، هاوار، تەوێڵە، بیارە، گوڵان، باوه‌كۆچه‌ك، چاوگ و، هه‌ر له ڕۆخەکانی ڕوباری سیروان به ناوچه‌ی نهورۆڵیی دا تا ئەوبەری ڕوبارەکەو ناوچەکانی شەمێران و تاوگۆزی، بکەم. هەمویان سروشتێکی ناوازەی خواکردن، بەس بە چی دەبێت، کە حکومەت هەموی پشتگوێ خستوە!؟
لە وڵاتان، حکومەتەکان گەشتوگوزاری دەستکرد دێننە بون و، ده‌یانكاته سەرمایەیەکی گرنگی ئابوریی و کەیف و شادی گه‌شتیاریی. کەچی لە کوردستان حکومەت گەشتوگوزارە خواکردەکانیش پشتگوێ دەخات و گرنگیان پێ نادات چونكه پلانی نییه بۆیان!
5- سامانی درەختی میوەیی: هەڵەبجە ته‌نیا ناوه‌ندی جیهانییه له بەرهەمهێنانی هەناری ناوازە دا. گوێزی هەورامان نایەوێت هیچی لەسەر بڵێم، ئیتر با هەنجیر و قۆخ و ترێ ڕەشە و سێ‌و بوەستێ! هه‌مو ئه‌م سه‌رمایه ئابورییه دره‌خته میوه‌ییه خواكردانه وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن، هیچیان سه‌رمایه‌گوزاریان پێوه نه‌كراوه. حكومه‌ت ده‌بێت له خۆی بپرسێت بۆ ده‌بێت وا بێت!؟ هه‌مو ئه‌و كه‌رتانه نه‌ك هه‌ر بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، بگره بۆ هه‌مو هه‌رێم پێویستی به ستراتیژی بوژاندنه‌وه‌ی تۆكمه‌یه كه ده‌ستكه‌وتی گرنگی ئابوریش بۆ حكومه‌ت دێنێته‌دی. واته: هه‌مو ئه‌و كه‌رتانه پیویستیان به خستنه‌گه‌ڕی عه‌قڵی ئابوری و پلانی ستراتیژی هه‌یه.
6- سامانی شوێنەوار: ئەتوانم بڵێم لە %20 ی شوێنەوارەکانی کوردستان دەکەونە گرد و لوتکە شاخەکانی پارێزگای هەڵەبجەوە. هه‌ر لە هەزاران سال پێش زایینەوە تا دەگات بە بنکەکانی موغانی زەردەشت لە هەورامان و تا قۆناغه‌كانی دواتر.
بەڵام له بری ئه‌وه‌ی هەمو ئەم شوێنەواره مێژووییانه ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌و سه‌رنجی گه‌شتیاران به‌لایان دا ڕابكشێرێت و، وه‌ك كلتوری شارستانیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كوردی ڕه‌گه‌ز زاگرۆسیی، پیشانی جیهان بدرێت و، سه‌رمایه‌گوزاری پێیانه‌وه بكرێت، كه‌چی ئەو کەسانەی کە ”پیاوی بەرپرسەکان بون” تالانیان دەکردن و هه‌ڵیان دهتهكاندن و ده‌یان ته‌قاندنه‌وه‌و وێرانیان ده‌كردن و ئاسهوارهكانیان ده‌دزی! هه‌ربۆیه‌شه كوردستان سی ساڵه پێشكه‌وتن له‌م كه‌رتانه‌دا به‌دی ناهێنێت، چونكه پلان و ستراتیژی وه‌به‌رهه‌مهێنان نه‌بوه بۆیان!
7- سامانی خاڵە سنورییەکان: ئەم سامانە خۆی لە بازرگانیکردنە نێودەوڵەتییەکاندا دەبینێتەوە، هەڵەبجە دەیان دەروازەی گرنگی تێدایە کە دەکرێت بکرێتە خاڵی سنوری ستراتیژی لەگەڵ ئێران‌دا. بۆ نمونە: پشتە، تەوێڵە، هاوار، سازان و، لە ناحیەی بەمۆش گوندەکانی بەڕوێن و پشتە و گمەی تاوگۆزی، کە لە ڕوی جیۆپۆلەتیکییەوە هەمویان چەندان خاڵی سنوری گرنگن. بەڵام حکومەت وه‌ك پێویست گرنگی بەم پنته جیۆپۆلەتیکییانەش نه‌داوه. هه‌ر ئه‌وه‌شه وایكردوه كه خەڵکی هەڵەبجە بۆ کاروکاسپی قەتیس کراون.
ئیدی سامانی دیکه‌ش با بوەستێ و، چۆنیەتی عەقڵیەتی بنیادنانی کارگە و پێشخستنیشی با هەر بوەستێ. لەبەر ئەوەی ئێرە کوردستانە، گەر زانستییانەش لێی بکۆڵینەوە و پێشنیاری پێشخستنی ناوچەکان بکەین: کێ گوێی لێ ئەگرێ!؟
ته‌نانه‌ت له ڕوی نوخبه و عیرفانیشه‌وه، هه‌ڵه‌بجه له مێژوودا ناوه‌ندی پێشكه‌وتن بوه، هه‌ر له عوله‌ما گه‌وره‌كانی وه‌ك (مه‌وله‌وی تاوگۆزی، مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس، پڕۆفیسۆر مسته‌فا زه‌ڵمیی و سه‌دانی تر). ته‌نانه‌ت ئێستاش زۆرجار خوێندكارانی هه‌ڵه‌بجه له ڕیزی یه‌كه‌مه‌كانی كوردستان دان (با به دوربین له هه‌ستی ناوچه‌گه‌ری، چونكه كوردستان یه‌ك دانه‌یه). به‌ڵام وه‌ك (فاكت) هه‌میشه له زانكۆكان دا زۆرینه‌ی یه‌كه‌مه‌كانیان هه‌ڵه‌بجه‌یی بون. بۆ نمونه: ساڵی 2008-2009 كه وه‌ك نوێنه‌ری خوێندكاره یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆكانی كوردستان هه‌ڵبژێرام، ئه‌و ساڵه له 23 كۆلێژی زانكۆی سلێمانی، بیستمان (بیست له یه‌كه‌مه‌كان) هه‌ڵه‌بجه‌یی بون. ئێمه سه‌ره‌تا ئه‌وه‌مان نه‌زانیبو، تا كۆكراینه‌وه بۆ خه‌ڵات وه‌رگرتن كه خه‌ڵاتی سه‌رۆككۆماری عێراق و سه‌رۆكی حكومه‌ت و كاك ئاسۆی حاجی محمد بامۆكی و هتدیان پێ داین، كه‌چی هه‌مومان كه ته‌ماشای خۆمان ده‌كرد كه دانیشتبوین، زۆرینه‌مان هه‌ڵه‌بجه‌یی بوین! هه‌ربۆیه‌شه ئێستاش ڕیژه‌یه‌كی به‌رفراوان له هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان هه‌ڵگرانی دكتۆرا‌و ماسته‌ر و پزیشك و ئه‌ندازیار و مامۆستان.
به‌ڵام به‌چی ئه‌چێت كه ناخرێنهگهڕ و، ته‌نانه‌ت به‌هۆی حیزبایه‌تییه‌وه ئه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییانه‌ی كه زۆر (نه‌زانن) ده‌كرێنه به‌رپرس به‌سه‌ر زاناكانه‌وه! ئه‌وه‌ش ده‌رهاویشته‌ی كۆمیدیای زه‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی حیزبایه‌تیی كوردییه! گرنگه بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه: زانكۆی كشتوكاڵیی، هه‌بێت. هه‌روه‌ها، له ڕوی زانسته مرۆییه‌كان و مه‌عریفه‌شه‌وه په‌ره به كردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده زانستییانه‌ی تێدا بدرێت كه بیری مرۆڤ به‌رین و پلوراڵ ده‌كات! له ڕوی زانسته پهتییهكانیشهوه به‌تایبه‌ت گرنگه كه له هه‌ڵه‌بجه‌دا (زانكۆیه‌كی تایبه‌تی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری) تێدا بكرێته‌وه.
بەهەرحاڵ، سڵاو بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و، تێکڕای شەهیدانی گشت بەشەکانی کوردستانی تیکە تیکەكراوی سه‌دانجار جینۆسایدکراو.
شه‌ریف هه‌ژاری: خوێندكاری دكتۆرا له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا.