سەركۆ یونس: گەشتوگوزار، چاوی بوژانەوەی هەڵەبجەیە.
بوارەكانی خزمەتكردن و پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە، زۆرو جۆراو جۆرن، یەكێك لەگرنگترین ئەو كەرتانەی كەدەتوانرێت لەڕێگەیەوە، پەرە بەناوچەكە بدرێت، كەرتی گەشتوگوزارە.
لەسنوری كارگێری پارێزگای هەڵەبجەدا، زیاتر لە(22) شوێنی سەیرانگا و شوێنی گەشتیاری دڵفڕێنی هاوینەو بەهارە و زستانەی تێدایە، كەزۆربەی خۆڕسكن و خوای گەورە بەخشیویەتی بەم ناوچەیە.
ئەمە سەرەرای بوونی دەیان شوێن و شوێنەواری كۆنی شارستانیەكانی پێشوو لەناوچەكە.
لەم سنورەدا، سەرچاوەی ئاوی زەڵم و ئاوێسەرو خەرپانی و هاوار و عەبابەیلێ و وەزگێڵ وگوڵان و چاووگی باوەكۆچەك و سەر ئاوی سیروان لەدەڤەری نەورۆڵی و چاووگی ڕیشێن و شیرەمەڕ و گۆمی گەنجانی خورماڵ و سەرگەت وهانەی دن و باخەكۆن، سنوری شارەدێ ی بەمۆ و ناوچە شاخاویەكانی وچەندینی تر شوێنی گەشتیاری بەهارو هاوین و زستانی ناوچەكەیە.
لەلایەكی ترەوە، بەهۆی بوونی مەرقەدانی تەریقەتی نەقشبەندی و مەدرسەئایینیەكانی تەریقەت لەبیارە و هەڵەبجە، دەتوانرێت، لەم لایەنەوە كەڵك لەگەشتیاری وەربگیرێت و سەرچاوەیەكی لاوەكی داهات بێت.
گوندی هاوارو مەزارگای ئایینزانی كاكەییەكان لەناوچەكەدا، دەرفەتێكی تری گەشتیاری ئایینی دەبەخشێت، بەناوچەكە.
هەروەها، ماڵی وەسمان پاشای جاف و عادیلەخانمی جاف و كۆڵانی جولەكەكانیش بەهەمان شێوە، سەرچاوەی گەشتیارین.
لەگەڵ مۆنۆمێنتی هەڵەبجەو ڤیستیڤاڵەكشتوكاڵیەكانی ساڵانەی تایبەت بەهەنارو بەروبومە پاییزەكان.
وەرزی گەشتیاری، سەرەڕای بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، واخەریكە دەست پێ دەكات، بەهارو نەورۆزو پاشان جەژنی ڕەمەزان و دواتریش گەرمایی هاوینی هەرێم، هەموو ئەمانە دەرفەتن بۆ بوژانەوەی ئەم كەرتە گرنگە، پێویستە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەچاوێكی گرنگەوە لەم كەرتە ستراتیژییە بڕوانن و بەئەركی سەرەكی خۆیان هەستن.
گرنگترین ئەو هەنگاوانەی لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە، بۆ بوژانەوە وگەشەپێدانی ئەم كەرتە، لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەیانخەینەڕوو:
یەكەم: كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار لەپارێزگاكەدا، بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی زیاتر لەشەش ساڵ بەسەر پارێزگابوونی هەڵەبجەدا، هێشتا نەتوانراوە ئەم كارە بكرێت، فەرمانگەی گەشتوگوزار بەڕێوەبەرێتی یە و سەر بەپارێزگای سلێمانی یە.
دووەم : یەكێك لەو گرفتانەی كەفەرمانگەی گەشتوگوزارو كەرتی تایبەت، لەناوچەكە بەدەستیەوە دەناڵێنن، نەبوونی كادری گەشتیاری ڕاهێنراو وپسپۆرە، هەربۆیە جێگای خۆیەتی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، ئامادەیی گەشتوگوزار یان پەیمانگای گەشتیاری لەسنورەكەدا بكەنەوە، بۆ پێگەیاندنی كادری گەشتیاری كەلەئایندەدا سوودبەخش بن.
سێ یەم: بۆسەرخستنی ئەم كەرتەگرنگەی ئابوری پارێزگاكە، پێویستی بە پلانێكی ستراتیژی ماوەدرێژو بودجەیەكی كراوە هەیە، بەڵام بەداخەوە، بەهۆی قەیرانی دارایی و ڕێكنەوكەوتنی هەولێڕو بەغدا، لەئێستادا ئەم كارە ئەستەمە بكرێت.
لەلایەكی ترەوە، حكومەتی هەرێم، دەتوانێت ئاسانكاری و مۆڵەت بدات بە كەرتی تایبەت، لەم سێكتەرەدا وەبەرهێنان بكەن، بەشێوەیەك لەبەرژەوەندی هەڵەبجە و دانیشتوانەكەی بێت.
چوارەم: گرفتێكی تری كەرتی گەشتوگوزار، نەبوون یان كەمی هۆشیاری خەڵكە، بەرامبەر بە گەشتیاران و شوێنەگەشتیارییەكان، پێویستە ئەو بۆچوونەی خەڵك بگۆڕین بەپۆزەتیڤ، پێمان وایە گەشتیاران بەگشتی و گەشتیاری بیانی بەتایبەتی، سەرچاوەی دەستكەوتنی داهاتن بۆ بەشێك لەدانیشتوانی ناوچەكە.
لەهەمانكاتدا، پاراستنی شوێنە گەشتیارییەكان، ئەركی سەرەكی هاونیشتیمانیانە.
بەكورتی و كوردی، یەكێك لەو كەرتانەی كە دەتوانرێت، بە بودجەیەكی كەم، گەشـــە بە ئابوری هەڵەبجە بدرێت، كەرتی گەشتوگوزارە.
بەئومێدین، لایەنەپەیوەندارەكان بەجددی ئاوڕ لەپارێزگای هەڵەبجە بدەنەوە، چونكە هەڵكەوتەی جوگرافییەكەی داخراو و گۆشەگیرە، بەگەشەپێدان و پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار، دەتوانرێت هەموو پارێزگاكە و ژێرخان و سێكتەرەكانی تریش، بەرەوپێش ببرێت.
* ئابووریناس
- بابەتەکانی تری سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts